گراوی چیایی

ناسر سادقی

سەلیم موعەلیمی ئاوایی ( )ـیە. ماوەی سێ ساڵە لەسەر حەز و ویستی خوێ لەوێ ماوەتەوە، لەو چەند ساڵە ئەوندە هۆگری سروشت و خەڵکی ئەو دێیە بووە، گەورە و چووکە خۆشیان دویست، دڵسۆز و دووربین و بە هەڵسوکەوتە، سروشتی دڵڕفێن و تایبەتمەندی و ژیریی منداڵان تابڵۆیەکی هێند کاریگەریان لە بیر و زینیدا وێنا کردبوو، ڕۆژانی پشووش لە دەرسەکانی ئەدەبیات و مێژوو  یارمەتیی دەکردن، بەردەوام بیری لە داهاتوویان دەکردەوە.

دێیەکە چەشنی بەهەشتی خوایی جوان و دڵگرە. زنجیرە کێوێک لای ڕۆژئاوا هەتا بەرەو ژوورتر هەڵدەکشا، لێرەوار و چڕ و بژوێنە، کانیی ئەو سەرانە ساردیی بەفراویان هەر ماوە، زۆر جار مامۆستا گوێی بۆ دەنگی بلاوێنی شمشاڵی شوانە ڕادەگرت کە لەو بەندەنانە هەتا نزیک ئاوەدانی دەهاتە گوێ، هەستی بە مۆسیقایەکی سروشتی دەکرد، دەنگ و جریوەی هیچ مەلێکی ئێسک‌سووک لەو ناوە غایب نییە، دوور دەڕوانی و بیر لە خەونەکانی نیشتمان دەکاتەوە ئەو شێعرەی هێدی لەسەر زارە:

 «حەیفە کوێستان بەو سەرە بەرزانەوە هەر تەم نەبێ

ئەو تەمە پیرۆزە سایەیی لەو سەرانە کەم نەبێ

خۆ بە زێڕ نایگۆڕمەوە دەشتی وڵاتی خۆم بەڵام،

من سەرم تێدا دەچێ جێگام ئەگەر ئەستەم نەبێ”

ئەوە عادەتی شوانە بوو، هەواڵی بەسەرچوونی شەوێن و بەپیرەوە هاتنی بێری بۆ دۆشینی ڕانەکەی لە گردەکەی بەر ئاوەدانی دەدا.

شوان چاو لە ڕێی جێژوانە. بێری وەک ئاسکی ناسک، وەخۆ دەکەون هەنگاوەکانیان توند دەکەن، نەرمە شەماڵێک فێنکایی دەخاتە لەشی ماندووی جوتیار و وەرزێڕان، ڕۆژ ڕوو لە هەڵکشانە، بەڵام ئەوڕۆ پێچەوانەی ڕۆژانی ئارامی پێشووە، بۆنی سووتمان و باڕووت ئەو ناوەی داگرتووە، چەند ماشێنێک هێشتا گڕیان لێ هەڵدەستێ. پۆلێک لە پێشمەرگەکان سەنگەرەکانیان لە بەرزاییەکان جێی نەهشتووە، ئەوە بڕیاڕ و پلانی فەرمەندەکەیانە. تەرمی زیاتر لە بیست کەسی نامۆ لە گۆڕەپانێ شەڕەکە وەک ڕەوە بەراز لمبۆزیان لەو شێوەردەی وا ڕۆژی پێشوو ئاوئاژن کرابوو، لە قوڕ و لیتە ڕۆچووە.

پێشمەرگەکان بەر لە دەستپێکی شەڕەکە بەسەر سێ پەلدا دابەش بوون، پەلێک لە دوور دێ بۆ لەداوخستن و بۆسەی هەر ھێزێک ئەگەر هاتن، پەلی دووهەم ئەرکی ڕووبەرووبوونەوەی ڕاستەوخۆی هێزی دوژمن و بەرپەرچدانەویان. لایەنی سێیەم، یارمەتیدەرە لە ھەر حاڵەتێکی پێویست و باڵانسی هێزی پێشمەرگە و پێڕاگەیشتن بە بریندار و پێویستیی لەناکاو.

