ئێعدام لە گەڕاندنەوەی ئەمنییەت بۆ کۆمەڵگەوە هەتا هەڵگرتنی ئەمنییەت لە وڵات

زانیار حوسێنی

لە پێناسەیەکی گشتیدا هاتووە کە ئێعدام جۆرێک لە و، قوورسترین سزایەکیشە کە دەکرێ بۆ تاوانبار دەربکرێ. ئەو سزایە ئێستاش لە یاسای سزادانی هێندێک لە وڵاتاندا ماوە و بەپێی حوکمی دادگای گشتی، جینایی، نیزامی و هتد بۆ تاوانبار دەردەکرێ و بەوە کۆتایی بە ژیانی تۆمەتبار دەهێندرێ. ئەو تاوانانەی کە سزای ئێعدامیان بۆ دیاری کراوە لە ڕیزی تاوانە ئێعدامییەکان یان تاوانە گەورەکاندا جێ دەگرن و بەپێی یاسا و نیزامی سیاسیی وڵاتان جیاوازییان تێدا بەدی دەکرێ، بەگشتی بریتین لە تاوانەکانی وەک کوشتن، کوشتنی بەکۆمەڵ، دەستدرێژیی سێکسی، دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان، تێرۆریزم، خەیانەت، سیخوڕی، ژینۆساید و جینایەتەکانی کاتی شەڕ. لە هێندێک وڵاتی دیکەش لەوانەیە بۆ هاوڕەگەزخوازی، قاچاغی مادە هوشبەرەکان، ڕفاندنی مروڤ و چەتەیی و… ئەو حوکمە بدرێ.
ئێعدام کە لە مێژووی مافی سزاداندا قوورسترین سزایە هەر لە کۆنەوە لەنێو کۆمەڵگەکان و میللەتاندا بۆ بەرپەرچ‌دانەوەی پێشێلکەرانی یاسا هەبووە. یەکەمین بەڵگە یان بڵێین ڕەشنووسی فەرمی بەجێماو لە زەمانی کۆن دەگەڕێتەوە بۆ ١٨٠٠ ساڵ پێش زایین و لە سەردەمی دەسەڵاتی حەمووڕابی بۆ ٢٥ تاوان و کردە ئەو سزایە لەبەرچاو گیراوە. لە یۆنانی قەدیمیش ئەو سزایە بۆ پیاوکوژان، خەیانەت و دەستدرێژی دیاری کرابوو. لەو سەردەمەوە تاکوو ئێستا زۆر جۆر و شێوازی ئێعدام لە دنیادا جێبەجێ کراون هە وەک: لەخاچدان، خنکاندن لەنێو ئاودا، لێدان هەتا مردن، بەردەباران‌کردن، مل‌پەڕاندن، سووتاندن، چوارناڵ‌کردن، لەسێدارەدان، تیرباران‌کردن، کورسیی کارەبایی، وەشاندنی دەرزی و دیوی گاز و … .
بەڵام کە لەو مێژووە تێدەپەڕین و دێینە سەردەمی ئێستا، دەبینین کە یاسا و ڕێسای زۆر وڵاتان لەسەر بنەمای چاکسازی و پەروەردەکردنەوەی تاوانباران دادەڕێژرێ و بەرەو سووک‌بوونی سزاکان و زیاترکردنی باری چاکسازی پەروەردەیی تاوانباران دەچێتە پێش. مەبەست لەوەش ئەوەیە هەم تاوانبار بەخۆیدا بچێتەوە و بتوانێ بگەڕێتەوە نێو کۆمەڵگە و بنەماڵەکەی و درێژە بە ژیانی بدا. هەمیش ڕوحی هاوکاری، مرۆڤدۆستی و وێکهەڵکردن لەنێو کۆمەڵگەدا پتر پەرە بستێنێ و ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی و ئاستی ڕێزگرتن لە یاسا و سەروەرییەکان بچێتە سەرتر. ئەم بۆچوونە ئەو دژەبۆچوونیشی هەیە کە ئەم جۆرە مامەڵەیە ئاستی پرینگانەوە لە تاوان کەم دەکاتەوە هێندێک تاوان بەهۆی قوورسایی و زەبرێکی قورس کە لە ڕوحی مرۆڤی کۆمەڵگەی دەدەن، دەرفەت بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسە بۆ کۆمەڵگە ناهێڵنەوە.
