دوڕگە بەناو ئارام و شڵەژاوەکەی ناوچە

شۆڕش شاباز

بەردەوام لە کاربەدەستانی ئێران و لە بەرپرسانی ئەمنییەتی و سەربازیی ڕێژیم ڕا بگرە هەتا شوڕای ئەمنییەتی میللیی وڵاتەوە دەبیستین کە ئێران لەڕووی ئەمنیەتییەوە دوڕگەی هەرەئارامی ناوچەیە؛ ئیدیعایەک کە لە ئێستادا پتر لەهەر کاتێک لە گاڵتەجاڕ دەچێ.

لەگەڵ دەسپێکی بەهاری عەرەبی ترس لە گەیشتنی ئەو شەپۆلە شۆڕشانە بە  وڵاتی ئێرانیش، کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی هێنایە سەر ئەو قەناعەتە پشتێندەیەکی ئەمنیەتیی قایم‌وقۆڵ بە دەوری وڵاتدا بکێشن بۆوەی ڕێژیمەکەیان بە دەردی دەسەڵاتەکانی میسر و لیبی و یەمەن و سووریە نەچێ. بە وەها ڕوانگەیەکەوە دەسەڵات خۆی خستە گۆڕەپانێکی سەربازی و دەستێوەردەرانە لە دەرەوەی سنوورەکانی کە ئێستاش لە وڵاتانی سووریە، یەمەن، عێڕاق و لوبناندا بە بۆڵدی دیار و بەرچاوە. ڕوانگەیەک کە ئەگەرچی لە بنەڕەت‌ڕا لەسەر بناخەی ناردنەدەرەوەی شۆڕش دەوەستێ، بەڵام بە خوێندنەوەی ئەمڕۆییان زیاتر پاراستنی ڕێژیمەکەیان مەبەستە.

ئەو قۆناغە لە پشتێنەی ئەمنییەتی بۆ پاراستنی نیزام گوشاری ئەمریکا و سزا ئابوورییەکانی بۆ ڕێژیم لێ کەوتەوە و بووە هۆی ئەوەی کۆمەڵگە و ویست و داخوازەکانی خەڵک کەمترین بایەخیان لای ڕێژیم نەمێنێ و دەورلێدانەوەی گەمارۆکانیش لەسۆنگەی گەندەڵییەکانی پێشوویان دادیان نەدا. ئەوەش وایکرد تا بە خەیانەتی گرێبەستی ٢٥ ساڵەیان لەگەڵ چین کە هەر هەمووی لە بەرژەوەندیی وڵاتی سووری کۆمۆنیست دایە، بیانەوێ چەند ڕۆژێکی دیکەش تەمەنی دەسەڵاتە نگریسەکەیان درێژتر بکەنەوە.

بەڵام داتەپینی ئابووریی وڵات، گرانی و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان بووە هۆی ئەوەی سەرهەڵدانی بەردەوام کە وەک بینیمان لە خەزەڵوەری ٩٨دا گەیشتە تەقینەوە و ڕێژیم بە سەرکوتی خوێناوی و بێ‌بەزەییانە بەناو ئەمنییەتە سەقامگیرەکەی بۆ دوڕگە ئارامەکەی گەڕاندەوە. ئەو دوڕگە ئارامەی پاراستنی ئارامییەکەی کۆت و بەند و تەناف و خوێنڕشتنی بەردەوامی گەرەکە و بۆ ئەوەش چ سنوورێک ناناسن. بەڵام ئەو دوڕگە ئارامەی ڕێبەرانی ڕێژیم ئیدیعای دەکەن و بە زەبروزەنگ و ترس و تۆقاندن هەوڵی بەردوامیی دەدەن زۆر شڵەژاوتر و شکێنەرتر لەوەیە کە باسی دەکەن. بۆ ئەوەش دەتوانین دزین و بەتاڵانبردنی ئەرشیڤی زانیارییە ئەتومییەکانی ئێران بە نموونە بێنینەوە کە وەک بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆک‌وەزیرانی ئیسڕائیل لە بانەمەڕی ١٣٩٧دا ئاماژەی پێدا، زیاتر لە “نیو تۆن” بەڵگەنامەیان لە بنکەی نهێنیی “عیماد” لە عەمبارێکی نیزیک تاران هێنایە دەرێ و لە سنوورەکانی وڵات ئاودیویان کرد و کاربەدەستانی ڕێژیمیش حاشایان لێ نەکرد. یان کوژرانی دەیان زانای ئەتومیی ڕێژیم کە موحسین فەخری‌زاد تازەترینیان بوو.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە پێکهاتەیەکی ئەمنیەتی کە نەتوانێ ئەمنیەتی بەڵگەنامە هەرە نهێنییەکانی دەزگا هەستیارەکانی خۆی بپارێزێ و دابینیان بکا؛ چۆن دەتوانێ ئەمنیەتی کۆمەڵگە دابین بکا مەگین ئەوەی خوێندنەوەی بۆ ئەمنیەت تەنیا کڕومات‌کردنی کۆمەڵگە بە زەبری سەرکوت و کوشتوبڕ بێ.

