
شەونم هەمزەیی
“لە ساڵی ڕابردوودا ٢٤٣ ملوێن ژن لە جیهاندا، لەلایەن مێرد یا یەکێک لە نزیکەکانیانەوە ئازار دراون؛ لەم ڕادەیە تەنیا ٤٠٪یان داوای یارمەتی و فریاکەوتنیان کردووە.” ئەو ئامارە سەرسووڕهێنەرە، بێدەنگیی ٦٠٪یی ژنانیش بە هەمان شێوە.
سەرەتا با بەکورتی بزانین توندوتیژیی دژبە ژنان (Violence against Women) چییە و بریتی لە چییە! زۆر سادەی دەکەینەوە: هەر کردارێکی زۆرەملی لەسەر بنەمای ڕەگەزی، لەلایەن هەر کەس/کەسانێکەوە کە ببێتە هۆی هەر جۆرە ئازار و بێبەشییەکی ژن/ژنانێک، ئەوە دەچێتە چوارچێوەی توندوتیژییەوە. ئاشکرایە مەبەست لە زۆرەملی، تەنیا هێزی جەستەیی نییە و دەتوانێ هەموو جۆرێک لە زۆرەملی لەخۆ بگرێ. جا ئەم ئازارانە دەتوانێ جەستەیی، سێکسی یاخود دەروونی بێ. ئەم توندوتیژییانە تایبەت بە جوغرافیا و کاتێکی تایبەت نییە، واتە ئەوپەڕشوێنی و ئەوپەڕزەمەنییە و بەشێوەی بەردەوام و لە هەموو جوغرافیاکاندا ڕوو دەدا. توندوتیژییەکانیش جۆری جیاواز لەخۆ دەگرن، توندوتیژیی گوتاریمان هەیە هەتا دەروونی، سێکسی، حقووقی، ئابووری و جەستەیی، تەنانەت جۆرێک لە توندوتیژیمان هەیە کە زۆر کەم باسی لێ کراوە، ئەویش من ناوی دەنێم توندوتیژیی بێدەنگ یا ناگوتاری. جۆرێکی تر لە توندوتیژییشمان هەیە کە بە توندوتیژیی نێوماڵ (Domestic Violence) دەناسرێ، کە دەتوانێ هەموو ئەوانەی یەکجێ تێدا بێ. لێرە هەوڵ دەدەم زیاتر تیشک بخەمە سەر پێوەندیی نێوان توندوتیژیی نێوماڵ و سەربەخۆبوون/نەبوونی ژنان لە بواری ئابوورییەوە؛ واتە وڵامی ئەم پرسیارە ڕوون دەکەمەوە کە ئایا ژنێک بەپێی ئەوەی سەربەخۆییی ئابووریی هەبێ یا نەبێ، چەندە ئەگەری بەرەوڕووبوونەوەی لەگەڵ توندوتیژی هەیە؟
توندوتیژیی نێوماڵ:
ڕەنگە هەمووان گوێمان لێ بووبێ کە بڵێن، بنەماڵە یا نێوماڵ ئەمنترین شوێنە بۆ ژنان، بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە وا نییە. بەهۆی ئەوەی کە بنەماڵە چوارچێوەیەکی داخراوە و حەسارێکی بەدەوردا کێشراوە، ڕادەی توندوتیژییەکانی لە زۆربەی کاتەکاندا بۆ ئێمە نادیارن. سەرەڕای ئەو بەربەستانەش کە لەم بارەیەوە هەیە، بەپێی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکان، کارناسان نێوماڵ بە نائەمنترین شوێن بۆ ژنان و بەڕادەیەکی کەمتریش منداڵان دەزانن، کە لەوێدا هەموو جۆرەکانی توندوتیژی ئەزموون دەکرێ.
