بێتوو بەڕیوەبەرایەتیی بایدن دژی ئێران نەوەستێتەوە، کۆنگرە دەبێ دژی بایدن بوەستێتەوە

و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

دامەزراوەی داکۆکی لە دێموکراسیان- گابریەل نۆرۆنها، ئاندرێیا سترحکەر، مەتیو زوایگ

کەماڵ حەسەن‌پوور لە ئینگلیزییەوە کردوویەتی بە کوردی

 

سیاسەتی بەڕیوەبەرایەتیی بایدن بۆ ئێران خەریکی تێکڕمانە و دەمێکە کاتی ئەوە هاتووە کە کۆنگرە لە ئامرازێکی سەرەکی کە لە ٢٠١٥ دروست کرا، لە بڕیاری پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران (INARA)، کەڵک وەرگرێ. ماوەیەکی کورت دوای هاتنە سەرکاری سەرکۆمار بایدن، وڵاتە یەکگرتووەکان و پێنج زلهێزی دیکە، بریتانیا، فەڕانسە، ئاڵمان، ڕووسیە و چین شەش جار لەگەڵ ئێران کۆبوونەوە تا ڕێککەوتنی ٢٠١٥، کە بە بەرجام ناسراوە، و بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ لە ٢٠١٨ بەجێی هێشت، چالاک بکەنەوە.

وتووێژەکانی مانگی جوون بەولاوە، ماوەیەکی کورت دوای دەسبەکاربوونی سەرکۆماری هەرە توندڕەوی ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی، ڕاگیراون. بەڕێوەبەرایەتیی بایدن، وەک نیشانەیەکی ئاشکرای بێ‌هیوایی بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکە، وێدەچی نزیک بێ پێشنیاری سووک‌کردنی بەرچاوی ئابلۆقەکانی ئێران بدا کە دەبێتە هۆی ڕەخساندنی هەلی پەرەپێدانی چالاکییە بەدخوازانەکانی ڕێژیم.

بە چاوخشاندنێک بە لیستەی بەرپرسە توندئاژۆکانی کابینەی ڕەئیسی، لە ناویاندا جێگری وەزیری دەرەوە، “عەلی باقری کانی”، وێدەچێ تاران ئامادەی پانکردنەوەی دانوستانکارانی وڵاتە یەکگرتووەکان بێ. بەڕێوەبەرایەتیی بایدن کە تاک‌لایەنانە بەشێک لە ئابلۆقەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی سووک کردوون و بەگوێرەی ڕاپۆرت ڕەزامەندیی بۆ پاشەکشەی زیاتر لەوەی لە بڕیارەکانی بەرجامدا هاتوون دەربڕیوە، ئێستا وێدەچێ خولیای ناردنی لافاوی پارە بەرەو تاران، بە ئازادکردنی ٩٠ میلیارد دۆلار سامانی دەست‌بەسەرداگیراو، و هەڵگرتنی ئابلۆقەکانی پێوەندیدار بە تێرۆریزم، مووشەکی بالیستیکی و پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ بێ کە هیچ پێوەندییەکیان بە بەرجامەوە نییە.

لەوەش زیاتر، بەڕیوەبەرایەتیی بایدن پرسیارەکانی کۆنگرە لەمەڕ وردەکاریی ئەو شتانەی ڕەزامەندییان لەسەر دراوە پاشگوێ دەخا. لە پشت شانۆ، وەزارەتی دەرەوەی بایدن، بە پاشگوێ‌خستنی نامەکانی سێناتۆران و نوێنەران کە داوای وردەکاری و بەڵگەکانی سیاسەت بەرانبەر بە ئێران و ئەو ئابلۆقانەی کە قەرارە هەڵگێرێن دەکەن، بەربەستێکی قایم بۆ کۆنگرە دروست دەکا. داواکارییەکان یان بێ جواب ماونەوە یان بەڕێوەبەرایەتییەکە زانیارییەکی زۆر کەمی درکاندووە. کاربەدەستانێک کە لە لایەن حیزبەکانەوە دەسنیشان نەکراون، لە دانیشتنی نافەرمیدا دەڵێن کە بەڕیوەبەرایەتیی بایدن نیگەرانییە نێوخۆییەکان و ناڕەزایەتییەکانیان پاشگوێ خستووە یان بێدەنگیان کردوون.

لە پێش و دوای دەسبەکاربوونی بایدن، ڕاوێژکارەکانی ناڕەزایەتییان بەرانبەر بە هەڵمەتی ئەوپەڕی زەختی ئابووریی ترامپ دەردەبڕی کە سەرکۆماری پێشوو دوای هاتنەدەر لە بەرجام سەپاندنی. تیمی بایدن هۆشداریی دەدا کە ئابلۆقە، ئاکارە بەدخوازانەکەی ئێران خراپتر دەکا و دەبێتە هۆی بەربڵاوتربوونی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران. ئێستا، بەڕێوەبەرایەتییەکەی هەشت مانگی کات هەبووە تا هەڵوێستەکەی تاقی بکاتەوە: دیپڵۆماسیی دڵخواز و فرەلایەن هاوشانی وەستاندنی سەپاندنی ئابلۆقە لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە تا ببێتە هۆی ماقووڵ‌کردنی ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی.

