ڕووماڵی کارەکانی دادگای نێونەتەوەیی خەڵکیی (آبان) خەزەڵوەر لەلایەن کوردکاناڵ

تەلەڤیزیۆنی کوردکاناڵ بە هاوکاریی بەشی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی بریتانیا لە ڕۆژی کۆتایی دادگای نێونەتەوەیی خەڵکیی خەزەڵوەر لە شاری لەندەن بەشداری کرد و لەلایەن هەیئەتی بەڕێوەبەریی دادگا بەفەرمی مۆڵەت درا کە کوردکاناڵ ڕووماڵی دانیشتنەکانی دادگا بکات.

سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی نۆڤامبری ٢٠٢١، تەلەڤیزیۆنی کوردکاناڵ بە هاوکاریی بەشی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی بریتانیا، لە دوایین ڕۆژی دادگای نێونەتەوەیی جینایەتەكانی ڕێژیمی ئێران ( The Iran Atrocities Tribunal ) لە شاری لەندەن بەشداری کرد.

دادگای ڕۆژی یەکشەممە بە شایەتیدانی شایەتێکی خەڵکی سنە بە ناوی “ئارام مەردۆخی” دەستیپێکرد. ئارام کە خۆی بەشداری خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی لە شاری سنە بووە، شایەتی بۆ دادگا دا کە چۆن ڕێژیمی ئێران ئامبۆڵانسی بۆ گواستنەوەی هێزەکانی سپا و بەسیج بۆ کۆشتنی خەڵک بەکار هێناوە.

ئارام لە درێژەی قسەکانیدا باسی ئەوەی کرد کە لەسەر هەموو باڵەخانەکان و بانکەکان قەنناس بەدەستی لێ بووە کە دەسڕێژیان لە خۆپیشاندەران کردووە و فیشەکیان لەسەر سینگی منداڵێکی ١٤ بۆ ١٦ ساڵ داوە و نەفەرێکیان لەسەر سەربان بەرداوەتەوە و چەندین کەسی دیکەیان بریندار کردووە.

“جەمشید ئاریانا” یەکێکی دیکە لە شایەتەکان بوو کە سەبارەت بە کوژرانی یەکێک لە خزمەکانی بە ناوی “بورهان مەنسوورنیا” شایەتی دا کە چۆن بورهان لە ٢٥ی خەزەڵوەری ٩٨ لە دەوڵەت‌ئاوای کرماشان لە پشتەوە فیشەکی لێدراوە و وتی: ” ٢ کاتژمێر دوای برینداربوونی بورهان، نەخۆشخانە وەریدەگرێت و دواتر عەمەل دەکرێت، بەڵام بەهۆی پێڕانەگەیشتن گیانی لەدەست دەدا”. جەمشید ئاریانا دواتر باسی لەوە کرد کە ڕێژیمی ئێران بە بنەماڵەی بورهانی ڕاگەیاندووە کە هیچ بەدواداچوونێک بۆ کەیسی کۆڕەکەیان نەکەن و پێشنیاری پێکردون وەکوو شەهیدی ڕێژیم بناسرێت و قەرەبووی پێدەدەن کە بنەماڵەی بورهان ڕەتیان کردووەتەوە.

لە درێژەی کارەکانی دادگا چەندین شایەتی دیکە سەبارەت بە جینایەتکانی کۆماری ئێسلامی دەرهەق بە خۆپیشاندەرانی خەزەڵوەری ٩٨ شایەتییان دا.

لە بەشێکی دیکەی دادگا دادوەر “حەمید سەبی” ڕایگەیاند، هیوادارین ئەو بەڵگانەی تا ئێستا سەبارەت بە جینایەتەکانی ئەو ١٣٣ کەسەی کە لە سەرکوت و کۆشتنی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی دەستیان هەبووە و پێشکەشمان کردووە، وڵاتانی جیهان بگەیێنێتە ئەو بڕیارەی کە بە یاسای “گەمارۆی مەگنیستکی” هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکرێت.

 لە کۆتاییدا بەرێز “وین جۆرداش” سەرۆکی هەیئەتی قازییەکانی دادگا لە بەیاننامە کۆتایی دادگای پێشکەش کرد. ناوبراو لە بەشێکی بەییاننامەکەدا وتی: “ئێمە بۆمان دەرکەوتووە کە بەپێی ئامارەکان، ژمارەی کوژراوان و دەسبەسرکراوانی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٨ زۆر زیاتر لەوەیە کە بەدەست ئێمە گەیشتووە و تا ٣ مانگی دیکە کات هەیە بۆ ئەوەی شایەتەکان بەڵگەکانی خۆیان بنێرن.

جێی ئاماژەیە کە لەلایەن هەیئەتی بەڕێوەبەریی دادگا بەفەرمی مۆڵەت درا کە کوردکاناڵ ڕووماڵی دانیشتنەکانی دادگا بکات.

