کێ لە خوێندنی چەند زمانە دەترسێ؟

قادر وریا

کێ لە خوێندنی چەند زمانە دەترسێ؟

(چاوخشاندنێک بە سەر نێوەرۆکی کتێبێکی بەنرخدا)

 

ساڵی ٢٠١٥ کتێبی  Who as Afraid of Multilingual Education?(کێ لە خوێندنی چەند زمانە دەترسێ؟) لەلایەن ئەکادیمییەکی فارس‌زمانەوە بە ناوی د. ئەمیر کەلان، کە نیشتەجێی کانادایە و هەر لەوێش خوێندنی بەرزی تەواو کردوە، دەرچوو.(١). ساڵی ٢٠١٨ وەرگێڕدراوی فارسیی ئەو کتێبە لەژێر ناوی “چە کسی از آموزش چند زبانە می‌هراسد؟” لە٣١٠ لاپەڕەدا، بڵاو بۆوە. د. هیوا وەیسی، ئەندامی هەیئەتی زانستیی زانستگەی ڕازیی کرماشان کتێبەکەی لە ئینگلیزییەوە کردووە بە فارسی. بە خۆشییەوە نوسخەی  pdfی ئەو کتێبە لە ئێنترنێتدا هەیە.

***

 

ئەمیر کەلان (لە زانکۆکانی تورێنتۆ و دایتۆن)، لەبارەی خوێندن بە زمانی دایک و خوێندنی چەند زمانە، هەڤپەیڤینی تێر و تەسەلی لەگەڵ چوار کەسایەتیی ئاکادێمیی ناوچە جیاوازەکانی جیهان (پسپۆر لە بواری پێوەندیداردا) کردووە.

دانەری کتێب، هەوڵی داوە پرسی ڕێگەپێنەدرانی خوێندن بە چەند زمان لە ئێران، هۆیەکانی ئەو ڕێگەپێنەدرانە، تایبەتمەندییە پێکهاتەییەکانی خەڵکی ئێران لەڕووی چەند زمانی و فرەنەتەوەیی، لێکەوتەکانی بێبەشیی کەمەنەتەوەکان لە خوێندن بە زمانی خۆیان و کۆمەڵێک پرس و بابەتی دیکەی پێوەندیدار بە یەک زمانی، دوو زمانی و چەند زمانی لە پەروەردە و فێرکردندا، لەگەڵ ئەو چوار کەسایەتییە بێنێتە گۆڕێ و، لێیانی بوێ بە سەرنجدان بە شارەزاییان لەسەر وڵاتانی هاوشێوە، هەروەها ئاماژەکردنیان بە ئەزموونی وڵاتان و کۆمەڵگە فرەزمان و فرەنەتەوەکان، شیکردنەوەیان بۆ دۆخی ئێران هەبێ. ئەو چوارکەسایەتییە بریتین لە:

 

١- Tove Skutnabb-Kangas  “تۆڤە سکوتناب- کانگاس”، توێژەرێک کە تائێستا توێژینەوەی جۆراوجۆری لەبارەی ژێنۆسایدی زمانی و، دەستدرێژی بۆ سەر مافە زمانییەکانی مرۆڤ لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان هەبووە، یەکەم هەڤپەیڤینی کتێبەکەی لەگەڵ کراوە. دانەری کتێب لەبارەی چوارچێوە قانوونییەکان، بناغە تیۆرییەکان و ئەزموونە مێژووییەکان لە پێوەندی لەگەڵ خوێندن بە چەند زمان، پرسیار لە تۆڤە سکوتناب- کانگاس دەکا. ئەم وتووێژە، بەتایبەتی وڵام و ڕوونکردنەوەکانی پرسیارلێکراو یارمەتیی خوێنەر دەدەن تا بە ڕوانگەیەکی تیۆرییەوە بە دواداچوون بۆ باسەکانی دیکەی نێو ئەو کتێبە کە بریتین لە پرسی خوێندن لە وڵات و ناوچە جیاوازەکانی جیهان، بکا. بەیاننامەی جیهانیی مافی مرۆڤ (١٩٤٨)، ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی مافە کولتووری، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان (١٩٦٦)، پەیماننامەی ساڵی ١٩٨٩ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پشتیوانی لە مافی منداڵان، ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی مافە سیاسی و مەدەنییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان (١٩٦٦)، پەیماننامەی ئورووپایی مافی مرۆڤ (١٩٥٠)، بڵاوکراوەی ئەفریقایی مافەکانی مرۆڤ و ئاسوودەیی منداڵان (١٩٩٠)، کۆنڤانسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرپێگرتن و سزادانی ئەنجامدەرانی تاوانی ژێنۆساید، لەو دۆکیۆمێنتە قانوونییە نێودەوڵەتیانەن کە تۆڤە سکوتناب- کانگاس بۆ بەرگری لە مافە زمانییەکان و بە تایبەتی مافی خوێندن بە چەند زمان، پشتیان پێ دەبەستێ.

