ئەو بارە لارەی بە کەس ڕاست نابێتەوە

عەلی بداغی

سەت ڕۆژ لە سەرۆکایەتیی ئیبراهیم ڕەئیسی، هەشتەمین سەرۆک‌کۆماری ڕێژیمی ئیسلامی ئێرانی تێپەڕی. سەت ڕۆژی یەکەمی دەسەڵاتی هەر سەرکۆمارێک بە قۆناغی زێڕینی دەوڵەتەکەی دادەنرێ، بۆوەی دەری بخا کە چەندە پێبەندی وادە و بەڵێنەکانی بووە، بۆوەی هیڵێکی گشتی و وێنایەکی سەرەتایی لە سیاسەت و ستراتیژییە سیاسی و ئابوورییەکانی بەدەستەوە دابێ و، بۆوەی بۆ بەردەوامیی خۆی، متمانەی خەڵک و دەنگدەرانی لە پشت کابینەکەی هێشتبێتەوە. لەو سۆنگەیەوە جێی خۆیەتی بزانین پێشکەوتنەکانی ڕەئیسی لەو ماوەیەدا چی بوون و ئەوەی خەڵک دەستیان کەوتووە و بینیویانە کامانەن؟ هەروەها عەداڵەت و دادپەروەری، خەبات دژی فەساد و ناکارامەیی و بووژاندنەوەی ئابووریی وڵات کە تەوەری سەرەکیی دروشمەکانی ڕەئیسی لە بانگەشەکانی هەڵبژاردن بوون، چیی لە واقعی سیاسیی وڵات گۆڕیوە؟

سەرۆک‌کۆمارەکانی ئێران هەرکام بە ناسناوێک لێک جیا دەکرێنەوە کە پێوەندییان بە وێژمانی سیاسی و کارنامەی بەڕێوەبەریی ئەوانەوە هەیە. تەمەنی سەرۆک‌کۆماریی بەنی سەدر و ڕەجایی کەمتر لەوە بوو کە لە تاقیکارییەکان دەربچن و پاشناوێک بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن، لە سەردەمی سەرۆک‌کۆماریی خامنەییشدا کە ئەرکی بەڕێوەبردنی وڵات لە ئەستۆی سەرۆک‌وەزیران بوو. دوایە هاشمیی ڕەفسەنجانی بە ئیدیعای “سازەندەگی” و بنیاتنانەوەی وڵات -دوای شەڕی عێڕاق- جڵەوی کاروباری گرتە دەست، خاتەمی ناسناوی مێعماری وتووێژی شارستانییەتەکانی! پاوانی خۆی کرد و جاڕی ئیسلاحاتی دا. ئەحمەدینژاد بە دروشمی عەداڵەت‌خوازی ٨ ساڵی بە داهاتی زۆروزەوەندی نەوت بەڕێ کرد و ڕوحانی کە هەموو مەراقی سازان و ڕێککەوتن لەگەڵ ڕۆژئاوا بوو. بەڵام ڕەئیسی نە بە کارکردی وەک سەرکۆمار، بەڵکوو بەو ئەکتە سیاسییەی لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا لە دەزگای قەزایی گێڕاوێتی دەناسرێتەوە و قازیی ئێعدامی ئەوکات و سەرۆک‌کۆماری نوێی ئێران مانگەکانی یەکەمی سەرکۆمارییەکەی بە دەسپێکی دوو دادگای سوید و لەندەن (دادگای لێپێچینەوە لە تاوانەکانی حەمید نووری و دادگای گەلیی خەزەڵوەری ٩٨) بەڕێ کرد.

