گەلۆ هاوپەیمانییەک لە نێوان ئێران و چین هەیە؟

ئورشەلیم پۆست – جاناتان سپایەر و: کەماڵ حەسەن‌پوور

ڕۆژی ١٧ی سێپتەمبەری ڕابردوو، لە کۆبوونەوەی دوشەنبە لە تاجیکستان، ئەندامانی ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای، بە دەنگدان ئەندامەتیی ئێرانیان لەو ڕێکخراوەدا پەسەند کرد.

ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای، لە ٢٠٠١ لەلایەن چین و ڕوسیە وەک هاوپەیمانییەکی ئابووری، سیاسی و ئەمنیەتی، دامەزرێندرا و هەنووکە هەشت وڵات تێیدا ئەندامن، چین، ڕووسیە، پاکستان، هیندوستان، قەزاقستان، قرقیزستان و تاجیکستان. بەیەکەوە، ئەو وڵاتانە ٪٢٠ ی کۆی بەرهەمی نەتەوەیی جیهانیان بەدەستەوە و ٪٤٠ی حەشیمەتی دنیا پێک دێنن.

یەکەم هەوڵی ناسەرکەوتووانەی ئێران بۆ ئەندامەتیی تەواو لە ٢٠٠٨دا بوو. ئەوکاتی، داواکەی ئێران لەبەر دژایەتیی هێندێک وڵاتی ئەندام بەرانبەر بە ئەندامەتیی ئەو وڵاتە بەهۆی ئابلۆقەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان، پێوەندیدار بە بەرنامە ناوەکییەکەی ئەو وڵاتە، بوو.

ساڵی ڕابردوو تاران جارێکی دیکە داوای کردەوە. هەوڵەکانی دیسان لەبەر دژایەتیی تاجیکستان شکستی هێنا. بەڵام ئەمجارەیان بەربەستەکان بەرەو ئەندامەتیی تەواو هەڵگیران، ئەگەرچی هێشتا هیچ بەروارێک بۆ بە ئەندامبوونی ئێران دەستنیشان نەکراوە.

 

وەرگیرانی ئێران لە ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای، چەندە گرینگە؟

مێدیای ئێرانی، لە وتارێکدا کە لە لایەن ئاژانسی فرانس پرێسەوە ئاماژەی پێ کراوە، بەو ڕووداوە شاگەشکە بوون. کەیهان، بڵاڤۆکێکی خاوەن هەڵوێستی توندڕەوانە، نووسیی: “لێرە بەولاوە ئێران بۆخۆی سیاسەتی فرەلایەنی جێبەجێ دەکا، وردە وردە پشت لە ڕوانگەیەک دەکا کە پشتی تەنیا بە خۆراوا بەستبوو و ئاسەواری ئابلۆقەکانی خۆراوا کەم دەکاتەوە.”

سەرکۆماری ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی، لە وتارەکەیدا بەرەوڕووی ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای، بە هەمان شێوە لە هەڵسەنگاندنی مانای ئەو ڕووداوە ناڕوون بوو. ڕەئیسی بە ڕێبەرانی ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای گوت: “دنیا چۆتە نێو قۆناخێکی نوێوە. هێژمۆنیی و تاکلایەنی شکستی هێناوە، هاوسەنگیی نێونەتەوەیی لە ئێستاوە بۆ لای فرەلایەنی و دابەشینەوەی دەسەڵات بەرەو وڵاتانی سەربەخۆیە. ئابلۆقە تاکلایەنانەکان تەنیا تاکە وڵاتێک ناکەنە ئامانج. لەو ساڵانەی دواییدا، ئاشکرا بووە کە ئەوان زۆرتر کاریگەرییان لەسەر وڵاتانی سەربەخۆ هەیە، بەتایبەتی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای.”

هاوکات، لە سۆشیال مێدیای فارسدا، محەممەد حەسەن دێهقان، کاربەدەستێکی پێکهاتەی “ئابووریی خۆڕاگری” کە سەر بە سوپای پاسدارانە لە تویتێکدا نووسی کە “ئەندامەتیی تەواو ” لە ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای دەبێتە هۆی “سوودی بەرچاوی ئابووری، ئەمنیەتی و سیاسی” بۆ ئێران.

کە وابوو، گەلۆ هەڵسەنگاندنی ئەو ئێرانییانە دروستە؟ دەکرێ ئەندامەتیی ئێران لە ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای وەک هەنگاوێکی مەزن بەرەو سەرهەڵدانی بلۆکێکی ستراتیجیکی دژی خۆراوا بێ، کە ئێران دەبێتە ئەندامی؟

لە پێتەختەکانی خۆراوا باسی بەردەوام لە دەسپێکی شەڕێکی ساردی نوێ دەکرێ، کە دەبێتە هۆی بەربەرەکانیی وڵاتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانانی دژی چین و، ناوەندی ئەو شەڕە ناوچەی نێوان ئوقیانوسەکانی هیند و ئارام دەبێ.