 

٢-  Jim Cummins“جیم کامینز یش لەو کەسانەیە کە توێژینەوەی زۆر و بەربڵاویان لەسەر خوێندن بە چەند زمان لە ئاستی جیهاندا کردووە. توێژینەوەکانی کامێنز لە ئاستی جیهانیدا جێگەی سەرنج و بایەخپێدان بوون. ئەو توێژەرە، سیستەمە پەروەردەییە چەند زمانییەکانی ناوچە جیاوازەکانی جیهانی بەباشی ناساندوون. ناتەواوی و لێکەوتە زیانبارەکانی ئەو قوتابخانانەی بە تاکەزمانێک دەخوێنن، بە وردی دەستنیشان کردوون. یەکێک لە دەسکەوتەکانی کامێنز، گرنگیی بایەخدانی سیستەمی پەروەردە بە ناسنامەی فێرخواز و، پێویستیی ڕەنگدانەوەی توخمەکانی شوناسی فێرخوازان لە ناوچە فرەزمانەکان لە کتێبەکانی خوێندن و بەرنامە فێرکارییەکان‌دایە. کامێنز هەروەها لەسەر ئایدۆلۆژیی گرێدانەوەی یەکپارچەیی وڵات بە زاڵکردنی تاکەزمانێک، ڕەخنە و قسەی جیددیی هەیە. جیم کامێنز لەتوێی وڵامەکانیدا باسی ئەو پێوەندییانەش دەکا کە لەنێوان دیاردەی سەرکوتی زمانی و بوونی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازی و داوای جیابوونەوە لە هێندێک کۆمەڵ و وڵات‌دا هەن.

 

٣-  Ajit Mohanty“ئاجیت موهانتی”، توێژەرێکی بەناوبانگی هیندییە کە د.ئەمیر کەلان، سێهەمین هەڤپەیڤینی کتێبەکەی لەگەڵ پێک هێناوە. شارەزایی و پسپۆریی ئەو توێژەرە بەتایبەتی لە بواری چەند زمانە بوونی وڵاتی هیندوستان و بەتایبەتی پەروەردە بە چەند زمان لە هیندوستان‌دایە و لەم بارەیەوە چەندین توێژینەوەی بەتەنیا یا بە هاوبەشی لەگەڵ توێژەرانی دیکەدا کردووە. گرنگیی توێژینەوەکان و ڕاوبۆچوون و ئەنجامەکانی ئاچیت موهانتی لەو بارەوە بۆ ئێمەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بۆ ئێرانییەکان گرینگن، چونکە لەنێوان ئێران و هیندوستان‌دا لە باری کولتوورییەوە، وێکچوونی زۆر هەیە. لە هەر دوو وڵات فرەزمانی و فرەکولتووری و فرەئایینی هەیە. لە هەر دوو وڵاتیشدا پێشینەی بزووتنەوەی نەتەوەیی و قەومی و بەرەنگاربوونەوەی کەمینەکان لەگەڵ دەوڵەت و دەسەڵاتی ناوەندی سەبارەت بە هەڵاواردنی ئایینی، زمانی و نەتەوەیی هەبووە. بەڵام ئەو دوو وڵاتە دوو ڕێگەی بەتەواوی جیاوازیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی زمانەکان بە تایبەتی لە بەکارهێنانی زمان لە سیستەمی  پەروەردەو  فێرکردندا گرتووەتە بەر. لە ئێران تەنیا یەک زمان ڕەسمییە و ئەویش زمانی فارسییە و بەو زمانە دەخوێندرێ. لە هیندوستان زیاتر لە ٢٠ زمانی ڕەسمی هەیە. لە ئەیالەت و ناوچەکانیش، بەگوێرەی قانوون، خوێندن بە زمانی دایک، شانبەشانی خوێندنی چەند زمانێکی دیکە کە لەو ئەیالەت و ناوچەیە یا لە سەرانسەری وڵات، پێگەی زمانێکی گشتی و هاوبەشیان هەیە، دابین کراوە. لە بارێکی دیکەشەوە لەنێوان ئێران و هیندوستان وێکچوون هەیە. زۆر لەو نەتەوانەی لەو دوو وڵاتەدا دەژین، بەشێک یا پارچەیەک لە هاونەتەوە و هاوزمانەکانیان کەوتوونە نێو وڵاتێکی دراوسێ. ئەمەش وای کردووە ئەو هاوزمان و هاونەتەوانە سەرەڕای دابەشکراوی و ژیان لە چوارچێوەی دوو وڵاتی جیاوازدا، بکەونە ژێر کاریگەریی  دۆخی سیاسی و تایبەتیی یەکتر.