– لە توێژینەوەیەکی ئێراندا کە بە شێوەی مەیدانی لە ژنان کراوە، ئاکامی توێژینەوەکە دەریدەخا یەکەم جۆری توندوتیژیی نێوماڵ توندوتیژیی عاتفی، دەروونی و گوتارییە، کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا لەلایەن مێردەوە بەرامبەر بە هاوسەر ڕوو دەدا. گرینگینەدان بە ویست و خۆشەویستیی ژنان، دەرنەبڕینی خۆشەویستی بەرامبەر بە هاوسەر، جنێودان و هاتوهاوار، جنێوی پیس بە بنەماڵەی هاوسەر، تۆران و نەدواندنی ژنان بەتایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ کێشەی دوولایەنە، لە درگا و دیوار کوتان، شەقهەڵدان لە سفرە، گوشارخستنە سەر ژنان بە کرداری تێکەڵ بە دەستوور، منەت کردن بەسەر ژناندا بە بیانووی دابینکردنی بژیوی ژیانیان، سووک کردن و بێڕێزی پێکردن لەبەرچاوی خەڵک و… لە دیارترین توندوتیژییەکانی جۆری یەکەمن. ئەڵبەت بەشێک لەم توندوتیژییانە دەتوانێ لەلایەن ئەندامانی دیکەی بنەماڵەشەوە بەرامبەر بە ژنان ڕوو بدا.
– جۆری دووهەمی توندوتیژیی نێوماڵ بریتییە لە توندوتیژیی جەستەیی یا هەمان فیزیکی. هەر بەپێی ئاماری ئەو سەرچاوەیە کە لە خودی ژنانی قوربانی، نەخۆشخانەکان و بنکەکانی پۆلیس و دادگاکان وەرگیراوە، ٢٥ تا ٣٨ لەسەدی توندوتیژییەکانی نێوماڵ لەدژی ژنان ڕووی داوە. نزیک بە ٣٨٪ی ژنانی ئێران لانیکەم یەک جار بەرەوڕووی توندوتیژیی جەستەیی بوونەتەوە. ڕادەی ئەم توندوتیژییانە لە شار و پارێزگاکانی ئێران جیاوازە، بەڵام بەپێی ئاکامی گەڵاڵەی میللیی ژنان کە بە ژمارە و لەسەد دیاری کراوە، بەڵام من لێرەدا ئاماژەیان پێ ناکەم و تەنیا بە تەرتیبی جۆری توندوتیژییەکان ناویان دێنم: لەو حاڵەتانە دەتوانین ئاماژە بە زللـە لێدان، ڕاکێشان و پاڵپێوەنان، مشت لێدان، پێلەقە، لە ماڵ دەرکردن، بەکاربردنی چەکی سارد و گەرم بکەین. بەداخەوە بڕێک لە توێژینەوەکان دەرخەری ئەوەن کە تەنانەت هەندێک لەو حاڵەتانە لە پێوەندی لەگەڵ ژنانی دووگیاندا ڕوویان داوە.