هەوڵە جیهانییەکان بۆ نەهێشتنی سزای ئێعدام گەیشتنە ئەو جێیەی کە ڕۆژی ١٠ی ئۆکتوبری هەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی سزای ئێعدام دیاری بکرێ.
دژبەرانی ئێعدام دەڵێن کە ئەو سزایە سزایەکی دژی مرۆڤە و بەهۆی نەگەڕانەوەی و گرتنی گیانی تاکێک دوور لە ڕوحی ڕوانگەی مافی مرۆڤە. یەکێک لە هۆکارەکانی دژایەتی ئەو کەسانە لە هەمبەر ئەو یاسایەدا ئەوەیە کە دەڵێن کاتێ سزای کردەوەیەک هەر خودی ئەو کردەوەیە بێت بەرامبەر بە تاوانبار، یانی کاتێک بکوژ بەهۆی کوشتنی کەسێک تاوانبارە، چۆن دەکرێ سزاکەی کووشتنەوە واتا کردەوەی خۆی بێت بە نیسبەت خۆی. وەک ئەوە وایە کەسێک بە تاوانی دەستدرێژی سێکسی بگیردرێ و بەپێی یاسا، سزای دەستدڕیژکردنەوەی سێکسیی بەسەردا بسەپێ. هۆکاری دیکەی ڕەتکردنەوەی ئەو جۆرە سزایە ئەوەیە کە زۆر جاران حوکمی ئێعدام بۆ کەسانی بێتاوان دەرکراوە و بۆتە هۆی پێشێل‌بوونی عەداڵەت؛ لە کاتی وادا گەڕانەوە و پێداچوونەوە بەو حوکمە لەلایەن دادگا بێ دەرەنجام و بێ‌مانایە و دادگاکانیش لە دوات جێبەجێ بوونی ئەو چەشنە سزایانە زۆربەی کاتەکان بەدواداچوون بۆ سەلماندن یا ڕەتکردنەوەی بێتاوانیی تۆمەتبار ناکەن.
هۆکاری دیکەی دژایەتیی ئەو جۆرە سزایە ئەوەیە کە وڵاتانی دیکتاتۆر و تۆتالیتێر بۆ لەنێو بردنی دژبەرەکانیان و بێدەنگ‌کردنی ڕەوتی مافخوازی کەڵک لەو سزایە وەردەگرن کە ئێران یەک لەوانە.
لە ئێران ئێعدام بەپێی یاسا و قانوون تاوانە سیاسییەکان، کوشتن، دەستدرێژی، گێچەڵیی سێکسی منداڵان، هاوڕەگەزخوازی ژنان و پیاوان (کاتێک پەیوەندی سێکسییان هەبێ و ژنانیش ئەو کارە دووپات بکەنەوە)، قاچاغی مادە هۆشبەرەکان، ڕفاندنی ئینسان، ڕفاندنی فرۆکە، بێ‌ڕێزی بە پێغەمبەر و بنەماڵەکەی و ئیمامەکان و موحارەبە (شەڕ لەگەڵ خوا) سزای ئێعدامیان بۆ دەردەکرێ. بەپێی ئامارەکان ئێران بەپێی حەشیمەتەکەی لە پلەی یەکەمی ئێعدام لە دنیادا جێ دەگرێ، بەو حاڵەش ڕێژەی زۆری ئێعدامەکان نەتەنیا نەبۆتە هۆی کەم‌بوونەی تاوانکاری، بەڵکوو بڕی تاوان و لادانەکان لە ئێران ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر بووە. واتە ئەزموونی هەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و ئەزموونی خودی ئێران و ئامار و داتاکان پێمان دەڵێن کە لە هیچ کۆمەڵگایەکدا سزای ئێعدام و قەتڵی سیستماتیکی دەوڵەتی، ناتوانێ ڕێژەی تاوان و جەنایەت کەم بکاتەوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، ئێعدام، هەستی تۆڵەکردنەوە و توندوتیژیی بەهێزتر دەکات. کاتێک قەتڵ لە بەرامبەر قەتڵ، لە ڕێگەی دەوڵەتەوە، ڕێگەپێدراو بێ، ئاساییە ئەگەر کەسانێکیش هان بدرێن کە بەدەستی خۆیان ئەم بەناو عەداڵەتە بەڕێوەبەرن.
