مستەفا مەولوودی: حیزبی دێموکرات سیاسەت و بڕیارەکانی لەسەر ئەسڵی واقع‌بینی دادەڕێژێ

دیمانە: کوردستان
ئاماژە: دوای ئەوەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لە ڕادەست‌کردنی دوو سیخوڕ و تاوانباری سەر بە کۆماری ئیسلامی بە دەزگای دادی هەرێمی کوردستان کرد، ئەم باتە کۆمەڵێک پرس و پرسیاری لە بیروڕای گشتی و سۆسیال مێدیادا ورووژاند.

“کوردستان” بەباشی زانی ئەم بابەتە و پرسیارە جۆراوجۆرەکانی پێوەندیدار بەو بابەتە لەگەڵ کاک مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزب بێنێتە بەرباس.

***

 

 

کاک مستەفا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند کە دوو تاوانبارتان کە سیخوڕییان بۆ کۆماری ئیسلامی کردووە و لە هێرشە مووشەکییەکەی خەرمانانی ١٣٩٧دا چاوساغییان بۆ ڕێژیم کردووە، ڕادەستی دەزگای دادی هەرێمی کوردستان کردووە. بۆ ئەو کارەتان کرد؟ حیزب بۆچی بۆ خۆی ئەو تاوانبارانەی سزا نەدا؟

هەموو ئەو کەسانەی لە سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان شارەزان، دەزانن کە حیزبی دێموکراتی کوردستان، حیزبێکی قانوون‌مەدارە و باوەڕی بە یاسا و پڕەنسیپە ئینسانی، ئەخلاقی و حقووقییەکان هەیە. کە وایە هەر باسێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و حقووقی بێ، پێی باش و دروستە بە ڕێڕەوی خۆیدا یەکلا بێتەوە. زۆرجار لە ڕاگەیاندنەکانی حیزبی دێموکراتەوە دەبیستین کە ئەم حیزبە پابەندە بە مەنشوورە ئینسانییەکانی مافی مرۆف، مافی نێودەوڵەتی و سەروەریی یاسا. کە وابوو ئەوە ئەسڵێکی نەگۆڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانە. حیزبی دێموکراتی کوردستان تەنانەت ئەوکاتی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە شێوەی عورفی و مەیدانی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری ناوچەکەی هەبوو، هەر ئەوکات زۆر بەپەلە بە بەشداری و هاوبەشیی ئەو مافناس و یاساناسانەی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان بوون، یاسایەکی بۆ کۆنتڕۆڵی ڕەوشی کۆمەڵایەتیی کوردستان دانا بە ناوی “یاسای سزادانی گشتی”. ئەوکاتیش ئەگەر کەسێک خەتایەک یان تاوان و جینایەتێکی کردبێ، حیزبی دێموکرات لە ڕێڕەوی حقووقیەوە لێی پرسیوەتەوە و بەدواداچوونی بۆ کردووە. دادگاکانی حیزبی دێموکرات، دادگاکانی شۆڕش یان دادگاکانی خەڵکی کوردستان بوون و لە مەحکەمەیەکی زۆر شەفاف و دادپەروەرانەدا، حوکمی شیاو و سزای گونجاو لەگەڵ تاوانی بۆ تاوانبار دەرکردووە.

زۆر بەڕوونی لە پێوەندی لەگەڵ ئەوەدا کە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەو دوو سیخوڕەی ڕادەستەی دەزگای دادی هەرێمی کوردستان کرد، وڵامەکە ڕوونە. لەبەر ئەوەی ئەم جینایەتە لە وڵاتی عێراق و لە هەرێمی کوردستان کراوە و دەزگای دادی هەرێم سەڵاحییەتی پێڕاگەیشتن بەو تاوان و جینایەتەی هەیە.