ئاکامەکە کارەساتبار بووە. تەنیا ئەو هاوینە، گەڕانەوەی دیپڵۆماسی و ژێستی ئاشتیخوازانە بۆتە هۆی بۆمب دانانەوە بۆ پاپۆڕی نەوتهەڵگری بیانی و هێرش بۆ سەر دامەزراوەی ئەمریکایی لە عێراق، لەگەڵ ئاشکرابوونی پیلانی بەبارمتە گرتن و ناردنەوەی بەرهەڵستکارێکی ناوداری ئێرانی-ئەمریکایی، مەسیح عەلینژاد، لە ماڵەکەی ڕا لە بروکلین، لەلایەن ڕێژیمی مەلایانەوە. لە سەرەتای ئەو مانگەدا وەزیری کاروباری دەرەوە، ئانتۆنی بلینکن، دانی پێدانا کە ڕێژیم هێشتا شارۆمەندی دیکەی ئەمریکا دەکاتە ئامانج، لە ناویاندا کاربەدەستانی هەنووکەیی و پێشووی وڵاتە یەکگرتووەکان.

چارەنووسی پرسی ئەتۆمییش، کە ئێران بە خۆکەڕکردن لە داواکارییەکان، زلهێزانی دنیای بێ‌دەسکەوت کردووە، لەوە باشتر نەبووە. تاران ئاستی پیتاندنی بۆ ٪٦٠ بەرز کردۆتەوە و دەستی کردووە بە بەرهەمهێنانی کانزای ئۆرانیۆم، کە هەنگاوی سەرەکیی بەرەو گەشەپێدانی چەکی ئەتۆمین. ئێران هەروەها ئاستی چاودیری‌کردنی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی کەم کردۆتەوە و پێشی بە لێکۆڵینەوەی ئاژانس لە پێگەی ئەتۆمی، کەرەستە و چالاکییە ڕانەگەیندراوەکانی گرتووە. تاران سەرکەوتووانە خۆی لە سزاکانی دەستەی بەڕێوەبەریی ئاژانس لەبەر پێشێلکارییەکانی بواردووە.

ئێران زۆر لە نیگەرانی دەربڕینەکانی ئەورووپا و ئەمریکای پاشگوێ خستوون، لە “نیگەرانیی قووڵ” تا “نیگەرانیی بەهێز”، لەبارەی چالاکییە ئەتۆمییە پەرەئەستێنەکان، بێ هیچ سزایەک لەلایەن پێتەختەکانی خۆرئاواوە. بلینکن هەموو هەوڵی خۆی دەدا تا وەک “پۆلیسی خراپ” دەرکەوێ، هەڕەشە دەکا کە دانووستانەکان ناتوانن تا هەتایە درێژەیان هەبێ، بەڵام بەڕێوەبەرایەتییەکەی وێدەچێ لەمەڕ هەنگاوی داهاتوودا دەستەوەستان بێ. لە هەمان کاتدا، ئامرازەکانی زەخت لەلایەن ئەمریکاوە لەکیس دەدرێن.

لە سەرەتای دەسبەکاربوونی بایدن، ئێران تووشی زەختێکی ئابووریی گەلێک قورس ببۆوە و تەنیا ٤ میلیارد دۆڵار دراوی بیانیی لەبەر دەستدا بوو و قەرزی لەسەر کەڵەکە دەبوون و قەیرانی هەڵاوسانی نرخەکان، هاوکات لەگەڵ وەستانی ئابووری کە هۆیەکەی ئابلۆقەکانی ئەمریکا و گەندەڵیی خودی ڕێژیم و ناکارامەییەکەیەتی، قووڵتر دەبوو. بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی بەڕێوەبەرایەتیی بایدن، ئاستی بازرگانیی ئێران لە نێوان ٢٠١٩ تا ٢٠٢٠، ٪٤٠ (١٨ میلیارد دۆلار) دابەزیوە. بەڵام بە هۆی وتووێژە ناڕێکوپێکەکانی ئا ئێستا، ئێران توانیویەتی بە ئاکامەکانی سووک‌کرانی ئابلۆقەکان شاد بێ و داهاتی هەناردەکردنی نەوتی دوو هێندەی ٢٠٢٠ بەرز کردۆتەوە. ئەو بیزنسە نزیکەی ٧ میلیارد دۆڵاری داهات گەیاندۆتە تاران و پێشی بە هەرەسهێنانی ئابووری گرتووە کە هەڕەشەیەک بوون بۆ سەر ڕێژیم و چالاکییە نایاساییەکانی.