سەرەتا پێشمەرگەکان زۆریان هەوڵدا خۆیان لە تەنگەژە و تێکهەڵچوون بپارێزن، بە چەند هۆیەک، یەکەم لەبەر ئەوەی خەڵکی ئاوایی زەرەرمەند نەبن. چونکە وەرزی پێڕاگەیشتنی حاسڵات و ھەڵگرتنەوەی بەروبوومی وەرزی ساڵە. دووهەم، ڕێژەی ئەوان زۆر کەمتر لە جاش و پاسدارەکان بوو، پاشان چەندین ڕۆژ لەوە پێش لە ئاواییەکانی سەروو تووشی بۆسەیەکی دژوار هاتبوون و ماندوو بوون، دوو هاوڕێی بەوەجیشیان لەدەست دابوو کە ھێشتا خوێن لە زام و برینیان دەچۆڕا و، هەست و ڕوحیانی دەرزی‌ئاژن دەکرد. تاکەشوێنی ستراتێژی و چارەنووسساز گردەبەرزەکەی دوور ئاوەدانی بوو کە مەودایەکی زیاتر لە پێشمەرگەکان دوورترە، بەڵام هەرچۆنێک بوایە دەبوو نەکەوێتە دەست هێزی بەرامبەر. ڕۆژ ڕۆژی وەستان نییە، بوونی دوژمن لەو بەندەنە بێزارکەرە. دەست لەسەر ماشە سێرەیان لەسەر جووڵەیانە.

چووکەڵی زۆر خەمبارە، بیری لای دوو ھاوڕێ شەهیدەکەیەتی، ڕقێکی پیرۆز لە سینگیدا شەپۆل دەدا. سەیرێکی نامە و وێنەکانی شەهید ئەبووبەکری کرد. بۆ تروسکەی کچی و ھاوسەرەکەی نووسیبوو، بێسیمەکەی وەرگرت، پێچەکەی سووڕاند، گوتی؛ شەماڵ ئاگرەکە هەڵکە، دەبا ئێسک و پرووسکیان هەپروون بە هەپروون بێ. شەماڵ هەڵی کرد، ئاگری بیکەیسی و قەنناس وەک برووسک و ھەوری بەهار چەخماخەی دا، دوژمن قەت پێی‌ وانەبوو، وای بەسەر دێ. سەریان لێ شێوا و گڵۆڵەیان کەوتە لێژی. دەستەیەک لە پێشمەرگەکان وەک بەوری بەیان خۆیان گەیاندە دوندی بەرزایی و گردەکە. “ڕاوچی” گوتەنی؛ “کوردستان بە کەس ناخورێ، بەشی کوردە کورد، نامرێ”. بۆ نازانن پێشمەرگە پێش ئەوەی بیر لە پاراستنی گیانی بکاتەوە بیری لای پاراستن وکەرامەتی نیشتمانە؟ بۆ نازانن ئەو ڕاز و نەھێنییە کە وا پێشمەرگەی بەکردەوە لە مەیدانی خەباتدا هێشتۆتەوە؟ ئەو تەڵقین و باوەڕەیە کە وا پێی وایە ئەوڕۆ یان سبەی هەر سەردەکەون؟ بۆ نازانن ئەوان ڕیشەیان لە قوڵایی ڕۆژهەڵات و خاک و دڵی خەڵک‌دایە، کەڵ بە مەوتەن شەڕ دەکا، ئەو سنوورانە دوژمن چێی کردوون، بۆ نازانن ئەوان بە باوەڕ و پەیامی پێشەوای مەزن فرچکیان‌گرتووە و ڕێی ئاسۆ و هیوایان ڕوونە؟

دیلەکان سەریان وەک مەڕی مردەلۆخ شۆڕ کردوونەوە، سەریان لەبەر یەک ناوە و گوێیان بۆ قسەی فەرمەندەی پێشمەرگەکان شل کردووە. پێشمەرگەکان بۆنی باڕووتیان لێ دێ، ماندوویی و ئارەقەی زیاتر لە دە ڕۆژ بە ڕوخسار و جلە خاکییەکانیانەوە دیارە، بەڵام هەیبەت و ورەیان وەک بەوری چنگ بەگڕە، چاویان وەک هەڵۆ لەسەر ھەموو گۆڕەپانەکەیە، شێر لە شەڕگەیە، هیچ جووڵەیەک لە چاویان ون نییە.