دوویەم، هەر ئەوکات کە جینایەتەکە ڕووی دا، حیزبی دێموکرات کوردستان لە دادگاکانی هەرێمی کوردستاندا، سکاڵای لەسەر کۆماری ئیسلامی تۆمار کرد، چونکی دەمودەست سوپای پاسداران دانی بەوە دانا کە ئەم جینایەتەی لە مەرکەزی قەراری حیزبی دێموکراتی کوردستان کە مەرکەزێکی سیاسی، تەشکیلاتییە و ژن و منداڵیشی تێدا بوون کراوە، ئەوان کردوویانە. هەر ئەوکات حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕێگای بنەماڵەی شەهیدان و بریندارانی ئەم ڕووداوەوە سکاڵای تۆمار کردووە. جا بەم پێیە ئێمە دەبێ بەڵگەکانی پێویست و پێوەندیدار بەو پەروەندەیە بدەین بەو دادگایە بۆوەی ئەدەلە و بەڵگەی تەواوی بۆ تاوانبار ناساندنی کۆماری ئیسلامی هەبێ. ئەم دوو تاوانبارەش وەک بکەر و عامیلی تاوان و جینایەتەکەش بەشێک لە بەڵگەکانن. جا کاتێک ئەوان لە ڕەوتی لێپرسینەوە و بەدواداچووندا بە زمانی خۆیان دان بەوە دادەنێن کە دەستیان لە تاوانەکەدا بووە، سیخوڕییان کردووە، زانیارییان بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بەڕێ کردووە، سروشتییە کە حیزب دەبێ ئەو ئەدەلە و بەڵگەیە بدا بە دەزگای دادی هەرێمی کوردستان بۆوەی ئەوان لە مەحکەمەیەکی قانوونیدا بڕیار لەسەر ئەو پەروەندەیە بدەن.

لەدوای ئەوەش، حیزبی دێـموکراتی کوردستان مادام سەردەمانێک لە شوێنێک دادگایەکی هەبووە و هەوڵی ئەوەی داوە خەڵک بە ڕێگای قانوون و دادگاوە بەدواداچوون بۆ مافەکانی خۆیان بکەن، ئێستا کە بۆخۆی لە وڵاتێکی دیکەیە دەکرێ پابەندی قانوونی ئەو وڵاتە نەبێ؟ بۆیە ئەم بڕیارەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بۆ ئێستا و لەو بارودۆخەدا بڕیارێکی دروست بوو.

 

ئەدی نیگەرانی ئەوە نین کە کۆماری ئیسلامی دەست‌تێوەردان لە کاروباری ئەو دادگایەدا بکا و پەروەندەکە بە ئاقارێکی دیکەدا بخا؟

حیزبی دێموکراتی کوردستان وەزعییەتی سیاسیی ناوچە دەرک دەکا. بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵات و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان ئەم هەلومەرجەیان لەبەرچاوە. وەزعی هەرێمی کوردستان بە هەموو پێوانەکان چ ئەو پێوانە ئەرێنی و باشانە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەیەکی حقووقی بۆ ئەم دادگایە، چ بەپێچەوانە ئەو سەرنج و تێبینییانە وەکوو گریمانە کە جەنابت تیشکت خستە سەری، هەموو ئەوانەمان لەبەر چاوە و ناکرێ بەهیند وەریان نەگرین. بەڵام بەخۆشییەوە دەبینین کە هەرێمی کوردستان سەربەخۆییەکی سیاسی و ئیداریی شیاوی هەیە. دەزگای دادی هەرێمی کوردستان دامەزراوەی قانوونیی دانپێدانراوی هەیە، هەر لە دادگای یەکەمەوە و تا دادگای پێداچوونەوە و ئیستیناف و هتد. کە وایە ئێمە پەروەندەیەکی حقووقی بە زانیاری و بەڵگەی تەواوەوە بە شتی ڕوون و دیارەوە ڕادەستی دادگایەک لە هەرێم بکەین، چاوەڕوانیشمان هەیە کە بەبێ ئەوەی ئیزن بدا دەستی دەرەکیی ئەملاوئەولا بێتە نێو دادگاوە، پەروەندەکە بە ئاکام بگەیەنێت. وەک پێشتریش گوتوومانە ئەوە بەرپرسایەتییەکی ئەخلاقی، مێژوویی و نەتەوەیی دەخاتە ئەستۆی دەزگای دادی هەرێم.

