دوایین حەوتووی دادگای حەمیدی نووری (عەبباسی) لە ساڵی ٢٠٢١ دا

لەم حەوتوویەدا، واتە لە ڕۆژانی دووشەممە ٢٠ی دێسامبەر و چوارشەممە ٢٢ ی دێسامبەری ٢٠٢١ی زایینی، دوایین ڕۆژەکانی دانیشتنەکانی ٥٤ و ٥٥ ی دادگای “حەمید نووری”ی جینایەتکار لە دادگای ناوەندیی ستۆکهۆڵم پێتەختی وڵاتی سوئێد، بەڕێوە چوون.
لە ڕۆژی دووشەممەدا، شاهیدی ئامادەبوو “حوسێن مەلکی” بوو. ناوبراو، کە ئەندامی گرووپی “فورقان” بوو. لە ڕۆژی 5ی ڕەزبەری ساڵی 1359ی هەتاوی لە یەکێک لە شەقامەکانی تاران بەشێوەی ڕەشبگیری بەهۆی دوو کەس لە قەرەیەخەکان (لباس شخصی‌ها) بە جانتایەکەوە، دەگیرێ. لەنێو جانتاکەیدا، چەند کتێبی گرووپی “فورقان”ی پێ دەبێ. دوای ڕاگرتنێکی کورت لە دوو کۆمیتەدا، بۆ زیندانی ئەوین رادەگوێزرێ.
دوای بە ناو محاکەمەیەکی کورتی، حوسێنی مەلیکی، سەرەتا زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا دەسپێندرێ. دواتر، پاش کوشتاری بە کۆمەڵی زیندانییە سیاسییەکان لە ساڵی ١٣٦٧ ی هەتاوی، کە بە کارەساتی نەتەوەیی ناوبانگی دەرکرد؛ دوای ١١ ساڵ بەندکران لە گرتووخانەکانی ئەوین، قزڵ‌حەسار و گەوهەردەشت، ئازاد دەکرێ. کاتێک دەگیرێ، تەمەنی ١٩ ساڵان دەبێ و لە تەمەنی ٣٠ ساڵیدا، ئازاد دەکرێ. ناوبراو ئێستا لە وڵاتی سوئیس نیشتەجێیە. “مەلیکی” کە کەسێکی شارەزا و کتێبخوێنە، یەکێک لەو شاهیدانە بوو کە باسی هەڵسوکەوتەکانی نامرۆڤانەی زیندانوانەکان و ئەشکەنجە و ئازارەکانی ناو بەندیخانەی کرد لەو پەیوەندییەدا زانیاریی زۆری خستە روو.
لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی دیسامبەر و لە دوایین ڕۆژی دادگادا، “مێهرداد نشاتی ملکیان” شاهیدێکی دیکە بەدژی جینایەتکاران و جەلادەکانی گرتووخانەکانی ئەوین، قزڵ‌حەسار و گەوهەردەشت شاهیدی دا و قسەی کرد. ناوبراو ئەرمەنی و بە تاوانی لایەنگری لە ڕێکخراوی چریکە فیداییەکانی گەل – (اقلیت)، گیرابوو. ئەو جگە لە خۆی، هاوژینەکەی و منداڵە پازدە 15 ڕۆژەکەشیان گیرابوون.
مەلیکیان، کە لە مانگی ڕەزبەری ١٣٦١ ی هەتاوی گیراوە؛ باسی گوشاری توندی سەر ڕێکخراوەکەیان و نایاساییکردنیان کرد، ئەویش دوای ڕووداوەکانی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٠ ی هەتاوی و ئیعدامی یەکەم ئەندامی کۆمیتەی ناوەندییەییان، واتە بەڕێز “سعید سوڵتانپور” شاعیری بەتوانا، شانۆنامەنووس و دەرهێنەری شانۆ، و ئەندامی ناوەندی نووسەرانی ئێران ی کرد.
نابراو لە داگایەکی ١٠ خولەکیدا، پتر بە تاوانی ئەرمەنی بوون و پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەگەڵ کچە موسڵمانێک لێپێچینەوەی لەگەڵ کرا بوو و پێنج 5 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو. پەروەندسازییەکەی و ئەشکەنجە و ئازارەکانی و دۆخی ڕێکخراوەکەی باسی نەکرابوو. منداڵەکەی زۆر بە ناحەزیی ناوی برابوو.
هەروەها بەڕێز “نیشاتی”، وەک هەموو شاهیدکانی دیکە، باسی لە گواستنەوەی ژمارەیەکی چەند سەد کەسی زیندانیان لە زیندانی “ئەوین”وە بۆ زیندانی گەوهەردەشت کرد و ئاماژەی بە داڵانی لێدان و لێدانی بە قامچی، کابڵ، شیلانگ، قوڵەدار، قایشی کەمەر، شەپ و زلە، دەمپایی، جێنودان و قسەی زۆر ناحەز و سووکایەتی کرد.
باسی لەوەش کرد کە بۆ لای “هەیئەتی مەرگ” بردراوقە کە پێکهاتوو لە “ئیبرایمی ڕەئیسی، پوور محەممەدی، نەییریی و ئیشراقی بوون کە وەک “چاکسازان لە زیندان” خۆیان پێ ناساندبوو. هەروەها ئاشکراشی کرد کە “نەییریی و ئیشراقی” سەرەڕای زیندووکردنەوەی چۆنیەتیی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی ئەرمەنییەک، لەگەڵ موسڵمانێک، پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە دەبێ بەزۆر نوێژ بکات.
“مێهرداد “دواتر بۆ ناچارکردنی بۆ نوێژی بەزۆری، بۆ هەر وەعدە نوێژێک ١٠ شەلاقی بۆ دەبڕنەوە. ئەو دوو جار هەتا سێ جار، دەتوانێ خۆ ڕاگرێ بکات و پاشان نوێژی زۆرملێی پێ دەکەن. ناوبراو کە باوکی کەسایەتییەکی سیاسی بووە و ناوی “هاملێت” بووە، ئەو زۆر چووکە بووە کە ناچار بە بەجێهێشتنی بنەماڵەکەی بووە و چووتە هەندەران. “نیشاتی” لە ماڵە دایکی گەورە بووە.
دوای پتر لە ٨ ساڵ زیندانیکردن، کە سێ ٣ ساڵی “میللی کێش” بووە، یانی زێدە زیندانی کێشاوە. بەو مانایەی لەسەر ڕیبازی رێکخراوەکەی سوور بووە و تۆبەی نەکردووە. ئەو “میللی کێشی‌”یە بۆ زۆربەی هەرە زۆری ئەو زیندانییانە ببووە کە لە دوای تەواوبوونی حوکمە داسەپاوەکەیان، لەسەر رێبازی سیاسی خۆیان پێداگر بوون و لە بیروباوەڕ و خەبات و تێکۆشانی خۆیان بۆ ئازادی و بەرگری لە مافی یەکسان بۆ مرۆڤەکان پاسگەز نەبوونەتەوە ئەمەش تا رادەیەکی زۆر وەک یەک بووە، ئەگەر لە ئێعدامەکان ڕزگارییان بوایە.

