بەڵایەک بەناوی کۆماری ئیسلامی

عەلی بداغی

هەموو وڵاتێک گرینگی بە ویست و داوای خەڵکی خۆی دەدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران نەبێ کە لەسەر داواخوازیی ڕەوایان دەیانکوژێ. هەموو وڵاتێک بەرژەوەندیی خاک و نیشتمانی خۆی لە سەرووی هەموو شتێکە، کۆماری ئیسلامی نەبێ کە هەموو سامان و سەرچاوەکانی وڵات بۆ ئەوانیدی لە وڵاتانی دی خەرج دەکا. هەموو وڵاتێک بایەخ بۆ گیان و سڵامەتیی خەڵکی خۆی دادەنێ، کۆماری ئیسلامی نەبێ کە لەسەر سەروو، ڕێبەری وڵات کڕین و هاوردەی واکسەن و دەرمانی دژەنەخۆشی قەدەغە دەکا هەتا خەڵکەکەی پتر کۆمەڵکوژ بکا. لەو بارەیەوە باس زۆرە و ئەوەی لەم ستوونەدا دەمانەوێ بێینە سەری هەر مەسەلەی سڵامەتیی خەڵک، بەڵام لە ڕەهەندێکی دیکەوەیە؛ ئەویش مەسەلەی مین لە کوردستان و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییە لەو پێوەندییەدا.

حەوتوویەکە تورکیە بە هاوکاریی یەکیەتیی ئورووپا و بەرنامەی پەرەپیدانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و، لە چوارچێوەی عەمەلیاتێکی بەربڵاودا دەستی بە لەکارخستن و هەڵگرتنەوەی ٨٠ هەزار مین لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان خۆی لەگەڵ ئێران کردووە. وڵاتی تورکیە لە ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵ (١٩٥٣-١٩٩٦)دا بۆ ڕێگەگرتن لە قاچاغ، هاتوچۆی نایاسایی و هەڵبەت لە ڕاستیدا بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ بزووتنەوەی سیاسیی کورد لەو بەشەی کوردستان نیزیک بە ٥ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەی لەو ناوچانەی مینڕێژ کردووە. تورکیە دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٤ کۆنڤانسیونی “ئۆتاوا”ی بۆ قەدەغەکردن و ڕاگرتن و بەکارهێنانی مینی دژەکەس ئیمزا کرد، ئێستا بە هاوکاریی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەستی بە هەڵگرتنەوە و خاوێنکردنەوەی ناوچە مینڕێژکراوەکان کردووە.

پرسی “مین” لە ئێرانیش یەک لە کێشە و قەیرانە جیدییەکانی خەڵکی کوردستانە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بیانووی شەڕی کوردستان و عێڕاق زیاتر لە چل و دوو هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەی لە چوار پارێزگاکەی کوردستان و خوزستاندا مینڕێژ کرد. دوای کۆتایی هاتنی شەڕ نەک هەر ١٢ میلیۆن مین لەو شوێنانە بەجێ مان، بەڵکوو سپای پاسداران پتر لە جاران ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی بۆ ڕێگری لە هاتوچۆی هێزەکانی پێشمەرگە مینڕێژ کرد.