لەلایەکی دی، خۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەر ئەو کەیسەمان نییە، کەیسی دیکەشمان بووە، وەکوو دادگای شەهید قادر قادری کە بینیمان سێ کەس لەو تاوانبارانەی دەستیان لە تێرۆری شەهید قادر قادری‌دا هەبوو، گیران و دادگاییش کران و حوکمی قورسی قەزاییان بۆ دەرکرا. شەهید قادر قادرییش تێکۆشەری دێموکرات و فەرماندەری دێموکرات بووە و بە ئەمر و دەستووری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لێرە تێرۆر کرا. بەڵام ناوەندە ئەمنیەتییەکان و دەزگای دادی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەم دەسەڵاتەی پێیان دراوە، بەدوویدا چوون، لەوانەیە ئێمە تێبینییەکمان لەسەر ئەم حوکمە هەبێ کە بۆچی بەپێی ماددەیەکی قانوونیی دیکە حوکم نەدراون، بەڵام لێپرسینەوە و بەدواداچوون کرا و پەروەندەکەش وەگەڕ خرا و بڕیاریسی لەسەر درا. بۆیە بە سەرنجدان بە زۆر هۆ و هۆکاری دیکەش حیزبی دێموکراتی کوردستان پێی وایە دادگاکانی هەرێمی کوردستان ئەو توانا و زەرفییەتی حقووقیی ئەوەیان هەیە کە ئەو پەروەندەیەی تێدا وەگەڕ بخرێ و ئاکامی دروستی خۆیشی لێ وەربگیرێ. هەڵبەت ڕوونە کە ئێمە

وەکوو حیزبی دێموکرات و هەموو لایەنەکانی دیکەی ئەو پەروەندەیە پارێزەر دەگرین و چ لە ڕووی سیاسی، حقووقی و مێدیاییەوە لەگەڵی دەڕۆینە پێشێ و چاوەڕوانیی ئەوەشمان هەیە کە دادگاکانی هەرێمی کوردستان پەروەندەکە بە ئاقارێکدا بەرن کە حەق بە حەقدار بگا و شانازییەک بۆ سەربەخۆیی دادگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمار بکرێت.

 

کاک مستەفا پرسیاری زۆر کەس ئەوەیە کە ئایا هیچ هەڕەشەیەک لەسەر حیزبی دێموکراتی کوردستان نەبوو، یان هیچ گوشارێک لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لەسەرتان نەبوو کە ئەو تاوانبارانە ڕادەستی حکوومەتی هەرێم بکرێن؟

بە مەسئوولییەتەوە دەڵێم ئەوەی لە کۆبوونەوەیەک بە بەشداریی بنەماڵەی ئازیزی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان‌ لەگەڵ ئەواندا باسم‌ کردووە، نە ڕاستەوخۆ و نە ناڕاستەوخۆ و بەکینایە و هیچ ئەگەر و ئەممایەک، هیچ فشارێک لەسەر حیزبی دێموکراتی کوردستان نەبووە. تەنانەت دەتوانم بڵێم کەم شوێن و لایەن هەر بەوەشیان زانیوە کە ئەو کەسانە لە لای حیزبی دێموکرات ڕاگیراون و حیزبی دێموکرات بۆخۆی لێپرسینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەو پەروەندەیە دەکا. بەڵام کە کەیسەکە لە ناوەندی لێکۆڵینەوە و دەزگای ئەمنییەتی ئێمەوە کاری تەواوی لەسەر کرا و بۆ بڕیارلەسەردان هاتە دەفتەری سیاسی، ئێمە بە لەبەرچاوگرتنی هەموو تێبینییە سیاسی و حقووقیەکانی قانوونی دەوڵەتان و قانوونی نێودەوڵەتی و، هەروەها بۆ ئەوەی ئەو پەروەندەیە ئاکامێکی حقووقی لێ بکەوێتەوە، بۆ ئەوەی حەق بە حەق‌دار بدرێ و، بۆ ئەوەی مەسئوولییەتی حقووقی و قانوونیی کارەکە بکەوێتە سەر هەرێمی کوردستان کە جینایەتەکە لێرە کراوە، حیزبی دێموکرات بڕیاری دا ئەو کەسانە ڕادەستی دادگای هەرێمی کوردستان بکرێن.