بۆ ئەو مەبەستە لە رۆژی کۆتایی دادگا تریبونی کوردکاناڵ بە هاوکاری بەشی راگەیاندنی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بریتانیا، حوزووری هەبوو و لەگەڵ چەند شایەتی کورد کە لە دادگا بەشدار بوون و هەروەها  چەندین پسپۆری بواری مافی مرۆڤ وەکوو شادی سەدر، شادی ئەمینی و کەسایەتییە سیاسی و مەدەنییەکان وەکوو ئەحمەد رەفعەت، دیداری تایبەتی پێک‌هێنا.

شایانی باسە کە لە کۆتایی دادگا بەیاننامەیەک دەرکرا و بڕیاری کۆتایی دادگا لە ساڵی ٢٠٢٢ بڵاو دەکرێتەوە. ئەم بەیاننامەیە لەلایەن بەرێوەبەرانی دادگا درا بە کوردکاناڵ و دەقی بەیاننامەکە ڕاستەوخۆ لە پەیچی فەرمیی کوردکاناڵ لە سۆشیال میدیا بڵاو کرایەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەدەرەوەی وڵات

ئەمەش دەقی بەیاننامەکەیە:

دادگای نێونەتەوەیی گەل لە ماوەی پێنج ڕۆژدا گوێی لە شایەتی کەڵکوەرگرتن لە زەبروزەنگ و ئەشکەنجە ڕاگرت، داوای لە سەدان کەسی دیکە دەکات تا شایەتی بدەن

 

دادگای تاوانەکانی ئێران، کە هەروەها وەک دادگای ئابان ناسراوە، دوای پێنج ڕۆژ لە شایەتیی دڵتەزێن بەرەوڕووی دنیا لە لەلایەن دەیان شایەتحاڵەوە کە هێندێکیان بۆ یەکەم جار دەدوان، کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

زیاتر لە ٣٠ شایەت بە زمان وتەکانیان پێشکەشی دەستەی دادوەرانی بەڕێزی یاساناسی دادگایەکە کرد. دەستەی دادوەران کە لە ٦ یاساناس پێکهاتبوو، پێداچوونەوەیان بە زیاتر لە ١٠٠ نووسراوەی پێشکەشکراو کرد، لە ناویاندا لێدوانی شایەتان، ڤیدیۆ و وێنەی قوربانیان و گیانبەدەربردووان کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە هۆی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکانی نۆڤەمبەری ٢٠١٩، کوژرابوون، ئەشکەنجە کرابوون و بێڕێزیان پێکرابوو. بەڵگەی گەلێک زیاتر لەوە کە پێشکەش کران ماون بۆ پێداچوونەوە.

بە هۆی دەنگدانەوەی بەربڵاوی دادگاکە و بوێریی گیانبەدەربردووان و قوربانیان، سەدان کەسی دیکە ڕایانگەیاندووە ئامادەن بێنە پێش و بۆ کۆمەڵگای ناونەتەوەیی باس  لەو نادادپەروەرییانە بکەن کە لە ئاکامی پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی مافەکانی مرۆڤ لە کاتی نۆڤەمبەری ٢٠١٩ تووشی بوون و هێشتا بەرەوڕووی دەبنەوە.

ڕاوێژکاری شاژن، وەین جۆرداش، سەرۆکی دەستەی دادوەران،لە لێدوانی کۆتاییدا گوتی کە دادگایەکە تا بڕیاری کۆتایی لە سەرەتای ٢٠٢٢، بۆ تۆمار کردن کراوەیە و داوای لە سەرجەم شایەتحاڵان کرد دەنگ هەڵبڕن.

شایەتحالی دیمەنی تووندوتیژیی بی بەزەییانە دژی خۆپیشاندەران و تەماشاوانان لە لایەن هێزە ئەمنییەتیەکانەوە، لە ناویاندا هێزی سوپای پاسداران و هێزی تایبەتی دژی ئاژاوە، زۆرینەی شایەتییەکانی پێکدێنا.

حەمید سابی، یەکێک لە ئەندامانی دەستەی دادوەران گوتی، “ئێمە هیوادارین ئەوەی تا ئێستا پێشکەشمان کردووە، بێتە هۆی ئەوە کە دەوڵەتان بیر لە ئابلۆقەی ماگنیتسکی دژی ١٣٣ کەس بکەنەوە کە دەگوترێ بکەری تاوانی قیزەوەن بوون.”

ڕێجینا پاولۆس، ئەندامی دەستەی دادوەرانی دادگاکەش پێداگرە کە دەوڵەتان دەبێ کەڵک لە یاسای گەردونیی، وەک ئەوەی لە دۆخی حەمید نووری کەڵکی لێوەرگیراوە وەرگرن و گوتی، “قوربانیان و گیانبەدەربردووانی ناڕەزایەتییەکانی ئابانی ٢٠١٩  دەبێ بتوانن کەڵک لەو دادپەروەرییە وەرگرن کە لە بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەیە.”

