کەلێنی نەتەوەیی، ناسیۆنالیزم و وەرچەرخانەکانی گوتاری سیاسیی حیزبی دێموکرات (دەورەی پەهلەوی) (بەشی دووهەم)

د. ئازاد محەممەدیانی

گوتاری سیاسیی بەشداری‌خوازیی حیزبی دێموکرات

دوای هەرەسهێنانی کۆماری کوردستان و لە سێدارەدانی قازی محەممەد و هاوڕێکانی، کەش‌وهەوای مەهاباد و کوردستانی ژێر دەسەڵاتی کۆمار میلیتاریزە و پۆلیسی کرا و ئەندام و هەوادارانی حیزبی دێموکرات کەوتنە ژێر چاوەدێری و ڕاوەدوونانەوە. شارێک کە بە قەولی “جان فوران” بە شاری کراوەیی سیاسی لە بەرامبەر کۆنترۆلی توندی حکومەتی ناوی دەهات، دیسان کەوتەوە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی. بە پێچەوانەی ناوەند کە دوای خەرمانانی  ١٣٢٠ تا کوودەتای ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢ دۆخێکی ئازادیی بە خۆیە دەدی و ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی سیاسی و چالاکیی حیزبە سیاسییەکان دەبیندرا، لە کوردستانی پاش ڕووخانی کۆمار لە ساڵی ١٣٢٥دا کەش‌وهەوایەکی پۆلیسی و ئەمنی حاکم بوو و ئەڕتەش ببووە حاکمی ڕەهای کوردستان. سیاسەتی حکوومەت بە نیسبەت کوردستان و بە تایبەت ناوچەی مەهاباد، سیاسەتی داگیرکاریی نیزامی بوو، واتە ئەم ناوچەیە بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی ئەرتەشدا بوو، لێپرسراو و مەئموورێک کە دەهاتە ئەم دەڤەرە لە پلەی ناوین بۆ خوارێدا بوو. هیچ چەشنە چالاکییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەو ناوچەیەدا بە دی نەدەکرا، تەنانەت لە مەجلیسی شازدەی شوڕای میللیدا کە ساڵی ١٣٢٨ کراوە، مەهاباد، ناوەندی کۆماری کوردستان، هیچ نوێنەرێکی نەبوو. بەڵام ئەگەرچی لە کوردستان دوای ڕووخانی کۆمار دۆخێکی پۆلیسی زاڵ بوو و بڵاوبوونەوەی چالاکانی سیاسی ببووە هۆی ئەوەیکە کەش‌وهەوای گەرم‌وگوڕی ساڵەکانی ٢٤ و ٢٥ ببێتە دۆخێکی سارد و سڕ و ناهومێدی باڵی بە سەر وڵاتدا کێشابوو، بەڵام بە گشتگیربوونی چالاکیی محەممەد موسەدیق لە ناوەند و سەرجەم ئێران و جەختکردن لەسەر لیبرالیزم وەک بنەمای ناسیۆنالیزمی ئێرانی، کەش‌وهەوای کوردستانیش وردە وردە بەرەو جموجۆڵی سیاسی دەڕۆیشت.

