ئەو دەریا خوێنەی قەت هەڵناچۆڕێ

برایم یونسی/ و: ڕەسووڵ سوڵتانی

منداڵ لەملاولا وێستاون و بە چاوی جوان و بێگەرد و ترساویان سەیری تەرمەكان دەكەن. جگە لە ژاندارمەیەك كەس لە دەوروبەر نییە. دیارە ساواك حەز ناكا ناسنامەیان ئاشكرا بێ. ژنەكان لە دوورەوە، لەبەر دەرگای ماڵانەوە لە سینگی خۆیان دەدەن و دەڵێن: “دایكی بمرێ. دایكت بمرێ”. پیاو تاك و تەرا، هەر بۆ ئەوەی بزانن چ بووە، لادەدەن و بەوێدا ڕادەبرن، خۆیان بەلای تەرمەكاندا خوار دەكەنەوە و ئاوڕ لە تەرمەكان دەدەنەوە. وەك چناری بەردەم ڕەشەبا، سەر دەچەمێننەوە و سەر دەچەمێنن و سەر و سینگیان بەرەو تەرمەكان دەچەمێننەوە.

وەكوو فەرمانبەرێكی پلەنزم كە بەلای سەرۆكەكەیدا ڕادەبرێ. كە قۆپچەی چاكەتەكەی دادەخا و بە ترسێكی تێكەڵ بە ڕێزەوە خۆی بەرەو لای وەردەسووڕێنێ. لە ژێرەوە سەیریان دەكرد. وەك شەرمەزار بن و بەو سیمایەوە داوای لێبوردن بكەن. بەڵام چار چییە. ڕاستیی ژیان -كردەوە نەك خەیاڵ- ناچاری كردوون، كە تەنانەت لەگەڵ خۆشیان ڕاستگۆ نەبن. لێرە، ئێمەی بەپێچەوانەی ڕووناكبیران بەشوێن ڕووداوەكانەوەین. وەشوێن مەنتق ناكەوین. بیركردنەوە؟ نەخێر، بیركردنەوەیەك نەبوو ڕێنوێن بێ. ئەوەی وا ئەو، ئەوان ئێستا لە دەم حەوزی مزگەوتەكە خەوتبوون، بۆخۆیان، بۆخۆیانیان دروست كردبوو. لە هزر و خەیاڵیاندا نەبوو، نەیاندەدی. ئەگەر بیرێكی ڕێنوێن هەبوایە، كاریان لە چاو و گوێیان دەكرد. هزر نەبوو، كردەوە بوو. بەڵام ئەی ئێستا كە بۆخۆیان دەیاندی؟ هەڵبەت ئەو شتانە، یانی لەڕاستیدا نەبوونیان پێویست بوو، چونكە ئەگەر تەرمی ئەوانە و كەسانی وەك ئەوانە نەبوایە، لەبیریان دەچۆوە كە زیندوون، هێندە لەگەڵ ئەو ڕەوتە ڕاهاتبوون.

ڕاوەستاوم. چاوم لەسەر چاوە خێلەكەی عەوڵا و ڕوخساری گەنج و خەولێكەوتووی مامە ئاوارەیە. نازانم. یانی فەلسەفەی دەزانی؟ لەوانەشە زانیبێی، چووزانم. یانی دەیزانی كە بنیادەمەكان هۆگری یەكن و لە ناخەوە وابەستەی یەكترن و هەر كەسە و لەوی دیكەدا دەژی و ئەوانی دی لەودا دەژین؟ پێم وا نییە. بەڵام باشە ئەگەر نەیدەزانی، ئەی بۆچی خۆی بۆ خەڵكەكەی تەرخان كرد و ئەگەر ئەوە ڕاست بوو كە خەڵك لەودا دەژیان، ئەی بۆچی هەمووان لەگەڵ ئەو وەڕێ نەكەوتن و ئەو بۆچی بەڕواڵەت لەنێو دەگمەن هەڤاڵەكاندا تەنیا بوو؟ بەڵام ئەگەر تەنیا بوو، ئەی چ شتێك بوو كە ئەوی بەرەو پێشەوە پاڵ دەنا؟ هەر ئەو تاك و تەرا هاوڕێیانە؟ دەی خۆ ئەوە بەس نییە. بەڵام ئەگەر ئەو خەڵكە بوون وا ئەویان بەرەو پێشەوە دەبرد، ئەی بۆچی لەگەڵی نەبوون. بۆچی ئاوا خۆیان لار دەكردەوە و خێرا خێرا، وەك بڵێی لە ترسی لۆمە، دوور دەكەوتنەوە؟