ئەوە ڕاستییەکە کە کەلێنی ئەمنیەتیی قووڵ لەنێو دامەزراوە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمدا هەیە و لەو سۆنگەیەوە ناوەندە سەربازی و ئەتومی و ئەمنیەتییەکانی هەر جارناجارێک دەکەونە بەر هێرش و پەلاماری سایبێری، یان دەتەقێندرێنەوە. بەڵام ڕێژیم قەزای دیزە لە گۆزە دەخا. بەو مانایە کاتێک لە بەرامبەر هێز و دەسەڵاتی دەرەکیدا زەبوون و دەستەوستانە، شکان و دۆرانەکانی خۆی بە سەرکوتی خوێناویی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە گشتییەکانی خەڵک قەرەبوو دەکاتەوە و ئێمەی کورد ڕۆژانەش درێژکراوەکەی ئەو سیاسەتە لە سەرکوتی بزووتنەوە مەدەنییەکانی کوردستان را هەتا کوشتاری بەردەوامی کۆڵبەران و کاسبکارانی ناوچە سنوورییەکان دەبینین. کورد گوتەنی ڕێوێی دەرێ و شێری نێوماڵ لە کوشتوبڕی خەڵکی مەدەنی و ئاسایی خۆی وەستایە و لە بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە و هێرشی نەیارە دەرەکییەکانی دۆڕاو و مایەپووچ.

ڕێژیم کە دواوێستگەی ئەمنییەت و پاراستنی خۆی لە خاوەنێتیی چەکی ئەتومی و پێشکەوتووترین جۆری مووشەکەکاندا دەبینێ، خەڵک و ماف و داخوازییەکانی کۆمەڵگەی بە یەکجاری وەلا ناوە و بۆ ئەوەش دەستی لە هەموو شتێک و پێش هەموویان شەرعییەتی نەبوویشی شوشتۆتەوە. ڕێژیم کە زۆر باش دەزانێ کەمترین متمانە و ڕەواییەتی لای خەڵک نییە و تەنانەت خامنەیی لە یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ کابینەی ڕەئیسی‌دا دانی پێدا هێنا؛ خەڵک لە دەرەوەی هەموو بازنەکانی ئەمنیەتی حاکمییەت و بەرژەوەندییەکانی خۆیدا دەبینێ، بۆیەش سەرکوت و قەڵتوبڕی ئەو خەڵکەشی بۆ ئەمنییەتەکەی پێویستە. حکوومەتەکان لە دنیای ئەمڕۆدا بۆ مانەوەیان لە دەسەڵاتدا هەوڵ دەدەن کێشە و ئارێشەکانی کۆمەڵگە چارەسەر بکەن و وەڵامدانەوە بە داوای خەڵک وەک گەرەنتیی درێژکردنەوەی دەسەڵات خۆیان سەیر دەکەن، بەڵام حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی لە چوار دەیەی ڕابردوودا بەوە ناسراوە کە قەیران بە قەیران دادەگیرسێنێ و بە خوڵقاندنی قەیرانی نوێ قەیرانی پێشووتری پەردەپۆش دەکا و بەوە تەمەنی خۆی درێژتر دەکاتەوە. هەر ئەو قەیرانخوڵقێنییانەش باجەکەی دەبێ خەڵک بیدەن و هەر ئەو خەڵکەش کە بێ‌مافی و داوخوازییەکان بەرەو دەربڕینی ناڕەزایەتی پاڵی پێوەنان، لە سەر شەقامەکان خەڵتانی خوێن دەکرێن و بەوەش ئەمنییەت لە ڕوانگەی ڕێژیمەوە جێگیرە!

