دنیایەکی ئارام و سەقامگیر بەبێ کۆماری ئیسلامی

عەلی بداغی

ئەوەی لەو ڕۆژانەدا چەقی هاوکێشە جیهانییەکان پێوەندیدار بە پرسی ئێرانە، کێشەی ئەتومیی ئەو وڵاتە و “چوون و نەچوون”ەوەی بۆسەر مێزی وتووێژەکانە.

پەروەندەی ئەتومیی ئێران ڕێک ٢٠ ساڵە کارتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە بۆ بردنەپێشی سیاسەتەکانی لە هاوکێشە نێونەتەوەییەکاندا. ئەم پەروەندەیە لە ماوەی ئەم دوو دەیەدا هەوراز و نشێوی زۆری بڕی هەیا دواجار “بەرجام”ی لێ کەوتەوە، کەچی بەهۆی بەردەوامیی ئێران لە سەرەڕۆییەکانی دیسان چەتی تێکەوتەوە. دوای هاتنەسەرکاری دەوڵەتی نوێی ئەمریکا و دەسپێکی گەڕی نوێی وتووێژەکان بۆ ژیاندنەوەی بەرجام، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستا زیاتر لە چوار مانگە پڕۆسەکەی ڕاگرتووە و بەوەش چارەنووسی بەرجام جارێ ناڕوونە. بەڵام ئەوەی بە زەقی لە چاو دەدا ئەمەیە کە هەموو لایەنە سەرەکییەکانی دانوستانەکانە -فەڕانسە، بریتانیا، ئەڵمان، ئەمریکا- کەوتوونەتە حاڵەتێکی سڕی و بی‌هەڵویستیی دیارەوە. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتومییش بەهۆی ئەو بێ‌هەڵوێستییە چاودێریی ورد و تەواوی بەسەر چالاکییە ئەتومییەکانی ئێراندا نییە، ئەویش لەکاتێکدا کۆماری ئیسلامی بیدەنگ و بە گڵۆپی کوژاوە، بەخێرایی لە چالاکییە ناوکییەکانی بەردەوامە.

پرسیار ئەوەیە لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی بەردەوام دانوستانەکان دوا دەخا و خەریکی کات کوشتنە، ئەدی ئورووپا و ئەمریکا بەدووی چییەوەن؟ جێگای سەرنجە کە ئەمریکا هەتا ئێستا سێ ڕاپۆرتی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانس لەبارەی کەمبوونەوەی بەڵێن و دەربەستییەکانی ئێران و ئاستی نزمی هاوکاریی ئەتومیی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئاژانسی پشتگوێ خستووە و هیچ بڕیارنامەیەک لەدژی ئێران دەرنەچووە. یەکیەتیی ئورووپاش هەر هەمان سیاسەتی گرتووەتە بەر و خۆیان لە ڕێوشوێنی توند و سزادانی ئێران بەدوور گرتووە، بەڵام ئەم هەمووە هەوڵە بۆ دڵدانەوەی ئێران و ڕازیکردنی ئەم ڕێژیمە و هاندانی بۆ گەڕانەوە بۆ دەروەستییە ئەتومییەکانی هەربەڕاست چیی لێ شین دەبێ؟ یانی ئەوان نەزانن کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک نیزامێکی سیاسیی ئیدۆلۆژیک بۆ مانەوەی وەک هێزی ناوچەیی و، دوای خەرجکردنی بە میلیارد میلیارد دۆلار دراو، و ملدان بۆ تێچووی سزا ئابوورییەکان و خۆ دانە بەر تیغی ناڕەزایەتی و نائارامییەکانی نێوخۆی وڵات، هەتا دەستیان بە بۆمبی ئەتوم ڕانەگا هەدا نادەن؟ هەروەها لە کاتێکدا کە کشانەوەی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمان لە ئەفغانستان بوێرییەکی دیکەی بە کۆماری ئیسلامی داوە، کاتی ئەوە نەهاتووە کە کراوەتر، واقعبینانەتر و شێلگیرتر و یەکلاکەرەوەتر بەرەوڕووی ئێران ببنەوە؟ ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی کە دەبینن سیاسەتی “ئەوپەڕی گوشاری” تڕامپ حکوومەتەکەی خامنەیی پێ نەڕووخا و، ئێستا کە رێژیم ئەو گوشارەی لەسەر کەم بۆتەوە و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە نێوخۆی وڵاتیشی سەرکوت و خەڵتانی خوێن کردووە و بەوە تەواو غەڕە بووە، ئەدی چاوەڕوانن چی لەو ڕێژیمە ببیننن کە بتوانن داهاتووی پێوەندییەکانیانی لەسەر بنیات بنێن؟

ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی سەرەتای دەسەڵاتەکەیان بە داگیرکاری و بارمتەگیری -پەلاماردانی باڵوێزخانەی ئەمریکا- و دروشمی بەرزی هەناردەی شۆڕشەکەیان دەست پێ کرد. لەوکاتەوە دەستیان گەیشتبێتە هەر وڵاتێک، شەڕ و وێرانی و کاولبوونیان بۆ بەدیاری بردوون و لە نێوخۆی وڵاتیش خەڵکی بێ‌دەرەتان و بێ‌ئەنوایان بەبارمتە گرتووە و کردوویانن بە قەڵغانی بەڵا و نەهامەتیی سەر خۆیان.

کۆماری ئیسلامی چوار دەیەیە هۆکاری نائارامی و ناسەقامگیریی ناوچەیە، ئەمە ئیدیعای حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی نییە، بەڵکوو ڕاپۆرتی کارناسانەی ناوەندە هەواڵگرییەکانی ئەو وڵاتانەیە کە لەگەڵ ئێران دانوستانیان هەیە. ئەم ڕێژیمە پاڵپشتی سەرەکیی تێرۆریزمی دەوڵەتییە لە دنیادا، ڕاستیی ئەمەش لە زۆر دادگای ئەو وڵاتانەدا –ئەمریکا و ئورووپا- کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بێنەوبەرەیان هەیە سەلماوە و بڕیاریان لەسەر دراوە. ئەم ڕێژیمە چل ساڵە دەگرێ، دەکوژێ، ئێعدام دەکا، ئەشکەنجە دەدا، کۆستی خەڵک دەخا و وڵاتی کردووەتە کاولستان، ئەمەش دروشم و بوختانی ئۆپۆزیسیۆن نییە، بەڵکوو بەیاننامە و بڕیارنامەی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤن کە بەردەوام لێیان لە هەڵلا دەدەن. دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەکردەوە دژی هەموو ئەو بایەخ و پرەنسیپە جیهانداگرانەیە کە ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی بانگەشەی بۆ دەکەن و تەنانەت وەک عەلی ئۆف، سەرۆک‌کۆماری ئازەربایجان لە هەڵڵای دا چوار دەیەیە تڕانزیتی مادەی هۆشبەر بۆ ئورووپا دەکا؛ تۆ بڵێی چیی دیکە پێویست بێ کە کۆمەڵگەی جیهانی ئەم ڕێژیمەی باشتر پی بناسێ؟

دەسکەوت و دیارییەکانی ڕێژیم بۆ خەڵک لە نێوخۆی وڵاتیش ڕۆژانە هەر لە مێدیاکانی ئەم وڵاتانەدا تەتەڵە دەکرێن و دێنە بەرباس:

