خامنەیی، ئەو دیکتاتۆرەی کۆمەڵگەی کڕ و خەڵکی بێ‌ئەنوا کردووە

ئایدا قەجەری

ڕۆژنامەی “کلید” لە لاپەڕەی سەرەکیی دواهەمین ژمارەی خۆیدا کاریکاتۆرێکی بڵاوکردەوە کە بە سەرنجدان بە نێوئاخنی وێنەکە کە دەست و پەنجەی خامنەیی بوو، نووکی ڕمبی ڕەخنەی لەسۆنگەی هەژاری و سەرچاوەی کێشە ئابوورییەکانی وڵاتی ئێرانی بەرەوڕووی خامنەیی کردبۆوە. دوو ڕۆژ پاش بڵاوکردنەوەی ئەو کاریکاتۆرە نووسینگەی لێژنەی چاوەدێریی بەسەر بڵاوکراوەکانی وڵاتی ئێران کە سەر بە وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ڕێژیمە، کۆبوونەوەیەکیان بە سەرۆکایەتیی “محەممەد مێهدی ئیسماعیلی”، وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ڕێژیم بەڕێوە برد و لەو کۆبوونەوەیەدا بەبێ هیچ دادگایی‌کردنێکی بەرایی، چالاکی و بڵاوبوونەوەی ئەو ڕۆژنامەیە ڕاگیرا و ئیزننامەکەی هەڵوەشاوە ڕاگەیەندرا.

بەپێی دواهەمین ئامارە فەرمییەکانی خودی ڕێژیمی ئێران، لە ساڵی ١٣٩٨ی هەتاویدا یەک لەسەر سێی حەشیمەتی وڵاتی ئێران لەژێر هێڵی سووری هەژاریدا بوون و هاوکات لەو ڕاپۆرتەدا کە تاکە ڕاپۆرتی خۆدی ڕێژیمە لەم بارەیەوە، هاتووو: دوو ساڵ پێش لە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، واتە لە ساڵی ١٣٥٥ی هەتاویدا یەک لەسەر سێی حەشیمەتی وڵاتی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا بوون.

عەلی خامنەیی، پێش لەوەی لە لوتکەی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێراندا جێ بگرێ، پڕوپاگەندای ئەوەی دەکردکە بێکاری، گرانی، هەژاری، کێشەی ئابووری و دەیان کێشە و قەیرانی تر کە بە دژوارییەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک دادەنرێن و ناڕەزایەتییان لێ دەکەوێتەوە، دەبێ چارەسەر بکرێن و لەسەر سەکۆکان و لە پشت تریبۆنەکانەوە لەم بارەیەوە بەردەوام هاواری دەکرد: “گەمارۆ ئابوورییەکان ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک هەیە، با هیچکارەکانی وڵاتیش پارەکانیان بدەن بە ئەم بەرپرس و ئەو بەرپرس و کاربەدەستان پارەکانیان بخۆن و لە کۆتاییشدا بەرپرسەکان گاڵتە بە شۆڕش بکەن”.

خامنەیی پێش ئەوە عابای ڕێبەری بکاتە بەر، زۆر جار دروشمی ئەوەی دەدا کە دەبێ پاڵپشتی لە خەڵکانی هەژار و چەساوەکان بکرێ و زستانی ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی، کاتێک “محەمەدعەلی ڕەجایی”، وەکوو دووهەمین سەرۆک‌کۆماری ئێران لە بەرانبەریدا ڕاوستابوو، گوتی: “سیاسەتی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی دەبێ لە هێڵی پاڵپشتی و پشتیوانی لە چینی هەژار و چەساوەکاندا بڕواتە پێشێ و، ئەو کەسانەی ئەو شۆڕشە دەپارێزن هەر چینی هەژار و چەوساوەکانن {…..} ئەوە چینی هەژار و چەساوەکان و خەڵکانی ڕەش‌وڕووتن کە لە بەرانبەر گرانی و قەیرانەکانی وڵاتدا خۆڕاگرن و لەگەڵ کەموکۆڕییەکاندا هەڵدەکەن”.

