کۆچی نایاسایی وەکوو پرسێکی سیاسی

شۆڕش شاباز / وەرگێڕان لە فارسییەوە: هیوا بابایی

لەمێژە پرسی کۆچکردن لەنێو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی‌دا باوە و ئێستاش هەیە. ئەگەر کۆچکردن نەبا، ڕەنگبێ ئەمڕۆ زۆر شوێنی چوارقوڕنەی دنیا نەدۆزراباوە و لەوانەیە زۆر شارستانییەت هەر دروست نەببان. کۆچ دەکرێ دیاردەیەکی دروشتی بێ، بەڵام هەندێک کۆچ هەن کە لەژێر کاریگەریی جەبری جوغرافیایی یا ئابووری و، یان لە ئاکامی شەڕی نێوخۆیی لە وڵاتێکدا ڕوو دەدەن کە نیزامێکی سیاسیی نادێموکراتیک و پڕ هەڵاواردن بەسەر خەڵکی ئەو وڵاتەدا زاڵە و کۆمەڵگەی نوقمی کڕوماتی و کەشی نائەمنی کردووە و ژیانی ئەوانی وە مەترسی خستووە.

هەموو ڕۆژێک لە پەنجەرەی میدیاوە، هەواڵەکان لەبارەی بارودۆخی ئەو پەنابەر و کۆچبەرانەی بە شێوەی نایاسایی لە وڵاتانی دواکەوتوو ڕوو لە ئورووپا دەکەن دەبیستین، زۆرێک لەم هەواڵانە جێی پەژارە و ناڕەحەتین و ناخ و دەروونی هەر مرۆڤێکی بەویژدان دێننە کوڵ. ئەو کۆمەڵە هەواڵانەی کە لە خنکانی پەنابەران و گیانلەدەسدانی ژن و منداڵی کۆچبەر لە ئاوی دەریاکاندا بڵاو دەبنەوە لەو هەواڵە سەرتەزێنانەن کە هەر مرۆڤێک دەباتە نێو فکرەوە. لەتەنیشت ئەم گیانلەدەستدان و گۆڕغەریبییانە بارودۆخی خراپی ڕاگرتنی پەنابەران و هەڵسوکەوتی پڕ لە بێڕیزی و سوکایەتی و توندوتیژی پۆلیسەکانی سەر سنوور لە وڵاتانی ئورووپایی ئەوەندەی تر مرۆڤ نیگەران و بیهوا دەکەن. ئەو تاوانگەلەش کە بەهۆی کۆچی نایاساییەوە ڕوو دەدەن، وەکوو دزینی کەلوپەلی بەنرخ و پارەی کۆچبەران و تەنانەت هەندێک جار کڕین و فرۆشتنی گیانی مرۆڤەکان کە لە ڕاپۆرتی میدیاکاندا بە تێروتەسەلی باس دەکرێن، دەردی سەرباری دەردانە.