دوای ٣٣ ساڵ لە کۆتایی شەڕ ئێستاش ڕۆژ نییە لە شوێنێکی کوردستان تەقینەوەی مین کارەساتێکی لێ نەکەوێتەوە. نیزیک بە تەواوی قوربانییەکانیش ژن و منداڵ، شوان و خەڵکی کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچەکەن. ئامارە رەسمییەکانی حکوومەت دەڵێن لە ماوەی سی ساڵدا (١٣٦٧-١٣٩٧)دا ٩٩٢٥ کەس لە ناوچە کوردستانییەکانی ئێران بوونەتە قوربانیی تەقینەوەی مین کە ٢٨٢٣ کەسیان کوژراون و ٧٠٩٥ کەسیشیان نقوستان بوون. “چاونیوز”، ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاماژە بەوە کە ئامارە ڕاستییەکان زۆر زیاتر لەوەشن، دەڵێ تەنیا لە سێ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە کوردستان بەهۆی تەقینەوەی مینەوە کوژراون، یان نقوستان بوون. لە زیانە گیانییەکانی تەقینەوەی مین بەولاوەتر ئەو خەسارانەن کە بەر ژینگەی کوردستان کەوتووە و بوونەتە هۆی ئەوەی زیاتر لە چوار میلیۆن هێکتار زەویی کشتوکاڵ لەو سۆنگەیەوە ببێتە بەیار و، خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی وەک تەڵاق، بێ‌سەرپەرستی هەزاران کەس، کۆچ بەرەو شارەکان، ژیان لە ترس و دڵەڕاوکێ و نائەمنییش بێتە وەک دەردی سەرباری دەردان.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ هەڵگرتنەوەی مین و خاوێنکردنەوەی ناوچە مینڕێژکراوەکان لە ئێران زیاتر لە ٢٠٠ میلیون دۆلاری پێویستە و ئامادەشە لەو بارەیەوە هاوکاریی کۆماری ئیسلامی بکا، بەڵام پێش مەرجەکەی ئەوەیە ئێران بێتە نێو کۆنڤانسیۆنی “ئۆتاوا”، کەچی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەبەر سیاسەتی شەڕانخێویی خۆیەوە ئامادە نییە بێتە نێو پەیمانێکەوە کە ڕێ لە کوژرانی خەڵکی سڤیل و بێتاوان دەگرێ! کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکات ئیدیعا دەکا لە پڕۆسەی هەڵگرتنەوەی مین لە ناوچە شەڕلێدراوەکان بەردەوامە و تەنانەت هەر جارە و لە شوێنیک “جێژنی پاکسازی”یشی بۆ دەگرێ، وەک چۆن تا ئێستا لە کرماشان و مەریوان لەو جۆرە جێژنانەی گرتووە و خەڵک بەو متمانە و ئارخەیانیەوە گەڕاونەتەوە سەر مووچە و مەزراکانیان، کەچی هەر لەو شوێنانە کارەساتەکان نەک دووپاتە، بەڵکوو سەت پاتە بوونەتەوە.

سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لەلایەک بە ڕواڵەت ئەرکی هەڵگرتنەوەی مینە نێژراوەکان خراوەتە ئەستۆی وەزارەتی بەرگری –کە خۆی لێ دەدزێتەوە- و لەلایەکی دیکەشەوە ستادی بەربەرەکانی لەگەڵ کاڵای قاچاغ داوا دەکا بۆ ڕێگری لە هاتوچۆی قاچاغچییەکان! ناوچە سنوورییەکان پتر مینڕێژ بکرێن کە سپای پاسداران بێ‌ئەوەش لەو کارە بەردەوامە! هەروەها کۆمیسیۆنی مادە ٢ی ئۆستاندارییەکانیش کە دەبێ ئاوڕ لە قوربانییانی تەقینەوەی مین بدەنەوە، گوێی خۆیان لە ئەرکەکانیان خەواندووە. بەجۆرێک کە تەنیا لە سەردەشت و پیرانشار زیاتر لە ٢٥٠٠ پەروەندەیان لەسەر ئەوە کە قوربانییەکە بە قاچاغ سنووری بڕیوە، داخستووە! تەنانەت لە بواری وریاکردنەوەی خەڵک لە مەترسییەکانیش کەمترین کاریان نەکردووە و ئەگەر وشیارییەک لەو ماوەیەدا دروست بووبێ، بەرهەمێ کاری ڕێکخراوە مەدەنییەکان بووە کە لەلایەن ڕێژیمەوە نەک هاوکاری نەکراون؛ بگرە چەت خراوەتە کار و پڕۆژەکانیشیانەوە. هەربۆیە ئێستاش سەدان گوند لە کوردستان هەن کە کاتی خۆی پایەگایان لێ بووە و دوایە چۆڵ کراون، بەڵام مینەکانیان کە پاش خۆیان بەدیاری بۆ خەڵک هێشتۆتەوە لەجێی خۆیانن و خەڵکەکەش کەمترین وریایی و زانیارییان بۆ خۆپاراستن نەدراوەتێ.

کوردستان هەر بەڵایەکی بە ناوی کۆماری ئیسلامی ئاوقا نەبووە، بەڵکوو شەڕ و لێکەوتەکانی کە مین یەک لەوانە، بەڵایەکی زیاترن کە هەر لە سۆنگەی ئەم ڕێژیمەوە بۆ خەڵک باریون. لە کوردستان کاربەدەستان نووستوون و گوێیان لە دەرد و مەینەتیی خەڵک خەواندووە، بەڵام مینەکان بەخەبەرن و هەروا گیان دەستێنن.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*