 

٤- Stephen Bahry “ستیفن بەهری”، ئەو کەسەی چوارەمین هەڤپەیڤینی ئەو کتێبەی لە گەڵدا کراوە، شارەزای زمانی خوێندن و پەروەردە لە چین و ئاسیای نێوەڕاستە و، لەم  پێوەندییەدا چەندین توێژینەوەی کردوون. بیروڕا و ئەزموونەکانی بەهری بۆ خوێنەرانی ئەو کتێبە بەتایبەتی لەو بارەیەوە گرنگن کە ئێران و ئەو وڵاتانەی ناوبراو شارەزایی لە سیاسەتی زمانی و سیستەمی پەروەردەیان هەیە، لە ڕووی سیستەمی سیاسییەوە لێک نزیکن. لە ڕووی سیاسییەوە، بە وڵاتی چینیشەوە هیچ کامیان وڵاتێکی دیموکراتیک نین، پابەندی مافە مرۆییەکان و یەک لەوان مافە زمانییەکانی کەمینەکانی نێو وڵاتی خۆیان نین. ڕابردووی پێوەندییەکی لەمێژینەی کولتوورییش لەنێوان ئێران و وڵاتانی ئاسیای نێوەراست هەیە. لەو وڵاتانە بەر لە پێکهاتنی یەکیەتیی سۆڤیەت، بەو ئەلفوبێیەی کە زمانی فارسیی پێ دەنووسرێ، زمانەکەی خۆیان نووسیوە و، زمانی فارسی پێشتر لەو وڵاتانە برەوی هەبووە. دوای لەبەریەک‌هەڵوەشانی یەکیەتیی سۆڤیەت و سەربەخۆبوونیان، وێڕای ئەوەی زمانی پێکهاتەی سەرەکی یا زۆرینەی خەڵکی وڵاتەکە بوو بە زمانی رەسمیی وڵات، هێندێک لەو کۆمارە نوێیانە، زمانی ڕووسییشیان کە پێشتر نزیکەی ٧٠ ساڵ زمانی هاوبەشی نەتەوەکانی یەکیەتیی سۆڤیەتی بوو، وەک زمانی دووهەم هێشتەوە و هەر ئێستا لە سیستەمی پەروەردە و پێوەندیی ئیداریدا بەکار دەهێنرێ.

لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەو وڵاتانە نادیموکراتیکن و یەک نەتەوە و یەک زمان بە سەریاندا زاڵە، سیاسەتی زمانی و چارەسەری جیاوازیان بۆ پرسی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ واقیعی “چەند زمانی” بە تایبەتی لە بواری پەروەردەدا هەیە. لە قەزاقستان (کازاخستان)، منداڵێک لە کەمایەتیی “یوگار”، بە سێ زمان پڕۆسەی خوێندن دەگەیەنێتە کۆتایی. لە قوتابخانەی سەرەتایی بە زمانی یوگاری دەخوێنێ، لە قۆناغی ناوەندی بە زمانی قەزاقی و، لە دەبیرستان (دواناوەندی)یش بە زمانی ڕووسی.

لەبارەی سیاسەتی زمان لە چینی ئیستاشدا ستیڤان بەهری باسی ئەوە دەکا کە  دەستووری وڵات، مافی سوودوەرگرتن لە زمانی کەمایەتیی بۆ فێربوون و خوێندن لە قوتابخانە بەڕەسمی ناسیوە. کەمایەتییە زمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە زمانی خۆیان لە پەروەردەدا بەکار بێنن، بەڵام هەڵبژاردنی سیاسەت و ڕێباز و چوارچێوەکەی، سپێردراوە بە ئاستەکانی خوارەوەی دەسەڵات. واتە دەسەڵاتی خۆجێی بڕیار دەدا کە لە چ زمانێک بۆ خوێندن سوود وەرگرن.