فەرمەندەکەیان بە زمانی فارسی قسە بۆ دیلەکان دەکا، لەهجەی هەیە، بەڵام لە زاری خۆشە. باس لە ماف و ئازادییە ئینسانی و زمانی و داوا ڕەواکانی گەلێک دەکا کە دوژمنانی حاشای لێ دەکەن و پێملی بچووکترین ویست و داخوازی ئەو نەتەوەیە نابن، ئەو دوژمنەی پەلاماری هێناوەتە سەر و دەسووتێنێ و دەرووخێنێ، تاڵان دەکا… ئەوان دەسەڵاتخوازی پاشکەوتوون و ئێوە نابێ فریوی داو و دهۆی سیستمێکی هەلپەرەست و پیلانە نگریسەکانی وان بخۆن… لە داویان مەکەون، لە قاویان دەن و دەست بۆ چەک بەدژی کورد مەبەن، ئەهلی چەپڵە و چەلاو مەبن…

دیلەکان وەک مەر یەک لەدووی یەک سەریان لەدووی یەک ناوە، خەڵکی ئاوایی سەرسام و شاگەشکەبوون، بزەیان دێتێ، بزەی سەرکەوتنە. کچە لاوێکی ڕەنگ‌گەنم ئاگر لە دەروونی داییسا، چاوەکانی پڕ لە ئاوە، تنۆکی فرمێسک لەسەر گۆنای دەخزێ. تای زولف وکەزیەکانی بەدەم باوە پەریشان و ئاڵۆسکاوە. جامانەیەکی خوێناویی لە دەستەکانی توند دەگوشین، منداڵی گوند دیلەکان بە پەنجەکانیان دژمێرن. لە نەود، نەود و یەک لێیان تێک دەچێ، دیسانەکە لەسەرڕاوە… ژمارەیان سێ هێندەی پێشمەرگەکانە. ئاخ ئەگەر بڕیار و ڕاسپاردەی ڕێبەران و ئوسوولی ئەخلاقی و شۆڕشگێری نەبوایە، ئێستا هەمووان دەبوو تاوانی کردەوەی خۆیان بە زیادەوە وەرگرن، بەڵام چار نییە.

دەستەیەک لە پێشمەرگەکان دیلەکان و ئەوانی دیکەی دەسکەوت و چەک‌وچۆڵێکی زۆریان لە چەند تەراکتۆر بار کردون و لەگەڵ چەندکەس لە بریندارەکانیان پاش برینپێچی و دەرمانکردەن بۆ سەرووی بەرزاییەکانی قەندیل و شوێنی بڕیار بەڕێ کران. خەڵکی ئاوەدانی و شەش کەس لە پێشمەرگەکان سێ لەو شەهیدە تازانە و دووانەکەی وا لە شەوانی ڕابردوودا گلابوون، بە سروودی ئەی شەهیدان و حورمەتەوە لە داوێنی بەرزاییەکان ئەسپاردەی خاکی پیرۆزی نیشتمان دەکەن. کات کاتی ڕۆیشتنە، بزووتنەوە نابێ بوەستێ، وەک ئاو وایە گەر بوەستێ یا بۆن دەگرێ، یان لێڵ دەبێ…

