دنیای مەجازی و دۆشداماویی ڕێژیم

ئەییوب شەهابی‌ڕاد

ئەگەر ئینتێرنێتی جیهانی و دنیای مەجازییەکەی بۆ خەڵکی وڵاتانی ئازاد بوو بە خاڵێکی وەرچەرخان بۆ گەیشتن بە چەرخی نوێی زانیاری و پێوەندییەکان، بەڵام بۆ خەڵکی ئێران و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بوو بە گۆڕەپانی ململانێی دوو بەرەی دژبەر، لە لایەک گەشە و پێوەست بوونی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتری خەڵک بەو دنیایەوە و، لە لایەکی ترەوە سیاسەتە چەوت و توندوتیژەکان، فیلتیرینگ و دۆشداماوی ڕێژیم.

ڕۆژ نییە بەرپرسێکی ڕژێم بە قسەی بێ‌بنەما و بێ‌مانا بەسەر دنیای مەجازیدا نەڕشێتەوە. دیارە سەرچاوەی هەموو ئەو قسە هیچەکانە، خەیاڵات و ڕک و کینەی کۆن و تازەی عەلی خامنەیین. کابرایەکی مەندیل بەسەر و کەم خوێندەواری کۆنەفەقێ، کە بەردەوام قسە لەسەر پێشکەوتنە زانستییە مودێرنەکانی وەک ئینتێرنێت و ڕایەڵکە کۆمەڵایەتییەکان دەکا. بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ناوبراو “ئەنجومەنی بەرزی فەزای مەجازی و ناوەندی فەزای مەجازی” بە مەبەستی فیلتێرینگ و هەروەها “تۆڕی ئینتێرنێتی نیشتمانی” دروست دەکرێ. کۆمەڵێک دامەزراوە کە تەنیا خێروبێریان قوتدانی بودجە و گوژمەی لەژمارنەهاتوو بووە. بەگوێرەی قسەکانی وەزیری پێوەندییەکانی سەردەمی ڕوحانی، هەتا ئێستا زیاتر لە هەزار ملیارد تمەن بۆ ئەو دامەزراوانە خەرج کراوە. کەچی وەزیری پێوەندییەکانی ڕەئیسی دەڵێ “تۆڕی نیشتمانییان لێکردووین بە دێو و درنج، بە وەڕێخستنی ١٢٠ پرۆژەی نوێ، زۆر زوو ئامانجی خۆمان لەم پیوەندییەدا دەپێکین”.

سەرنجڕاکێشە کە محەممەد ڕەزا تویسرکانی، نوێنەری عەلی خامنەیی لە ڕێکخراوی بەسیج دانی بەوە داناوە کە ١٥٠هەزار مەلا لە ڕێکخراوی بەسیج بە مەبەستی پەرەپێدان بە سیاسەتەکانی ڕێژیم و هەروەها بۆ ڕاکێشانی بیروڕای خەڵک بۆ سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، چەند هەزار پەیجیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کردۆتەوە.

وەرزنامەی “ئاسایشی نەتەوەیی” سەر بە زانکۆی “بەرگریی نیشتمانی” توێژینەوەیەکی لەسەر کارکردی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دنیای مەجازی بڵاو کردۆتەوە و لەودا ڕۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە دروست‌کردنی مەترسی بۆسەر مانەوەی ڕێژیم زەق کراوەتەوە و لەو سۆنگەیەوە ڕێبەران ڕێژیم بە هەموو نرخێک هەوڵی کۆنترۆڵی ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەدەن و لە ڕێگای سنووردارکردنی دەستپێڕاگەیشتنی خەڵک بە خزمەتگوزاریی جیهانیی ئینتێرنێت و چاوەدێری‌کردنی هەموو چالاکییەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە نێوخۆیی و بیانییەکاندا هەوڵی هێشتنەوەی دەسەڵاتەکەیان دەدەن.

