ڕێگەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران

کەماڵ کەریمی

“ئەگەر تاران ڕێوشوێنی دیپلۆماسی بگۆڕێ، ئەمریکا ئامادەیە ڕوو لە جێگرەوەی دیکە بکا” . ئەمە دوا وتەی ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە لەسەر پرسی وتووێژەکانی وڵاتانی (١+٥) ە، لە حاڵێکدا باش دەزانن کە ئێران بە قازانجی خۆی و بە درێژکردنەوەی ماوەی وتووێژەکان چۆن کەڵکی لەم دیپلۆماسییە وەرگرتووە و چۆن هەمیشە ئەوانی لە چاوەڕوانیدا ڕاگرتووە. بەڵام ئەم جێگرەوە چییە و چۆنە زۆر ناڕوون یا خەیاڵییە.

ئەگەر چاو لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و هەڵسووکەوتەکانی بکەین بەڕوونی دەردەکەوێ کە ئەم ڕێژیمە نە گۆڕانێک لە سیاسەتیدا بەدی دەکرێ و نە دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بین کە هەروا مل بۆ داخوازەکانی ئەمریکا ڕابکێشێ. ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو ئەوە نیشان دەدەن ئەوە کۆماری ئیسلامی بووە کە بەردەوام بووە لە پێداگری لە هەڵوێستەکانی و لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە ئەمریکا و ڕۆژاوای بە دوای خۆیدا ڕاکێشاوە. هۆکارەکەش بەهێزی و ڕاستبوونی هەڵوێستەکانی ئەو ڕێژیمە نەبووە و نییە و هەروەها قەیرانە نێوخۆیی و دەرەکییەکان ئەوانی ساڵ بە ساڵ لاوازتر کردووە، بەڵکوو دەستەوەستانی وڵاتانی زلهێز لە گرتنە پێشی ڕێگەی گونجاو لە بەرامبەر ئەو سەرکێشییانەدا هۆکاری سەرەکیی ئەم بابەتە بوون. هەر ئەم قسەیەی بلینکن دەرخەری ئەم ڕاستییەیە کە دیسان ڕوویان لە ئێرانە کە ڕێگەی دیپلۆماسی بەرنەدا، دیپلۆماسییەک کە ڕێژیمی ئێران ساڵانێکە لە قازانجی سیاسەتەکانی خۆی کەڵکی لێ وەرگرتووە و لەپێناو بەرژەوەندییە ستراتێژییەکانی بەکاری هێناوە. ئێران تەنیا ئەو کاتانە هەڕەشەی وازهێنان لە ڕێوشوێنی دیپلۆماسیی کردووە کە وەک هۆکارێک بۆ ترساندن و فشارهێنانی زیاتر بۆ سەر ئەو وڵاتانە بەکار هاتبێ. ئاکامی ئەم هەڕەشانەی ئێران دیسان هەوڵی یەکلایەنەی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی بووە بۆ ڕازیکردنی ئێران بۆ گەڕانەوەی بۆ سەر مێزی وتووێژ و پێدانی هێندێک ئیمتیاز لە بواری ئابووری، وەک پێدانی چەندین میلیارد دۆلار لە سەردەمی ئۆباما و هەڵگرتنی سزاکان لەسەر بەشێک لە کەس و کۆمپانیا سزادراوەکان لە ئێستادا.

سیاسەتی ئەمریکا لە سەردەمی ئۆبامادا کە لە چوارچێوەی گێڕانەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ نێو بازنەی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا پێناسە دەکرا و بە هۆی ئەم سیاسەتەوە تەنانەت کاتێک کە بە میلیۆنان کەس لە پێناو دەنگەگەکانی خۆیان لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە ساڵی ١٣٨٨دا ڕژانە سەر شەقام، لە ترسی تووڕەبوونی باڵی دەسەڵاتداری دەمارگرژی ڕێژیم خۆیان لە پشتیوانی‌کردنی پاراست، لەمێژە ناڕاستییەکەی دەرکەوتووە. سیاسەتێک کە بەهۆی پێداگری لەسەر ستراتێژیی ناردنەدەرەوەی شۆڕش و دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچە بە مەبەستی پەرەپێدان بە دەسەڵاتی ناوچەیی ڕێژیم نەتەنیا نەیتوانی ئێران پێبەند بە بڕیارە نێودەوڵەتییەکان بکا بەڵکوو فرسەتی زۆریشی بەوان دا هەتا لە گەیشتن بە تەواوکردنی پڕۆژەی پەرەپێدانی دامەزراوە ناوکییەکانیان نزیکتر ببنەوە، شتێک کە بووەتە ئامانجێک و ترسێک لەنێو ڕۆژاواییەکاندا. ئەوە ڕاستە کە سیاسەتی تەحریمی کۆماری ئیسلامی لەلایەن شوڕای ئەمنییەت و هەڕەشەی توندترکردنی سزاکان لەسەریان، ڕێبەریی کۆماری ئیسلامیی ناچار کرد لە ساڵی ١٣٨٤دا گەڵاڵەی بەرجام بۆ چارەسەری کێشە ناوکییەکانی ئێران قبووڵ بکا. بەڵام دوای شەش ساڵ بەسەر تێپەڕینی پەسەندکردنی گەڵاڵەی تەفاهومی بەرجام دەردەکەوێ کە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی بە جۆرێکی دیکە دەڕواننە ئەم جۆرە ڕێککەوتنانە. ئەوان ئەم هەلەیان قۆستەوە هەتا بە جۆرێک فشارەکان لەسەر خۆیان کەم بکەنەوە و بگەنە ئامانجی خۆیان. لە ڕاستیدا سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئۆباما هەرچەند پەسندی زۆربەی وڵاتانی جیهان بوو بەڵام نەیتوانی هیچ گۆڕانێک لە بنەما فکرییەکانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیدا دروست بکا.