ئێعدام لە ئێران بە حەدی (شەرعی) و تەعزیری (غەیری شەرعی) دەستەبەندی دەکرێ. هەرچەند کە بەپێی ئاماری ساڵانە دەبینین کە ئاماری ئێعدامەکان لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەچاو ساڵانی پێشتر لە کەمی داوە، بەڵام ڕێژیمی ئێران بە درێژکردنەوەی ماوەی زیندانیی تاوانبارانی مەحکوم بە ئێعدام هەوڵ دەدا کە ڕێژەی ئێعدامییەکان کەم نیشان بدات. هۆکاری تریشی پێداچوونەوە بە یاسای مادە هۆشبەرەکان لەلایەن یاسای نوێی سزادانی ئێران بۆ کەمکردنەوەی ئێعدامەکانە. بەڵام لە هەمان کاتدا جگە لە سەپاندنی حوکمی گرتن هیچ ڕێگەچارەیەکی تری بۆ ئەو تاوانبارانە نەدۆزیوەتەوە. بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٧ زایینی ئاماری تاوانبارانی قاچاغ و فرۆشتی مادە هۆشبەرەکان کە حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو نزیک بە ٢٣٠ کەس بووە و بە پێداچوونەوە و ئاڵوگۆڕی یاسا پێوەندیدارەکان بەو تاوانە حوکمی زۆربەیان شکا و تەنیا ٢٤ کەس لەو تاوانبارانە حوکمەکەیان وەک خۆی مایەوە. ئەوەش بوو بە هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەوەی کە ئاماری ئێعدام لە جۆری قساس (گرتنی گیانی کەسێک کە کەسێکی دیی کووشتوە) لە بەرامبەر ئێعدام بە تاوانی مادە هۆشبەرەکان زیاتر دیاری بکا. بەڵام جگە لەوە خودی کوشتنەوەی بکوژی کەسێکی خێزانی لەلایەن خەڵکەوە و زۆر بوونی داتا و ئامار سەبارەت بە کوشتن و دەستدرێژی کردنەسەر گیانی هاووڵاتیان دەگەڕێتەوە سەر هۆکارە کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکان کە دۆخی خراپی کار، نەبوونی سەقامگیرییەکی باش بە نیسبەت داهاتوو، زیادبوونی ڕێژەی بێکاران و بەکارهێنانی زیاتری مادە هۆشبەرەکان لە لایەن خەڵک بە تایبەت لاوان و سازکردنی فەزایەکی ئەمنییەتی و مەترسیدار بۆ خەڵک بۆتە هۆی کێشەی دەروونیی زۆر و دابەزینی ئاستی سەبر و تاقەتی خەڵک. بەمجۆرە کێشەی بچووکی ڕۆژانە دەبێتە کێشەی گەورە و خۆکوژی یان کوشتنی کەسانی بەرامبەری لێ دەکەوێتەوە. دەسەڵاتیش لەبری گرتنەبەری ڕێگەیەکی دروست بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە، بە دانی مافی کوشتنەوە بۆ بنەماڵەی قووربانی، هەوڵی ئاڵۆزکردنی زیاتری فەزای کۆمەڵگە و بەگژیەکتریدا کردنی خەڵک دەکا.
لە لایەکی دیکەشەوە لەو ماوەی ڕابردوو دا بە کوشتنی سیاسییەکان له گرتنگە کاتییەکان پێش ئەوەی حوکم بدرێن، ئاماری ئێعدامەکان دێنێتە خوارێ. واتە ڕێژیم لە کوشتنی خەڵکی چالاک و دژبەری خۆی بەردەوامە و ئەم کوشتنانە درێژەیان هەیە بێ ئەوەی بەشی زۆریان حوکمیان بەسەردا بسەپێ.
