ئاڵا وەک سیمبول و ناسنامەی نەتەوە

عومەر باڵەکی

لەو کاتەوە کە مرۆڤ لەسەر گۆی زەوی نیشتەجی بووە و بەپێی هەلومەرجی ژیان کۆمەڵگەی بچووک بچووکی پێک هێناوە و لە ئاکامدا نەتەوەی جۆراوجۆر بە بەرژەوەندیی جیاواز سەریان هەڵداوە؛ هه‌ر کام لەو نه‌ته‌وانە بۆ سه‌لماندنی بوون و شوناسی تایبەت بە خۆی و هەروەها ناساندن و نیشاندانی خۆی پێویستی بە کۆمەڵێک هێما هه‌بووە. بوونی هێماکان لەنێو نەتەوەکاندا بۆ ئەوە بووە‌ لەو ڕێگایەوە هەر نەتەوە و پێکهاتەیەک خۆی لە نەتەوەکانی دیکە جیا بکاتەوە و تاکەکانی نەتەوەکەی خۆی لە دەوری یەکتر کۆ بکاتەوە، بۆ ئه‌وه‌ی دەسکەوت وپیرۆزییه‌کانی پشت به‌ پشت بمێننه‌وه‌ و نه‌وه‌کانی داهاتووش بتوانن که‌ڵکی لێ وه‌رگرن. بۆیەشە نەتەوەکان بەدوای هێما و سیمبول‌سازیدا بوون و هەولیان داوە سیمبولەکانیان هۆکار بن بۆ یه‌کگرتن و سه‌لماندنی شوناسی نه‌ته‌وه‌ییان. یەکێک لەو هێما و سیمبولانە بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك کە بەدوای پاراستنی پێناس‌ و هەوێتیی خۆیدا بێ، بیجگە لە زمانی ئاخاوتنی دەتوانی ئاڵا بێت. بە واتایەکی دی ئاڵا یه‌کێک له‌و هۆکارانه‌یه‌ که‌ ده‌توانێ نەتەوەیەک لە دوری خۆی کۆ بکاتەوە و له‌نێو نەتەوەکانی دیکە و کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌ی جیهانی و ناوچه‌یدا وه‌ک هێمای نه‌ته‌وه‌یی‌ بۆ خۆ دەرخستن که‌ڵکی لێ وەربگرێ.

ئاڵای هەر وڵاتیک جەوهەر و نێوەرۆکی سیستمی سیاسیی ئەو وڵاتەش دەستنیشان دەکا و پێناسەیەکی ڕاستەوخۆیە لە ناساندنی میژوو، جوغرافیا و ژینگەی ئەو وڵاتە، بە واتایەکی دی ئاڵا ناسێنەری شارستانییەت و باوەڕەکانی خەڵکی ئەو وڵاتەیە. لە سەردەمی کۆن و ئێستاشدا بەرزکردنەوە و بەرزڕاگرتنی ئاڵا نیشانەی بەهێزبوونی ئەو وڵات و کۆمەڵگەیە بووە و لە هەر سەرکەوتنێکدا ئاڵای گەلی سەرکەوتوو بەرز کراوەتەوە و چین و توێژی جۆراوجۆری کۆمەڵگە بە نیشانەی ڕێزدانان لە بەرامبەریدا ڕاوەستاون. لە سەردەمی ئیستادا کە سەردەمی خێرای پیشەسازییە و بەهۆی پێشکەوتنی ئامرازەکانی پێوەندی‌گرتن هەتا ڕادەیەک سنووری وڵاتان قەیدوبەندی لەسەر نەماوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاڵا ڕۆڵ و نەخشی بنەڕەتیی خۆی هەر ماوە، بۆ وێنە: هەڵدانی لە سەربانی ئیداراتی دەوڵەتی، بەکارهێنانی لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لە ڕێوڕەسمی نیزامی و بەرزکردنەوەی لە بۆنە هونەری و وەرزشییەکان و… هتد.

لە هەموو وڵاتانی دنیا خەڵکی هەر وڵاتێک ڕێزی تایبەتی بۆ ئاڵای وڵات و نەتەوەکەیان دادەنێن بە جۆرێک کە لای هێندێک وڵات خەڵک ئاڵاکەیان لە بەر دەرگای ماڵەکەی خۆیان هەڵدەدەن، لە شوێنە گشتییەکان هەڵیاندەواسن، لەسەر کەرەسەکانی خوێندنگەی منداڵان دەینەخشێنن و یا لەکاتی جێژن و شادی و سەرکەوتنە وەرزشییەکاندا لەسەر ڕوخساری کچ و کوڕەکانیان دەیڕەنگێنن کە ئەو کارانە دەبنە هۆی بردنە سەری غروری نەتەوەیی و نیشاندانی هاوپێوندیی نەتەوەیی و لە هەمان کاتدا دروست‌بوونی کولتووری ڕێزگرتن لە ئاڵا و هێما نەتەوەییەکان.

