ئەخلاق لە گوتاری بزووتنەوەی نەتەوەیی‌دا

ناسر باباخانی

٧٦ ساڵ بۆ تەمەنی حیزبێکی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا نەک تەمەنێکی کەم نییە، بەڵکوو تەمەنی چەندین جیل و وەچەی نەتەوەیەکیشە. تەنانەت ئەگەر بێتوو سێ ساڵەکەی کۆمەڵەی ژێکاف و بەر لەویش حیزبی ئازادیی کوردستانیشی بخەینە سەر، بە قەولی نەمر مامۆستا زەبیحی دەڵێ حیزبی ئازادی کوردستان، کۆمەڵەی ژێکاف و حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕاستیدا، سەرەتای دەستپێکی یەک هێڵ بوون کە دواجار لە حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا خۆیان دەبیننەوە یان بە تەعبیری نەمر مامۆستا هەژار کە دەڵێ حیزبی دێموکراتی کوردستان، لەسەر دار و پەردووی ژێکاف سازبووە، دەبێتە مەودایەکی زیاتر لە هەشتا ساڵ، تەمەنێکی زیاتر لە تەمەنی زۆر وڵاتی سەربەخۆی سەر گۆی زەوی!

بێ‌گومان تا هەنووکە هیچ ڕێکخراوەیەکی سیاسیی دیکه لە هەر چوار پارچەی کوردستان نەیتوانیوە دەسکەوت و شانازییەکانی ئەم حیزبە دووپات کاتەوە، کە بێ‌گومان دیارترینی ئەم دەسکەوتانە دامەزراندنی کۆماری کوردستان بوو لەسەر بنەمای گوتارێکی شوناسخوازانەی نەتەوەیی کە کلیل‌وشەکانی ئەم گوتارە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ تا ئێستاش بە سەر گوتاری پارچەکانی تردا زاڵ و دیارە.

بێ‌شک دەکرێ زۆر دەسکەوتی گرینگی دیکەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەتایبەتی هی سەرەتای دامەزرانی دەسنیشان بکەین، بەڵام جگە لەم دەسکەوتانەش، بە دڵنیاییەوە هیچ حیزبێکی کوردی هێندەی حیزبی دێموکرات تووشی کارەسات نەبووە، لە هەرەسی کۆماری کوردستان و لە سێدارەدرانی پێشەوای نەمرڕا بگرە، تا دابڕان و لەتبوون و شەهیدبوونی سەرکردە کاریزماکانی و دواجار دۆخێک لەژێر زەخت و گوشاری تیرۆر و ژیانی نائاسایی و دابڕان لە بارودۆخی شۆڕش و داگەڕان لە شاخ بەرەو دەشت!

ڕەنگە یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی ئەوەی کە ئەم حیزبە سەرەڕای ئەم هەموو زەخت و گوشارە تابشت‌شکێن و تاقەت‌پرووکێنە، توانیوێتی تا هەنووکە بەردەوام بێ و پێگەیەکی بەهێز و گرینگی لەنێو کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستاندا هەبێ، بگەڕێتەوە سەر چەمکی ئەخلاق کە لە هەناوی گوتاری بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردیدا بەدایمە بوونی هەبووە، هەر لە سەرەتای دامەزرانییەوە تا ئێستا.

لە کەوانەدا وەبیر هێنانەوەی ئەم خاڵە بە پێویست دەزانم کە هەوسارپساوی و بەڕەڵڵایی و بێ‌ئەخلاقی لە سۆشیال میدیادا، زیاتر دەگەڕێتەوە سەر نەخۆشییەکی نەفسی کۆمەڵگەی کوردەواری و کەمتر گوزارە لە پەراوێزەکانی گوتاری نەتەوەیی دەکا و خەسارناسییەکەی هەڵگری دەرفەت و مەجالێکی ترە.

