سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکان بەرانبەر بە ئێران پێویستی بە لاسایی‌کردنەوەی ڕەیگان هەیە

ئامۆتز ئاسایەل/ وەرگیڕان لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور
لودویگ ئەرهارد، ڕاوێژکاری تازە هەڵبژێراوی ئاڵمان، دوای ڕێبەری‌کردنی موعجیزەی ئابووریی ئەڵمانی ڕۆژئاوا لە پەنجاکانی زایینیدا وەک وەزیری دارایی، بیرۆکەیەکی هەبوو کە بە مێشکی کەسی دیکەدا نەهاتبوو: کڕینی ئاڵمانی خۆرهەڵات.

ئەرهارد کە لە ئابووریزانییەوە ببوو بە سیاسەتوان، تێگەیشتبوو کە ٢٥ میلیارد دۆلار قەرز دراوێکی هێندە زۆرە کە یەکیەتیی سۆڤیەت، لەبەر ئەوە کە ئەوکاتی نەخۆشییە ئابوورییەکانی دەمێک بوو ئاشکرا ببوون، ناتوانێ ڕەتی بکاتەوە. ڕاستە، جێگای گومان بوو کە قەرزەکە بدرێتەوە، بەڵام ئەوە نرخێک بوو کە ئەو ڕێبەرەی ئاڵمان حازر بوو بۆ وەسەر یەک خستنەوەی وڵاتەکەی بیدا. پلانەکە، کە تا ماوەیەکی باش دوای جەنگی سارد بە نهێنی مایەوە (سەدری‌ئەعزەمی پێشووی ئاڵمان بەتەما بوو ئاڵمانی خۆرهەڵات بکڕیتەوە،” دێر شپیگێل، ٤ی ئۆکتۆبر، ٢٠١١)، پێشنیارەکەی پێشکەشی لیندۆن جانسۆن کرد، بەڵام ناوبراو ڕەتی کردەوە. پرسیارەکە ئەوەیە، بۆچی؟ وڵامەکەی، ئەگەرچی بەتەواوی ڕوون نییە، لەو سەردەمەدا و بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە لە نێوان ئەمریکا، ئورووپا و ئیسڕائیل لە پێوەندی لەگەڵ ئێران دەقەومێ، بۆ لێ فێربوون دەبێ.

لە ڕوانگەی تەکنیکییەوە، ئەمریکاییەکان دەیانگوت ڕوسییەکان پلانەکە قبووڵ ناکەن. بەڵام لە نێوەرۆکدا، ئەوەی بەڕاستی لەو بەشەدا دەقەوما جیاوازیی پێشترییەتیدانە ستراتێژیکییەکان لەنێوان واشینگتۆن و بۆن بوون. ئەرهارد بیری لە نەتەوەی خۆی دەکردەوە. ئەو دەیهەویست وڵاتەکەی یەک بگرێتەوە. جانسۆن بیری لە هەموو جیهان دەکردەوە. ئەو دەیهەویست نسکۆی ئابووریی کۆمۆنیزم، کە هێشتا نەگەیبوو، بگات، بۆیە دانی دراو یارمەتیی بەو پرسە نەدەکرد.

وا دیارە باسی ئەو پلانە بۆ باقی وڵاتانی ئورووپا نەکراوە، بەڵام چوارچێوەی بیرۆکەکە دواتر ئاشکرا بوو، کاتێک ڕێبەرێکی دیکەی ئاڵمانی، ویلی برانت، بیرۆکەی سیاسەتی خۆرهەڵاتی داهێنا، ڕوانگەیەک کە نە نەتەوەیی بوو و نە جیهانی، بەڵکو ویشکارۆیی.

لە ڕوانگەی لایەنگرانی سیاسەتی خۆرهەڵاتی، گرینگترین شت ئەوە نەبوو کە خۆرهەڵاتی ئورووپا بگۆڕن، بەڵکوو پێش بە جەنگ بگرن. بۆیە کەسێک کە لە پەنای دیواری بەرلین وێستا و داوای ڕووخاندنی دیوارەکەی کرد ئورووپایی نەبوو بەڵکوو ئەمریکایی بوو، ڕۆناڵد ڕەیگان.