کوشتن و قەڵاچۆی خەڵک لە خۆپێشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ و بەفرانباری ساڵی ٩٦ کە تێیدا سەدان کەس بە تەقەی هێزە چەکدارەکان لەسەر شەقام یان لەژێر ئەشکەنجە لە گرتنگەکاندا کوژران، پێمان دەڵێن ئێعدام و حەزفی فیزیکیی نەیارانی سیاسی لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە نەک نەبڕاوەتەوە، بەڵکوو زیاتریش بووە. ئێعدامە نهێنییەکانیش و لەهیچ کوێ تۆمار ناکرێن و ڕێژیم بۆ کەمتر نیشاندانی ئاماری ئێعدامەکان لەسەریان بەردەوامە، دیاردەیەکی دیکەیە کە ڕەنگبێ هەر لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بوەشێتەوە.
بۆیە ناڕوونی لە سیستەمی قەزایی و سیاسەتی ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی و شاردنەوەی ئامار و داتا ڕاستەکان لەلایەن ڕێژیمەوە جێی هیچ شک و گومانێک نایەڵنەوە کە ئامارە ڕاگەیەندراوەکانی ڕێکخراوە جیهانییەکان لەسەر ئێعدام زۆر کەمتر لە ئاماری ڕاستەقینەی کوشتنانەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پشتیانە.
ئەزموونی چوار دەیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی پێمان دەڵێ کە ئەو ڕێژیمە بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتی زۆرەملێی خۆی بە سەر گەڵانی ئێراندا نەک هەر دەستبەرداری سزای ئێعدام نابێ، بەڵکوو لە بەرێوەبردنی ئەو سزایەشدا قانوون و نەریتەکانی پێوەندیدار بەو بابەتەش لەبەر چاو ناگرێ، بۆیە ئەو شیوە ئێعدامانەی لە نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەرێوە دەچن، خۆیان جۆرێک لە کوشتنی بەئانقەست یا شێوە تیرۆرکردنێکە کە لەلایەن حکومەتەوە دەکرێن.
هۆکاری سه‌ره‌کیی سزای ئێعدام له‌ ئێران په‌ره‌پێدانی ترس و تۆقاندنه‌‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ ڕێ له‌ سه‌رهه‌ڵدان و دژبه‌رایه‌تی بگرن، چونکی کۆماری ئیسلامی نیزامێکی سیاسیی توتالیتێرە کە بناغەی دەسەڵاتەکەی لەسەر کوشتن و حەزفی فیزیکیی نەیاران و سەپاندنی کەشی سەرکوت و تۆقاندن ڕاگرتووە. ئەم ڕێژیمە لە چوار دەیەی ڕابردوودا زیاتر لە 60 هەزار کەس لە خەڵکی ئەم وڵاتەیان ئێعدام کردووە کە هەزاران کەس لەوان کوشتنی سیاسی بوون. لەم نێوەدا سروشتی ئیعدامه‌کان له‌ کوردستان له‌ چاو ناوچه‌کانی دیکه‌ی ئێران جیاواز بووه‌. ئیعدامی سیاسی له‌ کوردستان له‌ سه‌ر بنه‌مای « هه‌وڵی تێکۆشەرانی سیاسی بۆ دژایه‌تیی کۆماری ئیسلامی» و « به‌ دژه‌خودا ناسینی چالاکانی سیاسی» و به‌مجۆره‌ به‌ موسته‌حه‌ق زانینی ئه‌و که‌سانه‌ به‌ مه‌رگ و سێداره‌ ڕه‌وتێکی نه‌پساوه‌یه‌ و‌ به‌رده‌وام لاهێزی ده‌ستی کۆماری ئیسلامی بۆ سه‌رکوتی نه‌یارانی سیاسیی بووه‌ و؛ له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ کۆمه‌ڵگەی کوردستان و هێزه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان تێچوویه‌کی زۆریان داوه‌.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*