بە ڕای من لە هەر گۆشەنیگایەکەوە بۆ سیاسەت بڕوانی، ئەگەر بایەخە ئەخلاقییەکان پێشێل بکا، دەبێتە قێزەوەنترین دیاردەی کۆمەڵگە. ئەو دەستەواژە سواوانەی بەردەوام باس لەوە دەکەن کە سیاسەت واتە درۆودەلەسە و فرتوفێڵ و… زۆر جاران لە پاساوێک دەچن بۆ قوتکردنەوە سیاسەت بەدژی ئەخلاق. بەتایبەتی کاتێ کە هاوسەنگیی هێز لەگۆڕێدا نییە، هێزی باڵادەست بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی، بەتەواوی ئەخلاق لە سیاسەت ڕادەماڵێ، ڕێک بەپێچەوانەی شێوەڕوانینی گوتاری بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی، نموونەی مێژوویی بۆ سەلەماندنی زۆرن.

 

بێ‌گومان لە هەموو قۆناغەکانی هەڵکشان و داکشانی گوتاری بزووتنەوەی نەتەوەیی -بە هۆکاری جۆراوجۆری دەرەکی و ژوورەکی- ئەوە چەمکی ئەخلاقە کە بەرامبەری بە “ئەوی تر” نەگۆڕە.

هەندێ جار نەوی‌کێشان و حاوانەوەی کورد لەگەڵ نەتەوەکانی تر، دەگاتە ئەو ئاستە کە لە هەناوی گوتاری نەتەوەیی بە تۆخی “ناسیۆنالیزمێکی مەدەنی” یان “ناسیۆنالیزمی ڕۆژاوایی” وەدەردەکەوێ. مەبەست لەم ناسیۆنالیزمە مەدەنییە بایەخەکانی دنیای لیبڕاڵە لەسەر بنەمای ئازادی و دێموکراسی و ڕێزگرتن لە ویست و ئیرادەی تاک. تەنانەت ئەو هێڵە تۆخ و ڕادیکاڵەی ناسیۆنالیزمی کوردی لەم سەردەمەدا کە وەک ناسیۆنالیزمی دژە-کۆلۆنیالیزم ناوزەد دەکرێ لە هاوکێشەی کۆلۆنیالیست – کۆلۆنیالیکراودا خوازیاری وێکهەڵکردنە.

بەڵام گوتاری هێرشبەری نەتەوەی باڵادەست بەردەوام خەریکی وەشاندن و لێدانە، بەتایبەتی کە بەزەبری هێزی سەخت ئامانجەکانی بۆ ناپێکرێ، هێزی نەرم دەکاتە کەرەسەی وەشاندن بۆ وێنە لەسەر بنەمای شانتاژ، درۆ، بوختان، ناوزڕاندن و… بۆیە ئەم گوتارە هەرگیز نازانێ داوای لێبوردن چییە، چون ئەخلاق‌تەوەر نییە و بەپێچەوانەوە دژی ئەخلاقە، تەنانەت هەرگیز ئامادە نییە داوای لێبوردنێکی بچووک بکا بۆ تاوانێکی گەورە. ئەمە لە کاتێک‌دایە کە گوتاری نەتەوەیی بزووتنەوی کوردی وا ڕاهاتووە کە پابەند و پێمل بێ بە بایەخە ئەخلاقییەکان ئەگەر دواجار بە زەرەری خۆشی‌ بشکێتەوە!

شەهید دوکتور قاسملوو سەبارەت بە شەڕی نەغەدە لە وتووێژێک لەگەڵ ڕۆژنامەی “جمهوریت”دا دەڵێ: لە نەغەدە ئێمە هەڵەمان کرد، ئەوان “سوءاستفادە!” واتە ددان بە هەڵەدانان لە گوتاری بزووتنەوەی کوردی چونکی ئەخلاق‌تەوەرە، وەک بایەخ سەیر دەکرێ. ئەو بەناو بەڵگەفیلمانەی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە بزووتنەوەی نەتەوەیی بڵاویان دەکاتەوە، سەرلەبەری درۆ و دەلەسەیە و سەلمێنەری ئەوەن کە ئەوان باوەڕیان بە هیچ بایەخێکی ئەخلاقی نییە و لە لایەکی تریشەوە وەک پەلەقاژەیەکی قێزەوەن دێتە بەرچاو کە هیچ ئاکامێکی ئەوتۆی بۆ ئەوان لێ شین نابێ. دیارە ئەم بێ‌ئەخلاقییە هەر لە ڕێگەی هێزی نەرمەوە نەبووە و لە مەیدانی شەڕیش بە سەدان قات لەمە دڕ و دڕندەتر بووە! دیارە نابێ ئەو ڕاستییەش بشاردرێتەوە کە بەدرێژایی تەمەنی گوتاری بزووتنەوەی نەتەوەیی هەڵەش ڕووی داوە کە بە باوەڕی من دەگەڕێتەوە -بەتایبەتی سەردەمی سەرەتای شۆڕش- سەر دیاردەیەک بە ناوی لاوازیی کولتووری لەهەمبەر شۆڕشگێڕییەکی پەتی!

