حیزبە کوردییەکان و پرسی ئاڵتێرناتیڤی کۆماری ئیسلامی

[کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ٤٣ ساڵەی تەمەنیدا سیکلی کۆتایی دیکتاتۆریی خۆی تێدەپەرێنێ، بەڵام یەک لەو هۆکارانەی تا ئێستا وەک بەرگژەی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و تێپەڕین لەو ڕێژیمە بەرهەست بووە، نەبوونی جێگرەوە و ئاڵترناتیڤ بووە. ئەم بەرگژەیە لە ئێستادا چ دۆخێکی بۆ کۆماری ئیسلامی و هەروەها جووڵانەوەی ئێعترازیی بەرینی خەڵک دروست کردووە. “کوردستان” لەو پێوەندییەدا و لە چەند تەوەردا ڕاوسەرنجی حەمەنەزیف قادری، جێگری دووهەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران؛ ڕەزا کەعبی، جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی وەرگرتووە.]

 

ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامی چییە؟ کێیە؟ ئادرەسی ڕوون بۆ بەدیل و جێگرەوەی کۆماری ئیسلامی کامەیە؟

ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەهۆی نەبوونی ڕێبەرییەکی شێلگیر و خاوەن بەرنامە سەرکەوت دەکرێ و هیچ‌کام لە لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش تا ئێستا لە ئاستی سەرتاسەریدا نەیانتوانیوە ئەم ڕێبەرییە بگرێتە دەست
ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەهۆی نەبوونی ڕێبەرییەکی شێلگیر و خاوەن بەرنامە سەرکەوت دەکرێ و هیچ‌کام لە لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش تا ئێستا لە ئاستی سەرتاسەریدا نەیانتوانیوە ئەم ڕێبەرییە بگرێتە دەست

حەمەنەزیف قادری، جێگری دووهەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران:

یەکێک لە فاکتەرەکانی مانەوەی دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکان، پەرشوبڵاویی ئۆپۆزیسیۆن و نەبوونی بەرنامەیەکی سیاسی و هاوپەیمانییەکی پێشکەوتنخواز و دێموکراتیک بووە کە جیاوازیی هزری و پێکهاتەیی لەگەڵ ڕوانگەی دەسەڵاتی ناوەندی پێوە دیار بێ. بەداخەوە زۆر جاریش گوتاری بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن، یان ڕوانگە و بۆچوون و سیاسەتیان لەگەڵ دەسەڵاتی دیکتاتۆری جیاواز نەبووە و بوونەتە پاساوچی بۆ تاوانەکانی سەرانی ڕێژیمەکان و سیستمە کۆنەپەرەستەکان. لە هەلومەرجی ئێستای ئێرانیشدا ئەم دیاردەیە بەڕوونی دەبینرێ.

ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن بە شێوەیەکی کارناسانە شرۆڤە بکەین، بریتییە لەو بەدیلە کە ئامانج و ڕوانگە و گوتاری سیاسی و حوزوور و چالاکییەکانی لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی پاوانخوازدایە و دەبێ شوناسی خۆی وەکوو ئاڵوگۆڕخواز و جێگرەوە و دژبەری بنەما دژە مرۆییەکانی دەسەڵات پێناسە بکا. لێرەدا لایەنێکی سەرەکی کە دەبێ پشتی پێ ببەسترێ و زۆر جار لەم بوارەدا ڕۆڵی گیراوە و تێچووی داوە، بەڵام ئاوڕی جیدیی لێ نەدراوەتەوە، هێزی گەل و ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکە کە لە تەواوی قۆناغەکانی شۆڕش و سەرهەڵدانەکانی ئێراندا دەوری شویندانەریان هەبووە. لە شۆڕشی مەشرووتییەت، ساڵەکانی دەیەی ٣٠ هەتاوی و بزووتنەوەی بەخۆماڵی‌کردنی نەوت (کە دواتر دەرکەوت مەبەست بە حکوومەتی‌کردنی نەوت بۆ ڕیژیمە دیکتاتۆرە سەرکوتکەرەکان بووە). شۆڕشی ساڵی ٥٧، خۆپیشاندانەکانی ساڵەکانی ٨٨، ٩٦ و ٩٨ و تا ئیستا ئەوەمان پێ دەڵێ کە ئۆپۆزیسیۆن بەپێی ئەو پێناسەیە کە ئاماژەمان پێ کرد لە گۆڕێدا نییە، ئەوەی کە هەیە خەڵکی ناڕازی و وەزاڵەهاتووی وڵاتە، ئەویش بەهۆی نەبوونی ڕێبەرییەکی شێلگیر و خاوەن بەرنامە، لەگەڵ سەرکوتی ڕێژیم بەرەوڕوو دەبێ و هیچ‌کام لە لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش تا ئێستا لە ئاستی سەرتاسەریدا نەیانتوانیوە ئەم ڕێبەرییە بگرنە دەستەوە و بەرنامەیەکی گشتگیر ڕابگەیەنن.