ئێستا وەک سەردەمی ئەرهارد، ئیسڕائیل نەتەوەیی بیر دەکاتەوە، لە کاتێکدا کە ئورووپا جارێکی دیکە ویشکارۆیی بیر دەکاتەوە. ئەوە تەنیا شێوە بیرکردنەوەیەکە کە ئەو دوو لایەنە دەیزانن، بۆیە هیچ بژارەیەکی دیکەیان نییە. بەڵام، ئەمریکا تووشی دووڕێیانێک بووە و دەبی بڕیار بدا. ئامانجی ستراتێژیکیی ئیسڕائیل ڕاستکردنەوەی ڕێژیمی ئێران نییە، بەڵکو پێوەندی لەگەڵ پارس بەو شێوەیە کە ئیسڕائیل لە سەدەی ڕابردووەوە وەبیری دێ و وەک خەڵکی جوولەکە لە سەردەمی کەوناراوە وەبیریان دێ.

لە هەمان کاتدا، ئیسڕائیل ئامانجێکی گشتیی هەیە و ئەویش پارێزگاریی لە خۆی لە لایەن خۆیەوەیە. ئەوە سیاسەتی ئیسڕائیل بەرانبەر ئێران نییە، بەڵکوو سیاسەتی ئیسڕائیل بۆ مانەوەیە. بۆیە لە هیچ ڕوانگەیەکی ئیسڕائیلییەوە ئێرانێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی بۆ لەگەڵدا هەڵکردن نابێ. بۆیە لێرە هیچ کەس دژی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ تەگەرە خستنە سەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی میلیشیای دوژمنکار لە پەنای ئێمە نییە.

لەبەر ئەو هۆیە دووڕێیانەکانی پێوەندیدار بە ئەگەری هێرشی ئیسڕائیل لەنێو ئێران ستراتێژیکی نین بەڵکوو تاکتیکین. یەکێک لە گرێپوچکە ستراتێژیکییەکانی هێرشێکی ئیسڕائیلی ئەوەیە کە نابێ ببێتە هۆی سەرشۆڕیی خەڵکی بێتاوانی ئێران، وەک لە وتارێکی پێشوودا ئاماژەی پێکراوە (“ئێران بۆمباران مەکە،” ٤ی نۆڤەمبەر، ٢٠١١).

کەوابوو، ئەوە بیری ڕێنوێنیکەری نەتەوەیی ئیسڕائیل لە پێوەندی لەگەڵ ستراتێژی بەرانبەر بە ئێرانە. ستراتێژی ئوورووپا بەرانبەر بە ئێران شتێکی ساکارە. بروکسێل نایهەوێ بەهێزتر لەوە کە بەرەوڕووی یەکیەتیی سۆڤیەت بۆوە، دژی ڕابردووی ڕەوشتیی ئێران بوەستێتەوە. ئەوەی لە بروکسێل بیری لێ دەکەنەوە ئەوە نییە کە بۆ دادپەروەریی بجەنگێن، بەڵکوو چۆن بتوانن جەنگ بۆ دادپەروەری لە ئورووپا دوور بکەنەوە.

پێمان خۆش بێ یان ناخۆش، پرەنسیپە ڕێکخەرەکانی یەکیەتیی ئورووپا ویشکارۆیین و لەو دەلاقە باریکەوە، مرۆڤ دەبێ ددانی پیادا بنێ کە کاریگەر بووە. دیپلۆماسی ئورووپا بەڕاستی لە خزمەت دیدی دووری دامەزرێنەرانیەتی، کە لەوەدا کورت کراوەتەوە کە “ئاشتی لە سەردەمی ئێمەدا و لە ویشکاری ئێمە.”

دۆخی ئەمریکا بە تەواوی جیاوازە. ئەمریکا تووشی دووڕێیانێک بووە. ئەو دەتوانێ بگەرێتەوە سەر میراتی چارلز لیندبەرگ، فڕۆکەوانە ئەفسووناوییەکە کە تەنانەت لە ئەگەری هێرشی نازیسمیش‌دا داوای تەریککەوتنەوەی دەکرد و، دەتوانێ ڕوو لە میراتی ڕۆناڵد ڕەیگان بکا، کە دژی قامچیی کۆمۆنیزم وێستا و نەتەنیا بە شێوەی دیپلۆماتیک و ئابووری بەرەوڕووی بۆوە، بەڵکوو بە شێوەی ڕەوشتیش.

