ئۆپۆزیسیۆن و ڕێگەی تێپەڕبوون لە کۆماری ئیسلامی

کەماڵ کەریمی

دوای ٤٢ ساڵ لە بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا ئیستا ئیتر کەم کەس هەن کە بە جۆرێک بیر لە ڕزگاربوونی وڵاتەکەیان لە چنگ ئەم دەسەڵات‌خوازە نابەرپرسانە نەکەنەوە. دەسەڵاتدارانێک کە تەنیا بیر لە مانەوەی خۆیان بە هەر ڕێگەیەک و درێژکردنەوەی تەمەنی حکوومەتەکەیان دەکەنەوە.

لە تەواوی ماوەی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیدا خەڵک تەنیا قوربانیدان و بێکاری و نەداریی روو لە زیادبوون و بەشمەینەتییان پێ بڕاوە. ئەویش لە وڵاتێکدا کە سەرچاوەکانی وەدەستهێنانی داهات بۆ ژیاندنی خەڵک نەتەنیا کەمتر نییە لە وڵاتانی پێشکەوتووی ناوچە، بەڵکوو بگرە لە زۆر لایەنەوە زیادتریشە. بە تایبەت ئەگەر سەرنج بدرێتە توانا فکرییەکانی بەشێک لەم خەڵکە کە بە هۆی دروست‌بوونی وەزعی کارەساتباری وڵات و نەبوونی هیچ چەشنە ئازادی و یاسایەکی دادپەروەرانە، بەداخەوە ڕوو لە هەندەران دەکەن و زۆریشیان لەو شوێنانەی لێی دەگیرسێنەوە وەک کەسانی بەتوانا لە بواری جۆراوجۆردا دەردەکەون و خزمەتی ئەو وڵاتانە دەکەن کە پەنایان دەدەن، دەردەکەوی کە ئەگەر ئەم وڵاتە بە چنگ ئەم کۆمەڵە کەسانەوە نەمێنێ چۆن دەتوانێ ڕێگەی پێشکەوتن بگرێتە بەر و لانیکەم لە باری ژیانی ئاساییەوە خەڵک لە ئاسوودەییدا بژین.

لەم ساڵانەی دواییدا زیاتر دەرکەوت کە بەشی زۆری ئەم خەڵکە لە درێژەی تەمەنی ئەم دەسەڵاتە ناڕازییە و بە قسە و نووسین و دروشمدان و بگرە بەشداریکردن لە دەربڕینی نارەزایەتییەکان لەسەر شەقام و خوێندنگە و شوێنی کار، بیر و هەستی خۆی بەئاشکرا دەربڕیوە. وڵامی دەسەڵاتدارانیش لەبری بیرکردنەوە لە کێشەکانیان تەنیا هەڕەشە و گرتن و کوشتن بووە. بەڵام حکوومەت لەم دوورگە نائارامەدا کە لە نێوخۆدا وەک گڕکان دەکوڵی و لە دەرەوەش بە هۆی کێشەنانەوە لەگەڵ ڕۆژاوا و وڵاتانی ناوچە و بە تایبەت وڵاتانی دراوسێی وەک تورکیە، ئازەربایجان، ئەفغانستان و سعوودییە گەمارۆ دراوە، هەروا درێژە بە دەسەڵاتدارییان دەدەن.

یەکێک لە هۆکارەکانی ئیمکانی درێژەی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ناڕەزایەتی بەرینی خەڵک لەم ڕێژیمە پرش و بڵاوبوونی بەرەی دژ بە حکوومەتە. لە نێوخۆی وڵات تێکۆشانی دژبەرانی ڕێژیم هەتا ئێستاش بەوجۆرەی پێویستە شکڵی نەگرتووە و زۆرتر وەک تاکەکان ڕووبەڕووی ڕێژیم دەبنەوە و تاک بە تاک دەکەونە داوی دەزگا ئەمنییەکان و ئەگەر نەکوژرێن لە کونجی زیندان دەپەستێورێن. لەو لاشەوە بەرەی هێزەکانی ناسراوی ئۆپۆزیسیۆنی دژ بە ڕێژیمن کە بە هۆی دابڕانیان لە کۆمەڵگەی ئێران هەرکام بە کەیفی خۆی لێکدانەوە دەکا و نەخشەڕێگا دادەنێ و خەتی کەسی دیکەشی قبووڵ نییە. لە کاتێکدا خەبات لە دژی دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی دەسەڵاتێک کە دژی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەبێ جیاوازیدانان لە شێوەی بیرکردنەوەیان بۆ لایەنگرانی دێموکراسی و ئازادی، پێویستی بە یەکڕیزی بە دوور لە جیاوازییە ئیدئۆلۆژییەکان هەیە، هێز و بەرە جیاوازەکانی ئێرانی بە پێداگری لەسەر ڕوانگە تایبەتەکانی خۆیان ڕێگەی لێک‌نزیکبوونەوەیان لە یەکتر لەخۆ بەستووە. وەک ئەوەی هەرکام چاوەڕێی موعجیزەیەک بن کە دواتر ئەوان بە لووتکەی دەسەڵات بگەیەنێ. خافڵ لەوەی بیرکردنەوە لەوەی هەرکەس بۆ خۆی بیەوێ بە دەسەڵات بگا ڕێگەی گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکە دوور دەخاتەوە.