ئەگەر لەم بارودۆخەدا باس لە لایەنی چالاکی پرۆسەی سیاسیی ئێران لە بەرانبەر ڕێژیمدا بکەم، بزووتنەوەکانی گەلانی ئێران لە هەموو کاتێکدا زیاتر لەسەر خەت و ئامادەی خەباتن، پاشان کۆمەڵانی خەڵک، ژنان، کرێکاران پێشەنگی ئەم خەباتە جەماوەرییەن و بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی ئێران کە ڕوانگەیەکی پێشکەوتنخوازانەتریان هەیە و باوەڕمەندن بە فرە پێکهاتەیی و فرەنەتەوەبوونی ئێران و پێیان وایە کە تەنیا ڕێگا بۆ دەربازبوونی یەکجاری لە سیستمە دیکتاتۆرییەکان بونیادنانی ئێرانێکی دێموکراتیک و فیدراڵە، دەتوانن ڕۆڵێکی گرینگ لەو خەباتەدا بگێڕن.

 

ڕەزا کەعبی، جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشان:

یەکێک له هۆکارە سەرکییەکانی مانەوەی ڕژیم وێرای قەیران‌گەلێکی قووڵ و چەند لایەنە کە سەرتاپێی ئەم ڕێژیمەی داگرتووە، نەبونی ئاڵتەرناتیڤێکی بەهێز و به پێگەی جەماوەری و ناسراوە و تا ڕادێکیش قەبوڵکراوە لەلایەن هیزە ناوچەیی و جیهانییەکانە. کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا زۆر به بەرنامە و به ستراتژی بەڵام به ئێعدام و تێرۆر و ڕەشەکوژی و لە هەمان‌ کاتدا به سازکردنی تۆڕێکی بەرین له دەستوپێوەندکانی خۆی لەژێر ناوی جۆراجۆر و سیمای جیاواز له هەولی ئەوەدا بووە که هیچ ئاڵتەرناتیڤێک سەر هەڵنەدا و هەرچەشنە جێگەرەوەیەک له بار بەرێ و هەر زۆر زوو بیخنکێنێ. هەر بۆیە ئێستا و لەم هەلومەرجە ناتوانین هیچ ئاڵتەرناتیڤێک دەسنیشان بکەین، ئەگەرچی کۆمەڵێک هاوپەیمانیی سیاسی و ڕێکخراوەیی هەن که وەک ئاڵتەرناتیڤێک خۆیان دەردەخەن، یا لانیکەم هەول و سەودای ئەوەیان لەسەرە که وەک ئاڵتەرناتیڤێک بناسرێن و ددانیان پێ دابنێن.