ئابووریی مایەپووچ، بێکاریی چەند دە میلیۆنی، گرانیی هەوسارپچڕاو و کۆمەڵگەی لێکترازاو. تەنانەت ڕێبەری ڕێژیم سڵامەتیی خەڵکی وڵاتەکەی کردووەتە قوربانیی سیاسەتی شەڕانشۆیانە و بووەتە هۆکاری سەرەکیی مردنی ڕۆژانەی خەڵک بەهۆی کۆڕۆناوە. دەوڵەت نە شەرعییەتی خەڵکیی هەیە و نە دەتوانێ و نە دەیهەوێ لایەک لە کێشە و ئارێشەکانی خەڵک بکاتەوە. سەرۆک‌کۆمار و ئەندامانی کابینەکەی سەرلەبەری جینایەتکاری جەنگین و زۆر لەوان و لەسەرووی هەمووانەوە رەئیسیی سەرۆکی دەوڵەت، لە سۆنگەی تاوانەکانیان دژی مرۆڤایەتی و سەرەڕای پارێزبەندیی سیاسیی بەڵام لە ترسی ئەگەری دادخوازی بوێریی سەفەری دەرەوەی وڵاتیشیان نییە. کاربەدەست نییە لەم وڵاتە لە گەندەڵیەوە نەگلابێ. خەڵک بۆ مانەوەیان گورچیلەیان دەفرۆشن و لە زبڵداندا بەدوای پاشماوەکانی خواردندا دەگەڕێن. لە یەک ڕستەدا ئابووریی وڵات ئاداری بەسەر پادارییەوە نەماوە، بەڵام ئەوەی پایەدارە سەرکوت و زیندان و پەت و سیدارەیە. ئەو ڕێژیمە لەو هەلومەرجەدا و بەو بارودۆخەوە ناتوانێ بۆ ماوەیەکی بەردرێژ خۆی ڕابگرێ، ئەگەر دەرفەتی بووژانەوەی نەدرێتێ. ئەم رێژیمە لە سەرەتاشدا نەیدەتوانی ئاوا مل‌ئەستوور ببێ و پڕکێشی بکا، لەڕاستیدا ئەگەر کۆمەڵگەی جیهانی بواری بۆ نەڕەخساندبا.

لە ئێستادا خەڵک هەموو ناڕازین و ڕۆژ نییە مامۆستا وکرێکار، بازاڕی و پەرەستار، وەرزێڕ و سەنعەتکار، کارمەند و خوێندکار و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵ لەو وڵاتە نەیەنە سەر شەقام. ئێران لە سیاسەتی دەرەکیی خۆیشیدا مایەپووچ بووە. هەر چەند ڕۆژ لەوە پێش بوو کە وەزیری دەرەوەی دەوڵەت بانگ کرایە مەجلیسی ئینقلابی! و تانەی ئەوەی لێدرا کە بۆچی کۆماری ئیسلامی کەوتۆتە ئەو دۆخەوە کە تا سنووری هەڵگیرسانی شەڕ لەگەڵ ئازەربایجان چووە پێشێ؟ بۆچی وتووێژەکان لەگەڵ عەڕەبستان هیچیان لێ شین نابێ؟ یان بۆچی لە لوبنان دروشمی بەدژ بەرز بۆتەوە، دەستڕۆیشتووییەکانی لە عێڕاق لە کەمی داوە، لە یەمەن لە شەڕێکی دۆڕاودا چەقیوە و تەنانەت کار گەیوەتە ئەو جێیە کە لە سووریە بەشار ئەسەدیش پشتی تێبکا؟

بە دڵنیاییەوە ئێستا باشترین کاتە بۆ خۆ یەکلاکردنەوەی کۆمەڵگەی جیهانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی. هیچ جیاوازییەک لەنێوان تالیبان و ڕێژیمی ئیسلامیی تاراندا نییە، بۆیە خەڵکی ئێران ڕوو بە ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی دەڵێن وەک چۆن ئامادە نین بەئاسانی تالیبان بەڕەسمی بناسن، چیدی پشتی کۆماری ئیسلامیش مەگرن. هەروەها ئەگەر سەقامگیری و گەشەی دێموکراسی لە ئێران و ناوچەتان دەوێ، وەرنە بەرەی خەڵکی ناڕازیی وڵاتەوە و پشتی ئەوان بگرن. قسەی کۆمەڵانی خەڵک ئەوەیە کە ڕێبەرانی دنیا و کۆمەڵگەی جیهانی باشتر وایە چاوکراوە بڕوانن و بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە ئێرانی ئازاد و دێموکراتی سبەیدا ببیننەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*