عومەر باڵەکی: ئەو قەیران‌گەلەی کۆماری ئیسلامی لەپێناو مانەوەیدا دروستی کردوون، بەڕووی خۆیدا تەقیونەتەوە

دیمانە: کوردستان

[سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخی ئێستادا، گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچە و چۆنیەتی خۆدیتنەوە و خۆگرتنەوەی ئێران لەم هاوکێشانەدا، گرژییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی و کێشە و ئارێشە و قەیرانە نێوخۆییەکانی ئێران کە کۆماری ئیسلامی بە سیاسەتی میلیتاری دەیەوێ مودیرییەتیان بکا؛ چەند تەوەری سەرەکیی وتووێژی “کوردستان” لەگەڵ بەڕێز عومەر باڵەکی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتن.]

 

 

 

کۆماری ئیسلامی زیاتر لە چل ساڵە بۆ هەناردەی شۆڕشی ئیسلامی بۆ وڵاتانی دی خەرج دەکا و قەیرانخوڵقێنی دەکا. دەکرێ لە ڕوانگەی ئێوەوە دەسکەوتەکانی لەو کارە هەتا ئێستا چی بووە؟

کۆماری ئیسلامی بە دروستکردنی ئەو قەیرانانەی کە لە دەرەوەی وڵات ناویەتەوە و مەبەستیشی بەهێزکردنی خۆی بووە، نەک سەرکەوتوو نەبووە بەڵکوو وردە وردە ئەو قەیران‌گەلە خەریکن بە ڕووی خۆیدا دەتەقێتەوە. بۆ؟ چونکە قەیرانە نێوخۆییەکان بە ڕادەیەک قووڵ بوونەتەوە کە نیزام ئەگەر بیشیهەوێ ناتوانێ چارەسەریان بکا. قەیرانخوڵقێنی لە دەرەوەشی زیاتر بۆ هەڵدانی سەرنجەکان بۆ دەرەوەی وڵات و دوورخستنەوەی لە کێشەکانی نێوخۆییەکانە. بەڵام ئەمە ئێستا دادی نادا، چونکی لە سەردەمی تەقینەوەی زانیارییەکاندا پێوەندییەکان لەگەڵ یەکتری و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتووە. کاتێک کۆماری ئیسلامی هاتە سەرکار، دنیا دوو جەمسەریی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا کۆمەڵێک بەرژەوەندیی پێک‌ناکۆکی لە ناوچەدا دروست کردبوو کە کۆماری ئیسلامی لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیدا کەڵکی خراپی لێ وەردەگرت. بەڵام بە نەمانی بلۆکی سۆڤییەت ئەوە پتر لە سێ دەیەیە کە هاوکێشەکان و تەنانەت بەرژەوەندییەکانیش گۆڕاون. تۆ دەبینی وڵاتێکی وەکوو تورکیە لە سەردەمانێکدا بێ ئەوەی ئەندامی یەکیەتیی ئورووپاش بووبێ، دەبێتە ئەندامی ناتۆ، بەڵام بۆ ئەندامی ناتۆیە! چونکە ئەودەم جیهانی ڕۆژئاوا وای دەخواست دیوارێک هەبێ لە بەرانبەر بلووکی سۆسیالیستی و یەکیەتیی سۆڤییەتدا و هەڵکەوتەی ستراتیژی و ژیۆپۆلۆتیکی تورکیە وای کردبوو کە ئەو گرینگییەی بدرێتێ. بەڵام ئێستا چاو لێ دەکەی ئەو پێوەندییانە گۆڕاون و، تورکیە لەگەڵ ڕووسیە تا ڕادەیەک هاوپەیمانە و لەسەر هەندێ بابەت تەنانەت کێشەی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی پێشووی هەیە.