ئەوەش که له نێوخۆی کۆماری سێدارە ئاڵتەرناتیڤێک سەر هەڵبدا و لەلایەن جەماوەروە پشتیبانی بکرێ بهتەواوی مەوزوعییەتی لەدەست داوە و ئەگەر سەرەتا دلخۆشکردن بە وەها ئاڵتەرناتیڤێک تەوەهوم و خۆشباوەڕی بوو، ئیسە دەچێتە خانەی شەییادی و گەمژەیی. بزووتنەوەی ڕزگاریخۆازی کورد نابێ به دوای ئادرەسی ڕوون بگەرێ، بۆ؟ ئێستا کورد و به تایبەت ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران گرینگترین و جەماوەریترین و ناسراوترین هاوپەیمانیی سیاسییە، ئەگەرچی خۆیی دەستی کەم گرتووە و به جۆرێک چەقیوە. هەربۆیە ئاڵتەرناتیڤەکانی دیکە ئەگەر بوونیان هەیە دەبێ لەگەڵ ئەم ناوەندە پەیوەندی بگرن. ستراتیژیی کورد و داخوازییەکانی بۆ هەمووان ڕوونە. شتێک باو بووە که “بزانین کێ چیمان دەداتێ” کە من زۆر به هەڵەی دەزانم، ئەمە هیچ نەبێ دەستی کەمگرتنی خۆمانە. ئێمە دەبێ بەم ستراتیژییە پابەند بین که کورد ناچێتە نێو هیچ هاوپەیمانییەک، مادام مافەکانی گەلی کوردی به ڕەسمییەت نەناسیبێ. هەربۆیە ئەوان دەبێ بێن و بڵێن که چەندە لەگەڵ ئەم پڕەنسیبە نیزیک و دوورن.

 

مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان:

ئاڵتێرناتیڤ و جێگرەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەر لەنێو کۆمەڵانی هەراو و ناڕازیی ئێراندا دروست دەبێ. لە ئێستادا بەڕوونی ناتوانین ئادرەسی جێگرەوەی کۆماری ئیسلامی دەستنیشان بکەین و قامک لەسەر حیزب یان ڕێکخراو و بەرەیەک دابنێین و بڵێین ئەوە ئاڵتێرناتیڤی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، ئەوە دروشمەکانیەتی و ئەمە ڕێباز و سیاسەتەکەیەتی و لە داهاتوویەکی نیزیکدا دێتەی جێگەی کۆماری ئیسلامی. بەڵام من بڕوام وایە لە ئێستادا و لەو هەلومەرج و بارودۆخەدا کە کۆماری ئیسلامی بۆ خەڵکی ئێران خوڵقاندوویەتی، دروست‌بوونی جێگرەوەی کۆماری ئیسلامی زۆر قورس نییە و دەرەتان و ئیمکان و زەرفییەتی دروست‌بوونیشی لەنێو خەڵکی نێوخۆی وڵاتدا هەیە.

هەموومان دەبینین کە کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا کەمترین شەرعییەتی سیاسیی لەنێو خەڵکی وڵاتدا هەیە. لە ئێستادا کێشە و قەیرانەکان کە لە سۆنگەی دەسەڵاتدارەتیی ڕێژیمەوە دروست بوون، تەواو تەنگیان بە خەڵک هەڵچنیوە. پێچەوانەی یەک دەیە و دوو دەیە پێش ناڕەزایەتییەکان هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵیان گرتۆتەوە، لە ناوچەیەکدا قەتیس نین و هەموو شار و ناوچەکانی وڵاتی تەنیوە، مەودای نێوان ناڕەزایەتییەکانیش هەتادێ کورتتر دەبێتەوە و لە دە ساڵ و چەند سال جارێک ڕا بۆتە ڕۆژانە. داوا سنووردارەکان ئێستا سنوورە سوورەکانیشیان بەزاندووە و خەڵک لە تەواوەتیی ئەم ڕێژیمە تێپەڕیون. بە واتایەکی دی لە ئێستادا خواستەکان هەر تەنیا کۆمەڵایەتی و بۆ کار و بژیو و مز و حەقدەست نییە، بەڵکوو ویست و داواکان تەواو سیاسی و حقووقین. سروشتییە کاتێک بێزاری بەو ڕادەیە زۆر بێ، خەڵکی ئێران وەک کۆمەڵێکی بەرپرسیار و لەسەر هەست لەبیری دروست‌کردنی جێگرەوە و ئاڵتێرناتیڤی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا دەبن. من باوەڕەم وایە ئەو توانا و پوتانسیەلە لە ئێراندا هەیە و نابێ نیگەرانی ئەوە بین.