دوای ڕەزاشا لە ناوەند، جموجۆڵی کۆمەڵگە بووە هۆی ئەوەی کە دەرفەتێکی هەستیار  وە دەست ڕێبەرایەتیی ناسیۆنالیزمی لیبرال بکەوێ. ئەم جۆرە لە ناسیۆنالیزم بەشداریی مەدەنیی هەموو پێکهاتەکانی ئێرانی لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتیی مەشروتەوە خستبووە نێو بەرنامەکانی خۆیەوە، حەولی دەدا لە ڕێی مەجلیسی شوڕای میللی و هەڵبژاردنی ئازادانەی نوێنەرانی ئەم مەجلیسە، گۆڤار و ڕۆژنامەی ئازاد و پەرەدان بە نیزامی حیزبی بە چالاکیی هێندێک حیزبی وەک؛ حیزبی ئێران، حیزبی توودە، حیزبی زەحمەتکێشان، هێزی سێهەم، حیزبی پان ئێرانیست و جیبهەی میللی،  قەوارەی دەسەڵاتێکی سیاسی بەشداری‌خواز بە خۆیەوە بگرێ و ڕووکارێکی تایبەت بەم قۆناغەی مێژووی ئێران بدا. ئەم بارودۆخە توانیبووی کار بکاتە سەر کوردستانیش، هەڵبەت بەو هۆیەی کە موسەدیق وەک ڕێبەری بەربەرەکانێ لەگەڵ ئیمپریالیزمی ئینگلیز دەناسرا و سیاسەتی کوردیش لەسەر ئەساسی دژایەتی لەگەڵ ئێمپریالیزم دامەزرابوو، جموجۆڵی لایەنگرانە لە موسەدیق لە کوردستان دەستی پێ کرد. وەک سارمەدین سادق وەزیری دەڵێ: “ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئێمپڕیالیزمی ئینگلیز، بۆ وەدەست هێنانی مافی گەلانی ئێران، بە شێوەیەک پەرەی سەندبوو و قووڵ ببۆوە کە دەنگدانەوەکەی گەیشتبووە کوردستانیش، ڕۆژنامە چەپیەکان، مەبەست بڵاوکراوە ئاشکراکانە، دەگەیشتنە کوردستان و نەخشێکی بەرچاویان لە وریاکردنەوەی کورد و ئامادەکردنیان بۆ بەشداری لە خەباتی کۆمەڵایەتیدا دەگێڕا.”

وێڕای ئەوەی کە موسەدیق دژی لایحەکەی ڕەزم آرا(١) بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنەکانی ئیالەتی و ولایەتی بوو و نەیهێشت لە مەجلیسی شازدەدا پەسەند بکرێ، بەڵام کورد هەرگیز دەستی لە پشتیوانیی موسەدیق لە هیچ قۆناغێکدا هەڵنەگرت، هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە؛ «دەوڵەتی موسەدیق نوختە گۆڕانێک بوو لە سیاسەتی ئێراندا. چونکە ئەو حکوومەتە لەگەڵ هەموو حکومەتەکانی پێشوو جیاوازییەکی ئەساسی هەبوو. حکوومەتێک بوو کە بە پشتیوانیی خەڵک و بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەیەکی زۆر گرینگ وەک میللی‌کردنی نەوت هاتبووە سەر کار و سیاسەتێکی میللی بەڕێوە دەبرد.» (قاسملوو، ١٣٨١) و «جۆری ناسیۆنالیزم و ئامانج و ڕوانگە دێموکڕاتیک و لیبڕالیەکەی موسەدیق و شێوەی حکوومەت‌کردنەکەی بەسەر خەڵکدا کە لە ڕێی هەڵبژاردنەوە بوو،  جموجۆڵ و حەزی خستبووە نێو ڕووناکبیرانی کوردەوە»(انتصار، ۱۳۹۰). گرینگترین نموونەکانی بەشداریی کورد لە پڕۆسەی سیاسیی ئێران و پشتیوانی لە موسەدیق لەو سەردەمدا؛ یەکەم؛ بەشداری لە ڕاپرسی بۆ پشتیوانی لە موسەدیق بوو بە جۆرێک کە «لە مەهاباد لە نێو پێنج هەزار دەنگدا تەنیا دوو دەنگ بۆ لایەنگری سەڵتەنەت کەوتبووە سندووقەوە»(مک داوال، ١٣٨٠). لە بانەش تەنیا دوو دەنگی هاوشێوە هەبوو. دووهەم؛ بەشداری لە هەڵبژاردنی مەجلیسی هەڤدەیەمدا بوو، «ئەوە یەکەم هەڵبژاردن دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان بوو، کە هێندێک پاڵێوراو لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە بەشداری ئەم هەڵبژاردنە بوون،  [ئەم هەڵبژردنە] لە  سەرەتاکانی ١٩٥٢دا بەڕێوە چوو، کە نوێنەرانی ئەم حیزبە بۆ وە دەست‌هێنانی زۆرینەی دەنگەکان بە ئاسانی سەرکەوتن(٢)».