مەبەستم ئەوەیە کە گۆڕانی هاوکێشەکان ئاڵوگۆڕی لە بەرژەوەندییەکاندا دروست کردووە، مەسەلەن لە سنووری ڕۆژهەڵاتی ئێران سەردەمانێک کە تازە کۆماری ئیسلامی هاتبووە سەر کار، شەڕی موجاهیدینی ئەفغان لەگەڵ یەکیەتیی سۆڤیەت هەبوو. لەو کاتەوە دوو جار نیزامی سیاسی لەو وڵاتە گۆڕاوە و، ئێستا تاڵیبان دووهەم جارە بە ئایدیای تایبەت بە خۆیەوە دەبێتەوە دراوسێی ئێران. لە خوارەوە و لە باشووری وڵات لە کەنداو کۆمەلێک وڵات دەبینین کە سیاسەت و ڕوانگەیان مەسەلەن لە پێوەندی لەگەڵ ئیسڕائیل‌دا گۆڕاوە و ئێستا دەبنین خەریکن باڵوێزخانە و کۆنسوولگەری و پێوەندیی ئابووریی لەگەڵ دروست دەکەن. بۆیە هاوکێشەکان گۆڕدراون، مادام هاوکێشەکان گۆڕدراون ئەو قەیران‌خوڵقێنانەی کە کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی کردووینی و ئیستاش لە هەوڵی دروست کردنییان دایە، کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەماوە. مادام کاریگەریی خۆیانیان لەدەست داوە، زۆر سروشتییە کە بە ڕووی خۆیدا دەتەقێتەوە و مادام بە ڕووی خۆیدا دەتەقێتەوە، کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەریاندا بەرگە ناگرێ و پێداگریی لەسەر ئەو سیاسەتە بە زیانی خۆی دەشکێتەوە.

 

باستان لەوە کرد کە هاوکێشە سیاسییەکان گۆڕدراون، هاوپەیمانییەکان و بەرژەوەندییەکان گۆڕدراون، ئەدی کۆماری ئیسلامی نەگۆڕاوە؟

ئەگەر دەستەبەندییەک سادە بکەین لەنێو سیستەمە حکوومەتییەکان‌دا، دەتوانین بڵێین کە جیهان بە شێوەیەکی دێموکراتیک و نادێموکراتیک لە سیستەمە سیاسییەکاندا ئیدارە دەکرێ، ئەم وڵاتانەی کە بە شێوەی دێموکراتیک ئیدارە دەکرێن، لەو وڵاتانەدا دەستاودەست کردنی دەسەڵات هەیە، خەڵک بڕیار دەدەن، دەسەڵات لە بەرامبەر خەڵکدا بەرپرسیارن و دەوڵەتەکان بەوە دەروەستن. بەڵام لەو سیستەمانەی کە بەشێوەی نادێموکراتیک بەڕێوە دەچن، دەستاودەست‌کردنی دەسەڵات لە مانای خۆی بەتاڵ کراوەتەوە و هەوڵەکان بەردەوام بۆ سەپاندنی هەیمەنە و هێژمۆنیی زیاترە ئەویش لە ڕێگای سەرکوت و زەبروزەنگەوە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران یەک لەوانە.

ئەو سیستەمە نادێموکراتیکانە یەکێک لە ڕێکارەکانیان قەیران‌خوڵقێنییە لە نێوخۆی وڵات و لە دەرەوی سنوورەکانیان. بۆچی؟ بۆ ئەوەی کە ئامرازیان بەچەنگەوە بێ، هێزیان بەچەنگەوە بێ. بۆ ئەوەی بە خەڵکەکە بڵێن، هەڕەشی نیزامیمان لەسەرە، هەرەشەی ئەمنیەتی و فەرهەنگیمان لەسەرە و بە بیانووی جۆڕاوجۆر و دروستکردنی قەیران، ئەو جۆرە سیستەمانە دەیانەوێ هێزی سەرکوتی خەڵکیان بەدەستەوە بێ. کۆماری ئیسلامی یەک لەو ڕێژیمانەیە کە بۆ مانەوەی خۆیان بەردەوام ئەو سیاسەتەی گرتووەتە بەر. وەک باسم کرد زۆر لە هاوکێشەکانی ناوچە گۆڕاون، بەڵام نیزامی کۆماری ئیسلامی گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە. ئەو ڕێژیمە بەردەوام دەیهەوێ خۆی یەکدەستتر و داخراوتر بکا و لە بەردەوامیی گۆڕانی دەوڵەتەکانیشدا هەر بەدوای ئەوەوە بووە.