 

ئالترناتیڤی کۆماری ئیسلامی لە ڕەوتی خەبات و تێکۆشانی خۆیدا چۆن دەتوانێ کۆماری ئیسلامی بەچۆک دابێنێ؟

ئێمە دەبێ بەم ستراتیژییە پابەند بین که کورد ناچێتە نێو هیچ هاوپەیمانییەک، مادام مافەکانی گەلی کوردی به ڕەسمییەت نەناسیبێ. هەربۆیە ئەوان دەبێ بێن و بڵێن که چەندە لەگەڵ ئەم پڕەنسیبە نیزیک و دوورن

ڕەزا کەعبی: کۆماری ئیسلامی نە بە چۆکدان، بەڵکوو دەبێ بەتەواوی بڕووخێ و لەنێو بچێ. ئەزموونی چل ساڵەی وڵاتانی ناوچە له ئەفغانستان، عێراق، لوبنان، یەمەن، فەلەستین و… پێمان دەڵێ که گۆڕینی ڕێژیمەکان بەبێ حوزووری جەماوەر و ئاخێزی گەورەی جەماوەری و ئیرادە و داخوازی ڕوون، و به پشتبەستن به کێشە ناوچەیی و جیهانییەکان، ئەگەریش به ڕووخاندنی ڕێژیمی دەسەڵاتدار کۆتایی پێ بێ، به واتای ڕزگاری له کوشتار و فەقر و برسیەتی و گەیشتن به ئازادی نییە.

ئێمە پێش ئەوەی بیر لەوە بکەینەوە که کام ئاڵتێرناتیڤ بوونی هەیە، دەبێ بیر لەوە بکەینەوە که ئاستەنگەکانی بەردەم گەشەی شۆڕشی جەماوەی چین و چۆن دەکرێ نەمێنن. یەکێک له ئاستەنگە کاریگەرەکانی بەردەم ڕووخاندنی ڕێژیمی ئیسلامی ئەوەیە که بۆ خەڵک ڕوون نییە پاش ڕووخاندن ئازادی و ئاسایش و ئەمنییەت سەقامگیر بێ و دور بێ له شەڕی نێوخۆیی و سەرکوت و دیکتاتوری لەژێر ناوێکی دیکە. هەربۆیە حوزووری خەڵک و بەتایبەت بەرچاوڕوونییان بۆ داهاتو شەرتی یەکەم و پێویستە که ئاڵتێرناتیڤێک بگاتە لوتکەی خەباتی جەماوەری و دڵنیایی بدا به جەماوەری ڕاپەڕیو که گەیشتن به داخوازییەکانیان تا ڕادەێکی زۆر مسۆگەرە.

 

حەمەنەزیف قادری: بۆ ڕێکخستنی ئۆپۆزیسیۆنێکی کارا و یەکلاکەرەوە، دەبێ هەموو لایەنە سیاسییەکان لە ئاستی سەرتاسەریدا خەسارناسییەکی تەواوی دۆخی ڕابردوو و ئێستایان بکەن. سیاسەتی نێودەوڵەتی و گۆڕانکارییەکانی ئێستا ئەوەمان پێ دەڵێ کە کۆمەڵگەیەک بەرەو پێشکەوتن و گەشەسەندن دەڕوا کە سیاسەتی حوکمڕانی و یاسای بنەڕەتیی لەسەر بنەمای پێکەوەژیان و پێکەوەهەڵکردن بێ و ئەو ئامانجە دەستەبەر بکا. بۆیە ئەو لایەنە سیاسییانە کە مێژوویەکی خەباتگێڕییان هەیە بە هاوپەیمانی لەگەڵ گەلانی ئێران و هەموو چین و توێژەکانی وڵات دەتوانن ئەو ئەرکە بە ئەنجام بگەیەنن و چەترێک دروست بکەن کە هەموو پێکهاتەکان لە خۆ بگرێ.

 

مستەفا مەولوودی: وەک باسم کرد من باوەڕەم وانییە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا ئاڵتێرناتیڤێکی دیاریکراوی هەبێ. بەڵام پێم‌وایە لە هەلومەرجی ئێستادا هەموو لایەنە سیاسییەکان و خەڵک هەست بەو زەروورەت و پێویستییە دەکەن، لەبەر ئەوەی ئەو ڕێژیمە سەردەمی بەسەر چووە و هەموو زەرفییەتەکانی خۆی نیشان داوە. بۆیە لەمێژە پڕۆژەی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی دەستی پێ کردووە و ئەم ماتەوزەیە لە خەڵکی ئێراندا هەیە کە بتوانێ لە ماوەیەکی کەمدا جێگرەوەی کۆماری ئیسلامی دروست بکا و کاریگەرییەکانیشی بەزوویی دەربکەوێ؛ بە مەرجێک کومەڵێک واقع و حەقیقەتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وەک هەیە بناسرێن و ویستی پێکهاتە و فرەییەکانی ئەم وڵاتە بەگشتی لەبەرچاو بگیرێن.