 

ڕەنگە هێنانەوەی تایبەتمەندییەکانی ئەم چەمکە واتە چەمکی ئەخلاق، یارمەتیدەر بێ بۆ نیشاندانی جیاوازیی گوتاری بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لەگەڵ گوتاری نەتەوە باڵادەستەکان. لە هەمان کاتیشدا باسکردنی شێوەڕوانینی پێشەوای نەمر و شەهید دوکتور قاسملوو بۆ ئەم چەمکە، دەمانگەیەنێتە ئەم ئەنجامە کە بۆچی کورد لەبەرامبەر ئەوی تردا سەردەمیانەتر و لەسەر بنەمای بایەخە ئینسانییەکان جووڵاوەتەوە.

پێشەوا قازی محەممەد لە ٢٥ی ئاوریلی ١٩٤٦ لە تەورێز دیدار و گفتوگۆیەکی هەبووە لەگەڵ مەئمووری کاتی کۆنسوولخانەی ئەمریکا و لە وڵامی داوایەکی کۆنسوولدا  کە دەڵێ: “لە ورمێ شارۆمەندانی ئەمریکایی ئێمە دەژین، بێتوو هەر شەڕ و ڕاپەڕینێک لە ورمێ ڕوو بدا من تکاتان لێ دەکەم بۆ پاراستنی گیانی ئەوان.” پێشەوا لە وڵامدا دەڵێ: هیچ جۆرە هەڕەشە و مەترسییەک بۆ سەر ورمێ و شارۆمەندانی ئەمریکایی لە گۆڕێدا نییە. لە ورمێ ئازەربایجانییەکان، ئاسووڕییەکان، ئەرمەنییەکان و کوردەکان وەک خێزانێکی یەکگرتوو بەیەکەوە دەژین و هیچ خیلافێکیان لە نێواندا نییە. ئەمن بەڵێنیتان پێ دەدەم کە هیچ ‌کەس ناتوانێ چەتێک و خیلافێک لەنێو ئێمەدا ساز کا و ئێمە ئیزن نادەین کەسێک سەدەمە بە دۆستایەتیمان بگەیەنێ. [ئەم کۆپلەیە لە وێبلاگی ڕوانگەی مامۆستا حەسەن قازی وەرگیراوە.]

ئەمە بەم واتایە دێ کە کورد شێوەڕوانینی لەسەر بنەمای وێکهەلکردن و حاوانەوە لەگەڵ ئەوی ترە. جا سەیرەکە لەوەدایە ئەمڕۆ لێرولەوێ دەنگێک بەرز بۆتەوە کە دەڵێ کورد دەبێ لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی کێشەکانی یەکلاکاتەوە، کەچی ڕەچاوی ئەوەی نەکردووە کە کورد لە سەدەی ڕابردوودا بە ‌هەموو شت ڕازی بووە: بە حوکمی زاتی، بە خودموختاری، بە فیدڕاڵی و تەنانەت بە “نان و کەوەریش”! کورد هەمیشە ڕووی دەمی لە ناوەند بووە و ئەمە ناوەندە کە کوردی بە هیچ وەرنەگرتووە و بەشداری سیاسی بە مانا ڕاستەقینەکەی لە دەسەڵات‌دا نەبووە، لای کەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمە دەیان ساڵە بەزەقی دەدیترێ.