 

ئێوە چاوەڕوانی بڕیاری دەزگای دادی هەرێم دەبن یان پلانی دیکەشتان هەیە؟

ئێمە بەڕوونی بەرنامەمان ئەوەیە کە ئەم پەروەندەیە بەنێودەوڵەتی بکەین و بۆ ئەوەش ماتریالی پێویستیمان هەیە. چونکی دەبینین کە وڵاتێکی وەک کۆماری ئیسلامی هاتووە بە سەختترین کەرەسەی ناباوی نیزامی، لە وڵاتێکی دیکەدا جینایەتی وەکوو ١٧ی خەرمانانی خوڵقاندووە. کۆماری ئیسلامی لەو پێوەندییەدا، کەیس و خەتای کەم نییە، بۆیەشە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان دەیەوێ لە شوێنی دیکەش بەدوویدا بڕوا. ئەو پەروەندەیە ئەگەر لە دادگایەکی حقووقی و ڕەسمیی هەرێمی کوردستاندا حوکمی شیاو و بارتەقای قورسیی جینایەتەکەی لەسەر بدرێ، بەو مانایە کە یەکەم کۆماری ئیسلامی مەحکووم بە ئەنجامدانی تاوانە بکرێ و کەسانی بڕیاردەر بە ئێمە و بیروڕای گشتی بناسێندرێن و جیا لەوەش تاوانبارەکان بە سزای خۆیان بگەیەنن. بۆیە وەگەڕخستنی ئەو پەروەندەیە لە دادگاکانی هەرێمی کوردستاندا یارمەتی بە زیندووبوونی قەزیەکە دەکا. سروشتییە کە ئەو ڕەوتە لە هەرێمی کوردستان لەوانەیە ماوەیەک بخایەنێت، بەڵام لە نیهایەتدا، ئەم کەیسە کە لە دادگایەکدا حوکمی قانوونیی خۆی وەرگرت، ئەوکات دەستی حیزبی دێموکرات بۆ ئەوەی ئەو پەروەندەیە لە دادگای تاوانی وڵاتانی دیکەشدا وەگەڕ بخا ئاواڵاتر دەبێ. هەر ئێستا دەبینین لە دادگایی‌کردنی حەمید نووری لە سوێد و ئەوەش کە لە بریتانیا لەژێر ناوی دادگای گەلیی ئابان بەڕێوە چوو؛ لە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی دەکۆڵدرێتەوە. ئەم ڕێژیمە لە کوردستان تاوانی زۆری خوڵقاندووە کە هەر کام لەوان و لەم دواییانەشدا مووشەک‌بارانی قەڵای دێموکرات هەموویان بۆ ئەوە دەبن لە دادگایەکی نێودەوڵەتیدا بخرێنە گەڕ.

کۆماری ئیسلامی لەو ٤٣ ساڵەدا لە ئاستی ئێراندا جینایەتی زۆری کردوون، بەڵام لە کوردستان، بەنیسبەت هەمووی ئێران زۆر زیاتر. چون هەر لە ڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕش و لە شەڕی سێ مانگەوە، کوردستان بە فیتوای جیهادی خومەینی هێرشی کرایە سەر و شەڕێکی بەسەردا سەپا کە تا ئێستاش لە شکڵی جۆراوجۆردا درێژەی هەیە. لەو ماوەیەدا ڕێژیم زۆر جینایەتی لە کوردستان خوڵقاندوون کە بێگومان نایەوێ لە هیچ کوێ شتی لەسەر بگوترێ و بەڵگەی لەسەر پێشان بدرێ.

 

یانی لەبەر ئەوە بۆخۆتان تاوانبارەکانتان سزا نەدا؟

ئەمە زۆر گرینگە کە کەسێک دان بە تاوانەکەی دادەنێ کە من مەئموور و ڕاسپێردراوی کۆماری ئیسلامی بۆ تێرۆر و تەقینەوە و کاری تێکدەری و سیخوڕی بووم، یان ئەمن دەستم لە جینایەتێکدا بووە کە دەرحەق بە کۆمەڵێک تێکۆشەری سیاسی و بنەماڵەکانیان کراوە، بێ و لە دادگایەکدا بیڵێ و قەزیە و پرسێک لە دژی کۆماری ئیسلامی دروست بکا. ئێمە ڕێز بۆ هەست و ئیحساسی خەڵکی کوردستان دادەنێین کە بەشێکی زۆریان -وەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دەردەکەوێ- پێیان خۆش بوو سزای شۆڕشگێڕانەیان لەسەر جێبەجێ بکەین. بەڵام دەفتەری سیاسیی حیزب لەگەڵ ڕێزی بۆ ئەو هەست و ئیحساسە، بەڵام خوێندنەوەی ئەوە بوو کە وەگەڕکەوتنی لە دادگایەکی هەرێمی کوردستان و دادگای وڵاتانی دیکەدا زۆر زیاتر قازانجی بۆ بزووتنەوەی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵات دەبێ.