ئیتر بەسە. کۆنگرە دەبێ بە کەڵک‌وەرگرتن لە یاساکانی پەسەند کراو بۆ جێبەجێ‌کردنی بەرجام لە ٢٠١٥ (INARA) دژی سیاسەتی گەمژانەی بەڕێوەبەرایەتیی بایدن بەرانبەر بە ئێران، دەستێوەردان بکا. کۆنگرە دەبێ کەڵک لەو قانوونە وەرگرێ تا پێش ئەوەی واشینگتۆن لە بەرانبەر تاران پاشەکشەی زۆرتر بکا، پێش بە سووک‌کردنی ئابلۆقەکانی ئێران بگرێ.

تا ئەمڕۆ، کۆنگرە جەختی لەسەر بەشی یەکەمی ئاو یاسایە کردۆتەوە، کە ئەو مافە بە کۆنگرە دەدا پێداچوونەوە بە هەر ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بکا و پەسەندی بکا. بڕیارنامەکە دەسەڵاتی بەربڵاوی چاودێری‌کردن بە سەر هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتی بۆ گەڕانەوە بۆ بەرجامی پێشوو یان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ، دەسکاریکراو یان ڕێککەوتنی دواتر داوە بە کۆنگرە: INARA دیاریکردووە کە لە ماوەی پێنج ڕۆژ دوای ئەوە کە لقی بەڕیوەبەریی بگاتە هەر جۆرە ڕێککەوتنێکی ئەوتۆ، سەرکۆمار دەبێ تەواوی وردەکارییەکان بداتە کۆنگرە تا ئەوان لە پرۆسەیەکی ٦٠ ڕۆژەدا پێیدا بچنەوە.

ئەو بەڕیوەبەرایەتییە ناتوانێ ئابلۆقەکانی سەپێنراو لە لایەن کۆنگرە دژی ئێران سووک بکا تا پرۆسەی پێداچوونەوەی کۆنگرە کۆتایی نەهاتووە. هەروەها کۆنگرە دەبێ پێداگر بێ کە هەر جۆرە مێکانیزم یان ڕێککەوتنێکی گەڕانەوەی هەموو لایەک بۆ جێبەجێ‌کردنی ڕێککەوتنە ئەسڵییەکە دەبێ بەگوێرەی بڕیاراتی INARA بێ.

بەڵام لەو ماوەیەدا، کۆنگرە دەبێ مێکانیزمێکی دیکەی INARA بۆ چاودێری‌کردن کە بە گشتی پێی دەڵێن “گەڕانەوەی یاسایی بۆ دۆخی پێشوو” بەکار بێنێ. ئەو ئامرازە دەنگدان لە کۆنگرە و ئەنجومەنی پیران، ئەگەر رێبەرانی زۆرینە و کەمینە کەڵک لەو مافەیان وەرگرن، بۆ پێشگرتن بە سووک‌کردنی ئابلۆقەکانی سەپێنراو بەسەر ڕێژیمی ئێران مسۆگەر دەکا. دەرفەتی دەنگدانەکە دەتوانێ تەنیا لە ماوەی ئەو ٦٠ ڕۆژەدا بێ کە هەر ٩٠ ڕۆژ جارێک بە هۆی شکستی بەرێوەبەرایەتیی بایدن لە سەلماندنی ئەوە کە ئێرانییەکان بەڵێنییەکانیان بەگوێرەی بەرجام جێبەجێ کردووە، دەڕەخسێ. هەلی ئێستای گەڕانەوەی یاسایی بۆ دۆخی پێشوو لە ٢٢ی سێپتەمبەر تا ٢١ی نۆڤەمبەرە. چونکە بەڕیوەبەرایەتیی بایدن هێشتا نەگەڕاوەتەوە بۆ بەرجام. ڕێبەرایەتیی کۆماریخوازی کۆنگرە دەبێ کەڵک لەو دەرفەتە بۆ گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو ەرگرێ. ڕێبەریی کۆنگرە دەبێ پێش ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی بایدن هەوڵ بدا گەڕانەوە بۆ بەرجام بکاتە ئەمری واقیع و ئیزن بە ڕێژیم بدا دەستی بە  سامانە سڕکراوەکانی ڕابگا، هەنگاو بنێ.