 

هاتوچۆیەکانی “ئەمیر عەبدوللاهیان”، وەزیری دەرەوەی ئێران لەو ماوەیەدا بۆ ڕووسیە و وڵاتانی دیکەی ناوچە زۆر بوون و هەست دەگرێ ئەوە لە مەترسییەکەوە سەرچاوە دەگرێ. لە زۆر شوێن، بۆ نموونە لوبنان، یەمەن، عێڕاق و سووریەدا ڕەوتی ڕووداوەکان بەدڵی کۆماری ئیسلامی ناچێتە پێش. هۆکارەکانی ئەو دۆخە چین؟

مەترسییەکانی سەر کۆماری ئیسلامی بۆ گۆرانی ئەو هاوکێشە سیاسییانە دەگەڕێتەوە کە باسمان کرد، بەڵام مەسەلەی ڕووسیە کەمێک جیاوازترە. ٣٠ ساڵ لەوە پێش یەکیەتیی سۆڤیەت بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی جۆرێک بوون و ئێستا بەرژەوەندییەکانی شتێکی دیکەن. هۆکارەکانیش ڕوونن: یەکەم، ئەو وڵاتانەی کە پێشتر بەشێک لە یەکیەتیی سۆڤییەت بوون، ئەگەر نەڵێم هەمووی بەڵام بەشی زۆریان ئەگەرچی وڵاتی سەربەخۆی سیاسین، کەچی حەوشە خەڵوەتی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیەن. ڕووسیە ئێستاشی لەگەڵ بێ لە هەرکام لەم وڵاتانە پێگەی سەربازی و، بەرژەوەندی ئابووریی لەگەڵیان هەیە.

دوویەم، هەر لەو ماوەیەدا کۆمەڵێک کێشە لە نێوان ئێران و ئازەربایجان سەریان هەڵدا کە ئێرانی تووشی ترس و نیگەرانی کردووە. کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا دوو کێشەی جیددی لەبەردەم دایە کە یەکیان پرسی نەتەوایەتیی نەتەوە نافارسەکانە، بۆ نموونە مەسەلەی کورد کە بەشێک لە ترسەکەی کۆماری ئیسلامی بۆ فاکتەرە دەرەکییەکانی شوێندانەر لەسەر ئەو پرسە دەگەڕێتەوە. لە هەمان حاڵدا لە مەسەلەی هاوپێوەندیی نێوان تورکیە و ئازەربایجان و کێشەی ئازەربایجان لەگەڵ ئەرمنستاندا، ئێران دەیەوێ سوودی سیاسی و ئابووریی خۆی لێ ببینێ و هێژمۆنیی خۆی وەک هێزی ناوچەیی لەو هاوکێشانەدا بپارێزێ.

 

کۆماری ئیسلامی لە چەند مانگی ڕابردوودا بەردەوام هەڕەشەی لە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات بەتایبەت کوردەکان کردووە و بەردەوام مانۆڕ و جموجۆڵی نیزامیی بووە. ئەو مەترسییانە چین کە ڕێژیم لێیان تۆقیوە؟