 

کاک مستەفا بۆ خەڵک ئەوەش پرسیارە کە چۆن دەبێ پێشمەرگەیەک کە دوایە دەردەکەوێ سیخوڕ و نێردراوی ڕێژیمە، بە کات و شوێنی کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی بزانێ!

من ئەوەی دەیڵێم بۆ بەرگری نییە، بەڵام ڕووداوی لەم بابەتە نە یەکەم‌جارە لە حیزبدا ڕوو دەدا، نە لام وایە دواجاریش دەبێ، چونکی حیزبی دێموکراتی کوردستان هێزێکی سەرەکی لە خەباتی مافخوازیی کورد لەدژی کۆماری ئیسلامییە و کۆماری ئیسلامییش بەو زەرفییەتە زۆر و ئیمکاناتەی بۆ هەڕەشە و تەماح‌وەبەرنان لەبەردەستیدا هەن، بێگومان دەست لە دژایەتی و زەبروەشاندن لە حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد هەڵناگرێ. کاری لە چەشنی سیخوڕی و تێکدەری تەنانەت لەنێو وڵاتانیشدا دەکرێ و ڕۆژ نییە شتێکی لەو بابەتە لە پێوەندیی نێوان دەوڵەتاندا نەبیستین. هەموو ئەوانە پێمان دەڵێ کە ئێمە دەبێ لەسەرهەستتر و دەقیقتر بین لە وەرگرتنی کەسەکان و کار پێ‌ئەسپاردنیان ئاگاداری وردی پیلانەکانی ڕێژیم بین.

 

کاک مستەفا شتێک کە حیزبی دێموکرات لە هەموو قۆناخەکاندا بەردەوام شانازیی پێوە کردووە، سەربەخۆیی سیاسی و بڕیاردان بوو. لەو ماوەیەدا و لە سۆنگەی ڕادەست‌کردنی ئەو دوو تاوانبارە، ئەو پڕەنسیپە هەندێ پرسیاری لەسەر دروست کرا. لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟

بەڕای من ئەوەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستان، دێ بەنیسبەت کەیسێکی حقووقی، باسە حقووقییەکە دەدا بە دەزگایەکی حقووقی و یاسایی ئەوە ڕاست وەزیفەیەکی حقووقی و قانوونییە کە حیزبێکی سیاسی بەپرەنسیپ، حیزبێکی سیاسیی بەئەزموون و لێزان دەبێ بیکا و حیزبی دێموکرات ئەوەی کردووە. پاشان حیزبی دێموکراتی کوردستان، وەکوو ٣٠-٤٠ ساڵ لەوەپێش نییە بۆخۆی لە ناوچەیەکدا دەسەڵاتی جێبەجێ‌کردنی یاسای سزادانی گشتیی خۆی هەبێ. وەک عەرزم کردی بۆ ئەوە کاتی خۆی ڕێکارێکی خۆی هەبووە و گرتوویەتە بەر. بەڵام ئێستا لە وڵاتێکی دیکەیە و دەبێ پابەندی قانوونی ئەو وڵاتە بێ. بە ڕەچاوکردنی یاسانی ئەو وڵاتەش ئەو حیزبە سەربەخۆیی بڕیاردان و سەربەخۆیی سیاسیی خۆی لە دەست نادا. ئەو باسانەی لەو چەند ڕۆژەدا لە سۆسیال مێدیا سەبارەت بە ڕادەستکردنی ئەو دوو تاوانبارە کران لە خۆشەویستیی خەڵک بۆ حیزبەوە سەرچاوە دەگرێ و ئێمە ڕێز لەو هەست و ئیحساسە دەگرین کە پێیان‌وایە ئەو دوو خائینە لەلایەن خۆمانەوە سزا درابان؛ بەڵام ئەو بڕیارەی ئێمە سەربەخۆیی سیاسی و بڕیاردانی حیزبی پێ خەوشدار نەبووە. بە درێژایی دەیان ساڵ تێکۆشانی حیزبی دێموکرات فەرهەنگێکی سیاسی لەم حیزبەدا دروست بووە کە کەس ناتوانێ ئەو سەربەخۆییە سیاسییەی لێ وەرگرێ.