– دوایین جۆری توندوتیژی کە من لێرە باسی دەکەم، توندوتیژی و هەروەها دەسدرێژیی سێکسییە. لەم بابەتەدا توندوتیژیی سێکسی، تەنیا لە پێوەندی لەگەڵ مێرددایە، کە بەکورتی بریتییە لەوەی ژنان لەو حاڵەتەدا گرینگی بە ویستەکانیان لەوانە ویستی سێکسییان نادرێ، یا بەپێچەوانەوە ناچار بە کردنی کارێک دەکرێن کە پێیان خۆش نییە و یا ئیجازەی بەکارهێنانی کەلوپەلی پێشگیری لە دووگیانبوونیان پێ نادرێ و… بەڵام حاڵەتەکەی تر کە دەمەوێ باسی بکەم دەسدرێژی کردنە سەر کەسانی مەحرەم یا ئازاری سێکسیی نێوماڵە، کە حاڵەتێکی تایبەت و دەگمەن نییە، بەڵکوو دیاردەیە و لە تاوانە باوەکانی کۆمەڵگەی ئێران بەئەژمار دێ. بەپێی ڕاپۆرتی کاربەدەستانی فەرمیی ئێران، تەنیا لە ساڵی ٩٥دا، ٥٢٠٠ پەروەندەی ئازاری سێکسیی براوخوشک یا باوکوکچ لە دادگاکاندا تۆمار کراوە. ئەمە لە کاتێکدایە، ئێمە کە باس لە مەحرەم یا مەحارم دەکەین، ئەندامانی دیکەی بنەماڵە وەک خاڵ و مام و باپیریش دەگرێتەوە. هەروەها خزمی دوورتریش کەوا هەر لە چوارچێوەی بنەماڵەدا تووشی تاوان دەبن و مەحرەم نین بەڵام نزیکن، لێ لەم ئامارەدا ئاماژەیان پێ نەکراوە و تەنیا باس لە برا و باوکی قوربانییە. لەم حاڵەتەدا دەسدرێژیکەر هەست بە ئەمنیەت دەکا و پێی وایە تاوانەکەی بە شاراوەیی دەمێنێتەوە. ئەم جۆرە لە توندوتیژی نەرێنیترین کاریگەرییەکانی لەسەر ژیان و دەروونی کەسی قوربانی دەبێ، بەجۆرێک کە لەوانەیە هەتا دواساتەکانی تەمەنی لەبیری نەچێتەوە و بەردەوام برینێکی سەرئاوەڵا بێ. هەروەک باسیشم کرد بەپێی ئامارە نێودەوڵەتییەکان، نێوماڵ بەتایبەت لە پێوەندی لەگەڵ دەسدرێژیدا نائەمنترین شوێنە بۆ ژنان. هۆکارەکەشی بۆ هەست بە ئەمنیەت کردنی دەسدرێژیکەر دەگەڕێتەوە، بە واتایەکی تر تێچووی دەسدرێژی کردنە سەر کەسێکی بێگانە زۆر زیاترە بۆ کەسی تاوانکار. لە ڕاستیدا ژنان و کچانی بنەماڵە زۆر بەردەستتر و بێدەردیسەرترن بۆ ئەو کەسە. بێدەنگ بوون بەهۆی سوننەت و باوەڕ بە “پیرۆزی”ـی بنەماڵە، پاراستنی ئابڕوو، شەرم و حەیای ژنانە و بەگشتی چاوپۆشی کردن لە مافی تاکەکەسی بۆ پاراستنی بنەماڵە، ساختاری پیاوانەی ئەو شوێنانەی کە بەناو بۆ پاڵپشتی لە خێزان دامەزراون، لەو هۆکارانەن کە یارمەتیدەری زیاتربوونی ئەم تاوانانەن لەنێو بنەماڵەکاندا.