ئەم شێوە کۆچە ناڕەسمییانە، جیا لە جۆری مەبەست لە کۆچ کە بۆ خوێندن بێ یان دەستەبەرکردنی ژیانێک بە ئەمنییەت و ئابووریی باشتر کە کۆچبەر بە ڕادەی دەسەڵاتی دارایی خۆی پێی دەگا، جیاوازە. لە کۆچی ئاسایی و بە مەیلی خۆت، کە پێی دەڵێن یاسایی و بەبوونی بەڵگەنامەی ڕەسمیی و لە ڕێگەی یاساییەوە دەکرێ، کەسەکە لە سنووری وڵاتێکەوە دەچێتە وڵاتێکی دی، بەڵام جۆری دڵتەزێنی کۆچ کە لە ڕووی ناچاری و بێدەسەڵاتیی و زۆرملی و لە سۆنگەی بێهیوایی و نەبوونی ئەمنییەتەوە دەکرێ زۆر جیاوازە. لەم جۆرە کۆچکردنەدا، کۆچبەر هێزێک پاڵی پێوە دەنێ و جەبرێک و گوشارێک ناچار بە ڕۆیشتنی دەکا و زۆربەی ئەم کۆچانە لە وڵاتانێک ڕوو دەدەن کە تووشی مایەپووچی و داخراویی سیاسیی هاتوون، یان دەسەڵات لەو وڵاتانە بە دەست کەسانی دیکتاتۆرەوەیە. ئەو ڕوانگە داپڵۆسێنەرانەی کە لەلایەن بنیات و ڕێکخراوە ئیدۆلۆژیکەکان چ دینی و چ جۆرەکانی دیکە ڕۆڵێکی زۆریان لە وەمەترسی خستنی گیانی دژبەرانیاندا هەیە. خستنەڕووی ماف و داوا سیاسی، مەدەنی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لەلایەن ئۆپۆزیسیۆن و ئەو لایەنانەیە کە لە دەسەڵاتدا بەشدار نین و دەسەڵات بوونیان هەڵناگرێ و ئاکامیان لێ وەرناگیرێ، هۆکارێکی دیکەیە بۆ کۆچ کردن. هۆکارێکی دیکە دابەشکردنی نایەکسان و نادادپەروەرانەی سەروەت و سامانی گشتیی وڵات و بوونی فەساد و نایەکسانی کۆمەڵایەتییە لە هەر وڵاتێکدا.

هەڵکردن، ڕێ‌هاتن و ڕێککەوتنی وڵاتانی زلهێز و دەسەڵاتە جیهانییەکانیش لەگەڵ دیکتاتۆرەکان دەتوانێ یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان بێ بۆ کۆچکردنی کەسەکان لە وڵاتی خۆیان بێت. شێوەی مامەڵەکردنی وڵاتانی پێشکەوتوو -تەنانەت ئەو وڵاتانەی ئەندامی شوڕای ئەمنییەتن- بۆ دابینکردنی قازانجە مادییەکانی خۆیان بەبێ لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ژیانی خەڵکی وڵاتانی دیکە بەتایبەت وڵاتانی دواکەوتوو و ئەو دەسەڵاتەی بەسەر وڵاتەکەیاندا زاڵە، لەم ڕووەوە زانی زۆری لە قازانج و بەرژەوەندییەکانی خەڵک داوە. بۆ وڵاتانی پێشکەوتوو هیچ گرینگییەکی نییە کە دەسەڵاتدارانی ئەو سیستمە چەقبەستووانە لەم دەرفەتە بە چ شێوازێک دژ بە دژبەرانی خۆیان کەڵک وەردەگرن و بازنەی بیروڕادەربڕینی خەڵک چەنێک توند دەکەن و بە چ شێوەیەک ئازار و ئەشکەنجەیان دەدەن و بەندیان دەکەن و تەنانەت دەیانکوژن. هەربۆیە کەسانی هاوبیر و بەستراو بەم گرووپانە کە زۆرتری داواکانیان سیاسییە ناچار بە کۆچکردن و بەجێهێشتنی وڵاتەکەیان دەبن. هەندێک جاریش شەڕی نێوخۆیی لەو وڵاتانەی کە لە پاشکەوتووییدا ڕاگیراون دەبنە هۆکاری کۆچی زۆرەملی. لە ئاکامی شەڕوپێکدادانەکانی نێوخۆی وڵاتان جا سووریە و سوودان بێ، تا دەگاتە ئەفغانستان کۆچی زۆرەملی ڕوو دەدا و ئەم کۆچەش تایبەت بە تاقمێکی تایبەتی کۆمەڵگە نییە و هەموو چینەکانی کۆمەڵگە دەگرێتەوە، هۆکاری سەرەکی ئەو شێوە لە کۆچکردنە نەبوونی ئەمنییەتی گیانی، ژیان و بەڕێچوونە.