د. ئەمیر کەلان جگە لەو پێشەکییەی بۆ وەرگێڕدراوی فارسیی کتێبەکەی نووسیوێتی، لە فەسڵی پێنجەمی کتێبەکەی لەژێر ناوی “کێ لە خوێندنی چەند زمانە دەترسێ؟”، دەپڕژێتە سەر گرنگترینی ئەو ئیستیدلال و بیانوویانەی دژبەرانی خوێندن بە چەند زمان، خستوویانەتە ڕوو. لە ڕاستیدا ئەم فەسڵە کۆبەند و ئەنجامی باسەکانی کتێبی ناوبراو دەگرێتە خۆ. ئەو پێنج ئیستیدلالەی دژبەرانی پەروەردە و خوێندن بە چەند زمان کە دانەری کتێب بە پشتبەستن بە ڕاوبۆچوون و لێکدانەوەکانی چوارتوێژەری ناوبراو لەم فەسڵەدا بەرپەرچی داونەوە، بریتین لە:

١- زمانێکی هاوبەش، نەتەوەیەکی یەکگرتوو و یەکپارچە دروست دەکا؛

٢- زمانە باڵادەستەکان، بەهۆی پتەویی پێکهاتە و زاڵبوونی مێژووکرد، بە شێوەیەکی سروشتی بوون بە خاوەنی پێگەی زمانێکی زاڵ؛

٣- ئەو زمانانەی مێژوویەکی درێژیان لە بەرهەمهێنانی دەقی نووسراودا هەیە، لە باری کولتوورییەوە لە زمانەکانی دیکە بەرزترن؛

٤- قوتابییان دەبێ بۆ فێربوون و خوێندن بە “زمانی سەرکەوتن” (زمانی زاڵی وڵات) مل بدەن؛

٥- پەروەردە بە چەند زمان لەسەر بناغەی خوێندن بە زمانی دایک، بیرۆکەیەکی جوان بەڵام کردەیی نییە (نەگونجاوە).

 

دوابابەتی کتێبی “چە کسی از آموزش چند زبانە می‌هراسد؟” وتارێکە لە نووسینی پڕۆفیسۆر د. جەعفەر شێخولئیسلامی. نووسەری ئەم بابەتە باس لە نەبوونی تەنانەت توێژینەوەیەکی تەندروست لەنێو کۆڕ و کۆمەڵی سیاسی و لە نێو بیرمەندانی هێندێک وڵات و یەک لەوان ئێران لە بارەی پەروەردە بە زمانی دایک دەکا؛ کەلێن یا بۆشاییەک کە بووە بە خەمی د. ئەمیر کەلان و، بە دانانی ئەو کتێبە هەوڵی داوە هەتا ڕادەیەک پڕی بکاتەوە.

پڕۆفیسۆر شێخولئیسلامی قامک لە سەر ئەوە دادەنێ کە دانەر هەر لە سەرەتای کتێبەکەیەوە، بەباشی بە دوای دوو ئامانجی سەرەکییەوەیە: لە لایەکەوە دەیهەوێ خوێنەرانی ئینگلیزی‌زمانی کتێبەکە لەگەڵ چەندزمانە بوونی ئێران ئاشنا بکا بۆ ئەوەی گۆڕینەوەیەکی فکری لە بیرۆکە و ئایدیا بنیاتنەرەکان لەپێوەندی لەگەڵ زمانی دایک و پەروەردە بە زمانی دایک لە ئاستی نێونەتەوەییدا، دەست پێ بکا. لەلایەکی دیکە کتێبەکە هەوڵی ئەوە دەدا نیگەرانیی ئەو بەشە لە ئێرانییەکان بڕەوێنێتەوە کە لە چەند زمانی و خوێندن بە زمانی دایک دەترسن و بەو قەناعەتەیان بگەیەنێ کە ئەم جۆرە بابەتانە، دیاردەیەکی جیهانیین و، هەر بۆیە بژاردەکان و بیرمەندانی ئێرانی دەتوانن سوود لە ئەزموونی نێونەتەوەیی وەربگرن.

شێخولئیسلامی لە ڕەوتی چاوپێداخشاندنی هەڵسەنگێنەرانەی کتێبەکەی د.ئەمیر کەلان، ئاماژە بە هێندێک گۆڕانی ئەرێنیی بچووکی ئێران لەم سالانەی دواییشدا دەکا: لە ٢٠١٥ گرووپێک لە مامۆستایان، فێرکردنی زمانی کوردییان وەک وانەیەک لە قوتابخانە ناوەندییەکانی شاری سەقزدا دەست پێ کرد. هەر لەو سەروبەنددا، “زانکۆی کوردستان” یەکەمین خولی بەکالۆریۆسی زمان و ئەدەبیاتی کوردیی بە بەشداریی ٤١ خوێندکار دەست پێ کرد. باسی ئەوەش دەکا ئەگەری ئەوە هەیە ئەو جۆرە تێکۆشانە لە ناوچە کوردنشینەکانی دیکەش پەرە بستێنێ، هەروەها کۆمەڵە زمانییەکانی دیکەی وەک ئازەری (تورکی)، بەلووچی، عەڕەبی و هتدیش بگرێتەوە. ئەم ئاڵوگۆڕانە لە مێژووی ئێرانی هاوچەرخدا بێوێنەن و، دەبێ وەک هەنگاوێکی ئەرێنیی ‌هەرچەند بچووک، پێشوازییان لێ بکرێ. (لاپەڕەکانی ٣٠٠-٣٠٣)