ناسیونالیزمی لیبرالیی محەممەد موسەدیق کە بەشداریی کۆمەڵانی خەڵکی وەک بنەمای دەسەڵاتداری خۆی دیاری کردبوو، توانی حیزبی دێموکرات و کورد تووشی وەرسووڕانی گوتاری بکا، گوتارێک کە لە ساڵەکانی دوای ڕووخانی کۆمار، بەهۆی فەزای پۆلیسی کوردستان خەریک بوو بەرەو جۆرێک ناسیۆنالیزمی ڕادیکاڵ دەڕۆی. ئەگەرچی بە هۆی چالاکی نهێنیی حیزبی دێموکرات وەک تاکە هێزی سیاسیی کوردستان و کەمبوونی بڵاوکراوە و سوخەنڕانیەوە کاری دەرکێشانی واتا گوتارییەکان کارێکی دژوارە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە لە چوارچێوەی لێکدانەوەی گوتاری “لاکلاو و مۆفەدا” جگە لە کردەوە گوتارییە زمانییەکان، کردەوە گوتارییە غەیرە زمانیەکانیش دەتوانن ببنە ماکی گوتار و چەشنی زمانی کردەوە، دالە گوتارییەکانی لێ دەرکێشیـن. لەم قۆناغەدا سیاسەتی کوردی بە بەشداری لە پرۆسەی گشتی و کەڵانی ئێران وەک بەشداری لە ڕێپێوانەکان بۆ پشتیوانی لە موسەدیق، بەشداری لە ڕاپرسی و هەڵبژاردنی مەجلیس، بە کاریگەری وەرگرتن لە گوتاری ناسیۆنالیستی سەربەخۆیی خوازی موسەدیق لە سەر بنەمای سیاسەتی «هاوسەنگی نەرێنی»(٣) و حەول بۆ نەتەوەیی‌کردنی نەوت و ئازادی لە ڕێی پەرەدان بە بڵاوکراوە و ڕۆژنامە و گۆڤارەکانەوە، جیاواز لە کەشی گوتاریی سەردەمی کۆماری کوردستان، شکڵ دەگرێ. پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێ کە لە ساڵەکانی دەسەڵاتدارێتی موسەدیقدا زۆرترین هاوکاری لە نێوان حیزبی دێموکرات و حیزبی توودە وەک یەکێک لە کاریگەرترین حیزبەکانی ئەو ساڵانەی ئێراندا دەبیندرێ. گوتاری سیاسیی کورد لەم قۆناغەدا “بەشداری” وەک دالی ناوەندی ئەم گوتارە هەڵدەبژێرێ و واتاکانی وەک ئازادیی حیزب و دەربڕین، وێڕای زمانی کوردی کە دالی ناوەندی دەوری پێشوو بوو، دەبنە دالی خزی (شناور) ئەم سەردەمە و خودمختاری وەک گرینگترین داواکاری کورد لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتیی مەشروتەدا و چەشنی دالێکی دیکەی ئەم گوتارە لە چوارچێوەی “کەشی گوتاریی” بەشداریدا جومگەبەندی دەکرێن.

 