شاردنەوەی ئەم حاڵەتانەی توندوتیژی لە خەڵک لەلایەن دەسەڵاتەوە، یارمەتی بە تەشەنە و زیاتربوونیان دەکا. سەرەڕای هەوڵی چالاکانی مەدەنی و هەروەها چالاکانی بواری مافی ژنان و بەتایبەتی گەشەی بزووتنەوەی منیش (Me too)، بەڵام هێشتا ژنان لە دەربڕین و باسکردنی توندوتیژییەکانی نێوماڵ بەتایبەتی بەشی دەسدرێژییە سێکسییەکەی خۆ دەبوێرن، ئەو خۆبواردنە هەر وەک باس کرا دەتوانێ هۆکار و پاساوی وەک پاراستنی چوارچێوە و “پیرۆزی”ـی بنەماڵە بێ؛ بەڵام ئێمە دەزانین کێشەیەک هەتا باس نەکرێ، چارەسەرێکیشی بۆ نادۆزرێتەوە. بەداخەوە ئەو دەگمەن ژن و کچانەی وا دەنگیش هەڵدەبڕن، هیچ پشتیوانییەکی یاسایییان لەپشت نییە و لە کۆمەڵگەی پیاوسالاردا بەتەنیا دەمێننەوە. لە یەکێک لە حاڵەتەکاندا کچێکی مێرمنداڵ کە لەلایەن مامی تەمەن چلساڵیەوە دەسدرێژیی کرابووە سەر، قازیی پەروەندەکەی پێی گوتبوو: “تۆ دەتوانی بە پێداگریی خۆت، مامت لە زیندان بکەی، بەڵام پێم ناڵێی چۆن لەنێو بنەماڵەدا سەر هەڵدێنی؟” ئەم وتەیە یانی ئەوەی کە دەسدرێژییەکە هەر لە دادگادا لەبیر چووەتەوە، ئەوەی کە لە مێشکدا دەمێنێتەوە، سزای تاوانکارەکەیە! زۆر سەیرە وەک بڵێی ئەو کچە مێرمنداڵە بووەتە هۆی ڕوودانی ئەو تاوانە! بێدەسەڵاتیی ژنان و ئەو بڕوا بە پاراستنی بنەماڵەیە هەتا ڕادەیەک دزەی کردووەتە نێو مێشکەکانەوە، کە لە چەندین حاڵەتدا دایکان دژبە کچانی خۆیان و بە لایەنگری لە مێردەکانیان، لە دادگاکاندا شایەدیی درۆیان داوە. ڕەنگە سەیر بێ و لە سەرەتادا وا بنوێنێ چۆن دایکێک دەتوانێ غەدرێکی وا لە منداڵی خۆی بکا، بەڵام ئەگەر لە ڕاستیی کۆمەڵگەی پیاوسالاری ئێران ورد دەبینەوە، بۆمان دەردەکەوێ کە شتێکی زۆریش سەیر نییە. دایکێک کە لە داهاتووی خۆی و منداڵەکانی دەترسێ، لە نادیاریی چارەنووسی دەترسێ، لە پشتگیری نەکردنی بنەماڵەکەی دەترسێ، لە هەڵوەشانی بنەماڵە و لەدەستدانی ئەو میچەی تێیدایە دەترسێ، ڕاستییەکان بەراوەژوو دەکاتەوە، بۆ ئەوەی بنەماڵەکەی ڕاگرێ. ژنانی قوربانی لە ئێراندا و لە پرۆسەی ژیانیاندا بە دەیان جار دەبنە قوربانی و لە هەندێک حاڵەتدا ماندووی ماندوو دەبن و چیی دیکە توانای خۆڕاگرییان نامێنێ.
توندوتیژیی ئابووری:
ڕاستە ئابووری بابەتێکی گشتییە و پێوەندیی بە دەوڵەت و هاوکێشە نێودەوڵەتییەکانەوە هەیە، بەڵام هەر کات گەشەی ئابووری لە هەر کۆمەڵگەیەک دادەبەزێ، ئەوە ژنانن کە زیاترین زەرەر دەبینن و باری گوزەرانی ژیانی ژنانە کە زۆرترین هەڕەشەی دەکەوێتە سەر. چونکە ژنان لە دەرفەت و پێداویستییە ئابوورییەکان بێبەشن، خاوەندارییەتییەکیان بەسەر سەرچاوە بەرهەمهێنەکاندا نییە، ئازادیی کار لە دەرەوەی ماڵیان پێ نادرێ یا لەگەڵ بەربەستێکی زۆر بەرەوڕوون، بۆیەش زیاترین زەربە لە نالەباریی دۆخی ئابووری دەبینن.