بەو کورتە پێشەکییە هەتا ڕادەیەک گرینگی ڕۆڵ و نەخشی ئاڵامان بۆ دەردەکەوێ لە پێناسەکردنی شوناسی نەتەوەیماندا. بە خۆشییەوە نەتەوەی کوردیش خاوەنی ئاڵای خۆیەتی و ئەم ئاڵایە لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا بۆتە جیگای پەسندی زۆرینەی گەلی کورد و، لەسەر تاک تاکی کورد و هەموو پێکهاتەکانی کوردستانە کە ڕێز لەو ئاڵایە بگرن کە لە ئێستادا بە ئاڵای کوردستان دەناسرێ. هەڵبەت دەبێ ئەوەش بگوترێ کە لە هەموو سەردەمە مێژووییەکاندا کوردیش وەک زۆربەی نەتەوەکان ویستوویەتی دەسەڵاتی سەربەخۆی سیاسیی و ئیداریی لەسەر خاکی خۆی هەبێ و لانیکەم لە مێژووی سەدساڵی ڕابردوودا بە چەندین جووڵانەوەی گەورە و بچووک لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان سەریان هەڵداوە، وەک ڕاپەرینی بەتلیس، شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران، شۆڕشی ئارارات لە باکووری کوردستان، ڕاپەڕینی شێخ مەحموود لە باشووری کوردستان، ڕاپەڕینی سمکۆی شکاک و کۆماری کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە هەموویان خاوەنی ئاڵا بوون و ئاڵاکەیان دەرخەری بیروباوەڕەکانیان بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ یا دامەزراندنی هەرێمێک بوون کە ماف و ئازادییەکانی گەلی کوردی تێدا پارێزراو بێ.

ئەو ئاڵایەی کە ئێستا بە ئاڵای کوردستان ناسراوە، بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان لە ساڵی ١٩٢٠م لە لایەن جەمعییەتی تەعالی و تەرەقی لە باکووری کوردستان بەکار هاتووە و پێناسی ئەندامەکانیان بەو ئاڵایە نەخشێندراوە. ئەو ئاڵایە کە خۆرێک لەسەر نێوەڕاستی ڕەنگە سپییەکەی قەراری گرتووە لەلایەن شۆڕشگیرانی، ڕاپەرینی ئارارات وەک ئاڵای کوردستان بەکار هاتووە. لە سەردەمی کۆماری کوردستانیشدا کە لەسەر دەستی حیزبی دێموکراتی کوردستان دامەزرا، ئەو ئاڵایە لە ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزدا وەک ئاڵای کوردستان وەرگیرا، بەڵام بەو جیاوازییە کە لەجیاتی خۆرەکەی نێوەراستی ئاڵاکە لە لۆگۆ یا هێمای حیزبی دێموکراتی کوردستان کەڵک وەرگیراوە و بەڕەسمی لە کۆبوونەوەیەکی نزیک بە دە هەزار کەسی لە سەربانی هەیئەت ڕەئیسەی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا هەڵدراوە. لە درێژەدا دوای نزیک بە تێپەربوونی٥٤ ساڵ بەسەر ڕۆژی هەڵدانی ئاڵا لە شاری مەهاباد، لە ڕیکەوتی (١١/١١/١٩٩٩) هەر ئەو ئاڵایە لە لایەن پارڵمانی هەریمی کوردستانی عیراقەوە وەک ئاڵای هەرێمی کوردستان پەسند کرایەوە، بەو جیاوازییە کە لۆگۆی نێوەڕاستی ئاڵاکە بە خۆرێک کە ٢١ تیشکی لێ دەبێتەوە نەخشێندراوە و دە ساڵ دواتر واتا (٢٠٠٩ز) ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزیش کە ڕۆژی هەڵکردنی ئاڵا لە کۆماری کوردستانە، هەر لەلایەن پارلمانی هەرێمی کوردستانی عیراقەوە وەک ڕۆژی ئاڵا پەسند کرایەوە.