زەردەی ئێواری بوو. پێشمەرگەکان، لە توولەڕێی هەورازەکانەوە یەک یەک و دوو دوو دوور لە ئاوایی و ڕوو لە ئاسۆ و شوێنی مەبەست وەڕێ کەوتن. فەرمەندەی پێشمەرگەکان باڵی خەیاڵی بەرەو ئاسمانی ئاواتەکانی لێک کردوونەوە، خۆی لەگەڵ ئەوانە، بەڵام بیری بەرەو یەکەم جێژوان باڵی گرتووە. خەمی لەدەستدانی هاوڕێکانی هەنگاوەکانی قورس کردوون، بەڵام ژیان ناوەستێ. دەرنگانی شەو گەیشتنە ئاوایی سەیف‌ئاوا. شەوە و ئاسمانێکی پڕ ئەستێرە ئاوەدانی و هەر دوو گراوی تازەلاوی لە سینگی خۆیدا حەشار داوە. لەژێر ڕووناکایی مانگەشەو و تریفەی زێوینی ئەستێرەکان ئارەقی ڕووخساریان وەک ئاوەنگی دەم کازیوە و چاوەکانیان وەک پشکۆی ئاگر دەبریقایەوە. یەکەم دیداریانە، بەڵام هەر ئەو یەکەم دیدارە مێژوویی وچارەنووسسازە کە لەسۆنگەی ئیقباڵی هاوڕێی پێک‌هاتبوو. کڵپەی گڕی ئەوین و بەڵێنی هەتاسەرە. دەرفەت زۆر لەوە کەمترە بۆ ژوان و چرپەی دڵداری و ڕازونیاز. نوقمی نیگا و کەشی بێدەنگی و سریوەی ئەستێرە و ئاسمانی ئاواتەکانیانن. دەنگێک بەئەسپایی وەخۆی هێنانەوە، دەنگی هاوڕێکەی بوو. لەسەرەخۆ گوتی: “هەڤاڵان ئەوینتان بەردەوام بێ”. گوڵالە هەرکات چاوی بە ئیقاڵ دەکەوت کوانووی خەمەکانی دەگەشایەوە، گریان ئەوکی توند دەکرد و فرمێسک لە چاەوکانیدا شەپۆلی دەدا. ئاخر ئەو ڕەفیق و هەڤاڵی لەمێژینەی براگەورەکەی بوو.

سەرەتای مانگی پووشپەری ساڵی 1360 بوو. کاتێک خەڵک هەواڵیان زانی بە جۆش و خرۆشەوە بەپیر ڕۆڵەکانیانەوە چوون و لە ئامێزیان گرتن. ئاوایی و ئاسمان وێکرا پڕ بوو لە بزە و شایی و شادی و ماچ و گریان، وەرشەورشی مانگ و تریفەی ئەستێران و، تریقەی پێکەنین لە دڵی ئاسماندا شەپۆلی دەدا و دەنگی دەدایەوە. دایک و کوڕ، خوشک و برا و هەڤاڵان کە وەرزی دوورییان کۆتایی هاتبوو، مەستی دیدار و لەئامێزگرتن بوون. گۆڵاڵە هەر کە چاوی بە ئیقباڵ کەوت مچورکێک هەموو جەستەی هەژاند. خورپە کەوتە دڵی، ناسۆری کولانەوە، ئەویش زوو هەستی بە نیگەرانی و چاوە بەپرسیارەکانی گۆڵاڵە کرد. ئاخر کەم وابوو کاکی لەگەڵ نەبێ…

بەئەسپایی بەجێی هێشتن. چوکەڵی کورتیلە نووسراوێکی لە گیرفانی کراسەکەی دەرهێنا، دەمانچەکەی بە ڕەخت و فیشەکدانەکەشی توند لە دەستی گرتبوو، سەیرێکی چاوە پڕ لە فرمێسک و ڕووخسارە هەڵبزرکاوەکەی گوڵاڵە کرد، هەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشا. سەری بەرەو ئاسمان هەڵبڕێ. سەیرێکی کاروان‌کووژەی کرد. هاتە قسە و گوتی ئەوانە دیاریی منن بۆ تۆ و ڕەسووڵ، بیر لە ڕابردوو مەکەوە، دڵنیابە هەرگیز ڕێباز و میراتی شەهید تۆفیق لەبیر ناکەین… نیگایان لە قووڵایی هەست و ناخی یەکتر ڕۆ چوو.  لەسەرەخۆ گوتی گوڵاڵە کاتی ڕۆیشتنە… تا دیدار و شەوێکی پڕ ئەستێرەی دی…

دوو دڵدار ڕۆمانێکی سەربەمۆریان لەو ماوە کورتەدا لە نیگای یەکتر خوێندەوە، نهێنی و ڕازەکانیان بە ئەستێرە و تریفەی مانگەشەو سپاردن، بۆوەی لە سینگی خۆیاندا بە ئەمانەتەوە هەڵیانگرن و شایەتی ئەو ئەوێنە پاک و ئەفسووناوییە بن، هەتا سەفەری داهاتوویان و گەڕانەوەیان بۆ سەروو بەزراییەکانی قەندیل و  ڕۆژی گۆڤەندەکەیان لە کۆڕی هەواڵانیاندا.. .

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*