کۆبوونەوەی تێکۆشەرانی حدک
جگە لە هۆڵی دادگای “حەمیدی نووری”، لە دەرەوە و لە ڕووبەڕووی بینای دادگا، ژمارەیەک زۆر لە بەرپرسان و ئەندامانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان- کۆمیتەی سوئید و دۆستانیان کۆ ببوونەوە. ئەوان ئاڵای کوردستان، وێنەی شەهیدی نوێی خەباتی رزگاریخوازیی گەلی کورد “حەیدەری قوربانی” و پۆلێک لە شەهیدانی ١٣٦٧ی هەتاوییان هەڵگرتبوو کە لە زیندانی “گەوهەردەشت” بوون و ئێعدامیان بەسەرداسەپا بوو و لە کوردستان و بە تایبەتیی دیزێل ئاوا، بەداخەوە گیانیان لێ ئەستێندرابوو. هاوکات دروشمی لە قاودانی درۆکانی “نووری” جەلاد و جینایەتکار مرۆڤکوژ، بە زمانەکانی کوردی، فارسی، ئینگلیسی و سوئێدی، ئارمی حیزب و یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان یان بەدەستەوە بوو و ژمارەیەکیشیان بە جلوبەرگی کوردییەوە بەشدار بوون.
شایانی باسە تێکۆشەرانی کورد کاناڵ رێپۆرتاژێکیان لەو کۆبوونەوە ئامادە کرد کە تێێدا، چوار زیندانی سیاسی دەیەی ٦٠ سەبارەت بە دادگایی “حەمیدی نووری” قسەیان کرد. دوو کاناڵی تەلەفزیۆنییش فیلم و وێنەیان لەو کۆبوونەوەیە هەڵگرتەوە.

هەروەها، بەشی کوردیی رادیۆ “زایەڵە”، دیمانەیەکی کورتی لەگەڵ بەڕێز حەسەن حاتەمی نوێنەری کومیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ دانیشتنەکانی دادگای حەمیدی نووری (عەبباسی) پێکهێنا.

 بەنوێنەرایەتی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان

حەسەن حاتەمی

. ٢٢ ی دێسامبری ٢٠٢١ (١ ی بەفرانباریی ١٤٠٠)

 

 

 

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*