جا ئەمجار با وردتر بێینە سەر باسی سەربەخۆیی سیاسی. سەربەخۆیی سیاسی یانی چی؟ یانی ئەوەی حیزبێکی سیاسی بۆخۆیی دروشمی ستراتیژیکی خۆی بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی سیاسی، بە لێکدانەوەی خۆی دیاری دەکا. هەروەها حیزبێکی سیاسی بەلەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی سیاسیی دۆخێک کە تێی‌دایە، جۆری خەباتی خۆی دەستنیشان دەکا و نیزامی ڕێکخراوەیی خۆی سازمان دەدا، پێوەندی سیاسی، یاسایی و دەوڵەتی و نێودەوڵەتی خۆی بەو قاعیدە و قانوون و ڕێوشوێنانە کە هەیە دادەڕێژێ. ئەمە سروشتی حیزبی دێموکراتە. بەڵام ئەوەی کە دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکرات بڕیارێکی دیاریکراوی لەپێوەندی لەگەڵ ئەو دوو تاوانبارە داوە، بە هیچ وەسیلەیەک نە پێوەندیی بە سەربەخۆیی سیاسیی حیزبی دێموکراتەوە هەیە، نە بەوە سەربەخۆیی سیاسی و بڕیاردانی حیزبی دێموکرات خەوشدار بووە. لەو پێوەندییە‌دا ئێمە فەرموودەیەکی دوکتور قاسملوومان هەیە. دوکتور قاسملوو دەڵێ: “ئێمە پێمان خۆشە لەگەڵ هەموو کەس دۆستایەتی بکەین، بەڵام ئەگەر لەنێوان دۆستایەتی و لەدەست‌دانی سەربەخۆیی سیاسی یەکیان هەڵبژێرین، ئەوە بێ سێ‌ودوو سەربەخۆیی سیاسی هەڵدەبژێرین.” ئەوە لەجێی خۆی‌، بەڵام ئەمە چ پێوەندی بەوە داوە کە لە وڵاتێکی قانوونی تۆ بێی و باسێکی حقووقی بەریە بەردەم دەزگایەکی شەرعی و یاسایی ئەو وڵاتە؟ بۆیە ئەمن لام‌وایە لە ئەگەری پێچەوانەی ئەوەدا لەوانەبوو حیزبی دێموکرات زەرەری کردبا و هەندێ لێکەوتەی بە زیانی حیزب لێ شکاباوە.

 

کاک مستەفا ئێوە پێداگریی ئێوە لەسەر یاسا و سەروەری هەرێمی کوردستان لەجێی خۆی‌دایە. بەڵام لەکاتی مووشەک‌بارانی حیزبدا ڕێژیم ڕێزی لەو سەروەرییە گرت؟ حکوومەتی هەرێم بۆخۆیان چەندە بە خەم ئەو سەروەرییە و پشتیوانی لە حیزبی دێموکراتەوە بوون؟