کشانەوەی خێرای وڵاتە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان ڕەنگبێ هەنگاوێکی نابەجێ بۆ کشانەوە لە هێڵی سووری جەنگەکانی ١١ی سێپتەمبەر بێ، تا سەرنج و سامانەکان ئاراستەی پێداویستییەکانی ئەو کێبڕکێ و سەردەمە نوێیە بکرێ. ئەو چەشنە کێبڕکێ ستراتیجیکییە مێژووییانەی نێوان زلهێزانی جیهانی لە ناوچەیەکی جوگرافیایی دیاریکراودا قەتیس نامێننەوە.  شەڕی ساردی ١٩٩١-١٩٥٠ لە کێبڕکێی دوولایەنانەی سیستەمەکانی ژێر ڕێبەریی وڵاتە یەکگرتووەکان و یەکێتی سۆڤیەت پێک‌هاتبوو، کە کاریگەریی لەسەر هەموو ژینگە ستراتیجیکییە هەرێمییەکان هەبوو.

ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی ئاکوس لە نێوان وڵاتە یەکگرتووەکان، ئوسترالیا و بریتانیا دەرخەری هێڵێکی زەق لە ناوچەی نێوان ئوقیانوسەکانی هیند و ئارامە، یەکگرتنی ئەو سێ وڵاتە ئینگلیزی زمانە هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ سنووردا کردنی هەوڵەکانی چین بۆ پەرەگرتن لەو ناوچەیەدا.

کێبڕکێ جیهانییەکانی پێشوو، وەک هەوڵی دەسەڵاتە ئیمپراتورییەکانی ئەورووپا بۆ سنووردارکردنی سەرهەڵدانی ئاڵمان لە سەردەمی پێش ١٩١٤، بە هەمان شێوە گۆی زەوی گرتەوە (و لەو کێشەیەی کە ئەو هەوڵانە لە کۆتاییدا خوڵقاندی، دنیای گۆڕی).

ئاخۆ ئێمە شاهیدی یەکەم جووڵەکانی کێشانی هێڵی ئەوتۆ لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، بە دەرکەوتنی هێڵەکان لە نێوان بلۆکەکانی هاوتەریبانی ئەمریکا و هاوتەریبانی چین، لە ئاسۆین؟

یەکەم، چەند هۆشدارییەک پێویستن. ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای هێشتا بە هیچ شێوەیەک لە هاوپەیمانییەکی ستراتیجیکیی بە ڕێبەرایەتیی چین دژی خۆراوا نزیک نییە. ئەندامەکانی هیندوستان دەگرێتە خۆ کە کێبڕکێ‌کاری چین و هاوپەیمانی خۆراوایە. ڕێکخراوەکە دەگەڵ ئێرانیش، لە دڕدۆنگی بەرانبەر بە سیستەمی نێونەتەوەیی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا هاوتەریب نییە. لە جیاتان، ئابلۆقەکان نیگەرانییەکی سەرەکیی بۆ پێشگرتن بە ئەندامەتی تەواوی تاران لە ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای بوون.

تەنانەت هەنووکە، هێڵێکی کاتی بۆ بەئەندامبوونی تاران لە ڕێکخراوەکەدا هێشتا ڕانەگەیەنراوە. وەبەرهێنانی مەزن لە لایەن ڕووسیە، چین و هیندوستان لە ئێران بێ‌گومان بە هەڕەشەی ئابلۆقەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان چاوترسێن دەکرێن. جێگای ئاماژەیە کە شێوەی وەبەرهێنانی چین لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دەگەڵ هاوپەیمانییەکی تۆخ دەگەڵ بلۆکێکی ناوچەیی یەک ناگرێتەوە. بەیژینگ کڕیارێکی مەزنی نەوتی عەڕەبستانە و، بازرگانی بەربڵاوی دەگەڵ ئیسڕائیل و ئیماڕاتی یەکگرتووەی عەڕەبی هەیە.

لەگەڵ ئەوەشدا و بە هەموو هۆشیارکردنەوەکان دژی ساکارکردنەوەی لە ڕادەبەدەر، ئاراستەیەکی گشتی بۆ ڕووداوەکان بەدی دەکرێ و ئەو ئاماژە بە هاوتەریبی لە نێوان بەیژینگ و تاران، لەسەر بناخەی بەرژەوەندییە هاوبەشە ڕەق و درێژمەوداکان دەکا. ئەندامەتی لە ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای هۆی پتەوکردنی ئەو پرۆسەیە نییە، ئەوە ڕێ‌نیشاندەرێکی سەر ڕێگایەیە.

لە ٢٧ی مارسی ٢٠٢٠، تاران و بەیژینگ ڕێککەوتنێکی ستراتیجیکی ٢٥ ساڵەیان، بە وەبەرهێنانی ٤٠٠ میلیارد دۆلاری لە لایەن چینەوە لە ئێران، ڕاگەیاند. ئەو ڕێککەوتنە زۆرتر نەخشە ڕێگایەکە بۆ داهاتوو، نەوەک ڕێککەوتنێک کە ئاسەوارەکەی دەسبەجێ دەردەکەون. ئەوە بەو مانایە نییە کە ڕەت بکرێتەوە. بەرزبوونەوەی پلەی ئەندامەتیی ئێران لە ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهایدا یەکەم ئاسەواری هەستپێکراوی ئەو ڕێککەوتنەیە.