ئالتێرناتیڤی کۆماری ئیسلامی بە ئەزموون‌وەرگرتن هەر لەو ڕێژیمە و کارنامە و کارکردی دەیان‌ساڵەی پێک دێ، بەو مانایە ئەوەی ئەم لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا نەیکرد، ئەو بیکا. ئەو ئاڵترناتیڤە دەبێ دێموکراتیک و سێکۆلار بێ، باری ناناوەندی (لامەرکەزی)ـی هەبێ. بەپێی پێکهاتەی جۆراوجۆری نەتەوەیی، سیاسی و کۆمەڵایەتی و دینی و مەزهەبی تەنانەت فەرهەنگییش لە بیری دێموکراتیزەکردنی ئێراندا بێ. لە شێوەی سیستەمی فیدراڵی و لەسەر ئەو ئەساسە کە پێکهاتە و ئاڵتێرناتیڤی ڕێژیم لە ئێراندا خەڵکی دێموکرات بن، نوێنەری پێکهاتە نەتەوەیی و خواستە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان بن و کار بکەن بۆ گۆڕینی نیزامی کۆماری ئیسلامی و پێکهێنانی نیزامی پارلەمانیی دێموکراتیک و نووسینەوەی یاسایەکی بنەڕەتیی دێموکراتیک کە مافی هەموو پێکهاتە و فرەییەکانی کۆمەڵی ئێرانی تێدا دەستەبەر بووبێ. ئەمن باوەڕم وایە ئەگەر بەستێن بۆ پێکهاتە و تەرکیبی لەو چەشنە هەبێ، خەڵک ئامادەیی ئەوەیان هەیە لە دەوری ئاڵتێرناتیڤی وا کۆ ببنەوە.

 

ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات لەکوێی ئەو هاوکێشەیەدا جێ دەگرێ؟ تواناکانی لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە تا چ ڕادەیەکن؟

حەمەنەزیف قادری: ئەو بەشە لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی ئێران کە ئامانجی پێشکەوتوو و مۆدێڕنی هەیە و بانگەشەی سیستمی وەڵامدەر بۆ حوکمڕانیی داهاتووی ئێران لە جۆری دێموکراتیک، سێکۆلار و فیدراڵ دەکا، گوتاری لەنێو کۆمەڵانی خەڵکدا هاندەر و شوێندانەرە. بەتایبەتی گوتاری لایەنەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە هەناوی خەڵکەوە هەڵدەقوڵێ و بە هۆی ئەوەی کە هەست و سۆزی شۆڕشگێڕانەی تێدایە، گۆڕ و تین دەبەخشێ بە خەباتی جەماوەری، وەک پڕۆسەی ڕاسانی ڕۆژهەڵات کە خەباتێکی فرەڕەهەندە و لە کوردستاندا کاریگەریی لەسەر خەباتی سیاسی و نەتەوەیی بووە و دەبێ. هەر ئەوەشە کە گرینگی و گرێدراویی خەباتی نەتەوەکانی ئێران فاکتەرێکی گرینگە لە ژێئۆپۆلیتیکی وڵاتی ئێران و پاڵپشتە بۆ بزووتنەوەی سەرتاسەری لە ئێراندا. هەر بەو خوێندنەوەیە پێویستە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ زیاتر چالاک بکرێ.