ڕوون و ئاشکرایە کە ئێمەش مولاحەزەمان لەسەر سیاسەتی هەرێمی کوردستان و مەوقعییەتی هەرێم هەیە، هەر کاتی مووشک‌بارانەکەش لە لێدوانی مەسئوولینی حیزبی دێموکرات بەنیسبەت ئەو سیاسەتە مولاحەزە و تێبینیمان هەبووە. بەڵام هەلومەرجێ ئەمنییەتی و سیاسی لە عیراق بەمجۆرەیە کە هەرێمی کوردستان بەپێی دەستووری عێراق بەشێکە لەو وڵاتە و واقعییەت ئەوەیە دەستوەردانی وڵاتان و دەوڵەتان بە شکڵ و شێوازی جۆراوجۆر لە عێڕاق زۆرە. یانی لە ناوەندی بەغداڕا تا دەگاتە سنوورەکانی، لە هەموو سنوورەکانی ئێران و تورکیە وەزعێکی تایبەت هەیە و ئەمەش کۆمەڵە مولاحەزە و تێبنییەکی هەم بۆ هەرێمی کوردستان و، هەم بۆ هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە. بۆیە مومکینە وەک ئێمە چاوەڕوانی دەکەین، نە وەختی مووشەک‌بارانەکە و نە لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی دیکەشدا، بەرپرسانی هەرێم بەو جۆرە نەهاتبنە سەر خەت یا بەو جۆرە کردەوەی کۆماری ئیسلامییان مەحکووم نەکردبێ کە واجبە مەحکوومی کەن. ئەو حەقیقەتێکە و ئێمە خۆی لێ نادزینەوە و دەبێ بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەش سیاسەت و هەڵسوکەوتمان تەنزیم بکەین.

ئەگەر بە ئێمە بوایە دەکرا ئەوان لەو بارەیەوە ڕاستەوخۆ هاتبانە سەر خەت و تەوزیحیان وەرگرتبا، بەدواداچوونیان کردبا، تەنانەت سکاڵایان تۆمار کردبا، ئەوانە هەموو حەق و ڕەوان. بەڵام نەیانکردووە و خودی عێراقیش وەکوو دەوڵەتی مەرکەزی، ئەو مەوقعییەتەی بەوجۆرە نییە و هەرێمی کوردستانیش، بەتەبیعتی حال لە هەلومەرجێکی ئەوتۆدایە کە سەرەڕای کۆمەڵە شتێک ڕەنگبێ نەتوانێ بە دڵی خۆی یان بەپێی حوکمی خۆی بێ بڕیار بدا. ئەوە مولاحزەیەکە کە هەیە و بە ڕای من هەرێمی کوردستان لەبەرچاوی نەگرتووە. خۆ لە جەریانی زۆر کەیسی تێرۆری دەوڵەتی و نێودەوڵەتی کە کۆماری ئیسلامی لێرە کردوویەتی، لە دەرەوەی وڵات کردوونی، کۆماری ئیسلامی تێچوویەکی کەمی داوە. ئەوەی لە ئۆتریش بە نیسبەت تێرۆری دوکتور قاسملوو کرا، ئەوەی لە ژێنێف بەنیسبەت تێرۆری دوکتور کازم ڕەجوی کرا، لە زۆر وڵاتی دیکە جیا لە پەروەندی میکۆنووس و تێرۆری دوکتور سەعید، ئەوانی دیکە هەموویان زۆر و کەم مولاحەزاتی سیاسی، حقووقی و بازرگانی و پێوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ئێران ڕەچاو کردووە. لەم بارەیەوە سەرنج و تێبینی زۆرن و ئێمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مولاحەزاتە دێین و حوکمی کۆتایی لەسەر کۆمەڵە کەیسێک دەدەین کە ئالۆزیی خۆی هەیە.

 

وەک دواپرسیار، ئەمن وا تێگەیشتم کە کەیسێکی ئێحساسیمان کردووەتە کەیسێکی یاسایی و بەربڵاو، بۆ ئەوەی دەسکەوتی سیاسیی پتری بۆ بزووتنەوەی کورد هەبێ.

ئەمن لە هەستی خەڵک، لەهەستی پیرۆزی کوڕی شەهیدێک، کچی شەهیدێک، برای شەهیدێک یان دۆستێک تێدەگەم و بە پیرۆزیشی دەزانم. حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەی ڕێزی بۆ ئەو هەستە هەیە، بەڵام حیزب لە عەرزی واقع و، لەگەڵ واقعییات هەڵسوکەوت دەکا. حیزبی دێموکرات سیاسەتەکانی، قەرار و بڕیارەکانی دەبێ لەسەر ئەسڵی واقع‌بینی بێت. هەست و سۆز پیرۆزە، بەڵام مەرج نییە هەموو ئارزووەکانت بۆ بێنێتە دی.

 

سپاس کە کاتت بۆ ئەو دیمانەیە دانا.

ئێوەش ماندوو نەبن.

 

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*