ئێران بەشێکی سەرەکیی دەسپێشخەریی بەرزەفڕانەی پشتێند و جادەی (جادەی ئاوریشمی نوێ کە چین لە پشتیەتی. و.) چینە. دەسپێشخەریی پشتێند و جادە بەتەمایە ڕێگای بازرگانیی وشکانی و دەریایی لێکدانەبڕاوی هاوتەریبی چین، لەوێوە بۆ ئەوراسیا مسۆگەر بکا.

ئێران بۆ وڵاتانی ناوەندی ئاسیای ئەندامی رێکخراوی هاوکاریی شانگهای کە سنووری ئاوییان نییە، ڕێگای دەسڕاگەیشتن بە دەریای عەڕەب و ڕێگا ئاوییەکانی نێونەتەوەیی دەستەبەر دەکا. گونجاندنی ئێران لە دەسپێشخەریی پشتێند و جادە یارمەتی بە هەوڵی چین بۆ بوون بە دەسەڵاتێکی خاوەن هێژمۆنی لە ئەوراسیا دەکا کە کۆنتڕۆڵی ڕێگا بازرگانییەکانی ئەو وەڵاتە لەگەڵ وڵاتانی هاوتەریبی خۆی بەدەستەوەیە.

لەو ڕوانگەیەوە، وێناچی چین بەرانبەر بەو ڕاستییە، کە هێشتا لە لایەن چاودێرە ساویلکەکانی خۆراواوە وەک پێویست لەبەر چاو ناگیرێ، بێ تەفاوەت بێ کە تاران دەسەڵاتی سەرجەم خاکی نێوان سنوورەکانی ئێران-عێراق و دەریای مەدیتەرانەی بەدەستەوە بێ کە لە سێ وڵاتی بەناو عێراق، سووریە و لوبناندا هەڵکەوتوون.

بۆ چین، ئێران وڵاتێکی بەهێز، سەقامگیر و بێ هەڕەشەیە (بۆ سەر چین. و.). هەڵوێستی دژە ئەمریکایی ئێران بەکەڵکی چین دێ تا دڵنیا بێ کە هیچ ئەگەرێک بۆ قوماری ئەو وڵاتە لە کێبڕکێ ستراتیجیکییەکەی نێوان واشینگتۆن و بەیژینگ ناکا. ئەوە سەرەڕای ئەو ڕاستییەیە کە چین، بێگومان، هاوڕای بنەما ئایدیۆلۆژییەکانی دەسەڵاتداریی لە ئێران نییە. بەڵام لەو ڕوانگەیەوە، سروشتی شیعەی ئەو ئایدیۆلۆژییەیە بەو مانایەیە کە ئێران پوتانسیەلی بوون بە سەرچاوەی سەرهەڵدانی، حەشیمەتە نەچەماوە موسڵمانەکەی، کە زۆرینەیان سوننین، نییە.

دەسپێکی پێوەندیی نزیکتر لە نێوان تاران و بەیژینگ هەر ئێستا ئاکامێکی بەرچاوی لێ کەوتۆتەوە. بەرخۆدانی لاسارانە و سەرکەوتووانەی ئێران دژی سیاسەتی “ئەوپەڕی زەخت” لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە لەکاتی بەرێوەبەرایەتی ترامپ تا ڕادەیەک بەهۆی بوونی چین وەک جۆرێک “بیمە” بوو کە تاران پشتی پێ بەستبوو. کڕینی بەردەوامی نەوتی خاوی بە نایاسایی هەناردە کراوی ئێران لە لایەن چێنەوە، بە تایبەتی، دەرفەتی وەدەستهێنانی داهاتی نەوت سەرەڕای ئابلۆقەی “ئیفلیجکەر”ی بۆ تاران دەستەبەر دەکا. سەردەمی ئەوپەڕی زەخت ئێستا کۆتایی هاتووە. تاران لە پەڕینەوە لە “بەربەستی” بوون بە دەسەڵاتێکی ئەتۆمیی نزیک دەبێتەوە (یان بە گوتەی هێندێک کەس، هەر ئێستا یەکێک لەوانە). بەیژینگ، بە بەرگریی لە تێکڕمانی ئابووری ئێران، دەورێکی سەرەکیی لەو ڕوانگەیەوە هەبووە.

کەوابوو کێبڕکێیی جیهانیی کە خەریکە لە نێوان وڵاتە یەکگرتووەکان و چین دەست پێ بکا، خۆرهەڵاتی نێوەڕاست وەک ناوچەیەکی بێلایەن ناهێڵێتەوە  و دەگەڵ پەرە ئەستاندنی ئەو دوو بەرەیە، تاران، لەبەر هۆی ژێئۆستراتیجیکی و سیاسی وێدەچێ زۆرتر لە بەیژینگ نزیک بێتەوە. ئەندامەتیی ئێران لە ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای بڕگەیەکی بەرچاو لەو ڕێگایەیە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*