ڕەئیسی کە دەیگوت دەوڵەت نابێ ئابووری بە دیپڵۆماسی و دیپڵۆماسی بە ئابوورییەوە ببەسترێتەوە، لە سەت ڕۆژی یەکەمی دەوڵەتی خۆیدا ئابووریی وڵاتی لە نەبوونی ستراتیژی و بێ‌پلانیدا بەرهەڵدا کردووە و چاوی هیوای لە ئازادکردنی پارە دەستبەسەرداگیراوەکان و ئاکامی دانوستانەکانی بەرجام بڕیوە. لەو سۆنگەیەشەوە نرخەکان نەک لەو سەت ڕۆژەدا سەقامگیر نەبوون، بەڵکوو ڕەوتی گرانبوونی نرخی شتومەک و کاڵا سەرەکییەکانی ژیان و ئاوسان لەو ماوەیەدا بە بەردەوامی چۆتە سەرێ. پێودانگە سەرەکییەکانی ئابووری خراتر بوون، چاتر نەبوون؛ ئاوسان دوو ڕەقەمییە؛ نرخی دۆڵار بۆ سەرتر و بایەخی دراوی نیشتمانیی وڵات پتر دابەزیوە، سفرەی ژیان و بەڕێچوونی خەڵک چووکە و بچووکتر بۆتەوە، هەڵدان و گەشەی ئابووری بەتەواوی ڕاگیراوە؛ یارانە دەوڵەتییەکان هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ژیانی خەڵک نییە و دەوڵەت بەهۆی کورتیهێنانی بودجەوە دەستی بۆ هیچ پڕۆژەیەکی ئاوەدانکردنەوە نەبردووە. ئەو کە دەیگوت بازاڕی بۆرس ڕێک‌دەخاتەوە، لەو ماوەیەدا سڕ و کڕ و دەستەوەستان تەنیا سەیری ڕەوتی ڕووداوەکانی کردووە و ئەوە هەر خەڵکن سامان و سەرمایەیان لەدەست دەبێتەوە.

ڕەئیسی بەڵام لەو ماوەیەدا رەفتاری پۆپۆلیستیی و خەڵک‌هەڵخەڵەتێنی بە قەت هەر هەموو سەرۆک‌کۆمارەکان بووە. ئەو لە ماوەی سێ مانگدا سێ یەکی خاکی ئێران گەڕاوە، سەردانی دە پارێزگای وڵاتی کردووە و، بە گیرفانی بەتاڵ و لە حاڵێکدا بە لەقەلەق توانیویەتی مووچەی مانگی ڕەزبەری کارمەندەکانی تێ بکا، کەچی خەڵوار خەڵوار بڕیار و پەسندکراوی لەپاش خۆی بەجێ هێشتووە. ڕەئیسی ئەگەرچی ئەم سەردان و بەسەرکردنەوانە و لە نیزیکەوە دیدار و دانیشتن لەگەڵ خەڵکی دەستچن‌کراو بە دەسکەوتێک بۆ خۆی دادەنێ، بەڵام بەهۆی ناکامی لە دەستەبەری وادە و بەڵێنەکانی نەک هیچی لێ هەڵناگرێتەوە، بەڵکوو پتر لەوەندەش لەو نیزامە دەتەکێنەوە.

ڕەئیسی ئەگەر توانای چارەسەری قەیرانی سیاسەتی دەرەوە و ئابووریی وڵاتی نییە، ئەگەر لە دابینکردنی کار و خۆشبژیوی بۆ خەڵکی بێکار زەبوون و داماوە، بەڵام لە کار و پیشەی پێشووی خۆیدا تەواو وەستایە و بە شارەزایی لێی بەردەوامە. قازیی مەرگ نیشانی دا کە ڕاستە نە دەزانێ قسە بکا و نە ئەزموونی سیاسەتی بەڕێوەبەریی وڵاتی هەیە، بەڵام لە شوێنی خۆی و لە سنووردارکردنی ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکانی خەڵک، لە سەرکوتی جیابیران، لە داخستنی ڕۆژنامە و کپ‌کردنی دەنگی ڕەخنەگران کەس دەسکی لە دوو ناکا و سیاسەتی کڕومات‌کردنی کۆمەڵگە لە قۆناغی سەرۆکایەتیی ئەودا پتریش وڵات دادەگرێ. بە ئەمنیەتی‌کردن و ڕەشبگیرەکانی ئەم ڕۆژانە لە زۆربەی شارەکانی کوردستانیش پێمان دەڵێ ڕوانگەی داخراوی دەسەڵاتی ناوەند لە سەردەمی ڕەئیسییش بۆ کوردستان هەر وا لەجێی خۆیەتی.

