فرەیی لە دەرفەتەوە بۆ هەڕەشە

شاهۆ مەتین

پلۆرالیزمی مەزهەبی، کولتووری و زاراوەیی لەنێو گەلی کورددا یەکێک لەو میکانیزمە چالاکانەیە کە بە هەبوونی خۆی لۆژیک و بایەخی دێموکراتیک‌بوون و تۆلێڕانسی لە هزر و ناخی مرۆڤی کورددا چاندووە و بۆتە سەرچاوەی عەقڵییەتی نەهادینەکردن و دامەزراندنی سیستمێکی سیاسیی دێموکراتیک کە هەمووان بە قبووڵی جیاوازییەکانیانەوە بتوانن پێکەوە بین و پێکەوە بمێنین.

ئەم ڕوحی پلۆرالیزم و تۆلێرانسە وەک میراتێکی پڕبایەخ، نەسل بە نەسل بۆ ئێمەی نەوەی نوێ گوازراوەتەوە و هەموو ئەم فرە چەشنیانە لەنێو پاڕادایمەکی باڵادەستتردا بە ناوی “کورد و کوردستان” وەک پێناسە و شوناس هەم خۆیان وێنا کردووە و هەمیش ئەگەر پێویستی کردبێ، خۆیان کردووە بە قوربانیی بەرژەوەندییە باڵا “نەتەوەیی و نیشتمانی”یەکانمان.

کۆمەڵگەی کورد سەرەڕای فرەیی هۆز و عەشیرە و بە تێپەڕین لە قۆناغەکانی گەشەسەندنی کۆمەڵ لەسەر بناغەی جوغرافی، نەتەوەیی، زمانی و نیشتمانی وەک توخمەکانی پێکهێنەری نەتەوە توانیویەتی ئاوێنەی باڵانوێنی ویست و خواستی هەموو پێکهاتەکانی یەم کۆمەڵە بێت و لە مێژوو و پێشووشدا ئەگەر بە پێناسەی ئەمڕۆییش نەبووبێ، نیزامێکی هاوشێوەی فیدرالیی بۆ بەڕێوەبردنی خۆی چێ کردووە. ئەم فرەڕەنگی و فرەچەشنییە لە ئایینی “میتراییزم”دا بەڕوونی دەبیندرێ و دەبینین کە چەندین هۆز و عەشیرەت لەسەر ئەساسی پەیماننامەیەک لەگەڵ یەکتر لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەکیدا ڕێککەوتنیان بووە و حکوومەتی “ماد”ەکانیان دامەزراندووە .

بەم تایبەتمەندییە هەستی و نەستییەوە، ئازادی و دادپەروەری وەک بەهادارترین پێوەرەکانی سەردەم بەدرێژایی مێژوو خسڵەتی بەرچاوی کۆمەڵگەی کوردستان بووە. کورد لە ڕابردوو و ئێستاشدا بەهۆی کۆڵۆنیالیزمی ئایینی، جیهانی و دەوڵەت- نەتەوەی سەردەست لەژێر ئاسیمیلەکردنی زمانی، کولتووری، جوغرافی و نەتەوەیی دایە؛ چونکی بڕوامەندی بە پێکەوەژیان و پێکەوەحەوانەوە  لە ناخ و هزری تاک بە تاکی کورددا نەهادینە بووە و بۆتە کەلتوور و وێژمان.  کورد ئێستاش سەرەڕای هەموو ئەم ڕاستییانە دەیهەوێ بە میکانیزمی ئاشتیخوازانە و لە ڕێگای گۆڕینی ڕوانگە و عەقڵییەتی سیاسیی ناوەندەوە مافەکانی خۆی دەستەبەر بکا و پێکەوە لەنێو جوغرافیای سیاسی ئەم وڵاتانەی بەسەریاندا دابەش بووە، ماف و سەروەرییەکانی خۆی هەبن.

کورد هەموو کات داکۆکیکاری ڕاستەقینەی دێموکراسییە و پشتیوانی لە ماف و ئازادییە بەرحەق و ڕەواکانی دەکت، چۆن کوردەواری خۆی هەڵگر و خاوەنی هەمەڕەنگیی ئیتنیکی، زاراوەیی و کولتوورییەکانە و ئەم فرەچەشنییە هەموو کات لە ڕێگای دیالۆگی نێوان ئیتنیکەکان، زاراوەکان و وردە کولتوورەکان بووە و پڕدیاریش بووە. هەروەها ئێستاش سەرەڕای هەموو ئەو ئالێنگارییانەی ناحەزانی کورد لە شێوە و فۆڕمی جۆراوجۆردا بۆ نێوماڵی کوردی دروست دەکەن، کورد هەمدیسان دەیەوێ داکۆکی لەم فرەڕەنگی و فرەدەنگییەی نێوماڵی خۆی بکا، تاکوو بایەخەکانی ئازادی و دێموکراسی جێگیر و پایەدار ڕابگرێ.