ناڕەزایەتییەکان لە ١۵ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩ دوای ڕاگەیاندنی بەرزکردنەوەی ٪٢٠٠ ی نرخەکانی سووتەمەنی لە لایەن کاربەدەستانەوە، لە ناکاو و بێ هؤشداریی پێشوو، لە سەرانسەری ئێران دەستی پێکرد کە کاریگەری لەسەر خەڵکی هەستیار هەبوو کە بۆ کار و ژیانی خۆیان بە ستراوەییان بە سووتەمەنی سوبسید کراو هەبوو. بە گوێرەی ڕاپۆرت، هێزەکانی دەوڵەت بە شیوەیەکی زۆر بێ بەزەییانە و بە زەبروزەنگ وەڵامی ناڕەزایەتییەکانیان دایەوە کە بووە هۆی خوێناویترین سەرکوتەکانی دوو دەیەی ڕابردوو.

شادی سەدر، بەڕێوەبەری دادپەروەریی بۆ ئێران  و یەکێک لە ڕێکخەرانی دادگای ئابان دەڵێ، “بە سەیر کردنی ڕاستی وەک گرینگترین شت، ئەندامانی بەڕێزی دەستەی دادوەران شوێنێکی دڵنیایان بۆ کەسوکاری قوربانییان و ئەو خۆپیشاندەرانە دەستەبەر کرد کە لە لایەن دەوڵەتی خۆیانەوە بە ‘ئاژاوەگێڕ’ و ‘تێرۆریست’ ناودێر کران، تا سەریان بەرز ڕاگرن و بە شانازییەوە دەنگی ڕاستی بە دنیا بگەیێنن. بۆ یەکەم جار لە کۆڕێکی ناونەتەوییدا، خاوەن دۆزە ڕاستەقینەکان بکەرە ڕاستەقینەکانیان تاوانبار کردووە و داوا دەکەن ئەوان بەرپرسیارییان بخرێتە ئەستۆ.”

کوشتنی خۆپیشاندەران بە ئانقەست بە ‘کپ کردنی زانیاریی’ لە دنیا حەشار درا، کە لەویدا دوانیوەڕۆی ١٦ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩، دەوڵەتی ئێران نزیکەی هەموو ئینتەرنێتی کووژاندەوە کە لە هێندێک شوێنی وڵات چەند حەوتووی پێچوو. ئاکامی’کپ کردنی زانیاریی’ ڕەنگبێ ڕێگای بە پۆلیس، هێزەکانی ئەمنییەتی و سوپا دابێ تا بکوژن، لە کاتێکدا کە کۆمەڵگای ناونەتەوەیی نزیکەی بەتەواوی توانایی دەستڕاگەیشتن بە ئێرانیان لێ زەوت کرابوو.

مەحمود ئەمیری موقەدەم، بەرپرسی جێبەجێکاری مافەکانی مرۆڤی ئێران و هاوڕێکخەری دادگای ئابان دەڵێ، “بە بەرز کردنەوەی دەنگی قوربانیان و کەسوکاریان، دادگاکە هیوای بەخشیوەتە میلیۆنان ئێرانی کە دەنگی ئەوان لە ئاستی جیهانییدا بیستراوە. لە کورتماوەدا، جەماوەر تێدەگەن کە ئەوان بێ توانا نین و، کاربەدەستان کاتێک جاری داهاتوو خۆپیشاندەران دێنە سەر شەقام، ددان بە جەرگدا دەگرن؛ لە درێژ خایەندا، دادگاکە قوربانیان هەنگاوێک لە دادپەروەریی و بەرپرسیار کردن نزیک دەکاتەوە.”

دادگای ئابان لە وەڵامی داواکاریی قوربانیان و گیانبەدەربردووانی سەرکوتی ناڕەزایەتی نۆڤەمبەری ٢٠١٩ لە لایەن سێ کۆمەڵەی مەدەنی، دادپەروەریی بۆ ئێران، مافەکانی مرۆڤی ئێران و پێکەوە دژی سزای سێدارە دروست کرا. بڕیاری کۆتایی دادگا چاوەڕوان دەکرێ لە سەرەتای ٢٠٢٢ ڕاگەیێندرێت.

ئەو کەسانەی پێیان خۆشە بەڵگە پێشکەش بکەن یان لە لێپێچینەوەکانی داهاتوودا بەشدار بن، پێوەندی بە دادگاکەوە لە سۆسیال مێدیا: تویتەر، ئینستاگرام و واتسئاپ، بگرن.

بۆ زانیاریی زیاتر سەردانی ماڵپەڕی: www.abantribunal.com بکەن.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*