 

مستەفا مەولوودی: ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی ئێران زۆر پەرشوبڵاو و نایەکگرتوون، جگە لەوە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، بە دێموکرات، چەپ، میللی، نەتەوەییخواز و چی و چی خوێندنەوەی جیاواز و دوور لە یەکیان بۆ زۆر مژار و تایبەت هەیە، بەڵام یەک خاڵی هاوبەشیان بەگشتی لەگەڵ یەکتر هەیە کە تەنانەت لەگەڵ ناڕازییانی نێوخۆی ئێرانیش یەک دەگرنەوە، ئەویش ئەوەیە زۆربەی لایەنەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەو ڕێژیمە سەردەمی بەسەر چووە و دەبێ بڕوا و لە جێگەی ئەو ڕێژیمێکی بەرپرسیار بێتە سەر حوکم. هەر ئەوە دەتوانێ دەرهاوێشتەیەکی باش و سەرفەسڵێکی نوێ بێ بۆ دۆزینەوەی ڕێکاری باش و موناسب بۆ بەیەکەوە کارکردن و کۆکردنەوەی زۆربەی لایەنەکان کە کاریگەریی زۆرتر لەسەر بزوتنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە نێوخۆشدا دادەنێ.

لە ڕووی قورسایی، لەگەڵ ڕێزم بۆ هەمووان لە ئێستادا هیچ لایەنێکم پێ شک نایە بەتەنیا ئەو کاریگەرییەی هەبێ و توانای بوون بە ئالتێرناتیڤی لێ بکرێ. بۆیە من ناوکی دروست‌بوونی جێگرەوەی کۆماری ئیسلامی بەڕاستی هەر لەنێو خەڵکی ناڕازی و چین و توێژەکانی نێوخۆی وڵاتدا دەبینم. لە سەردەمی مەشرووتەوە و بەتایبەت لە شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاویدا، خەڵک لەسەر شەقام چارەنووسی ڕێژیمی یەکلا کردەوە. خەڵک شوێندانەر و یەکلاکەرەوە بوون. خەڵکی نێوخۆی وڵات ئەو ڕاستییە دەزانێ و ئەمەش چەند هۆکاری هەیە: یەکەم کولتوور و فەرهەنگی ئێرانی زۆرتر ئەوە دەخوازێ، دووهەم ئەزموونی ڕابردوو ئەوەمان پێ دەڵێ و، سێیەم: خەڵکی نێوخۆ زۆرتر لەگەڵ ڕێژیم دەرگیرن و دەبێ کار بکەن بۆ لابردنی ئەو نیزامە و جێگرکردنی نیزامی بەرپرسیار. کۆڕوکۆمەڵی نێودەوڵەتیش زۆرتر چاوی لە خەڵکی نێوخۆیە و گرینگی بە بزوتنەوەی نێوخۆیی دەدەن و ئەوەش دەتوانێ فاکتۆرێکی بەهێز بێ بۆ هاندانی خەڵکی نێوخۆی وڵات. هەڵبەت ئەوە بە مانای ئەوە نییە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە دەرەوە هیچ کاریگەریی نییە، نا وانیە؛ بەڵام من پێم‌وایە ناتوانێ کۆکەرەی هەموو پێکهاتەکان بێ. بۆیە ئەو کاریگەرییەی کە ناڕازییانی نێوخۆ هەیە و دەیانبێ ئەوانەی دەرەوە نایانبێ. دیارە کوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە، حیزب و ڕێکخراوی بەئەزموون و مێژوویی هەیە. پێوەیندییەکی زیندوو لەنێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان لەگەڵ خەڵکی کورستاندا هەیە و هەر ئەوە وای کردوە هیزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە جێگایەکی تایبەتتر و لە ئاستی بەرزتردا بن. ئەوەش بۆ یەکلا کردنەوەی جێگرەوەی ڕیژیم لە کوردستان دەتوانێ شانسێکی باش بدا بە ئۆپۆزیسیۆنی نێوخۆی ئێران و دەرەوە بۆ پێوەندیی قایم‌وقۆڵی سیاسی لەگەڵ کۆی کۆمەڵگەی ئێرانی بە هەموو پێکهاتە و چین و توێژەکانەوە.

ڕەزا کەعبی: ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات یەکدەست و یەک بیروباوەڕ و یەک ستراتیژ نین. به هۆی تۆڕە کۆمەڵاتییەکان و بەهۆی ئاسان‌بوونی پەیوەندی له‌گەڵ ناوخۆ یا پێچەوانەکەی، هەر چەشنە جموجوڵ و چالاکییەک بهخێرایی دەنگ دەداتەوە و لەسەریەک کاریگەرییان هەیە. هەر بۆیە ئیستا ناکرێ دیۆارێک لەنێوان ئۆپۆزیسیۆنی نێوخۆ و دەرەوە بکێشرێ. بەڵام ئەمەش ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە کۆماری سێدارە بۆ ساڵانێکی زۆر توانی پەیوەندیی نێوخۆ و دەرەوە بپچڕێنێ که ئیستاش ئاسەواری زیانباری ئەو سیاسەتە بەسەر ئەکتی سیاسیی دوو لایەنەوە ماوە.