با بێمە سەر ئەوەی کە بە زمانێکی سادە و ساکار بڵێم توندوتیژیی ئابووری چییە؛ توندوتیژیی ئابووری بەنیسبەتی ژنان بریتییە لە پێنەدانی تێچوو و خەرجی هەتا کەڵکاژۆی ماڵی لە ژنان و زەرەر لێدان لە کەلوپەلەکانیان، کە لەم حاڵەتەدا ئەوەی پێی دەڵێن سەربەخۆییی ئابووری، لە ژنان دەستێندرێ. با بزانین توندوتیژیی ئابووری لە واتا گشتییەکەی خۆیدا چییە: ئەم توندوتیژییە لە ئاستی دەوڵەتی و نێودەوڵەتییشدا ڕوو دەدا و بریتییە لە بێبەش کردنی قوربانی لە دەسڕاگەیشتن بە سەرچاوە ئابووری و ماڵییەکان کە ئابلۆقە یەکێک لەوانەیە، کەمفرۆشی و گرانفرۆشی و قۆرخ یا پاوانکردنی کالای پێویستیش، نموونەی توندوتیژیی ئابوورییە لە ئاستی نێوخۆییی وڵاتێکدا.
– توندوتیژیی ئابووریی دژبە ژنان لەنێو بنەماڵەدا: دیارترین و باوترین جۆری توندوتیژییە. ئەم دیاردەیە بە شێوەی ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی پێبەندبوونی ژن بە پیاو، ئەم جۆرە لە توندوتیژییە وێڕای ئەوەی کاردانەوەی خراپ و نەرێنیی بۆ ژنان هەیە، لە هەمان کاتدا کاریگەریی قووڵیش لەسەر پیاوان دادەنێ. چون لە وەها دۆخێکدا پیاوان دەکەونە ژێر گوشارێکی زیاترەوە، کارنەکردنی ژنان بەواتای زیاتر کارکردنی پیاوانە؛ کاتێک پیاوێک ڕێگە بە کارکردنی ئەندامانی تری بنەماڵە نادا، گوشاری زیاتر دەچێتە سەر خۆی و کاتێکی کەمتریشی بۆ بنەماڵەکەی دەبێ و بەدڵنیایییەوە دڵەڕاوکێ و سترێسی زیاتریشی تووش دەبێ کە ئەوەش بە نۆرەی خۆی کارتێکەریی لەسەر پێوەندیی ئەندامانی بنەماڵە دەبێ. بەم حاڵەشەوە لە ئێران زۆریەک لە پیاوان ناهێڵن ژنانیان کار بکەن و لە باری سەربەخۆییی ئابوورییەوە تووشی بەربەستیان دەکەن. بەپێی ئامارێک کە لەلایەن ڕێکخراوی بێهزیستییەوە لە ساڵی ٩٧ بڵاو بووەوە، لەوێدا ئاماژە بە بەوە کرابوو نزیکەی ٢٢.٢٪ی ژنان لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە کەوتوونەتە بەر ئازار و توندوتیژیی ئابووری.
– بێکاریی ژنان: بەپێی ئاماری ناوەندی ئاماری وڵاتی ئێران، ٣٢.٣٪ی ژنان لە ساڵی ٩٦دا، بێکار بوون، کە بەپێی وتەی خاوەنڕایان بێکاریی لەڕادەبەدەری ژنان بەهۆی ڕەگەزیانەوە، یەکێک لە دیارترین نیشانەکانی بوونی توندوتیژیی ئابوورییە. ستراکتۆری ئابووریی ئێران، ستراکتۆرێکی پیاوانەیە و هەر بەو هۆیەشەوە زۆربەی ژنان و لەوانە تەنانەت ژنانی لێهاتوو و شارەزاش بێکار دەبن. بوونی ژنان لە کەرتی نافەرمیی ئابووریدا، هەڵاواردن لە ڕاهێنان و دامەزراندن، دۆخی خراپی دامەزران و دەسمز، دۆخی کاری سەخت و ناخۆش، دەسڕانەگەیشتوویی بە سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان و هەروەها نەبوونی شوێنێکی تایبەت و ستاندارد بۆ ڕاگرتنی منداڵانێک کە دایکوباوکیان بە ڕۆژدا لەسەر کارن و گرانیی گرتنی پەرستاریش لەو هۆکارە