گوتاری سیاسیی شوناس‌خوازانەی قەومیی حیزبی دێموکرات

پاش کودەتای ٢٨ی گەلاوێژ و ڕووخانی دەوڵەتی موسەدیق، ئەو هیوایەی کە کورد بە سیاسەتە لیبرالی و بەشداری‌خوازانەکانی موسەدیقی بەستبوو لەنێو چوو. لە کوردستان بە شێوەیەکی توندتر ڕووبەڕووی لایەنگرانی موسەدیق بوونەوە و هێندێک لە ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات کە لەو دەورەیەدا، بە شێوەیەکی نیوەئاشکرا چالاکییان دەکرد، تووشی زیندان و هەڵاتن هاتن. «شا وێڕای بە دەسەڵات گەیشتنەوەی هەموو نیشانەکانی بزووتنەوەی ڕزگاری‌خوازیی کوردی لە ژیانی سیاسی ئێران سڕییەوە»(مک داول، ١٣٨٠». ئەگەرچی داخرانی سیاسی لە هەموو جێیەکی ئێراندا دەبیندرا بەڵام لە ناوچە نەتەوەییەکان بە تایبەت لە کوردستان، کە وەک پشتیوانی موسەدیق دەهاتنە ژمار، دۆخەکە جیاواز بوو. «حکومەت بۆ دڵنیابوون لە سیاسەتەکانی هاوشێوەسازی زمانی، کەسانی دەرەکی بۆ بەرپرسیارەتیی ناوەندە پەروەردەییەکانی کوردستان دەنارد و بەو پێیە چالاکیی سیاسی و ئازادی لە کوردستان بەرتەسک بۆوە»(انتصار، ۱۳۹۰). گەڕانەوەی ئەم دۆخە لە ڕوانگەی کوردەوە داخرانی دەروازەکانی گۆڕان بوو، لەم قۆناغەدا حیزبی دێموکرات لە کۆنفرانسێکدا سیاسەتەکانی خۆی بەم شێوەیە دیاری کرد: ڕووخاندنی پاشایەتی، دامەزراندنی شوناسێکی کوردی لە قەوارەی دەوڵەتێکی کوردیی هەڵبژێردراوی خۆیدا و ڕزگارکردنی هەموو کوردستان.(مک داول، ١٣٨٠). لە ڕاستیدا ئەم کۆنفڕانسە کە بۆ تێکەڵ‌کردنەوەی دوو کومیتەی مەهاباد و سنە و دیاریکردنی سیاسەتەکانی نوێی حیزب پێک‌هاتبوو، دەستپێکی گۆڕانێکی مەزن لە سیاسەتی بەشداری‌خوازانەوە بەرەو سیاسەتێکی دژە حکومەتی ڕادیکال بوو.

حیزبی دێموکرات کە دوای کۆماری کوردستان گرینگترین و گەورەترین ئەزموونی بەشداریی خۆی لە پرۆسەی سیاسی ئێراندا هەرچەند بە شێوەیەکی نیوە ئاشکرا  لە دەورەی موسەدیقدا، دیبوو، ئێستا بە نهێنی‌کردنەوەی چالاکییەکانی بەهۆی داخرانی سەراسەری سیاسیی ئێران، بەرەو سیاسەتی ڕادیکاڵی ڕووخێنەرانە دەڕۆیشت کە چارەی کێشەکانی خۆی لە بەشداری لە چوارچێوەی حکوومەتی سەقامگیردا نەدەدی، بەڵکوو تێکدانی ئەم قەوارەیەی بە ڕێگەچارەی گەیشتن بە داواکارییە نەتەوەیی و شوناس‌خوازانەکانی خۆی دەزانی.

لە ڕاستیدا کودەتای ٢٨ی گەلاوێژ و داخرانی دوبارەی کەش‌و‌هەوای سیاسیی ئێران بووە هۆی قووڵبوونەوەی کەلێنی نەتەوەیی و ڕادیکالیزەبوونی گوتاری سیاسیی حیزبی دێموکرات کە بەستێنی بۆ خەباتی چەکداری ساڵەکانی ٤٨-٤٦ خۆش کرد. «کومیتەی ئینقلابی»ی حیزبی دێموکرات بەرهەمی ئەو دۆخە و دژ کردەوەیەک بوو بە نیسبەت سیاسەتەکانی پەهلەویی دووهەم کە بە شێوەیەکی ئاشکرا شوناسی کوردی کە لە دەورەی کۆماردا پشوویەکی هاتبۆوە بەر، خستبووە ژێر گوشارەوە. کومیتەی ئینقلابیی حیزبی دێموکرات، شۆڕشی چەکداری کردبووە شێوازی خەباتی خۆی کە لە ماوەی دوو ساڵدا هێندێک شەڕی چریکی لە سێ کوچکەی مەهاباد-بانە-سەردەشت، وەڕێ خست(کوچرا، ١٣٧٣) کە لە ئاکامدا ئەم بزووتنەوە چەکدارییە کە وەرسووڕانێک بوو لە گوتاری سیاسی کورددا،  سەرکوت کرا.

لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەم قۆناغە دەستبردن بۆ چەک و شەڕی چریکییە کە بەپێچەوانەی دەورەکانی پێشوو ڕوو دەدا، ئەوە لە حاڵێک‌دایە کە تەنانەت لە سەردەمی کۆماردا کە ئەرتەش بەرەو مەهاباد بۆ خستنەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی وەڕێ دەکەوێ، حیزبی دێموکرات دەست بۆ چەک نابا. دیارە وەک گوترا، توندبوونی زمانی ئەو حیزبە بە هۆی سیاسەتەکانی پەهلەویی دووهەم پاش کودەتای ٢٨ی گەلاوێژە، کە قووڵبوونەوەی کەلێنی نەتەوەیی لێ دەکەوێتەوە و  لە ئاکامدا دەبینین گوتاری سیاسیی حیزبی دێموکرات گۆڕانی بە سەردا دێ. «ئەگەر نیزامی سیاسیی دەسەڵاتدار سیاسەتێکی گونجاو پەیڕەو نەکا، کەلێنی شوناسی قەومی دەتوانێ بەستێنێکی باش بۆ جموجۆڵی توندوتیژخوازانە ساز بکا و لە وەها دۆخێکدا داواکارییە شوناسخوازانەکان بە ئاسانی دەتوانن بەرەو ئەم شێوە جموجۆڵانە بڕۆن».(ایوبی، ١٣٨٧) لەم قۆناغەشدا وەڵام‌نەدانەوەی حکوومەت، داخرانی زیاتری کەش‌وهەوای سیاسیی کوردستان و نەبوونی دەرفەت بۆ گەیاندنی داواکارییەکان و بەدواداچوون بۆ جێبەجێ‌کردنیان، بووە هۆی قووڵبوونەوەی کەلێنی نەتەوەیی، وەک یەکێک لە گرینگترین کەلێنەکانی شوناسی و شکڵگرتنی خەباتی سیاسی لە چوارچیوەی “کومیتەی ئینقلابی”ی حیزبی دێموکرات و ڕادیکاڵ‌بوونی گوتاری سیاسیی کورد، کە دژکردەوەیەک بوو بە دۆخی زاڵ بە سەر کوردستاندا.

لە تایبەتمەندییەکانی گوتاری سیاسیی کورد لەم قۆناغەدا؛ پێکهاتنی پەلە چریکیەکان و هێندێک شەڕی ناو بە ناو  لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان‌دایە، کە وەک “کردەوەیەکی گوتاریی نا زمانی” (عمل گفتمانی غیر زبانی) لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات کە لە کۆنفڕانسی دووهەمی ئەم حیزبەدا؛ ڕووخانی پاشایەتی، دامەزراندنی شوناسێکی کوردی و ئازادکردنی هەموو کوردستان، ناوی دێ، پێویستە لێکدانەوەی لەسەر بکرێ. هەڵبەت ئەم سیاسەتانە هێندێک بابەت و پرسن کە لە سەردەمی کۆماریشدا نە بە شێوەی تێئۆری و نە بە شێوەی کردەوەیی نەهاتە بەر باس و پلانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان نەبوون. لەم سەردەمەشدا وەک سەردەمی کۆمار کە یەکەمین قۆناغی پێکهاتنی گوتاری سیاسی کورد بوو، جەخت لە سەر چەمکی شوناس دەکرێ، بەڵام وەک ئەو سەردەم زمانی کوردی چەشنی چەمکێکی شوناسی، زەق نابێتەوە، بەڵکوو بابەتی ئیتنیک سەرەکیترین چەمکی ئەم گوتارەیە. چەمکێک کە پتر لە هەر واتا و دالێکی دیکە توانایی سازکردنی خەباتی چەکداریی هەیە و ئەگەر هەلی بۆ بڕەخسێ دەتوانێ کۆمەلانی خەڵک بێنێتە مەیدان، کە باشترین دۆخ بۆ ئەم بابەتە؛ بۆشایی دەسەڵات و لاوازیی ناوەندە، کە لەو سەردەمدا ئەم هەلە بۆ کومیتەی ئینقلابیی حیزبی دێموکڕات نەڕەخسا، چون محەمەد ڕەزا شا، پاش کودەتای ٢٨ی گەلاوێژ، بناغەی دەسەڵاتێکی بەهێزی داڕشتبوو و هەر لە دوای هەرەسهێنانی کۆمارەوە سەرنجێکی زۆری ئەمنیی دابووە کوردستان و ئیزنی هیچ جۆرە ڕێکخستنێکی لەم ناوچەیەدا نەدەدا.