وەک دەبینین ئاڵای کوردستان لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا بەپێی بەڵگە مێژووییەکان لە سێ پارچەی کوردستان لەلایەن حیزب و لایەنە سیاسییەکانی بەڕێوەبەری جووڵانەوە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد لەو سێ بەشەی کوردستان وەک یەکێک لە هیما و شوناسی نەتەوەیی کاری پێ کراوە و پیرۆزیی خۆی وەرگرتووە. بەڵام بەداخەوە هیندێک جاریش دەبینین کە لەلایەن کۆمەڵێک خەڵکەوە بە ناوی ناڕەزایەتی‌دەربرین لە دەسەڵاتدارانی پارچەیەک لە کوردستان و یا ناڕەزایەتی لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان ئاڵا دەکەوێتە بەر بێڕێزی و وەک هێمای حیزب یا دەسەڵات هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێ؛ لە حاڵێکدا لە هیچ وڵاتێک نەیار و ئۆپۆزیسیۆنی دەسەڵات و حوکمڕانی ئیزن بە خۆیان نادەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان بێڕێزی بە ئاڵای وڵاتی خۆیان بکەن. تەنانەت لە هەموو خۆپێشاندانەکان بەدژی دەسەڵات ئاڵای وڵاتەکەیان هەڵدەگرن و لەگەڵ خۆیان دەیبەنە سەر شەقامەکان و بە دەستەوەی دەگرن و ئەو پەیامە دەدەن بە دەسەڵات و هێزە ئەمنییەتی و ئینتزامییەکانی وڵاتەیان کە ئەوانیش بەشێکن لە خەڵکی ئەو وڵاتە کە خاوەنی ئەو ئاڵایەیە. واتا وەک هاووڵاتی لەژێر سێبەری ئاڵای وڵاتدا ناڕەزایەتیی خۆیان نیشانی دەسەڵات دەدەن.

هەروەک پێشتر گوترا ئاڵای هەر وڵاتێک بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە پیرۆزیی خۆی هەیە و لە هەموو بۆنە نەتەوایەتیەکان و سەرکەوتنەکان بیجگە لە مەیدانی شەر لە مەیدانی جۆراجۆری وەرزشی و هونەری و کولتووریدا لە لایەن کەس یا کەسانی سەرکەوتوو بەرز دەکرێتەوە و بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەو سەرکەوتنە وەک سەرکەوتنی نەتەوایەتی ڕێزی لێ دەگیرێ و شانازیی پێوە دەکرێ. وەک گوتیشمان جاروبار و لێرەولەوێ لە کوردستان لە هەڵبەزینەوە و ناڕەزایەتییەکاندا بە بیانووی جۆراوجۆر بێڕێزی بە ئاڵای کوردستان دەکرێ و بە کوتەپەڕۆیەک ناوی دەبرێ، خافڵ لەوەن کە هەر شتێک چ بە عورف و چ بە قانوون لەنێو کۆمەڵگەدا جێگا و پێگەی دیاری بکرێ پیرۆزیی خۆی وەردەگرێ و لەسەر تاک تاکی ئەو کۆمەڵگەیە واجبە کە ڕێزی بۆ دابنین. ئەوە ڕاستە کە ئەو کەرەسەی ئاڵای پێی دروست دەکرێ خۆی پەرۆیە بەڵام ئەوکاتەی پارلمانی وڵات بریار لەسەر دەدا لە حاڵەتی کوتەپەرۆ دێتە دەر و دەبێ بە ئاڵای وڵات؛ واتا دەبێتە هێمای نەتەویی و مادام دەبێتە هێمای نەتەوەیی، ڕێزگرتن لەو هێمایە دەبێتە ئەرکی تاک تاکی کورد. لە بەر ئەو گرینگیە لە زۆربەی وڵاتانی سەربەخۆدا چۆنیەتی دروست‌کردن و هەڵدانی ئاڵا بە قانوون ڕێک‌خراوە و تەنانەت بۆ ئەو کەس یا کەسانەی بە هەر شێوەیەک بێ‌حورمەتی بە ئاڵای وڵاتی خۆیان دەکەن، سزای زیندان یا قەرەبووی مادییان لە قانووندا بۆ دەستنیشان کراوە، بۆنموونە لە وڵاتانی وەک یونان ٢ساڵ زیندانی، ئاڵمان ٥ ساڵ زیندانی، ئیسپانیا ٧ مانگ هەتا ساڵێک…. زیندانی کردن و فەڕانسە ٦ هەزار یۆرۆی جریمەی مادی لەبەرچاو گیراوە.

پوختەی مەبەست ئەوە کە ئاڵا هێمای ناساندنی خەڵک و شارستانییەتی وڵاتێکە، بە چەشنێک کە بە چاو لێکردن لە ئاڵای هەر وڵاتێک، هەتا ڕادەیەک دەتوانرێ ئایین و مەزهەب و کولتووری خەڵکی ئەو وڵاتەی لێ بخوێندرێتەوە و لە هەمان کاتدا دەردەکەوێ کە خەڵکی ئەو وڵاتە بەچ شتێکی خۆیان پتر شانازی دەکەن و بۆیان گرینگە. بۆیە بە ڕاشکاوی دەتوانین بڵێین کە ئاڵا حوکمی ناسنامەیەی نەتەوەیی هەیە، و ئەرکی سەر شانی تاک بە تاکی کۆمەڵگەیە ڕێز لە ئاڵا بگرێ.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*