بەڵام مەگەر پێویست بوو، پێ بەپێی لەگەڵی بن؟ هەم لەگەڵی بوون و هەم لەگەڵی نەبوون… بوون. چونكە ئەویش ئەوانی لە ناخی خۆیدا دەدی، هەبوون، چونكە هەر جارێكی تووشی دەبوون، لەخۆیاندا باوەشیان بۆ دەكردەوە. كەچی هەر كام لەگەڵ خۆیەكانی دیكە بوو. لەگەڵ هەزارانی وەك وی. بە دەردی دەڵێن، هەر بزنەی بە ڕێی خۆیدا دەڕۆیشت، كەچی هەر لەگەڵ مێگەلیش بوو. ئەگەر جووڵەیەك هەبوو، كە بە دڵنیاییشەوە هەبوو، هەست‌پێنەكراو بوو، بەڵام ئەو هەر دەڕۆیشت، بەو هەستەوە كە تەنیا نییە. جوان لێم ڕوون نییە، لەوانەشە نەیزانیبێ. لەوانەشە نەیزانیبێ كە چ كارێكی گرینگ دەكا، بەو هەنگاوەی بەرەو نەمان دەینێ. دیارە لەبەر ئەوەی دایمە بەو خەیاڵەوە دەژیا، هەستی پێ نەكردووە و نەیدیتووە. بە دەردی پیاوچاكە مەسیحییەكە، ماسی لە دەریادا بوو و دەریا لە ماسیدا و ماسی ئاوەكەی نەدەدی. لەوانەیە چۆنایەتیی “سرووشتی” ڕەوتەكە لە سیمای سروشتی و ڕاستەقینەی خۆیدا پاساوی ئەو شتە بووبێ. ئا هەر كەسە و هەر شتە، دەیەوێ و دەبێ بەگوێرەی هەلومەرجەكانی خۆی بژی. وەختێك ئەو مەرجانە نەبن، ناژی. نەك بڵێی ناژی، ژیان لەگەڵی نایە و دەمرێ. ئەو دەیەوێ ژیان لەگەڵ خۆی پەلكێش بكا، لەحاڵێكدا ژیان دەبێ ڕێی خۆی ببڕێ، ئەرك و مەبەستێكی دیكەی هەیە، بەڵام دوایی، بەپێچەوانەی هێندێكان، كە بەواتایەك، بنەمای هەموو نەگبەتی و نەهامەتییەك دەبەنەوە سەر ناتەبایی لەگەڵ ڕاستی و باوەڕیان وایە ئەو شۆڕش و سەرهەڵدانانە بەرهەمی لاوازبوونی بیروباوەڕن. بەڵام من باوەڕم وایە شۆڕش و ڕاپەڕینی عەبدوڵڵاكان و شەریف‌زادەكان، بەرهەمی ئەوپەڕی باوەڕمەندییە بە بەها و بایەخەكانی بیروباوەڕیان. شەریف‌زادە باش ناناسم، بەڵام تا ڕادەیەك ئاشنای بنەماڵەی عەبدوڵڵام. دەزانم بەها و بایەخەكانی ژیانی چین. باپیرەیان كوشتبوو. براكەیان پاش ساڵانێك ئاوارەیی كوشتبوو، باوكی لە عێراق حوكمی سێدارەی بۆ دەرچووبوو، لە ئێران چووبووە بەر سێدارە، لەژێر چاودێریدا بوو، بۆخۆی بەرچاو بوو.

هەست و ئەخلاق چیی لێی دەویست؟ ئەخلاقی مەڵبەند و بنەماڵەكەی چیی لێ دەویست؟ هەر ئەوەندە، ئەگەر منداڵ و نانخۆرێكی هەیە، تێریان بكا و دوایی تۆڵەی خوێنی كوژراوان و مردووەكانی بكاتەوە و نەریتی بنەماڵەكەی بەزیندوویی ڕاگرێ. بە دەردی خەڵكی ئێستا خستبوویانە دۆخێكەوە، كە دەبوو بەرگری لە كوردبوونی بنەماڵەكەی بكا. ڕێگەی دیكەی نەبوو. ئەو وەشوێن بیروباوەڕی خەڵك نەكەوتبوو. بیروباوەڕی خەڵكی هیچ پەیوەندییەكی بەوەوە نەبوو. هەوساری بیروباوەڕی بەدەست خەڵكییەوە نەبوو و چاویلكەی خەڵكی لە چاوی نەكردبوو. دەیویست كورد بێ و كورد بمێنێ. یانی دەبوو بمێنێ.