دیارانەی بێکاریی ژنانن کە زۆرێک لە ژنانی بەتوانای، لە ماڵەکان خزاندووە. کەواتە نەتەنیا نەبوونی کار و پیشە و نەبوونی بەرابەری و یەکسانی لە دەرفەتی کار، نیشانەی توندوتیژیی ئابووریی دژبە ژنانە، بەڵکوو تەنانەت نێوەرۆک و چییەتیی پیشەکان و ئاستی داهاتیشیان نیشانەیەکی تر لەو توندوتیژییەیە. لە وەها دۆخێکدایە کە ژنانی ناچار و بێدەرەتان، بە چاوپۆشی لە حەقی بیمە و بە لانیکەمی مووچە و دەسمزەوە کار دەکەن، کە ئەمە بەتایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ ئەو ژنانەی وا خۆیان سەرپەرشتی ماڵن ڕاستە – هەرچەند پێوەندیی بەم بەشەی بابەتەکەوە نییە، بەڵام پێم خۆشە بڵێم هیوادارم لە وشەی “بێسەرپەرەست” بۆ ژنان کەلک وەرنەگرن، کە دەستەواژەیەکی زۆر دژەژنانەیە. بەم پێیە نەبوونی کار بۆ ژنان یا بوونی کارێک کە بە کەمترین مووچە دەیانچەوسێنێتەوە، نیشانەیەکی ترە لە توندوتیژیی ئابووری.
– هەروەک پێشتریش ئاماژەم پێ کرد، توندتیژیی ئابووری دەتوانێ لە جۆری جیاوازدا دژبە ژنان بەکار بهێنرێ. بەگشتی ئەم جۆرە لە توندوتیژی بریتییە لەوەی ژنان لە گەیشتن بە سەرچاوە ماڵییەکان بێبەش بکرێن، جا هۆکارەکانی ئەم بێبەشبوونە دەتوانێ سیاسەتی گشتیی ئابووریی جیهانی بێ، یا ئەو لەمپەرانەی دەوڵەت، باوک یا مێردی ژنان بەنۆرەی خۆیان دروستی دەکەن.
بۆ نموونە ئێمە کە دەڵێین میراتی ژنان نیوەی پیاوانە، بێجگە لەوەی هەڵاواردنێکی زەقە، دەچێتە چوارچێوەی توندوتیژیی ئابوورییەوە، کە لەوێدا دەستی ژنان بە گەیشتن بە سەرچاوەیەکی داهات لە ڕێگەی عورف و شەرع و یاساوە دەبەسترێ. لە ئێران ژنان بۆ ئەوەی بتوانن کار بکەن، پێویستییان بە ئیجازە و ڕێگەپێدانی مێردەکانیان هەیە، کە ئەمەش لەمپەرێکی ترە و بوار خۆش دەکا بۆ سەرکوت و پێبەندییەکی زۆرتر. هەر لە ئێران و لە پێوەندی لەگەڵ هەندێک لەو کۆمپانییانەدا کە هەنگاوێک چوونەتە ئەولای یاساوە، ئەو ژنانەی وا سەڵتن پێویستیان بە ئیجازەی باوک هەیە بۆ کارکردن، واتە مەرجداریان کردوون بە ڕێگەپێدانی باوک. یەکێکی تر لە لەمپەرەکان مووچەی نابەرامبەرە لە بەرامبەر کاری یەکساندا، واتە ژنان لە پیاوان مووچەی کەمتر وەردەگرن لە بەرامبەر هەر ئەو بڕە کارەدا. ڕوانگەیەکی گشتی هەیە – کە ڕەنگە سەرەکیترین هۆکاری ئەم کێشانە بێ – ئەویش ئەوەیە کە ژنان پێویستیان بە کار نییە و کارکردن دیاردەیەکی پیاوانەیە، کەواتە ئەو ژنانەی وا کار دەکەن، بە مووچەی کەمتریش ڕازی دەبن، چون پیشەی “سەرەکی”ـی ئەوان ماڵدارییە و دەبێ ئەو کلیشە پیاوانە قەبووڵ بکەن! هەربۆیەش لە کاتی دامەزرانیان لەسەر مافەکانیان دەمەچەقەیەکی کەمتر دەکەن و ئەوەی بۆیان دەبڕدرێتەوە، زیاتر لە مافی خۆیان دەزانن، کە دەبێ بە وشیاریی زیاتر ئەم کلیشانە بەرپەرچ بدرێنەوە. سەرەڕای هەموو ئەم