ئێستا کە دەوڵەتی نوێی ئەمریکا دوای ڕۆیشتنی تڕامپ هەمان سیاسەتەکانی پێشووی دێموکراتەکانی گرتووەتەبەر، دەبینین کە چۆن کۆماری ئیسلامی داشی سوار بووە و لە زمان وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە دەگوترێ کە، “سیاسەتی کۆماری ئیسلامی کردەوە لە بەرامبەر کردەوەدایە و ئەمریکاییەکان دەبێ نیازپاکی و ڕاستیی خۆیان نیشان بدەن و دەبێ بەر لە دەست‌پێکردنەوەی وتووێژەکان کارێ بۆ ئەمە بکەن، لەگەڵ ئەوەش باسی وتووێژەکان دەبێ لەسەر ئەو شتانە بن کە کاتی چوونەدەری تڕامپ لە بەرجام هەبوون و هیچ شتی دیکە”. ئەمەش پێش هەموو شتێک داواکارییەکە بۆ هەڵگرتنی سزاکان و بەڵێندان بۆ نەگەڕانەوەی هیچ سزایەک. لەولاشەوە بە هەڵسەنگاندنی ڕوانینی دێموکراتەکان بۆ چارەسەری کێشەکان، فشارێکە لەسەر سیاسەتی نەرمی نواندن بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی لەلایەن ئەمریکاوە. ڕوانینێک کە دوای شەش جار دانیشتن لە سەردەمی دەوڵەتی جۆ بایدن‌دا، نەتەنیا کاریگەریی لەسەر گۆڕانی هەڵوێستی ئێران نەبووە، بەڵکوو ئەوانی زیاتر هان داوە پێداگری لەسەر سیاسەتەکانی خۆیان بکەن بەو خەیاڵەی ئەمریکا بە چۆکدا بێنن. هەرچەند وێناچێ دەوڵەتی ئێستای ئەمریکاش تا سەر کۆتا بێ.

بەڵام زیاتر لە هەموو ئەمانە و بە دوور لە ڕوانین بۆ چۆنیەتیی چارەسەری کێشەکان، داخۆ ئەمریکا و وڵاتانی دیکە تا کەی دەتوانن چاولێکەری گەمەکانی کۆماری ئیسلامی بن؟ بە تایبەت ئێستا کە بە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و باس لە کەمکردنەوەی هێزەکانیان لە عێراق و گۆڕینی ستراتێژی ئەمریکا لە مانەوەیان لە ناوچە پڕ کێشەکان و خۆدوورخستنەوە لە سیاسەتی چارەسەری نیزامی لەو وڵاتانەدا کە کێشەیان هەیە، کۆماری ئیسلامییش هەست بەوە دەکا کە مەیدانێکی نوێ بۆ ڕمبازێنەکانی کراوەتەوە. بەپێی ئەم سیاسەتە نوێیە، ئەمریکا ناتوانێ بیر لە چارەسەری کێشەکە لە ڕیگەی بەکارهێنانی هێزی چەکداریی وڵاتەکەی بکاتەوە. کەوابوو جێگرەوەی سیاسەتی دیپلۆماسی بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ ئێران دەبێ چ بێ؟ توندترکردنی سزاکان، بەربەست دانان لەسەر پێوەندییە دیپلۆماسییەکان و دوورخستنەوەی لە بەڵێننامە ناوچەیی و جیهانییەکان یا هەر ڕێگەیکی دیکە کە یارمەتی بە تەریکخستنەوەی ئەو ڕێژیمە بدا هەرکام دەتوانێ کاریگەریی خۆی هەبێ. دیارە ئەمانە هەمووی کارێکن کە دەبێ لە دەرەوە و لە ڕێگەی وڵاتانی خاوەن دەسەڵاتەوە بکرێ بەڵام بەشێکی دیکە خاوەنی سەرەکی ئەم وڵاتە، خەڵکەکەیەتی. ئەم ڕێژیمە لە ماوەی زیاتر لە چل ساڵە بە خراپترین شێوە کە دوورە لە هەموو عورفێکی سیاسی و ئێنسانی دەیان میلیۆن لە دانیشتووانی وڵاتەکەی دەچەوسێنێتەوە و بێبەشی کردوون لە هەر چەشنە ماف و ئازادییەک کە وڵاتانی پێشکەوتوو خۆیانی پێ هەڵدەنێن. ئاکار و کردەوەیەک کە لای هیچ کەسێکی مرۆڤدوست و یاسایەکی نێودەوڵەتی پەسند نییە. هەر ئەم شێوە حوکمڕانییەش کە سەرچاوەکەی بنەما فکرییەکانیانە وای کردووە کە خەڵک لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان بێزار بن و بە بەردەوامی بەگژیدا بچنەوە. خۆپێشاندانە بەرینەکانی خەڵک لەدژی دەسەڵات بەتایبەت لە ساڵەکانی ١٣٩٦ و ١٣٩٨ بەملاوە و بەردەوامی چین و توێژە جۆراوجۆرەکان لەم ناڕەزایەتی دەربڕینانە، ئەم ڕاستییە دەردەخەن کە ڕێژیمی ئێران لە چاوی خەڵکدا ئەو حکوومەتە نییە کە دنیا ۆ چارەسەری کێشەکان ڕووی لێ بنێن، بەڵکوو دەبێ ڕوو لە شوێنی دیکە بکەن ئەویش خەڵکی ئێرانە.