جەنازەكان خەوتبوون. مێش و مەگەز لە دەوری زارە نێوەداپچڕاوەكەیان دەهاتن و دەچوون و من نوقمی ئەو خەیاڵانە بووم، كە زریكەیەك دڕی بە هەواكە دا. ڕاچڵەكیم. ژاندەرمەی پاسەوانیش ڕاچڵەكیبوو. منداڵ بێدەنگ بوون. پشووەبایەك دەنگی زریكەكەی پێش كەسەكە گەیاندبووە كۆڵانەكەی بەر مزگەوتێ. پوورە ڕابیی ژنی مامەقالە بوو. منداڵ ڕێیان بۆ كردەوە. ژنە بە شین و گریان خۆی بەسەر تەرمەكان كێشا. پرچ و ڕوومەتی خۆی دەڕنی و بە بانگی بەرز دەیگوت: “ڕووڕەش خۆم كە بەتەنێم جێ هێشتی پوورێ. پوورت مرێ. پوورت ئاوارەی چۆل و چیایان بێ. ئەی ڕۆ، وەی ڕۆ.”

ئای چ شینێك، چ فوغانێك. قوڕی وەسەر كردبوو. دادە شیوای كچی و یەك دوو ژنی دیكەی لەگەڵ بوون. هەمووان بە بانگ و سەڵا دەگریان. لە سەر پلیكانەكانی بەرانبەر كۆڵانی مزگەوتەوە دەنگی شینی ژنێكی دی دەهات. خزمی مامە ئاوارە بوو. مامە ئاوارە لە ئەسڵدا خەڵكی شارۆچكەكەی ئێمە بوو. ئەو ژنانەی لە بەر دەرگای ماڵەكانی دەوروبەرەوە تازیەیان داگرتبوو و لە سینگی خۆیان دەدا، بە هەڵەداوان هاتن. پیاو و لاو وردە وردە گەیشتنێ. پوورە ڕابی شینی دەگێڕا و هەوری سینگی دایكان خەمی دەباراند.

پیاوان قۆڵیان هەڵماڵی. یەك دوو ڕیشسپی چوون ئیزنیان لە سەرۆكی ساواك وەرگرت بیاننێژن. تەرمەكانیان لەسەر كورسییە لاكێشەكەی دەم حەوزی مزگەوتەكە شوشت و بردیاننە گۆڕستان. پوورە ڕابی پێداگر بوو لە پیرسلێمان بیاننێژن. لە تەنیشت گۆڕی دایكی، دایكی خۆی. زۆربەی خەڵكی شاری لە ناشتنیاندا بەشدار بوون. ژن و پیاو. دەتگوت پێشتر تاقە كەمایەسییەكی هەبوو، ئەوە بوو كەس نەبوو خۆیان لێ بەخاوەن بكا. ئێستا كە مردوو خاوەنی بۆ پەیدا ببوو، هەموان كێبەركێیان بوو شان وەبەر تابووتەكانیان بدەن و دەریاندەخست دژی حوكەمتن. وەكوو ئێمە، لە تاران.

من سەرم سووڕ مابوو. بەڕاستی بنیادەم دەبوو تا دەمرێ هەموو ڕۆژێ شت فێر بێ. سەرم لێی دەرنەدەچوو. وێدەچوو ئەوە قەڵغانێك بێ، كە بە ئیلهام‌وەرگرتن لە سروشت بۆ پاراستنی غروور و حەیا و هەستی خۆیان، دروستیان كردبوو. پێم وایە دەیانویست بەبێ زمان، بە ئێمەی منداڵ بڵێن، خۆ هەموو شتێكیان لەبیر نەكردووە. پێم وایە دەیانویست بەوان بڵێن، ژیان جاری وایە وا دەخوازێ كەسەكە وەكوو شلكەگیا چۆن لە هەمبەر هرووژمی ڕەشەبادا دەچەمێ و بە عەرزەوە دەنووسێ، سەر دانەوێنێ و وەختێك ڕەشەبا تێپەڕی، سەر هەڵبڕێتەوە. لەوانەبوو بۆخۆشیان نەیانزانیبێ، ئەودەم بۆچی وایان دەكرد و ئێستاش ئاوا.

***

* بەشێک لە ڕۆمانی « تا فردا خدا نگهدار» لە نووسینی برایم یونسی کە بە ناوی «برایمۆک» چاپ بووە و ڕەسووڵ سوڵتانی کردوویە بە کوردی. ئەم بەرهەمە هێشتا چاپ نەبووە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*