کێشە و لەمپەرانە، لە هەندێک لە ناوچەکانی جیهان و یەک لەوان ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئێران، لە ڕوانگەی عورفییەوە ژنان مافی خاوەندارییەتییەکی کەمتریان هەیە و مووچەی ئەو کارە “لاوەکی”ـیە (کاری دەرەوە)یان پێشکەشی کاسبکاری سەرەکیی بنەماڵە دەکەن یا بە گوشار لێیان دەستێندرێ و لە کرداردا هیچ مافێکیان بەسەر ئەو پووڵەوە نییە، کە کاریان بۆ بەدەستهێنانی کردووە. باس لە کاری “لاوەکی”ـی ژنان کرا، پێویستە ئەوە بڵێمەوە کە لەو جۆرە کۆمەڵگەیانەدا، کار و پیشەی “سەرەکی”ـی ژنان ماڵداری و منداڵ بەخێوکردنە؛ کە لە بەرامبەر ئەو کارە تاقەتپڕووکێنەشدا هیچ مافێکی ماددی و مەعنەوییان بۆ لەبەرچاو نەگیراوە.
سووڕی توندوتیژی بە توندوتیژیی ئابوورییەوە درێژەی دەبێ و ئەم سیکلە ڕاناوەستێ، چونکە ئەو ژنانەی وا قوربانیی توندوتیژیی ئابوورین، واتە تێچوویان بۆ دیاری دەکرێ و ناهێڵن کار بکەن یا ئەگەریش کار دەکەن، لە دۆخێکی زۆر خراپدا کار دەکەن، ناتوانن بە سەربەخۆییی ماڵی بگەن و هەمیشە پێبەند دەمێننەوە. ئەم جۆرە ژنانە بەداخەوە بەهۆی پێویستییەک کە هەیانە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا لەو ژنانە دەبن کە هەموو توندوتیژی و ئاکارێکی سەرکوتکەرانە قەبووڵ دەکەن و هەر لە جەغزی توندوتیژیدا دەمێننەوە. پیشەی باش و داهاتی چاک، لەو ئامێرانەن وا ژنان لە بەندی دیلی ڕزگار دەکەن. هەر ئەم ڕاستییە لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١١ی شۆڕای ئورووپادا ڕەنگی دابووەوە، لەوێدا هاتبوو کە نایەکسانی لە دەسڕاگەیشتن بە سەرچاوە ماڵییەکان، خۆی جۆرێک لە توندوتیژیی ئابووری ئەژمار دەکرێ. هەر ئەم نایەکسانییەش پوتانسییەلی ژنان بۆ قەبووڵی توندوتیژی دەباتە سەرەوە و دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی ژن هێزی بڕیاردانی دابەزێ و ناچار بە درێژەدان بەو دۆخە نالەبارە بێ کە تێیدا دەتلێتەوە. لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٠٦ـی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا ئاماژە بەوە کرابوو نایەکسانیی داهاتێک کە پێوەندیی بە هەڵاواردنی ژنان لە بواری وەک کار، داهات، دەسڕاگەیشتن بە سەرچاوەی ئابووری یا نەبوونی سەربەخۆییی ئابوورییەوە هەیە، تواناییی ژنان بۆ بڕیاردان و کردارێک کە لە ویستی خۆیانەوە سەرچاوە بگرێ، دادەبەزێنێ و لەگەڵ ئەوەشدا بوارێک خۆش دەکا بۆ بەرەوڕوو بوونەوەی چەندبارەیان لەگەڵ توندوتیژیی دیکە. ئەمە بێجگە لەوەی کاریگەریی لەو چەشنەی دەبێ لەسەر ژنان، بواری ئابووریی وڵاتیش بەرەو داڕمان دەبا، بۆیە ئەو ڕێکخراوانەی وا خەمخۆری دۆخی ژنان و دۆخی ئابووریی وڵاتەکەیانن، ساڵانێکە تەرکیزیان خستووەتە سەر نەهێشتن و لانیکەم کەمکردنەوەی توندوتیژیی ئابووری.