دوو ساڵ دوای جەنگی جیهانیی دووهەم و سێ مانگ پێش هێرش بۆ سەر پرڵ هاربور، لیندبەرگ لە دێمۆین، ئایۆوا، قسەی کردن و لە وتارە بەناوبانگەکەیدا لەمەڕ بێلایەنی گوتی: “ئێمە ناتوانێن ڕێگا بە حەزە سرووشتییەکان و پێشداوەرییەکانی خەڵکی دیکە بدەین تا وڵاتی خۆمان بەرەو لەنێوچوون ببەین.”

هەر وەک چۆن ئەو زۆر زوو تێگەیشت، هێزەکانی کە دەبوونە هۆی لەنێوچوونی وڵاتەکەی لەنێو ئەمریکادا نەبوون، بەڵکوو لە دەرەوەی و وێرانییەکانی کە هاندەریان بوون بە شیوەی سرووستی بێسنوور بوون و بۆیە پێویستییان بە ڕوبەروو بوونەوەیک هەبوو کە هێز و ڕەوشتیان تێکەڵ کرد، تێکەڵاوییەک کە تەنیا ئەمریکا خاوەنی بوو.

ئێستا هەمان شت لە پێوەندی لەگەڵ ئێران لەئارادایە، کە تاوانی سەرەکیی مەلاکانی، قامچیی ئەتۆمیی نییە بەڵکوو کردنەوەی دەرگای توندوتیژیی ئایینییە کە هەزاران کەسی لە نیویۆرک، بۆینۆس ئایرەس و بالی تا ڤۆلگۆگراد، پاریس و مادرید کوشتووە.

ئەگەرچی زۆر جار ئەو توندوتیژییانە بە دەست خەڵکی دیکەوە جێبەجی کراون، هێرشی تێرۆریزمی ئیسلامی دژی شارستانیەت هاندەرەکەیان بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی ئێران لە لایەن ئایەتوڵڵاکان و سزا نەدرانیان بە هۆی توندوتیژییەکانیان لە شوێنی دیکە بووە. ئەو جەنگە بە سەرهەڵدانی ئایەتوڵڵاکان دەستی پێ کرد و کۆتایی نایە تا ئەوان لەنێو نەچن.

ئەوە بەو مانایەیە کە ئاخاوتن لەگەڵیان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمییەکەیان وەک ئاخاوتن لەگەڵ هیتلەرە لەبارەی سودەتەنلەند. ئەوە ئامانجەکە ناپێکێ. لەجیاتان، دەبێ گفتوگۆ لەسەر سووک‌کردنی ئابلۆقەکان بە داوای ئازادکردنی سەرجەم زیندانییە سیاسییەکان، بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی ئازاد و ددانپێدانان بە مافی بوونی ئیسڕائیل، وەک چۆن ئێستا زۆربەی دەوڵەتانی عەڕەبی دەیکەن، دەست پێ بکات.

بەڵێ، مەلاکان ئەو داوایە بە تەواوی ڕەت دەکەنەوە، وەک چۆن سۆڤییەت کاتێک ڕەیگان هاواری کرد “بەڕێز گۆرباچۆف، ئەو دیوارە بڕووخێنە،” ڕەتی کردەوە، بەڵام وەک چۆن خەڵکی بلۆکی خۆرهەڵات لە کاتی خۆیدا ئیلهامیان وەرگرت، خەلکی ئێرانیش ئیلهام وەر دەگرن.

وەک پێداهەڵگوتن بە ڕەیگان، هێلموت کۆل، ئەو سەدری‌ئەعزەمەی کە ئاڵمانی یەک خستەوە، لە کاتێکدا کە شان بە شانی ئەو ڕاوەستابوو و قسەی دەکرد، گوتی ڕەیگان “بەختێک بوو بۆ دنیا، بە تایبەتی بۆ ئورووپا.” هەموو ڕاست و باشبێژیی بوو، بێجگە لەوە کە ئەوەی ڕەیگان نوێنەرایەتیی دەکرد بەخت نەبوو. ئەوە بیروباوەڕ بوو. ئەوە ئەو شتە بوو کە یەکێتی سۆڤییەتی بەچۆکدا هێنا و ئەو شتەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران شکست دەدا.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*