کۆماری ئیسلامی بەو مانوڕانەی لەو ماوەیەدا بەڕێوەی بردن، یەکەم ویستی بە خەڵکی ئازەری زمان یان ئازەرییەکان بڵێ هەرەشەی کوردەکانتان لەسەرە و ئەوە ئێمەین هەوڵ دەدەین ئەو هەڕەشانە نەهێڵین، چونکە کوردەکان دەیانەوێ خاکی ئێران دابەش ببێ و ئەوە پیلانی ئیستکباری جیهانییە و چی و چیی دیکە کە بۆخۆشیان دەزانن وا نییە. بەڵام ئەوە دوژمنایەتیی تەنیا لەگەڵ کوردی ڕۆژهەڵات نییە، بەڵکوو ئەوە دوژمنایەتی لەگەڵ پڕۆسەیەکە بەناوی پرۆسەی ماف و ئازدییەکانی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان. لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ تورکیە و باشووری کوردستان نیزیک بە ٦٠ پایەگا و بنکە و قەڵای گەورە و زەبەلاحی دروست کردووە کە بە درێژایی مێژوو، تەنانەت لە دەورانی عوسمانی و سەفەویشدا کە ئەم دوو هەرێمە پێکەوە شەڕیان هەبوو، ئەو ناوچانە سنوورییانە ئەوەندە میلیتاریزە نەبوون. بەڵێ پرسیارەکە دەقیقە کە هەڕەشە و مەترسییەکان چین؟ ڕاستییەکەی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە هەر ئاڵوگۆڕێک دەترسێ. وەک بە درێژی باسمان کرد لە نێوخۆدا نوقمی قەیرانی ئابووری، فەرهەنگی، سیاسی و کۆمەڵایەتییە و ڕێژیم لە قووڵبوونەوەی ئەو قەیرانگەلە و پێکەوە تەقینەوەیان زراوی چووە. پێشی وایە ئەو تەقینەوەیە ئەگەر ڕوو بدا، کوردستان لە هەموو جێگایەک لەسەرپێ تر و هەستیارترە و بۆ ئەوەی پێش بە ڕەوتی ڕووداوەکان بگرێ، هاتووە سنوورەکان بە هێزی نیزامی دەتەنێ. هێزی نیزامی ڕاستە ڕەنگبێ هەیمەنەیک بسەپێنێ، بەڵام لە بەرامبەر دەریای خڕۆشانی خەڵکدا هیچی لە دەست نایە و مێژوو پڕە لەو ئەزموونانە.

ئامانجێکی دیکەی ڕێژیم وەک پێشتریش گوتم دروستکردنی کێشەیە لەنێوان کورد و ئازەری لە ناوچەدا، لەحاڵێکدا کورد و ئازەری تا پێش هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی لەو جوغرافیایەدا هیچ کێشەیەکیان نەبووە. بۆیە یەکێک لەو قەیرانانە کە نیزامی کۆماری ئیسلامی دروست کردووە و پێشتر باسمان کرد، کێشەی کورد و ئازەرییە کە نانی لێ دەخوا. بۆیە بە لانێکەوە دەیەوێ ئەو کەلێنە قووڵتر و قووڵتر بکا و بەلانێکی دیکەوە لە کێشە لەگەڵ ئازەربایجانیش، ترسێکی لە ئازەرییەکانی ئێران هەیە. ڕێژیم دەترسێ ئەو هەستە نەتەوایەتییەی ئازەرییەکان گەشە بکا و، ڕۆژێک بەڕوویدا بتەقێتەوە. بۆیە ئێستا، بەهەر جۆرێک بێ دەیەوێ ئەو هەیمەنەیە بسەپێنێ و بڵێ ئەوە خاکی ئێرانە و تەنانەت ئازەربایجانیش بەشێک بووە لە ئێران و… . بەگشتی کۆمەڵێک پرسگەلی ئەوا لە ناوچەکەدا هەن، بۆیەشە کۆماری ئیسلامی ترسی ڕێ نیشتووە و ئەو ترسەی لە حیزبە کوردییەکان و هەروەها وزەی خەباتگێڕی خەڵکی کوردستان و گەشەی هەستی نەتەوەیی لە نێو پێکهاتەکانی دیکەی ئێرانیشدا هەر دێ و زیاتر دەبێ.

