لە ئاڵمان ڕێوڕەسمی پرسەو سەرەخۆشی و رێزگرتن لە خۆڕاگریی شەهید حەیدەر قوربانی بەڕێوە چوو

رۆژی یەکشەممە 26ی دیسامبەری 2021ی زایینی، کوردستانیانی دەرەوەی وڵات لە شاری “دارمشتاد”ی وڵاتی ئاڵمان کۆرێکی پرسە و سەرەخۆشی و رێزگرتنیان لە خۆڕاگریی شەهید “حەیدەر قوربانی” پێک هێنا. کۆڕەکە بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی رەقیب” و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد و لە لایان کۆڕگێڕ بەڕێز کاک “خالەق شەریفی”یەوە بەخێرهاتنی ئامادەبوان کرا. پاشان کاک “جەھانگیر قوربانی” بە نوێنەرایەتی بنەماڵەی شەھید پەیامێکی پێشکەش کرد. ناوبراو سوپاس و پێزانینی خۆی و بنەماڵەکەی بۆ ئامادەبوان و خەڵکی کوردستان دووپات کردەوە و جەختی لە یەکڕیزی و یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان کردەوە و هیوای خواست لە داهاتووشدا گەلی کوردستان هەر بەم چەشنە یەکگرتووانە دژی کۆماری پەت و سێدارەی ئیسلامیی ئێران بوەستنەوە. ئەوجار نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان پەیامێکی پڕ ناوەڕۆکی پێشکەش کرد و سوپاسی بنەماڵەی قوربانی بۆ ئەم هەموو قوربانیدان و تێکۆشانە کرد و وێڕای هاوخەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی بۆ ئەم رووداوە ناخۆش و دڵتەزێنە دەربڕی.
ئەوجار بەڕێز “هێمن قوربانی” کوڕی شەهید حەیدەر قوربانی سوپاسی ئامادەبوان و خەڵکی کوردستانی بۆ ئەم بەهاناهاتنەوە کرد و بەڵێنی دا کە تا وەدیهێنانی ئامانجەکانی باوکی شەهیدی لە تێکۆشان بەدژی ئەم رێژیمە جینایەتکارە لە خەبات و تێکۆشان نەوەستێ. لە کۆڕەدا وێڕای پەیامی هاوخەمی، لە لایان بەڕێز کاک “کەماڵ عەلیدوست” شیعرێک بۆ یاد و بیرەوەریی شەهیدانی دەستی نیزامی پەت و سێدارە خوێندرایەوە و لە لایان کۆرگێڕەوە قەسیدەیەکی مامۆستا “شێرکۆ بێکەس” پێشکەش کرا. شایانی باسە، وێڕای حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئەو کەسایەتی و نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییانەی کە لەم کۆڕەدا پەیامی هاودەردی و هاوخەمیی خۆیان پێشکەش کرد،بریتی بوون لە بەڕێزان:
— ئەحمەد باب بە نوێنەرایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
— حامید بەراتی، بە نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
— پەیامی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
— فەرشید عەزیزخانی بە نوێنەرایەتی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک
— سەدیق بابایی، تێکۆشەری دێرین و کەسایەتی سیاسیی ناسراوی رۆژهەڵاتی کوردستان
— بنەماڵەی شۆڕشگێڕ و نیشتیمانپەروەری مستەفا سوڵتانی
حیزبی دێموکراتی کوردستان- کومیتەی ئاڵمان

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*