تاوانی سیاسی لە ناڕوونیی یاسادا

سەلاح خزرپوور

یەکێک لە ئاواتەکانی کۆمەڵگەی مرۆیی دەستەبەری مافە بنەڕەتی و ئازادییە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤە. خەبات بۆ ئەو ئامانجەش ڕێگایەکی سەخت و دژواری بڕیوە و بە شێوەی ڕێژەیی لە هیندێک وڵات گەیوەتە ئاکام و لە زۆر وڵاتی داخراوی سیاسییشدا سەرەڕای تێچووی زۆریان بۆ چالاکانی مەدەنی و سیاسی ئەم هەوڵانە بەردەوامن.

کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێک لەو حکوومەتە سەرەڕۆیانەیە کە لە ماوەی پتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی خۆیدا بە هەموو توانای سەرکوتگەرانەی خۆیەوە لەدژی جیابیرانی جوڵاوەتەوە. گرتن، ئەشکەنجە، سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای ئێعدام بە تۆمەتەکانی دژایەتی لەگەڵ خودا و فەساد لەسەر عەرز بەسەر چالاکانی سیاسی و مەدەنی بەدرێژایی تەمەنی ڕێژیم درێژەی بووە. ئێعدامی بەندکراوانی سیاسی کە لە کوردستان بە ئێعدامی ٥٩ لاوی مەهابادی دەستی پێ کرد و بە کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ١٣٦٧ – کەبەپێی ئامارەکان زیاتر لە چوار هەزار بەندکراوی سیاسی لەو ساڵەدا ئێعدام کران- گەیشتە لوتکەی خۆی، سیاسەتی نەگۆڕی کۆماری ئیسلامی بووە.

چەمکی تاوانی سیاسی لە کۆمەڵگەی پێشکەوتوو و ئازاددا بابەتێکی جێگرتوویە و ئەوە بە مافی هەر هاووڵاتییەک دەزاندرێ چالاکیی سیاسیی هەبێ و ڕەخنە لە ئەکت و ڕەفتاری سیاسیی دەسەڵات بگرێ. بەڵام لە وڵاتە داخراوەکاندا کە ئازادیی سیاسی و ڕادەربڕین بە چالاکیی ئەمنیەتی دژی دەسەڵات لێک دەدرێتەوە، ڕەفتاری سیاسی دەبێتە تاوان و سزای لەسەرە.

تاوانی سیاسی لە گشتییەتی خۆیدا بریتییە لە کردن یان نەکردنی هەر کارێک کە ئاڵوگۆڕ لە ڕەفتاری سیاسیی دەسەڵاتی مەبەست بێ و حکوومەت سزای بۆ لەبەرچاو گرتبێ. بەو پێیە تاوانبار (چالاک)ی سیاسی ئەو کەسانەن کە لەپێناو خەم و پرسێکی گشتیی کۆمەڵدا هەڵدەسووڕێن و لەدژی دەسەڵات هەڵوێستیان هەیە و لەو سۆنگەیەوە دەگیرێن. کەواتە زیندانیی سیاسی باجی بیرکردنەوە و ئەکتە سیاسییەکەی دەدا و لەپێناو دادپەروەری و ئازادیی خەڵک و کۆمەڵگەیە دەگیرێ و تاوانەکەی دەدا، نەک بەرژەوەندیی شەخسیی خۆی.

تاوانی سیاسی لە سەردەمی مەشرووتەوە هاتۆتە نێو ئەدەبییاتی سیاسیی ئێرانەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا کە گیانی هەزاران هەزار بەندیی سیاسی گیراوە و بە دەیان هەزار کەس باشترین کاتەکانی تەمەنیان لە پشت میلەکانی زینداندا بەڕێ کردووە، کەچی تاوانی سیاسی هەتا ئێستاش پێناسەی ڕوونی بۆ نەکرا. تا ئەو ڕادەیە کە کۆماری ئیسلامی ئیدیعا بکە تاقە یەک زیندانیی سیاسی لەو وڵاتەکەیدا نییە و ئەوانەی بەو ناوە ناویان دێ، کەسانێکن کە لەدژی خودا و ئەمنییەتی وڵات جووڵاونەتەوە. هەروەها بۆ سەرکوت و قەڵتوبڕی دژبەرانی سیاسیش هەموو ڕەفتاری نایاسایی خۆیان بەیاسایی کردووە و لە بەرژەوەندیی دەسەڵات ڕێوشوێنیان بۆ داڕشتوون و بە کەمتری تێچوو سەرئێشەی گەورەی ڕەخنە و دژایەتیی سەر خۆیان سووک دەکەن. دەزگا ئەمنیەتییەکان ئەم کارەیان بۆخۆیان تابڵێی ئاسان کردووە. بەندیی سیاسی هەتا شەرای مەرگ ئەشکەنجە دەکەن. ئەگەر لەژێر ئەشکەنجەدا مرد کە مرد، ئەگەریش گیانی دەرباز کرد، بە ناچارکردنی بە داننانی زۆرەملێ بە تاوانی نەکردوو، تاوانی دژایەتیی خودا و ڕەسووڵی خودا و فەساد لەسەر عەرزیی دەدەنە پاڵ و خوێن و ژیانی حەڵاڵ دەکەن. کۆماری ئیسلامی چل ساڵە ئەمنییەتی پۆلیسیی خۆی بە نرخی ئەو سەرکوت و کوشتوبڕەی زیندانیانی سیاسی و لەبەنددا ڕاگرتنی چالاکان و هەڵسووراوان پاراستووە.