بەرتەسک‌بوونی قەبارەی کۆمەڵگە لە ئاکامی پێکدادانەکانی نێوخۆ کە دەبێتە هۆی شەڕ و ئاژاوە لە وڵات، ئامیان و هەوێنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و بەتایبەت بناخەی کۆمەڵگە کە بنەماڵەیە لەگەڵ مەترسییەکی ڕاستەقینە ڕووبەڕوو دەکاتەوە، ئەم شێوە لە کۆچکردنە کە بەشێوەی بە کۆمەڵ ڕوو دەدا لە ڕاستیدا کەلێنێکی گەورە لە داڕشتەی سیاسی ئەو وڵاتەدا بەدی دێنێ و خاوەن مافەکان (بەبڕوای خۆیان) لە هەردوولایەنی شەڕ پتر هۆگری کوشتن و بڕین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەکا و دەرەنجامی ئەم شێوە کۆچانەش جێی هیچ لێدوان و تێڕامانێکی ناهێڵێتەوە. ئەو کەسانەی کە ناچار بەم شیوە لە کۆچکردنە دەبن لە یەکەم شۆکەکانی پاش ئەو ڕووداوانە کە دەبێتە هۆی لێکپڕژانی بنەماڵە و پاشان کۆمەڵگەکەیان، تووشی کێشەی کۆمەڵایەتی و دەروونی دەبن. ئەم کەسانە دەکەونە گێژاوی بارودۆخیکی دژوار و بە دوور لە مەیلی خۆیان دەبێ ببن بە هاوڕەنگی ئەو کۆمەڵگە نوێیە کە وەریان دەگرێ، هەربۆیە دەبێ ساڵانێکی زۆر دابنێن بۆ پەروەردە و فێربوونی زمان و یاسا و تەنانەت ڕێوڕەسم و بۆنەکانی ئەو وڵاتانە، کە کاتێکی زۆر لەتەمەنیان بۆ خۆی دەبا.

چەندها ڕوانینی دیکە هەیە بەرانبەر بە کۆچی زۆرەملی کە زۆربەی ئەو کەسانەی ناچار بەم کۆچە دەبن لەگەڵیاندا دەستەویەخەن. ئەو دەستە لەو کەسانەی کە بەهۆی چالاکی سیاسی و ململانە لەگەڵ زۆردارانی وڵاتەکانیان ناچار بە، بەجێهێشتنی وڵاتەکەیان دەبن هەڵسووکەوت و ڕوانینێکی سیاسییان هەیە و لەو وڵاتانەی کە وەکوو پەنابەر نیشتەجێ دەبن بەپڕێستیژتر هەڵسووکەوت دەکەن، هەربۆیە کەمتر تووشی هەڵخلیسکان و هەڵە و تێکدانی نەزم و دیسیپلینی ئەو کۆمەڵگایە دەبن کە تێیدا سەقامگیربوون.

ئەو تاقمەی دیکە کە بەشێوەی بەکۆمەڵ و زۆرینە و بەهۆی شەڕی نێوخۆیی و نەبوونی بژیوی ژیان ناچار بە کۆچی زۆرەملی‌بوون، زۆرترین کێشە و گرفتیان لە کۆمەڵگای نوێدا بە هۆی جیاوازی لە فەرهەنگ و ئیدۆلۆژی و ڕوانینیان دەبێ و لە ئاکامی ئەم ناکۆکییە کە لە باری ئایینی، داب و نەریتەکانی کۆچبەر لەگەڵ کۆمەڵگەی وەرگری ڕوو دەدا، بەریەککەوتنێکی تێکەڵ بە غەرەز کینە و تووڕەیی لێ دەکەوێتەوە. نموونەی زۆر لەم جۆرە پێکدادان و ناکۆکییانە کە بۆ نموونە یەک لە هۆکارەکانیان دەتوانێ هۆکاری ئایینی بێ هەیە و نیشان لە جیاوازی ڕوانینی ئایینیی کەسی کۆچبەرە لەگەڵ کۆمەڵگەی نوێ کە زۆرکات جینایەتی دڵتەزێنی لێ‌کەوتووەتەوە.