وەک باس کرا کوردستان پڕیەتی لە فرەیی، فرەیی لە زاراوە، ئایین و وردە کولتوور، بەڵام بە پێشکەوتنی لۆژیک و عەقڵییەتی گشتی و خۆپێناسەکردنیان وەک کورد و کوردستانیبوون هەنگاوی بنەڕەتیی بەرەو نەتەوەسازی هەڵگرتووە و بەپێی پێوەرەکانی هەر دوو مەکتەبی فڕانکفۆرت و پاریس بۆ نەتەوەسازی کە باس لە تایبەتمەندییەکانی هاوبەشەکانی زمانی، کولتووری، مێژوویی و، خاک و خەڵک دەکەن، خۆی وەک نەتەوەتەکی خاوەن‌شکۆ داڕشتووە. بۆیە تاکی کورد لەهەر جوغرافیا و سووچێکی ئەم جیهانە بێت، کورد و کوردستان شوناس و تەوەری سەرەکیی بیرکردنەوە و بڕیارەکانیەتی و بەدواداچوون بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی دەکا.

لەگەڵ ئەوەشدا و لە بەرامبەردا دژمنانی کوردیش لە هەر چوار بەشی نیشتمان لەسەر ئەساسی تیوریی “ناکۆکی نانەوە و پاڵدانەوە” لە پلان و پیلانەکانیان بۆ بنکۆڵ‌کردنی بایەخەکانی کورد درێژەی بووە. ئەوان

لە ڕێگای ناوەی شەڕ و ئاژاوە و زەقکردنەوەی جیاوازییە ئیتنیکی، زاراوەیی و کولتوورییەوە و لە ڕێگەی میدیا و هێزی مەیدانییەوە هەوڵیان داوە فرەییەکان لە پیرۆزی و دەرفەتەوە بۆ هەڕەشە و شەڕی نێوخۆیی بگۆڕن. هەروەها بەستێنی دێموکراسی‌خوازانە و ئازادییەکان لە هزری تاک و مەیدانی جڤاتی کوردستان بە مەترسی و ئالێنگاری بۆ سەر خۆمان بناسێنن، تاکوو ئەم بەها و بایەخە سەردەمیانە و پڕ نێوەرۆکانەمان لەلا کاڵ بکەنەوە. بۆیە لە ئێستادا لە باشوور و باکووری خۆرهەڵاتی کوردستان لە ڕێگای ناسینی زاراوەکانی زمانی کوردی وەک زمانی سەربەست و جیا لە زمانی کوردی، تێکدانی دێموگرافیای کوردستان و لە ڕێگای بەرجەستەکردنی هیندێک کەسی دۆڕاو و داماوی کورد، دەیانەوێ پرۆسەی نەتەوەیی و نیشتمانیی کورد کە پێناسە و شوناسە بۆ هەر تاکێکی ئەم نەتەوەیەن بەرەو پاشاگەردانی ببەن.

لە تازەترین هەوڵی ئەم پلانگێڕییانەدا “ڕەئیسی”، سەرۆک‌کۆماری ئێران دەیەوێ لە ڕێگای بەبەردەنگ وەرگرتنی کۆمەڵە کەسێکی زەبوونی نێو عەشیرەتەکان کە لە پێناو بەرژەوەندییە ماددییە کەسی و عەشیرەییەکانیان هەوڵی زۆرتر بۆ سەرخستنی سیاسەتەکانیان بدەن. لە درێژەی ئەم هەوڵانەدا بە دەستنیشان‌کردنی ئەم کەسانە وەک نوێنەری “اقوام و مذاهب”، دەیانەوێ ئەو گوتار و وێژمانە بخەنە نێو هەست و نەستی تاکی کوردەوە کە ئێوە قەومن و نەتەوە نین .هاوکات ئەم پاڕادایمە نەتەوەیی و نیشتمانییە کە بە قووڵی لەنێو ناخ و بیری تاکی کورددا بوونی هەیە تووشی داڕووخان بکەن.

پیلانەکە ئەوەیە کە لە چوارچێوەی باڵادەست‌کردنی هەست و بەرپرسیاریەتیی عەشیرەییەوە ناکۆکی مەزهەبی، کولتووری و زاراوەیی بخاتە نێو ڕیزەکانی کورد و بە نەمانی بەرپرسیاریەتی لەحاند نەتەوە و نیشتمان، دواتر بەئاسانی پرۆژەی ئاسیمیلەکردنمان لەسەر جێبەجێ بکا. ئەوان دەیانەوێ کارێک بکەن پلۆرالیزم، توڵێرانس و ئازادی لەنێو کۆمەڵگەی کوردستاندا نەمێنێ و دێموکراسی نێو کوردستان بەرەو تۆتالیتاریزم و پاوانخوازی بگوازیێتەوە و یەکگرتوویی نێو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان بەرەو داڕووخان ببەن. مایەپووچ‌کردنەوەی پیلانەکانی دوژمن وشیاری و ئیرادەی نەتەوەیی پێویستە و ئەرکێکە لەسەر شانی هەمووشمان.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*