پیرۆزبایی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی جێژنی خاوەنکار

بەبۆنەی هاتنەوەی جێژنی خاونکار پر بەدڵ پیرۆزبایی لە هاونیشتمانیان، بەتایبەت پەیڕەوانی ئایینی یاری لە کوردستان دەکەم.
پەیڕەوانی ئایینی یاری لە ئێران لە سایەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە بەردوام لەژێر فشار و چەوسانەوەی چەند قاتدا بوون. ئەم ڕێژیمە هاوتەریب لەگەڵ سەرکوتی مافی و ئازادییەکانی گەلانی ئێران بەگشتی، خاوەن‌باوەڕانی ئایینیی یاریی بەتایبەت لە کوردستان پتر خستووەتە بەر ئازار و هەوڵی سڕینەوەیان، یان گۆڕینی شوناسی یارسانەکان دەدا، چونکی یارسانەکان خاوەن ئایین ‌و رێوشوێنیکن کە لەگەڵ بنەما ئایدیولۆژییەکانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ناتەبایە‌. بەم هۆیە و زۆر هۆکاری دیکەش، لە بەشداریی سیاسی و ئیداریی وڵات و بەڕێوەبەری لە دامودەزگاکانی دەوڵەتی دوور دەخرێنەوە و سووکایەتی بە بیر و باوەڕەکانیان دەکرێ. بەڵام کوردانی یاری کە هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندی و بایەخی میژوویی ‌و نەتەوەیی گەلی کوردن، هەرگیز پێملی ویست و ئیرادەی کۆماری ئیسلامی نەبوون و شانبەشانی خوشک و برا کوردەکانی دیکەیان لەپێناو مافی نەتەوایەتی و دەستەبەری ئازادییە ئایینییەکانیان تێکۆشاون.
بێگومان یەکڕیزیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەمو پێکهاتە و ئایین ئایینزاکانیه‌وە، بە یارسان و شیعە و سوننەوە پێداویستێکی گرینکی خەباتی نەتەوایەتیی ئیمەی کوردە لە پێناو دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانمان؛ بۆیەش دەبێ بە یەکگرتوویی زیاترەوە لەو سەنگەرەدا شانبەشانی یەکتر تێبکۆشین.
جارێکی دیکەش لەلایەن خۆم و بە نوێنەرایەتیی هاوسەنگەرانیشم لە حیزبی دێموکراتی کوردستان پیرۆزبایی جێژنی خاوەنکارتان لێ دەکەم و ئاواتی باشی و سڵامەتی بۆ هەموو لایەک دەخوازم.

خالید عەزیزی
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٠

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*