کەواتە گوتاری سیاسیی کورد لەم قۆناغەدا، شەڕی چریکی دەبێتە دالە ناوەندییەکەی و هێندێک چەمکی وەک ڕووخاندنی پاشایەتی و ئازادیی هەموو کوردستان وەک دوو دالی نوێی گوتاریی و زمانی کوردی وەک گرینگترین چەمکی شوناسی، وێڕای هێندیک دالی دیکە کە لە گوتارەکانی پێشووشدا بوونیان هەبووە، لە چوارچێوەی گوتارێکی نەتەوە ویستی شوناسخوازانەدا جومگەبەندی دەکرێن و دەبنە پێکهێنەری ئەم گوتارە. دالی بەشداری وەک دالی ناوەندی قۆناغی پێشووی گوتاری سیاسی حیزبی دێموکرات دەخرێترە لاوە و ئەم واتا ڕادیکاڵە واتە شەڕی چریکی دەخرێتە جێی.

***

 

پەراوێز:

١- لە هاوینی ساڵی ١٣٢٩دا تیمسار ڕەزم‌ئارا لایحەی سازبوونی ئەنجومەنە ئیالەتیەکانی بردە مەجلیس کە موسەدیق یەک لە موخالفانی ئەم لایحەیە بوو کە پەسەند نەکرا.

٢- یەک لەو کەسانەی کە پاڵێوراوی حیزب بوو، سارمەدینی سادق وەزیری بۆ مەهاباد بوو، کە لەگەڵ ئەوەی کە دەنگی زۆربەی خەڵکی مەهابادی هێناوە، بەڵام حکوومەتی نیزامیی مەهاباد ئیزنی نەدا بچێتە مەجلیس و کەسێکی دیکەیان دەستنیشان کرد.

٣- موازنه منفی: بنەمای سیاسەتی دەرەکی محەممەد موسەدیق بوو کە دواتر بوو بە ماکی “جنبش عدم تعهد” کە پێک هاتبوو لەو وڵاتانەی کە سەر بە هیچ باڵیكی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتەوە نەبوون.

 

سەرچاوەکان کوردی و فارسی:

– قاسملوو، عەبدولڕەحمان و عەبدوڵا حەسەنزادە. (١٣٨١)، کورتە مێژووی حیزبی دێموکراتی ئێران.

– انتصار، نادر. (1390). سیاست کردها در خاورمیانه. ترجمه عرفان قانعی فرد. تهران: نشر علم.

– مک داول، دیوید. (1380). تاریخ معاصر کرد، ترجمەی ابراهیم یونسی. تهران: انتشارات پانیذ.

– کوچرا، کریس،(1373). جنبش ملی کرد. ترجمەی ابراهیم یونسی. تهران: انتشارات نگاه.

– ایوبی، حجت الله. (1387). شکاف های قومی و خشونت در پیکارهای سیاسی. تهران: فصلنامەی مطالعات ڕاهبردی. دورۀ اول، شمارۀ 23.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*