خاکەلێوەی ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی، عەلی خامنەیی، لە کاتێکدا هێشتا ساڵ و نیوێک لە شەڕی ماڵوێرانکەری هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران تێپەڕ ببوو، پۆستی سەرۆک‌کۆماری ڕێژیمی گرتە ئەستۆ و لەسەر مەزاری ئیمامی هەشتەمی پێڕەوانی ئایینزای شیعە وتارێکی خوێندەوە. لەو کاتەدا ڕۆژانە خەڵکانێکی زۆر و بەتایبەت لاوانی وڵاتی ئێران لە بەرەکانی ئەو شەڕەدا دەکوژران و هاوکاتیش زۆر کەس لە ناڕازییان و ڕەخنەگرانی ڕێژیمی ئێران لە هەمان ساڵدا لە بەندیخانەکان و لەژێر ئەشکەنجە و لەسەر داری سێدارەکانی ئەو ڕێژیمەدا گیانیان لەدەست دەدا. لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەژاری و برسییەتی گوشاری پتری بۆ سەر خەڵکانی وڵات دەهێنا.

خامنەیی لە وتارەکەیدا وێڕای ئاماژەدان بە هەژاری و برسییەتی خەڵک لە دەورانی “ئیمام عەلی”، ئیمامی یەکەمی پێڕەوەانی ئایینزای شیعە، شێوازی خەلافەتی ئەو سەردەمەی “ئیمام عەلی”ی بە دادپەروەرانەترین حکوومەت و جۆری دەسەڵاتداری دانا و گوتی: “ئەگەر ئەمیرەلمومێنین ١٠ تاکوو ٢٠ ساڵی تر حکوومەتی بکردبایا، بێگومان هەژاری و برسیەتیی بنەبڕ دەکرد و نەیدەهێشت. ئەگەر کۆماری ئیسلامییش زۆر بەرزەفڕ بێ، ڕاست دەبێتە هەمان خەلافەتی ئەمیرولمومێنین”

هەنووکە نەک هەر دە تاکوو بیست، بەڵکوو زیاتر لە چل ساڵ لە قسەکانی خامنەیی تێپەڕ دەبێ و نەتەنیا هەژاری و برسیەتی لە وڵاتی ئێراندا بنەبڕ نەبووە، بەڵکوو بەپێی دواهەمین ئامارە فەرمییەکان؛ یەک لەسەر سێی حەشیمەتی کۆمەڵگەی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان و کارناسانی ئابوورییش پییان‌وایە کە ئەو ڕەوتە درێژەی هەیە و بە هەمان شێوە بەردەوامە.

 

مانگی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو، وەزارەتی هاریکاری، کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتیی ڕێژیمی ئێران، بۆ یەکەمجار ڕاپۆرتێکی فەرمیی لەسەر هێڵی هەژاری لە ئێراندا بڵاو کردەوە کە بەپیی ئامارەکانی ئەو ڕاپۆرتە، لە ساڵی ١٣٩٩ی هەتاویدا هێڵی هەژاریی هەر تاکێكی ئێرانی بە شێوەی نێوەنجی یەک میلیۆن و دووسەد و پەنجا و چوار هەزار (١٢٥٤٠٠٠) تمەنی ئێرانی بووە، هەر بەپێی ئەو ڕاپۆرتە؛ نرخی هەژاری لە ساڵی ١٣٩٨ی هەتاویدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، نزیک بە سی و دوو لەسەد زیادی کردووە.

لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هۆکارەکانی هەژاری لە ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی، لە وڵامی ئێراندا، بۆ کەم‌داهاتیی ئەو وڵاتە و نەبوونی پارە و دراوی پێویست لە بازاڕەکانی وڵاتدا دەگەڕێتەوە. بەڵام لە ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی، لە هەر سێ کەسی ئێرانی، یەک کەسیان لەژێر هێڵی هەژاریدا بووە. لە لایەکی ترەوە هەواڵدەریی “تجارت نیوز” لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردۆتەوە کە لە ساڵی ١٣٩٨ی هەتاویدا، لە کۆی ٨٤ میلیۆن حەشیمەتی ئێران، زیاتر لە ٢٦ میلیۆن کەسیان لەژێر هێڵی هەژاریدا بوون.

ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە یەک میلیۆن و نیو هەلی کاری لە بەهاری ساڵی ١٣٩٩ی هەتاویدا، لەنێو چوون کە هەموویان ناحکومی و کار و پیشەی چینی هەژاری کۆمەڵگە بوون، وێڕای ئەوەش کە هەڵاوسانی ئابووری لە ساڵی ڕابردوو و هەروەها لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا ٦٧ لەسەد بووە، ئەگەری هەیە ڕێژەی هەژاری لە ئێراندا زیاتر پەرە بستێنێ، هەرچەند پێشتریش هێڵی هەژاری لە وڵاتی ئێراندا یەک لەسەر سێی حەشیمەتی ئەو وڵاتەی دەگرتەوە.

عەلی خامنەیی، لە خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاویدا لە سەفەرێکی دیکەیدا بۆ شاری مەشهەد، لە وتاری نەورۆزیی خۆی لەو شارەدا جارێکی دی بەپێی ئاماری بەڵگەنامەکانی ناوەندی ئاماری بانکی جیهانی، هێڵی هەژاریی هەنووکە لە وڵاتی ئێرانی لەگەڵ سەردەمی پێش لە شۆڕشی ١٣٥٧ بەراورد کرد و ئیدیعای کرد: “پێش لە شۆڕشی ئیسلامی، بە شێوەی گشتی هێڵی هەژاری سەتا ٤٦ بووە، بەڵام ئەو ئامارە لە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا بۆ ٥/٩ لەسەد دابەزیوە”.

لە مانگی ڕێبەندانی هەمان ساڵدا، “محەمەدعەلی جەعفەری”، فەرماندی ئەو کاتی سپای تیرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێوڕەسمی کرانەوەی پڕۆژەگەلێکی ئاوەدانکردنەودا، لەسەر قسەکانی خامنەیی، ڕایگەیاند کە دابەزینی هێڵی هەژاری بە ڕێژەی سەتا ٣٦ شانازییەکی مەزنە بۆ کۆماری ئیسلامی. بەڵام ئەو دروشم و چەواشانەی بەرپرسانی ڕێژیم هەر لەو کاتەدا لەلایەن ماڵپەڕی “فکت‌نامە”وە بە درۆ خرانەوە و هەمووی بە چەواشەکاریی بەرپرسانی ڕێژیم لەقەڵەم دران.

بەپێی نووسراوەکەی ماڵپەڕی “فکت‌نامە”، بانکی جیهانی نە لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی خۆیدا و نە لە دواهەمین ڕاپۆرتیدا لەسەر هەژاری، هیچ ئاماژەیەکی بەو ئامارە چەواشانەی بەرپرسانی ڕێژیم نەکردووە، لەسەر چەواشەکانی بەرپرسانی ڕێژیمیش لەبارەی پێش لە شۆڕشی گەلانی ئێران هیچ ئامار و زانیارییەک لەبەردەستدا نییە و لەو پێوەندییەدا تەنیا وتارێکی نووسراو هەیە کە ئەویش لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی، لەلایەن “جەواد ساڵحیی ئێسفەهانی” و لە زانکۆی “ویرجینیا تەک” نووسراوە.

بەپێی هەڵسەنگاندنی ئامارەکانی ئەو وتارە و بە بەراورد لەگەڵ ئاماری سەرژمێرییەکانی ساڵی ١٣٥٥ی هەتاوی، دەکرێ بوترێ کە یەک لەسەر سێی حەشیمەتی ئەو کاتی وڵاتی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا بوون. ماڵپەڕی “فکت‌نامە” لەم پێوەندییەدا نووسیویەتی: “لەو سەردەمەدا حەشیمەتی دانیشتووانی شارەکانی ئێران نزیک بە ٨/١٥ میلیۆن کەس بوون و ڕێژەی حەشیمەتی دانیشتووانی گوندەکانیش نزیک بە ١٧/٩ میلیۆن کەس بوون. بەپێی ئەم ئامارەش ڕێژەی هەژاریی وڵاتی ئێران لەو سەردەمەدا دەبێت بەم شیوەیە بێت؛ کە نزیک بە ٦/٧ میلیۆن کەس لە گوندەکان و نزیک بە چوار میلیۆن کەسیش لە شارەکاندا، واتە بەگشتی لە کۆی ٧/٣٣ میلیۆن کەسی حەشیمەتی ئێران لەو سەردەمەدا، نزیک بە یەک لەسەر سێی ئەو حەشیمەتە لەژێر هێڵی هەژاریدان کە دەکاتە نزیک بە ٦/١١ میلیۆن کەس، یەکسان بە ٤/٣٤ لەسەدی ڕێژەی گشت دانیشتووانی وڵاتی ئێران.

ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، پێش لەوەی کە وتارە چەواشەکارانەکەی خامنەیی، لەسەر دابەزینی هێڵی هەژاری لە وڵاتی ئێراندا، هەواڵدەریی “ڕۆیتێرز” ڕاپۆرتیکی لەسەر سامان و دارایی تاکەکەسیی خامنەیی بڵاو کردەوە و لەو ڕاپۆرتەدا سامانی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بە زیاتر لە ٩٥ میلیارد دۆلار مەزندە کرابوو، کە دەکاتە نزیک بە سەتا ٤٠ی داهاتی هەناردەکردنی نەوتی وڵاتی ئێران لە ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی و زۆر زیاتر لە سامان و دارایی پاشکەوت‌کراوی شای پێشووی ئێران (محەمەدڕەزا شا).

ڕەشەممەی ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی، عەلی خامنەیی، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆی “ئەمیرکەبیر”دا، گوتی: “ئازادییەک سنوور ببەزێنێ، کارەسات دەخوڵقێنێ. هەر جۆرە زوڵم و دیکتاتۆرییەک یان ئەوەی کە کەسێک بیهەوێ بەپێی ویست و حەزی تاکەکەسیی خۆی چارەنووسی خەڵک بەدەستەوە بگرێ، قەبووڵ ناکرێ و لە هەر شوێنیکیش شتی وا بێتە پێش، کارەساتە”. سەرەڕای هەموو ئەو دارایی و سامانەی خامنەیی، بەڵام هەژاری، بێکاری و قەیرانەکانی تر بە شێوازێک بەرۆکی کۆمەڵگەی ئێرانی گرتووە کە ڕزگاربوون و دەربازبوونی ئەو خەڵکە لە قەیرانەکان ئەگەرێکی نەلواوە.

لە خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨ی هەتاویدا، بەپێی ڕاپۆرتی فەرمیی خودی ڕێژیمی ئێران، یەک لەسەر سێی حەشیمەتی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژیان، کە لە ئاکامدا ناڕەزایەتییە پەنگ‌خواردووەکانی خەڵکی ئەو وڵاتە تەقییەوە و خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش خوێنی خەڵکانی ناڕازییان بەسەر شەقامەکاندا ڕشت و هەزاران کەس بوونە قوربانیی دەستی تیرۆریستەکانی ڕێژیم. هەنووکەش لە دووهەمین ساڵڕۆژی ئەو تاوان و کۆمەڵکوژییەدا، یەکێک لە ڕۆژنامەکانی نێوخۆی ئێران (ڕۆژنامەی “کلید”) وێنەی دەستێکی بڵاو کردۆتەوە و بە ئاماژە ڕێبەری ڕیژیمی ئێرانی بە سەرچاوەی کێشە ئابوورییەکان و بەتایبەت هەژاری لەو وڵاتەدا لەقەڵەم داوە. جا ئەو ڕۆژنامەیە ئەو کارەی بەئانقەست کردبێ یان لە پتەی دەرچووبێ و بە هەڵکەوت کەوتبێتە ئەو ڕۆژەوە، یان تایبەت بە ساڵڕۆژی ئەو کۆمەڵکوژییانەوە بووبێ، بەبێ هیچ دادگایییەکی بەرایی، مۆڵەتی چالاکی و بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامەکە هەڵوەشایەوە.

ئەبولفەزڵ قەدیانی، چالاکی سیاسی و مەدەنی لە دووهەمین ساڵرۆژی کوژرانی سەدان کەس لە خۆپیشاندەرانی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، “عەلی خامنەیی”، ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانی بە سەرچاوەی سەرجەم کێشەکانی وڵاتی ئیران و تاوانباری سەرەکیی وێرانی، هەژاری، قەیرانەکان و بەدبەختی و چارەشیی خەڵک دەستنیشان کرد. ئەو ڕوو بە خامنەیی دەڵێ واز لەو دیکتاتۆری و “دەسەڵاتی شەیتانییە” (دەسەڵاتی سەرەڕۆیانە) بهێنێ، دەنا ڕۆژێک خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران لەسەر ئەو دەسەڵاتە دەیهێننە خوارەوە.

***

* کاروان مێراوی کردوویەتی بە کوردی

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*