به نەزەری من ئەو ئەگەرەی که ئاڵتێرناتیڤێک له دەرەوە دروست بێ و ببێتە نوێنەر و دەنگی جەماوەر زۆر زۆر کەمە و ئەگەر له ڕابردوودا بووە، ئیستا کۆسپی زۆر له سەر ڕێگای وەها ئەگەرێک هەیە. کۆمەڵگەی ئێران گۆڕانی زۆری به سەردا هاتووە، هێزی کۆمەڵایەتیی گەورە و گرینگ وەک نەتەوەکان، ژنان، کرێکاران و بزووتنەوەی مەدەنی و دمۆکراسیخۆازی به‌هاسانی مل به هەر ئاڵتێرناتیڤێک نادەن. ئەوان هەم هێزیان هەیە و هەم داخوازیی ڕوون.

 

نەخش و ڕۆڵی خەڵک لە خوێندنەوەی هەموو لایەنەکاندا پڕدیارە. ئایا پێتان وایە نەخشی خەڵک یەکلاکەرەوەیە؟ چۆن؟

ئەوەی هاوکێشەی ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامی و داهاتووی ئێران یەکلا دەکاتەوە خەڵکە و پێویستە ئۆپۆزیسیۆنی پەرش‌وبڵاوی دەرەوەی وڵات ئەو ڕاستییەیان لەبەرچاو بێت.

مستەفا مەولوودی: لە ڕوانگەی منەوە خەڵک ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەیە، هەرچی شكڵ دەگرێ و پێک دێ سەرچاوەکەی خەڵکە و دەبێ لە خەڵک ئیلهام وەربگیردرێ. ئەوە بە شێوەیەکی گشتی لە هەموو وڵاتێک و لەنێو هەموو کۆمەڵێکدا هەر وایە. نیوسەدە لەوەپێش خەڵکی ئێران بەبێ پشتیوانیی کاریگەری دەرەوە خۆیان ڕێک‌خست و هاتنە سەر شەقامەکان و نیزامی ٢٥٠٠ ساڵەی پادشاییان لە ئێران تێکەوە پێچا، ئەگەرچی بەداخەوە ئەو شۆڕشە دەسکەوتەکەی نەچووە گیرفانی خەڵکەوە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە چوار دەیەدا زۆری هەوڵ داوە خەڵک لەو وزە خەباتگێڕییە داماڵێ، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە و خەڵک سەرەڕای تێچووی زۆری خەباتی سیاسی و مەدەنی، بەڵام کۆڵیان نەداوە و ڕۆژ بە ڕۆژ دروشم و ویستەکانیان ڕادیکاڵتر دەبێ. ئێستا داوای خەڵکی ئێران لە سەرەوەی خواستی کۆمەڵایەتی و کار و ئەمنییەت و بژیوی ژیانە، واتە هەوڵدان بۆ گۆڕینی نیزامی کۆماری ئیسلامی بە نیزامێکی دێموکراتیک و خەڵکی. بۆیە پێم‌وایە ئەوەی چارەنووسەکە یەکلا دەکاتەوە خەڵکە و پێویستە ئۆپۆزیسیۆنی پەرش‌وبڵاوی دەرەوەی وڵات ئەو ڕاستییەیان لەبەرچاو بێت.