کۆنگرە و ئەنجومەنی پیران پێویستییان بە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک بە زۆرینەی ساکارە تا پێش بە هەڵگیرانی ئابلۆقەکان بگرن، ئەگەر وانەبێ دەچێتە بەر دەستی سەرکۆمار و ئەویش بێگومان ڤیتۆی دەکا. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە دێموکڕاتەکان زۆرینەی کۆنگرە و ئەنجومەنی پیرانیان بەدەستەوەیە و خۆیان ناچار دەبینن پشتگیری لە دەسپێشخەرییەکی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی بایدن بکەن، وێناچێ بیانەوێ ڤیتۆی سەرکۆمار پووچەڵ بکەنەوە کە دوو لە سەر سێی دەنگەکانی پێویستە. کۆنگرە لە ٢٠١٥ کە زۆرینەی بەدەست کۆماریخوازانەوە بوو، نەیتوانی دەنگی پێویست بۆ پێشگرتن بە بەرجام کۆ بکاتەوە، ئەگەرچی ٪٦١ی ئەندامان دژی رێککەوتنەکە بوون، لە ناویاندا ٢٥ ئەندامی دێموکڕاتی کۆنگرە و چوار ئەندامی ئەنجومەنی پیران کە سەر بە حیزبی دێموکڕات بوون. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕێبەرانی کەمینە، بە لەبەرچاوگرتنی کەڵەکەبوونی ناڕەزایەتیی دێموکڕاتەکان لە سیاسەتی بایدن، دەتوانن بگەنە زۆرینەی دوو لە سەر سێ.

بە بێ لەبەر چاوگرتنی ئاکامەکە، دەنگدان لەسەر ئەو پرسە کە دەرخەری دژایەتی بەرچاوی کۆنگرەیە، دەتوانێ پەیامێکی بەهێز بێ بۆ تاران کە ئەگەر ئێران دەست لە چالاکییە بەدخوازەکانی هەڵنەگرێ سەرکۆماری کۆماریخوازی داهاتوو وێدەچێ ئابلۆقەکان بسەپێنێتەوە. دەنگدان بە هەمان شێوە مەترسییەکانی تێوەگلان لە ئابووری ئێران بە کۆمەڵگای بازرگانیی ناونەتەوەیی نیشان دەدا و تێیان دەگەیەنێ کە ڕەنگبێ ئابلۆقەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان بگەڕێنەوە. دەنگدانێکی سیمبۆلیک هەروەها نیشانی دەدا کە ئێران ناتوانێ بێ بەرپەرچدانەوە، قەڵسە بە وڵاتە یەکگرتووەکان بگێڕێ و بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کەڵەگایەتی بکا.

بە هەمان شێوە، کۆنگرە دەتوانێ بە پرۆسەی پێداچوونە بە بەرجام بە کەڵک‌وەرگرتن لە INARA بۆ زەخت خستنە سەر بەڕێوەبەرایەتیی بایدن وەرگرێ تا هەنگاوی هەست‌پێکراو و یەکلاکەرەوە دژی ئێران، بەهۆی بەئامانج‌گرتنی بەردەوامی شارۆمەندانی ئەمریکا و پرۆڤۆکاسیۆنی نێونەتەوەیی دیکە، هەڵگرێ. تا ئێستا، کۆنگرە کەم بڕیاری هەست‌پێکراوی بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ چالاکییە بەدخوازانەکانی ئێران داون و لە دوای دەسبەکار بوونی بایدن، هیچ دەنگدانێکی بەرچاوی پێوەندیدار بە ئێران لە کۆنگرە یان لە ئەنجومەنی پیران بەڕێوە نەچووە. کۆنگرە ئاشکرای کردووە کە چەند کردەوەی سەرەتایی ئەو حەفتەیە دەست پێ دەکەن، لە ناویاندا چەند بڕیارێک لەژێر قانوونی ڕێگەپێدرانی بەرگریی نێشتمانی بۆ ئەرکدار کردنی بەڕێوەبەرایەتی تا سووک‌کردنی ئابلۆقەکانی پێوەندیدار بە تێرۆریزم و گەشەکردنی سەربازیی تاران و هاوپەیمانیی لەگەڵ چین بە کۆنگرە ڕابگەیەنێ.

دەنگدان بە گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو لە ژێر بڕیاری INARA دەبێتە هۆی پشتیوانییەکی سیاسیی گەلێک قایمتر، تەنانەت ئەگەر سیمبۆلیکیش بێ، دژی پاشەکشەی بەرچاوی دانوستانکارانی وڵاتە یەکگرتووەکان، کە بەردەوام نیشانیان داوە ناتوانن مەتەرێزیان دژی کەڵەگایەتیی ئێران بپارێزن. کۆنگرە دەبێ ئێستا بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی خراپترین خولیا بیر لێ نەکراوەکانی سیاسەتی دەرەوە هەنگاو بنێ. بە دەسپێکی پرۆسەی گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشووی ڕێگاپێدراو لە INARA، کۆنگرە دەتوانێ چاودێریی بەسەر سیاسەتی بایدن بەرانبەر بە ئێران، کە گەلێک پێویستە، بگەڕێنێتەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*