 

یانی پێتان وایە کۆماری ئیسلامی مودیرییەتی ورووژاندنی ئازەرییەکان لەدژی کوردەکانی لەدەست چووەتە دەرێ، بۆیەشە شوینیزم و پانتورکیزم بەو شێوەیە خۆی دەنوێنێ؟

هەستی نەتەوایەتیی ئەوکاتە کە گەشە دەکا، ئەوکاتە کە سەر هەڵدەدا، هەموو ئەو سنوورانە دەبەزنێنێ. بۆیە ئازەرییەکانی ئێران یان بڵێین تورکەکان سروشتییە کە خۆیان بە یەک نەتەوە دەزانن. چ ئەوانەی لە ناوچە ئازەرییەکانی ئێرانن و چ ئەوانەش کە لە وڵاتانی دیکە‌ن. بۆیە ئەو هاوسۆزییە لەنێوان تورکەکان لە ئێران و  کۆماری ئازەربایجان هەیە، ئەوە لە مەسەلەی شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمنستاندا هەر زۆر دیار بوو. ئەگەر سەرنج بدەینە وتاری ئیمام جومعەی شارە ئازەرییەکان، مەسەلەن ئەوانە کە هەر هەموویان نوێنەری ڕێبەری کۆماری ئیسلامین و لەلایەن ئەوەوە داندراون، کەچی ئەوان بەپێچەوانەی سیاسەتی ئێران کە دۆستایەتییەکی باشی ئابووریی لەگەڵ ئەرمنستان هەیە؛ بەپێچەوانەی سیاسەتی ڕەسمیی حکوومەت هەڵوێستیان گرت، هاتن لە خوتبەی نوێژی هەینیدا، پشتیوانییان لە ئازەربایجان کرد و تەنانەت ئەو کێشەیە چووە نێو مەجلیس.

ئەگەر وایە، نیزامی کۆماری ئیسلامی هەستی بەو مەترسییە کردووە. لێرەدا کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووی دوو فاکتەر بۆتەوە کە یەکیان کوردەکانە و ئەوی دیکەش ئازەرییەکان. بۆیە ڕەنگبێ ئاسانترین شێوازی مودیرییەتی ئەو دوو پرسە پڕ مەترسییە بۆ کۆماری ئیسلامی نانەوەی ئاژاوە و ناکۆکی لەنێوان ئەم دوو نەتەوەیەدا بێ. کە دیارە ڕووناکبیرانی هەر دوو نەتەوە و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەر دوو نەتەوە بەخۆشییەوە زۆر بە وردبینی و سەرنجەوە لە مەسیرێکدا دەڕۆنە پێشێ کە پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی پووچەڵ کەنەوە. مەسەلەن زۆر باسی ڕێککەوتنی کۆماری کوردستان و کۆماری دێموکراتیکی ئازەربایجان لە تەورێز دەکرێ. بەڵام من باسی ئەوە ناکەم، باسی ئەوە دەکەم لە ڕۆژی ٢٩ی بەفرانباری ساڵی ١٣٢٤، ئاڵای کوردستان لە نەغەدە هەڵکراوە و پێشوازییەکی گەرموگوڕیشی لێ کراوە، بەبێ ئەوەی هیچ کێشەیەک ڕوو بدا یان بەبێ ئەوەی هیچ ئازەرییەک گرفت بۆ کورد یان کوردێک کێشەیەک بۆ ئازەرییەک دروست بکا. دەمەوێ بڵێم ئەو دوو نەتەوەیە لە تەنیشت یەکتر ژیاون و لە تەنیشت یەکتر مەحکووم بە ژیانن لەگەڵ یەکتری، بەڵام نیزامی کۆماری ئیسلامی هات ناکۆکیی لەنێواندا دروست کردن و ئێستاش دەیەوێ ناکۆکییەکان قووڵتر ببنەوە کە وەک گوتم نابێ بهێڵین پیلانەکانی ڕێژیم سەر بگرن.