 

ڕەزا کەعبی: هەموو و هەر ئاڵوگۆڕێک به ڕادەی بەشداریی جەماوەر و به داخوازییەکانیان بەستراوەتەوە. ئەگەر قسە له ڕووخاندنی ڕێژیم و هاتنەسەرکاری دەسەڵاتێکی خەڵکی و کۆتایی‌هێنان به سەرکوت و زوڵم و نابەرابەری و هەڵاواردن و کۆتایی‌هێنان بە ستەم دژی ژنان و نەتەوەکان و گەیشتن به ئازادیە سیاسییەکانە، بەبێ حزووری جەماوەر مومکن نییە و نەبووە. لە ئێستاشدا ڕۆڵی خەڵک له کێشە سیاسییەکان گۆڕانی گەورەی بەسەردا هاتووە. کۆماری ئیسلامی له جەرگەی شۆڕشێکی جەماوەری توانی جڵەوی دەسەڵات قەبزە بکا و بەخێرایی وەها کۆمەڵگەی ئێرانی توشی شۆک کرد که ئاسەوارەکانی ئیستا دەردەکەوێ که باس له ئاڵتێرناتیڤ دەکرێ. ئەو هێزانەی که شۆڕشی ٥٧ ڕزگاری کردن و له واقێعدا له بتری هاتنە دەرێ تازە هیچ هێزێک ناتۆانێ دووبارە بیانگەڕێنێتەوە. ئەم هێزانە هەروەها نه بەهاسانی دڵخۆش دەبن به هەر ئاڵتێرناتیڤێک و نه بههاسانی مل ئەدەن. وەک چۆن هەر ئێستا تاڵیبان لەگەڵ مەقاومەتێکی بەهێزی ژنان ڕووبەرووە له کاتێکدا ناوچەکە و جیهانیش خۆیان له کردەوەکانی تالیبان له گێلی داوە.

چل ساڵ دەسەڵاتی کۆماری سێدارە ئەگەرچی به ڕواڵەت خەڵکی زۆر تەنگەتاو کردووە و ڕۆژژمێری دەکەن بۆ ڕزگاری، بەڵام بەڕاستی بیر له داهاتووش دەکەنەوە. ئەو شتەی که شۆڕشی ٥٧ و ئاکامەکەی دەرسێکی زۆر زۆر مێژوویی و گرینگی پێدان.

 

حەمەنەزیف قادری: هیچ بزووتنەوەیەکی پێشکەوتنخواز بەبێ پشتبەستن بە ئیرادەی گەل ناتوانێ بە ئامانجەکانی بگا و سەر بکەوێ و بەزیندوویی لە گۆڕەپانی خەباتدا بمێنێتەوە و لە ئەنجامدا دەپووکێتەوە. هۆکاری سەرەکیی گەشەکردن و مانەوەی بزووتنەوەی نیشتمانیی گەلی کورد ئەو پشت‌بەستنە بە ئیرادەی خەباتگێڕیی گەلەکەمان و بەشداریی ڕۆڵە ئازاکانی لە مەتەرێزی خەباتدا بووە. بەبێ هیچ دوودڵییەک هێزە سیاسییەکانی ئێران کە باوەڕمەندن بە ڕووخاندنی ڕێژیم و دامەزراندنی سیستمێکی پێشکەوتوو هیچ بژاردەیەکی دیکەیان لە بەردەستدا نییە، ئێمەی کوردیش کە ئامانجمان وەدیهێنانی کوردستانێکی ئازاد و یاسامەند لە چوارچێوەی سیستمێکی دێموکراتیک و فیدراڵ‌دایە، دەبێ خەباتی شار و شاخمان زیاتر بە گوڕ و تین بکەین. ئەزموونی خەباتی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوو پێمان دەڵێ خولانەوە لە دەوری کایەی باڵەکانی ڕێژیم و دروشمی بێ‌بنەما جگە لە بەلاڕێدابردنی کاروانی خەبات هیچ ئامانجێک ناپێکێ، هەربۆیە دەبێ کوردستان وەک هەمیشە کە نازناوی سەنگەری ئازادی بە باڵایدا بڕاوە، بەشکۆتر لە جاران ئەو خەباتە بباتە پێش. ئەم ئەرکەش دەکەویتە ئەستۆی ناوەندی هاوکاری کە هەڵگری ئامانجەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و دەبێ لە هەموو بوارەکانی سیاسی، دیپلۆماتیک، ڕاگەیاندن، گرینگیدان بە خەباتی پێشمەرگانە، ڕێکخستن و جەماوەری و بانگهێشت‌کردنی هەموو هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چالاکانی مەدەنی ئەو خەباتە لە ئاستی نێونەتەوەیی و نێوخۆییدا شوێندانەرتر بکا.

 

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*