کۆتایی و ئەنجام:
لە بەشی کۆتاییی باسەکەمدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بکەم، کە ڕۆژ یا مانگی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ توندوتیژیی دژبەژنان، بەو واتایە نییە ئێمە لە ساڵدا یەک مانگ یا ڕۆژێک دیاری بکەین بۆ دەنگهەڵبڕین بە دژی ئەو هەموو هەڵاواردن و توندوتیژییانەی کە دژبە ژنان دەکرێ؛ بەڵکوو ئەمە ڕۆژێکە بۆ ئەوەی وەبیرمان بێنێتەوە ئێمە دەبێ هەنگاوێکی کرداری بۆ نەهێشتن و کەمکردنەوەیان هەڵێنین، هەتا دەیگەیەنینە ئەو ئاستەی کە هەر نەمێنێ.
هەروەک ئاگادارن جۆری توندوتیژییەکانی دژبە ژنان، زۆر زیاتر لەوەیە کە من لێرەدا باسم لێ کردن. ئەوەی من هەوڵم دا ڕوونی بکەمەوە، ئەوە بوو کە سەربەخۆییی ئابووری چەندە دەتوانێ ژنان لە ژیانێکی ناخۆش و پڕچەرمەسەری ڕزگار بکا. بۆمان دەرکەوت ژنان لە جیهان بەگشتی و لە ئێراندا بەتایبەتی لە بەرامبەر چ جۆرە توندوتیژیگەلێکی ڕۆژانە و بەردەوامدان و پێوەندیی نێوان سەربەخۆییی ئابووری و کەمتربوونی توندوتیژییەکان، چەندە پێوەندییەکی دیارە. لانیزۆری توێژینەوەکانی هەموو دنیا ئەم ڕاستییە پشڕاست دەکەنەوە کە سەربەخۆییی ئابووریی ژنان بە ڕادەیەکی بەرچاو توندوتیژی کەم دەکاتەوە. هەرچەند ڕەنگە نەتوانین بەدڵنیایییەکی تەواوەوە بڵێین پێوەندیی ئەم دوو بابەتە لە جۆری عیللەت و مەعلوولییە، بەڵام بەڕاشکاوییەوە لە هەر کوێیەک کە ژنان شوناسێکی ئابووریی سەربەخۆیان هەیە، توندوتیژی لەدژیان زۆر کەمترە؛ بەواتایەکی تر یەکێک لە بگۆڕە سەرەکی و کاریگەرەکانی کەمکردنەوەی توندوتیژی، نەهێشتنی توندوتیژیی ئابووری و سەربەخۆییی ئابووریی ژنانە. ڕاستە بەو ناسیاوییەی لە کۆمەڵگەی ئێران و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیمان هەیە، گەیشتنی ژنان بە سەربەخۆییی ئابوورییەکی گونجاو، ڕێگەیەکی دوورمەودا دەنوێنێ، بەڵام ئێمەی ژن، بۆ نەهێشتنی هەڵاواردن و توندوتیژییەکان هەرگیز نابێ بڵێین هەرگیز.
Be the first to comment