“تۆڕی نیشتمانی یا ئینتێرنێتی نیشتمانی”، گڵۆڵەیەکی ئاڵۆزی پڕ لە گرێپووچکەیە. دوای پازدە ساڵ هیچ ئەنجامێکی نەبووە، لەو لایەشەوە خامنەیی بەگلەیی و هیوابڕاو لە کار و پێشکەوتنی کابینەکانی دەوڵەت لەمبارەیەوە، هەتا ئێستا تەنیا بابەتێکی ٢٠ ماددەیی لەسەر بەڕێوەبەری و کۆنترۆڵی دنیای مەجازی نوسیوە و بڵاو کردۆتەوە. هەندێک بابەت کە فڕی بەسەر خواست و داخوازی و هەڵومەرجی ئێستای کۆمەڵگەی ئێرانەوە نییە، بەڵام ڕۆژانە ورد و درشتی بەرپرسانی ڕێژیم کاوێژی دەکەنەوە. نموونەی ئەو قسە نازانستیانە، قسەکانی قالیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمن کە دەڵێ: “پێکهێنانی تۆڕی ئینتێرنێتی نیشتمانی لە نان و ئاو پێویستترە”.

بەگوێرەی ناوەندی ئاماری ڕێژیم، لە بواری پشکی فەزای مەجازی لە ژیانی خەڵکی ئێراندا دەتوانین ئاماژە بە سێ خاڵ بکەین:

یەکەم: ڕادەی بەشداریی خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ٥٣ لە سەدەوە لە ساڵی ١٣٩٦، بۆ ساڵی ١٣٩٩ گەیشتۆتە ٦٥ لە سەد.

دوویەم: کەسێک کە پێشتر ڕۆژانە نزیک بە نیو کاتژمێر بە ئینێترنێتەوە خەریک دەبوو، ئێستا یەک کاتژمێر و سی و دوو خولەک سەری دە تەلیفون‌دایە و بە فەزای مەجازییەوە خەریکە.

سێیەم: خەڵکی ئێران زیاتر واتس ئاپ و ئینستاگرام بەکار دێنن و لەم دوو ئەپەدا ئەکتیڤن. هەر بەپێی ئەو ئامارە، لەنێو ئەو خەڵکەیدا کە ئەندامی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن، واتس ئاپ ٨٨،٥ لە سەد و پاشان ئینستاگرام بە ٦٨ لە سەد زیاترین ئەندام و بەکارهێنەریان هەیە. کەچی تۆڕە کۆمەڵایەتییە نێوخۆییەکانی “تۆڕی نیشتمانی”هیچ کامیان ناگەن بە ٤ لەسەد.

گرانبوون و خاوی ئینتێرنیت، کۆنترۆڵ، فیلتێرینگ و سانسۆر، تۆڕی بەربەرین و پاوانکراوی مێدیای نێوخۆ، ڕێکخستنی هەزاران کەس لەژێر ناوی گوردانەکانی بەسیجی سایبێری و ئەرتەشی سایبێری، بەفیڕۆدانی بەشێکی زۆری بودجەی گشتی، هیچ کامیان کاری نەکردۆتە سەر خواست و بیری خەڵک و، حکوومەتیش لە هیچ کام لە بەرنامەکانیدا سەرکەوتوو نەبووە.

بێجگە لە هەموو گیروگرفت و خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی ئینتێرنێت و فەزای مەجازی، ئەم پێگەیە شتێکی جیهانی و گشتگیرە و ڕێژەی خەسارەکانی پێوەندی ڕاستەوخۆی بە فەرهەنگ‌سازی و بەڕێوەبەریی تەندروستەوە هەیە، کەچی بووە بە گۆڕەپانی ململانێی تاک بە تاکی کۆمەڵگە بە تایبەت لە کۆمەڵگە داخراو و سیستەمە دیکتاتۆرەکانی وەک ئیران.

ڕوانینی خەڵک و ڕێژیم سەبارەت بە دەسکەوتە مودێرنەکانی وەک ئینتێرنێت، لێکدانی دوو تێڕوانینی دژبەیەکە، کە بەرەیەکیان لەسەر ڕێچکەی خەبات لەپێناو گۆڕان و داهاتووتەوەردا فڕچکی گرتوە و بەرەکەی دیکەش لە سەر خۆتەوەری، ژیان و بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگەیەک دەکا بە قوربانیی پاراستنی خۆی.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*