کۆچی دوایی باوکی ئەندامێکی خەباتگێر و لە مێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەشاری بانە

‎بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئاگادار کراینەوە کە ڕۆژی پێنج شەممە رێکەوتی۲۳ سێپتامبری ۲٠۲۱ی زایینی “حاجی حسێن ئەفشاری” باوکی هاوڕێی بەڕێزمان” ئاریا ئەفشاری “ زیندانی سیاسیی پێشوو و بەرپرسی بەشی کۆمەڵایەتی کۆمیتەی وڵاتی نۆڕوێژ، بەداخەوە بە هۆی نەخۆشیەکی درێژخایەن لە تەمەنی۸٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
حاجی حسێنی ئەفشاری کەسایەتییەکی خۆشناو و جێی متمانەی خەڵکی شاری بانە و مرۆڤێکی نیشتمان پەروەرو ئازادیخواز بوو. ئەو کاتانەی کاک ئاریای جگەرگۆشەی لە کاتی بە سەر بردنی رۆژانی سەختی بەندیخانەی رژیمی کۆماری پەت و سێدارە بوو، بە دەیان کاتژمێر لەبەر دەرگای بەندیخانە جۆراوجۆرەکانی شارەکاندا بۆ دیتنی جگەرگۆشەکەی بە چاوەڕوانی دەمایەوە نە سووکایەتی پێکردنی پاسدار و زیندان بانەکان، نە سەرمای زستان، نە گەرمای تاقەت پڕوکێنی هاوین، نە باران و ڕەهێڵەی تۆفانی بەهار و پاییزان، هیچیان نەدەبوونە هۆی ئەوە کە لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا کە کاک ئاریا لە بەندیخانەدا بوو، بۆ تەنیا یەک جاریش بووبێ چاوپێکەوتنە مانگانەکەی بە دوا بخات و خۆی و کوڕەکەی لەم دەرفەتە بێ بەش بکات. لە هەموو ئەم چاوپێکەوتنانەدا، بە قسەی گەرم و دڵخۆشکەر، هیوا و ئۆمێدی بە کورەکەی دەبەخشی و داوای ئەوەی لێ دەکرد خۆراگر بێ و هیوا بە دوارۆژ لە دەست نەدات.

حاجی حسێن ئەفشاری برای کاک “عەلی ئەفشاری”یەکێک لە پێشمەرگە قارەمان و سەرەتایەکانی حیزبی دیموکرات لە شاری بانە بوو کە پاش چەندین جار بریندار بوونی لە بەرەکانی شەڕ لە دژی هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، بە هۆی کەم ئەندام بوونی بە ناچاری و لە سەر ئیجازەی کۆمیتە شارستانی بانە گەڕایەوە شاری بانە، بەڵام تا دوا چرکەکانی ژیانی وەفادار بە رێبازی پێشەوا قازی محەممەد و شەهیدانی رێگای ئازادی و دێموکراسی مایەوە و هیچ کات پەیوەندی خۆی لە گەڵ کۆمیتە شارستان و هاوڕێکانی نەپچڕاند.
حاجی حسێنی ئەفشاری وەک یەکەم شۆفێری شاری بانە و یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکەم “سەندیکای شوفیرانی” ئەم شارە پاش ڕووخانی رژیمی پاشایەتی، ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە هاوردە کردنی ماشێنی باری و نەفەر ھەڵگر بۆ شاری بانە، کە بوو بە هۆی کردنەوەی دەرگایەکی نوێ بۆ هاتووچۆکردنی سەردەمیانەی خەڵکی ناوچەکە و پەیوەندی کردنیان بە دنیا دەرەوە.

ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات وێرای کۆمیتەی حیزب لە نۆروێژ، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی خۆی لە کاك ئاریا و سەرجەم ئەندامانی بەرێزی  بنەماڵەکەیان دەکات  خۆی بە شەریك و بەشداری خەمیان دەزانێ.

ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان- دەرەوەی وڵات

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*