ڕەوتی بەردرێژی پێناسەی تاوانی سیاسی لە ئێران دواجار ئەوەی لێ کەوتەوە کە پاش مشتومڕی دەیان ساڵەی نێوان مەجلیس، شوڕای نیگابان و کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام یاسایەک لە مجلیس بەو ناوە پەسند بکرێ کە نەک لە هیچ بڕگەیەکیدا مافی بەندیی سیاسی لەبەرچاو نەگیراوە، بەڵکوو خاڵ بە خاڵی لە بەرژەوەندیی نیزامی سیاسیی وڵات و بەدڵی دەزگای داد و ناوەندە ئەمنیەتییەکان داڕێژراوە. جارێ پێش ئەوە هەر لە قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیدا و لە ئەسڵی ١٦٨ی ئەم یاسایەدا هاتووە کە دادگایی‌کردنی تاوانبارانی سیاسی دەبێ لە دادگایەکی ئاشکرا و بە بەشداریی هەیئەتی مونسیفە و لە دادگای گشتی و دادگوستەرییەکاندا بەڕێوە بچێ. ئێستا ئەگەر کارنامەی جەلایی‌پوور و خەڵخاڵییەکان و پەروەندەی کۆمەڵکوژیی زیندانیانی سیاسی لە دەیەکانی ٧٠-٦٠ ـش لەولا دابنێین، دەبینین ئەوەی بۆی نەگەڕاونەتەوە ئەو ئەسڵەی قانوونی بنەڕەتیی وڵات بووە. چونکی ئێستاش چالاکانی سیاسی لە دادگای داخراو، زۆربەیان بەبێ پارێزەر و لە دادگایی‌کردنێکی چەند خولەکیدا تاوانی نەکردوویان دەدرێتە پاڵ و دەزگای قەزایی و دادوەرەکان لەڕاستیدا باسکی ئیجڕایی و یاسایی ناوەندە ئەمنیەتییەکانن. بەو مانایە بازجووەکان لە پەروەندەسازی بۆ چالاکانی سیاسی و مەدەنی چییان گوتبێ و چییان ویستبێ، دادگا لەسەر ئەو دەڕوا. ئەم بابەتە لە کوردستان و بۆ چالاکانی سیاسیی کورد چەند قات لە بەشەکانی دیکەی ئێران زیاتر وەڕاست دەگەڕێ.

لە بڕگەیەکی یاسای نوێی تاوانی سیاسیدا ڕەفتاری سیاسی تەنیا لە ڕەخنەگرتن لە دامودەزگا حکوومەتییەکان و بەڕێوەبەریی ناوەندەکانی سیاسیی وڵاتدا کورت کراوەتەوە، ئەویش بەو مەرجە کە ئەمانە نیازپاکیی لەپشت بووبێ و بە مەبەستی چاکەکاری هاتبن، نەک هەوڵ بۆ بردنەژێر پرسیاری دەسەڵات و هەوڵدان بۆ گۆڕینی! ڕەخنەگرتن لە ڕێبەری و دامودەزگای سەرکوتیش کە بڤەیە و باسی سەرە!

لایەنێکی دیکەی ئەم یاسایە ناڕوونیی پێناسەکە و ئەو سەڵاحییەتەیە کە بە دادگا و قازی دراوە کە بە لێکدانەوەی خۆی دەستنیشانی بکەن چ ڕەفتار و کردەیەک دەتوانێ تاوانی سیاسی بێ و کام دەچێتە چوارچێوەی ئەمنییەت لەدژی نیزام! سروشتییە کە لە ئێراندا دەزگای قەزایی نەک سەربەخۆ نییە، بەڵکوو وەک گوترا باڵی جێبەجێکاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانە و ڕوونە کە هەموو هاوکێشەکان لە بەرژەوەندیی دەسەڵات دەشکێنەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*