چارەنووسی دەوڵەتی ڕەئیسی بەڵام بەشێکی بەستراوەتەوە بە یەکلابوونەوەی بووژانەوەی بەرجام کە ئەگەرچی هەتا ئێستاش تیمەکەی گوێی خۆی لێ خەواندووە، بەڵام ناچارە و دەبێ ملی بۆ ڕابکێشێ. چونکی بەردەوامیی تەمەنی کۆماری ئیسلامی بە کەمبوونەوەی گرژییەکانی لەگەڵ دنیای دەرەوە، کرانەوەی سیاسی و ئابووری و بەربڵاوکردنی ئازادی و دێموکراسیی نێوخۆیی گرێ دراوە. هەلێک کە بەتەواوی دەوڵەتی پێشوو دەکرا و دەیتوانی بیقۆزێتەوە، بەڵام نەک هەر ئەو کرانەوەیە ڕووی نەدا، بەڵکوو کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵانی خەڵکی ئەوەندەی دیکەش لە دەسەڵات بێهیوا و تەمابڕاو کرد.

بەشەکەی دیکەی ئەم چارەنووسە لە دەستی خەڵک‌دایە. ناڕەزایەتییەکانی خەڵک کە هۆکارە سەرەکییەکانی لەجێی خۆیانن، ئاگرێک نین کە دامرکێن، ئەویش لە کاتێکدا خەڵکی وەزاڵەهاتوو ئامادەن تێچووی ئەو خۆڕاگری و بەربەرەکانییە بە زیندان و ئەشکەنجە و تەنانەت مەرگی خۆیشیان بدەن. بەڵام سەرکەوتنی ئەو ناڕەزایەتییانە و یەکلاکردنەوەی چارەنووسی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەندە بە کۆمەڵێک فاکتەر. بە ئەزموون وەرگرتن لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ و پاشخانی دەیان ساڵەی خۆپیشاندان و نارەزایەتی‌دەربڕین لە دژی کۆماری ئیسلامی، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان کاتێک بە ئامانج دەگەن کە مەبەستی ڕوون و دیاریکراویان لەپشت بێ. وێژمانی سیاسی و چوارچێوە کردەییەکانی خۆی بە دیاری دەستنیشان کردبێ. لە ئاستی سەرانسەریدا حکوومەت بە چالش بکێشێ و ڕێبەری و سەرکردایەتیی دیاریکراوی هەبێ. هەڵبەت لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا فاکتەری دەرەکییش گرینگە.

ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لەگرەوی یەکیەتیی بەکردەوەی ئۆپۆزیسیۆن و ڕێبەری‌کردنی یەکدەستی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان‌دایە، لەوەدا کەس چاوەڕوانی پشتگیری و دەستێوەردانی دەرەکی نییە. هەر ئەوەندەی وڵاتانی زلهێزی یارمەتی بە مانەوەی ڕێژیم نەکەن و لە هەڵدێری ڕزگار نەکەن، خەڵک بۆ خۆیان تۆماری ئەو دەسەڵاتە تێکەوە دەپێچن. گرینگ ئەوەیە کۆمەڵگەی جیهانی تێ بگا کە کۆتایی کۆماری ئیسلامی، لاوازیی ئیسلامی سیاسیی بناژۆخواز لە سەرانسەری جیهانی بەدودا دێ و بۆ گەیشتن بەو ئامانجە ئەگەر نایەنە پشتی خەڵک، هەر نەبێ پشتی ڕێژیم بەردەن و ببینن کە چۆن خەڵک ئەم ڕێژیمە هەم لە کۆڵ خۆیان و هەم لە کۆڵ کۆمەڵگەی جیهانیی دەکەنەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*