 

ئەگەر هەڕەشەکانی ئەم دواییانە کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات و هەڵبژاردنەکانی پاڕلمانی عێڕاق ئاوا چاو لێ بکەین کە بیەوێ دەنگ‌هێنانەوەی هێزەکانی سەر بە خۆی گوشارێکی زیاتر لەسەر حیزبە کوردییەکان دروست بکا؛ بەپێی ئاکامی هەڵبژاردنەکان چۆن شرۆڤەی ئەو بابەتە دەکەن؟

نیزامی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژی یەکەمی هاتنە سەرکاریەوە هەتا ئێستا، لە دوژمنکاری بەنیسبەت کورد و بەنیسبەت حیزب و لایەنە کوردییەکان غافڵ نەبووە و ئەوەی لەدەستی هاتووە کردوویەتی. کەوایە، لە داهاتووشدا دەیکا. مەسەلەیەکی دیکە وڵاتێکی وەکوو عێراقە کە خەریکە خۆی دادەڕێژێتەوە و ئێرانیش بەئاشکرا دەستێوەردانی تێدا دەکا. دەستێوەردانەکانی ئێران لە دوای ڕووخانی سەدام حوسێنەوە بە میلیشیاسازی دەستی پێ کردووە و کاریگەریی زیانباریشی لەسەر پڕۆسەی بنیاتنانەوەی عێڕاقی نوێ بووە کە لایەنەکان دەیانەوێ لەڕێگەی دێموکراسی، سندووقەکانی دەنگدان و لێک‌تێگەیشتنەوە هەنگاوی بۆ بنێن و کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆسپ بووە. هەڵبەت پرسی سیاسی لە عێڕاق و جۆری حکوومەت و سازان و هاوکێشە نێوخۆییەکانی ئەم وڵاتە پیوەندیی بە عێڕاقییەکانەوە هەیە کە بۆخۆیان بڕیاری لەسەر دەدەن. بەڵام ئێران لێرەش شکستی خواردووە، ئەوە لە دەنگ‌نەهێنانەوە و دابەزینی دەنگی ئەو لایەنانەی بەئاشکرا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە سپۆنسەری دەکرێن دیارە، لەحاڵێکدا هەزینەیەکی یەکجار زۆریشی بۆ کردووە.

مەسەلە هەر شکستی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە عێراق نییە، لە هەموو ناوچەیە. ڕێژیم دەیویست هیلالی شیعە دروست بکا کە بۆ دروست نەبوو. چونکە بەشێک لەو هیلالی شیعەیە عێراقە کە ڕەوتی سیاسی لە عێراق بە جۆرێک دەچێتە پێش کە ئیزن نادا ئەو وڵاتە بەشێک لە پڕۆژەکانی کۆماری ئیسلامی بێت. یان شوێنێکی دیکەی هیلالی شیعە دەگاتە لوبنان، بەڵام کە سەیری گۆڕانکارییە سیاسییەکانی لوبنانیش دەکەی، دەبینی پێگەی ئەو هێز و لایەنانەی سەر بە کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتەن، ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لاواز و لاوازتر دەبێ. ئەوە جیا لەوەی کۆمەڵە فاکتەرێکی دیکەی وەک ئابووری و ئەمنییەتی جیهانی ڕێگر بوون لەوەی ئێران لەو ستراتیژییەدا سەرنەکەوێ و بارودۆخەکە بەسەریدا بڕووخێ.

 

بەڵام ئایا ئێران هەروا دەست لەسەر دەست دادەنێ؟ بەتایبەت لە پێوەندی لەگەڵ حیزبە کوردییەکاندا؟

بەو ناسینەی لە کۆماری ئیسلامی هەمانە و بەپێی ئەم هەلومەرجە ئێران ڕەنگە دەست بۆ هیندێک کار ببا کە نە لە عورفی نێودەوڵەتیدا جێگای پەسندن و نە لە عورفی دراوسێیەتیی دەوڵەتەکان لەگەڵ یەکتر دە%8

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*