یەکێکی دیکە لە کێشە سەرەکییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوە دووربوونیانە لە دیتنی بابەتە ڕاستەقینەکانی نێوخۆی وڵات و جیاکاری لە نێوان خۆیان و چالاکانی سیاسی نێوخۆی وڵات کە ئەمەش بێ‌متمانەیی لەنێوان ئەوان و ئۆپۆزیسیۆن دروست کردووە. بابەتێکیتر خۆدزینەوە لە بەشێک لەو کێشانەیە کە بە جۆرێک بۆ نەتەوە جیاوازەکانی ئێران گرینگییان هەیە. ڕاستە تێپەڕبوون لە کۆماری ئیسلامی و گەیشتن بە ئازادی و دێموکراسی بابەتگەلێکن کە کۆمەڵگەی ئێرانی بە گشتی بیری لێ دەکاتەوە و خەباتی بۆ دەکا و تەنانەت قوربانیشی بۆ دەدا، بەڵام خۆدزینەوە لە کۆمەڵێک پرسی دیکە وەک کێشەی نەتەوەکان و چۆنیەتیی پێکەوەژیانی ئەم تێکەڵە جیاوازە لە خەڵکی ئێران بەیەکەوە لە چوارچێوەی یاسایەک کە مافی هەموو دانیشتوانی ئێران بپارێزێ یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئۆپۆزیسیۆنە. لەم نێوەدا ئەم ڕاستییە دەبێ لەلایەن هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنەوە ببیندرێ کە دوای زیاتر لە چوار دەیە خەباتی بێ‌ڕاوەستانی نەتەوەی کورد و بەربەرەکانێی بە کردەوە نەک بە قسەی ئەم بەشە لە خەڵکی ئێران لە کوردستان، دەبێ مافخوازی ئەم گەلەی دەرخستبێ تا ئەو جێگەی کەس و لەژێر هیچ دروشمێکدا نەتوانێ حاشای لێ بکا. ڕوانینی دروست بۆ داهاتووی ئێران لەبەرچاوگرتنی هەموو دابەشکارییە کولتووری، زمانی و جۆغرافیاییەکانە کە دەتوانی بمانخاتە سەر ڕێگەی دروستی پێکەوە ژیان و پاراستنی وڵاتێک کە بۆ هەمووان بێ. دێموکراسی تەنیا وشەیەک نییە کە لە سەری ڕێكکەوتن بکرێ، بەڵکوو بەشداری و خۆدیتنەوەی هەموو ئەو پێکهاتانەیە کە دەبێ دەوریان هەبێ لە تاریف و شێوازی ئەو دێموکراسییەی کە ڕێخۆشکەر دەبێ بۆ پاراستنی یاسایی مافەکانیان و دەستەبەری هەموو چەشنە ئازادییەک دەکا.

دوورەدیمەنی پاراستنی تەواوییەتی ئەرزی ئێران کە یەکێک لەو باسانەیە ئۆپۆزیسیۆن گرینگیی پێ دەدا بە هەر تێچوویەک و بەبێ لەبەرچاوگرتنی ویست و ئیرادەی کەمینە نەتەوەیییەکانی پێکهێنەری ئێران، هەمان سیاسەتی خەڵک‌خەڵەتێنەری کۆماری ئیسلامییە کە لەو ٤٢ ساڵەی ڕابردوودا خەڵکی ئێرانی لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمەکەی بەگژ یەکتردا کردووە. لە کاتێکدا پاراستنی وڵاتێک بە کۆمەڵە خەڵکێک دەکرێ کە لەو وڵاتەدا هەموویان وەک یەک خۆیان بە هاوبەش لە دابینبوونی مافەکانیاندا ببیننەوە. ئەگەر هەر لایەنێک بیەوێ خۆی لەم بابەتە بدزێتەوە بێگومان دەکەوێتە سەر هەمان ڕێچکە کە کۆماری ئیسلامی پێیدا تێپەڕی. ئەگەر حیزبێک یا هاوپەیمانییەکی سیاسی لەنێو ڕێکخراوە سەرانسەرییەکاندا بیەوێ بیر لە ڕێگەچارە بۆ تێپەڕبوون لە کۆماری ئیسلامی بکاتەوە بێگومان دەبێ سەرنج بداتە ئەو بابەتە گرینگە و بزانن کە بە دوور لە ڕەچاوکردنی مافە تایبەتەکان لەپاڵ ماف و داخوازییە گشتییەکانی گەلانی ئێراندا بڕینی ئەم ڕێگە حاسان و بێ کێشە نابێ. هەر بۆیە بۆ وەسەریەکخستنەوەی هەموو هێز و تواناکانی لاینگری دەربازبوون لە کۆماری ئیسلامی پێویستە هاوپەیمانییەک لە نێوانیان و حیزبە ناوچەییەکانی نەتەوە جیاکانی ئێران و ڕێکخستنە سیاسی و مەدەنییەکانی نێوخۆی وڵات پێک بێ. هاوپەیمانییەک کە لە ئێستاوە بە دەرکی ڕاستییەکانی نێو کۆمەڵەگەی ئێران ددان بە یاسایی بوونی مافی هەموو لایەکدا بنێ.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*