خاڵێکی جێگەی سەرنج کە شێخولئیسلامی ئاماژەی پێ دەکا جیاوازی لە ێوان خوێندن بە زمانی دایک و خوێندنی زمانی دایکە. زمانێک دەتوانێ زمانی پێوەندی لەنێوان مامۆستا و قوتابی بێت، بەڵام لەوانەیە هەر ئەو زمانە زمانی کتێبەکانی خوێندن، زمانی بابەتەکانی دیکەی فێرکردن، زمانی تاقیکردنەوە و  شێوەکانی دیکەی هەڵسەنگاندنی قوتابی نەبێ. کە واتە ئەو ئاماژەیەی دانەری کتێب (ئەمیر کەلان) لەکۆتایی کتێبەکەیدا بە ڕەخنەیەکی سەمەد بێهرەنگی، مامۆستای ئازەربایجانیی دەیەکانی ٣٠و ٤٠ی هەتاوی، جیاوازە لە داوای خوێندن بە زمانی دایک. سەمەد بێهڕەنگی لەو سەردەمدا ڕەخنەی لەوە گرتووە کە مامۆستایانی قوتابخانە لە ئازەربایجان، نابێ تەنیا زمانی فارسی بزانن؛ پێویستە تورکییش بزانن بۆ ئەوەی قوتابیانی تورک‌زمان بە یارمەتیی ئەو زمانە لە بابەتە دەرسییە فارسییەکە تێ بگەیەنن. ئەو ڕەخنەیە لەو کاتدا نوێ و ناباو و بوێرانە بووە. بەڵام مەبەستەکەی، سوودوەرگرتن لە زمانی تورکی  وەک ئامرازێک بۆ فێرکردنی زمانی زاڵ بە قوتابیی تورک‌زمانە. بەکارهێنانی زمانی کەمایەتییەک بۆ مەبەستێکی ئەوتۆ، هیچ مەترسییەک لە سەر زمانەکە کەم ناکاتەوە. د. کەلان لەم باسانەی ئەو ئاکامە وەردەگرێ کە ئەوەی دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی پێگەی زمانێک و مەترسیی پەراوێزخران و توانەوەی لەسەر لادەبا، خوێندن بەو زمانەیە نەک خوێندنی زمانەکە. (٢)

***

 

بەکورتی، بۆ توێژەرانی بواری پەروەردە بە دوو یا چەند زمان و هەروەها بۆ توێژەرانی بواری خویندن بە زمانی دایک، بە تایبەتی بۆ ئەو ئێرانییانەی لە سیاسەتی ئێستای زمان لە ئێران ناڕازین و، داواکاری پێکهاتنی گۆڕان لەو سیاسەتە لە بەرژوەندی زمانە نافارسیەکانی ئێران ئەویش لە بواری پەروەردەدان، کتێبی “چە کسی از آموزش چند زبانە می هراسد؟” دەتوانێ سەرچاوەیەکی بەکەڵک بێ. چونکە کتێبەکە وێڕای لێداوان بە تێروتەسەلی لە هەر یەک لەم بوارانەدا، زانیاریی دەوڵەمەندیشی لە بارەی سیستەمی پەروەردەی چەند زمانی لە شوێنە جیاوازەکانی جیهان لە خۆ گرتوە. وەک تێبینییەک لە سەر ئەم کتێبە، پێم وایە باشتر دەبوو ئەگەر دانەر بەشێک لە پرسیارەکانی لە هەر کام لە پسپۆران و توێژەران، وەک یەک (دووپاتە) نەبوایەن و، خۆزگە زۆربەی پرسیارەکانی، بەگوێرەی پسپۆری و ناوچەیەک کە ئەوان لێوەی هاتوون، جیاواز بان.

***

 

سەرچاوەکان:

(١) زمانی کوردی لە ئێران، دانپێدانانی سنووردار و چاوەدێریکراو، د.جەعفەر شێخولئیسلامی، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: عەبدولخالق یەعقووبی، هەولێر ٢٠١٨

(٢) چە کسی از آموزش چند زبانە می‌هراسد؟ تالیف: امیر کلان، مترجم: د.هیوا ویسی، ٢٠١٨

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*