ئەگەر بەرپرسایەتیی ویژدانی بەرانبەر بە مافی مرۆڤ لەلایەن وڵاتە پێشکەوتووەکانەوە و تێکنۆکراتەکانی ئەو وڵاتانە بەشێوەی ئاسایی و سروشتی ڕەچاو بکرێ و کەڵک‌وەرگرتن لە داهاتەکانی وڵاتانی دیکە بەشێوەی دادپەروەرانە و مرۆڤ‌دۆستانە بێ، دابەشکردنی یەکسانی سەروەت و سامان لە سەرانسەری جیهان و بڵاوکردنەوەی بیروفکرێک بۆ پێشکەوتنی هەموو کۆمەڵگە و تاکەکانی کۆمەڵگە دواکەوتووەکان دەتوانێ چارەسەرێکی هەتاهەتایی بێ بۆ کۆتایی‌هێنان بە کۆچی زۆرەملی.

چۆڵکردنی مەیدان و لەنێوبردنی ئەو کەسانەی کە بیروبۆچوون و ڕوانینێکی جیاوازیان هەیە و داواکاریی گەیشتن بە مافە ئینسانییەکانی خۆیانیان هەیە وەکوو بەرگری لە لەنێوچوونی ڕەگەزی تاکوو دەگاتە خواستە نەتەوەییەکان و تەنانەت تێپەڕین لە دەسەڵاتی دیکتاتۆر بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگە و دەسەڵاتیکی دێموکراتیک لەم وڵاتانە و وڵاتێک هاوشێوەی ئێران، کێشەیەک ساز دەکا و پێش بە تێکۆشان بە گەیشتن بەم خواستانە دەگرێ. ئەم پرسە لە دوو لاوە دەکەوێتە ژێر گوشار و تەنگەژە، یەکەم سیستمێکی دەسەڵاتدار کە نەتەنیا ئەم شێوە تێکۆشانە ڕەت دەکاتەوە، بەڵکوو بە جیددی و بە شێوەیەکی پڕ لە توندوتیژی بەرەنگاری دەبنەوە و لەلایەکی دیکەوە هەر چەند دەسەڵاتی حاکم بەسەر ئێران ئەم ڕەوتە نێوخۆییانە پەیوەند دەدا بە وڵاتانی بیانی و دەستی دەرەکییەوە و بەم بیانوویە دەست دەداتە قەڵاچۆ و لە نێوبردنی هەر دەنگێکی جیاواز و بەم کردەوە توندانە بەشێکی زۆر ناچار بە کۆچی زۆرەملی و ناڕەسمی دەکات. ڕووی دیکەی ئەم پشت‌نەگرتنە لەو بیرۆکەوە سەرچاوە دەگرێ کە تێکۆشەرانی دژ بە سیستمە دیکتاتۆرەکان ئاڵاهەڵگر و پێشڕەوین، لەکاتێکدا وڵاتانی پێشکەوتوو لە ڕەوتی دەسەڵاتداریی لە وڵاتەکانی خۆیاندا کەڵک لەو بۆچوونانە وەردەگرن. دوو هاوتەریبی مافی مرۆڤ و بوونی بیرۆکەی سیاسیی وێچوو لە نێوان تێکۆشەرانی سیاسی و وڵاتانی پێشکەوتوو پارادۆکسێک لەنێوان ڕاگرتنی بەرژەوەندی و قازانجەکانی خۆیان لە وڵاتانی وەکوو ئێران درووست دەکا. ئەم ئاکارە کۆسپێکی قورس و قاییم لە بەرانبەر هەر شێوە گۆڕانێک چێ دەکا و کۆچی زۆرەملیی چالاکانی سیاسی لە دڵی کۆمەڵگە و شوێنی جوغرافیایی خۆیان دەبێتە هۆی ئەوە چارەسەرکردنی کێشەکان و گۆڕینی بارودۆخی سیاسی لە وڵاتەکانیاندا ئەستەم‌تر ببێ.

***

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*