پرسی نەتەوەکان و کەمایەتییە ئایینییەکان یەک لە بابەتە هەستیارەکانی دیکەی کۆمەڵگەی ئێرانە کە کۆماری ئیسلامی ئەوانیش لە خانەی پاراستنی ئەمنیەتی کەڵانی خۆیدا پێناسە دەکا. عەرەبەکانی خوزستان لەگەڵ ئەوە شیعەن و هیچ ناکۆکییەکی مەزهەبییان لەگەڵ ناوکی دەسەڵات نییە و، سەرەڕای سەرچاوەت نەوتیی زۆر و زەوەندیان؛ کەمترین مافی ئینسانیی خۆیان نەدراوەتێ. ناوەندە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم بە بیانووی بیری سەربەخۆییخوازی لەو ناوچەیە هەرچەشنە ناڕەزایەتی و جموجۆڵێکی مەدەنی و مافخوازانەی خەڵک سەرکوت دەکەن. سەیر ئەوەیە زمانی نەتەوەیی عەڕەبەکان لە حەوزەکانی عیلیمییە و ناوەندە ئاینییەکانی دەسەڵاتدا بڕشت و ڕمێنی هەیە، بەڵام خەڵکە خۆیان بۆیان نییە پێی بخوێنن؛ چونکی ڕێژیم ئەمە لەدژی ئەمنییەتە پێناسەکراوەکەی خۆی دادەنێ. کوردەکان چەند قاتی عەڕەبەکان و لەسۆنگەی خەباتی دەیان ساڵەی مەدەنی و پێشمەرگانەیانەوە لە بازنەی ئەمنیەتیی ڕێژیمدا جێ دەگرن و سەرکوت دەکرێن و بەلووچ و نەتەوە نافارسەکانی دیکەش لە زۆر مافی نەتەوایەتی و هاووڵاتی‌بوونیان بێبەشن.

هۆکارێکی دیکەی بەردەوامیی ئەم ڕوانگەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کورد و بەلووچ و تورک و ئەفغانی خۆیان بە کەمایەتی نازانن. کوردەکان دەڵێن نەتەوەیەکی سەروو چل میلیۆن کەسین و بۆ نموونە لە باشووری کوردستان دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبەریی خۆیان هەیە و بۆ دەبێ ئەوان لە ئێران وەها مافێکیان نەبێ. یان تورکەکان دەبینن کە دوو وڵاتی تورکیە و ئازەربایجان لە دراوسێیەتی ئێراندا هەن و حازر نین وەک هاووڵاتیی پلە دوو سەیر بکرێن و تەنانەت لە خوێندن بە زمانی زگماکی خۆیان بێبەش بن. کۆماری ئیسلامی ئەمنیەتی خۆی لەوەدا دەبینێ کە بە ڕوانگەی ئەمنیەتییەوە سەیری چالاکییە مەدەنییەکانی کۆمەڵگە لە بوارەکانی ژینگەپارێزی و فێربوونی زمانی دایک و هتددا بکا و پاراستنی ئەمنیەتی خۆی لە بەگژداچوونەوەی هەموو چەشنە هەوڵانەدا ببینێ. بەڵام ئەم نیزامە سیاسییە ناتوانێ لە دەلاقەی ئەم ڕوانگە ئەمنیەتییەوە قەیرانە سیاسییەکانی خۆی و پرسی مافویستی و شوناسخوازیی نەتەوەکان لە ئێراندا چارەسەر بکا.

ئەو گوشارە زۆرەی لەو ماوەیەدا کۆماری ئیسلامی خستوویەتە سەر بزووتنەوەی سیاسیی کورد و حیزبەکانی کوردستان و، بەردەوامی هەڕەشە و هێرشەکانی سپای پاسداران لە درێژەی پەلاماری مووشەکی و تۆپخانەیی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەم حیزبە؛ فەشەلی و لەرزۆک‌بوونی ئەمنیەتی ئەم ڕێژیمە سیاسییە دەردەخەن. چونکی لە دنیای ئەمڕۆدا ئەمنییەت و سەقامگیریی سیاسیی حکوومەتەکان نەک بە پێوانەی ڕادەی زەبروزەنگ و توانای هێزی سەربازییان بۆ سەرکوت، بەڵکوو بە پێوەری ئەرک‌وەخۆگری و وەڵامدانەوە بە پرس و داخواز و مافە ڕەواکانی خەڵکەکەیان هەڵدەسەنگێندرێ.

بێگومان دوڕگەی ئارامی ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی بێ‌ئاوردانەوە لە پرسە سەرەکییەکانی کۆمەڵگە ئارامی بە خۆیەوە نابینێ و کۆڵنەدانی نەتەوەکانی ئێران، خەباتگێڕی و مافویستی ئەوان کە ئامادەن هەموو تێچوویەکیشی بۆ بدەن؛ پتر لە جارانیش ئەم گۆمە دەشڵەقێنێ و خەو لە چاوی کاربەدەستانی ڕێژیم دەتارێنێ.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*