 

لە ئەدەبیاتی سیاسیی بزووتنەوەی نەتەوەیی‌دا ئەم مۆتیڤانە هەموو بەرهەمی ئەخلاق- تەوەریی ئەم بزووتنەوەیەن، بۆ وێنە: ددان بە هەڵەدانان، ڕێزی بەرامبەر، بەرپەرس بوون، جیددی بوون، ڕەخنە لەخۆ گرتن، مافی دیتران، سەربەخۆیی لە بڕیارداندا و… سەرنجڕاکێشە کە دوکتور قاسملوو بەردەوام خەریکی دووپاتە و چەندپاتە کردنەوەی ئەم مۆتیڤانەیە بۆ چیرۆکی ئەم بزووتنەوەیە بۆ ئەوەی بتوانێ بەتەواوی چەمکی ئەخلاق وەک بەستێنی گوتاری نەتەوەیی بچەسپێنێ. بۆیە دەڵێ: “ئێمە بێ‌ئوسوولی و جنێوفرۆشی لە سیاسەتدا ڕەت دەکەینەوە، بۆ جێگیرکردنی ئەخلاق لە سیاسەتدا تيدەکۆشین و یەکەم حیزبی ئێرانی بووین کە ئەخلاقمان واریدی سیاسەت کردووە!”

شەهید دوکتور قاسملوو ‌‌حەول دەدا بەستێنی ئەم گوتارە، بەستێنی ئەم بزاڤە، ئەخلاق بێ و پێی وایە ئەمەش گەورەترین سەرمایەی کۆمەڵایەتییە و ڕەمزی مانەوەی حیزبەکەشی هەر لەوەدا دەبینێ.

 

دەکرێ بڵێین ئەوەی لە کلیل‌وشەکانی ئەم گوتاری بزووتنەوەی نەتەوەییدا بەدی دەکرێ بۆ وێنە وەک شوناسی نەتەوەیی، لە ڕاستیدا بە جۆرێ ڕێزگرتنە لە کەسایەتیی تاکەکانی نەتەوەیەک کە بەدرێژایی مێژوو، دەسەڵات حەولی سڕینەوەی ناسنامەی داون و تەنانەت سڕینەوەی فیزیکی. بۆیە ئەم ڕێزگرتنە ڕێک دێتە خانەی ئەخلاقەوە، واتە ئەم گوتارە لە هەناوی خۆی‌دا ئەخلاق تەوەرە و هەڵگری بایخە ئەخلاقییەکانە.

بۆیە ئەم مۆتیڤ و دەستەواژانە باسمان کردن و لە ڕاستیدا لە گوتاری نەتەوەیی هەڵمانکڕاند، بەپێی قۆناغە جۆراوجۆرەکانی زەمەنی و دۆخی سیاسی-کۆمەڵایەتیی کوردستان و ئێران، حیزبی دێموکرات هەڵگریان بووە. هێندێک جار ئەم دەستەواژانە لەنێو گوتاری سیاسی ئەو حیزبەدا ڕەنگی داوەتەوە، هێندێک جار لە زمان ڕێبەرایەتی ئەم حیزبەوە گوتراوە و دواجار، بوونەتە بەستێنی کلیل‌وشەکانی ئەم گوتارە. گرینگی ئەم چەمکانە لەوەدایە کە ئەگەر بێتوو لەگەڵ بۆ وێنە گوتارەکانی سەردەمی پەهلەوی و سەردەمی کۆماری ئیسلامی پێکیان بگرین کە گوتارگەلێکی هۆموژێنخواز و هێرشبەر و بێ‌ئەخلاقن ڕێک بە پيچەوانەوە گوتاری بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد گوتارێکی بەرگریکار و خاکەڕا و ئەخلاق تەوەرە.

ئەو گوتارەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستان دایمەزراندووە، لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری کوردستانەوە هەتا ئێستا، ئەخلاقمەدارترین گوتار بووە تەنانەت لەچاو گوتاری نەتەوە بندەستەکانی تری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*