لەم بارەوە ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی کە بۆ فشارهێنان لەسەر سەرەڕۆیی لە وڵاتانی جیاجیادا، زۆرجار هێنانەبەرباسی دێموکراسی وەک ئامرازێک بەکار دێنن بەڵام بۆ ئێران پێویستە بە ڕاستی بیر لە هێنانەگۆڕی مەسەلەی دێموکراسی بکرێتەوە. ئێستاش ئەگەر بیانەوێ بە شێوەیەکی واقێعی دەرکی کێشەکانی ئێران بکەن ڕێگەی دیپلۆماسی کاریگەرترین شێوازی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامییە. بەڵام نەک ئەو دیپلۆماسییە شکست‌خواردووە لەگەڵ ڕێژیمی دەسەڵات بەدەستی ئێران، بەڵکوو دیپلۆماسییەک کە خەڵکی ئێران و نوێنەرانی ئەوان لایەکەی دیکەی بن. خۆ سەرقاڵکردنی وڵاتانی ڕۆژاوا بە کێشەی ناوکی بەداخەوە لە هەموو ئەو ساڵانەدا ڕێگەیک بووە بۆ خۆدزینەوە لە کێشە سەرەکییەکانی خەڵکی ئێران و بواردان بە درێژیی دەسەڵاتداری سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی لەلایەن ئەوانەوە و بەردەوامی پێشێلکارییەکانیان لە نێوخۆی وڵات. ڕەوایە کە خەڵکی ئێران چاوەڕوان بن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە جیاتی تەنیا باسی دامەزراوە ناوکییەکان، ئاوڕێکیش لە پێشێلکردنی بەردەوامی مافی مرۆڤ، سووکایەتیکردن بە مافەکانی ژنان و منداڵان و نەهێشتنی ئاسەواری هەر چەشنە ئازادییەک بدەنەوە. هەموو لایەک دەزانن بیرۆکەکانی کۆماری ئیسلامی تەنیا دژی خەڵکی ئێران نییە، بەڵکوو دژایەتی لەگەڵ مرۆڤایەتی و بنەماکانی ژیانێکی ئاسوودە لەنێو کۆمەڵگەی بەشەریدا. چارەسەری کێشەی ناوکییش ئەم بیرۆکەیە بنبڕ ناکا.

هەر بۆیە ڕێگەی چارەسەری کێشەی ناوکیی و هەموو کێشەخوڵقێنییەکانی ئەو ڕێژیمە تەنیا لە گەڕانەوەی کەرامەتی ئینسانی بۆ مرۆڤەکانە و بە ئازادیی ئێران و خەڵکەکەی لە چنگ دەسەڵاتی زۆرەملی کۆماری ئیسلامی کۆتایی دێ. ڕێگەی ئەم دیپلۆماسییەش ڕووکردن لە خەڵک و یارمەتیدانی دژبەرانی دێموکرات و ئازادیخوازی ئێرانییە کە باوەڕیان بە ئازادی و دێموکراسی و ژیانێکی هاوبەشی ئینسانییە. ئەوانەی کە بەڕاستی دەیانەوێ وڵاتەکەیان وەک وڵاتێکی خاوەن کەرامەت لە نێو کۆمەڵگەی بەشەریدا ببیننەوە. لە کاتی بیرکردنەوە لە جێگرەوەی پلانی ئێستادا باش دەبێ بیر لە جێگرەوەی ڕێژیمێک بکرێتەوە کە مل بۆ هیچ سازانێک ڕاناکێشێ و جگە لە مانەوەی دەسەڵاتداریی خۆی هیچ قازانجێکی بۆ خەڵکانی دیکە نابێ.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*