ژنانی شۆڕشگێڕ و شۆڕشگێڕیی ژنانە

شەونم هەمزەیی

وشەی شۆڕش (ئینقلاب) بە واتای گۆڕانی بنەڕەتییە. فیلسووفەکان لەو بڕوایەدان شۆڕش بە واتای گۆڕانی زات و چییەتیی شتێکە، بە واتایەکی تر بە بۆچوونی ئەوان دەبێ ئەم گۆڕانە هەر دوو بواری فۆرم و نێوەرۆک لە خۆ بگرێ. هەر بەم پێیە لە بواری سیاسییش‌دا، بەو واتایە دێ کە بنەماکانی دەسەڵاتێک تووشی گۆڕان بێ. هەتا پێش لە شۆڕشی فەڕانسە، لەبەر ئەوەی چەمکی دەوڵەت-نەتەوە جێگیر نەببوو و هەروەها مەبەست لە خەباتەکان تەنیا گەیشتن بە دەسەڵات بوو نەک پێک‌هێنانی گۆڕانی بنەڕەتی، هەربۆیە بە دەسەڵات گەیشتن و ڕووخاندنی دەسەڵاتەکانی پێشوو بە ڕاپەڕین و سەرهەڵدان و … پێناسە دەکرا؛ هەر لەم ڕووەوە شۆڕشی فەڕانسە بە دایکی شۆڕشەکان ناوزەد دەکرێ. هەرچەندە دواتر هەندێک لە چەپەکان و بەتایبەت لە پێوەندی لەگەڵ شۆڕشی ٥٧ـی ئێران‌دا لەو باوەڕەدا بوون کە هەر شۆڕشێک ئەگەر دەسکەوتی بەرەوپێش‌چوونی تێ‌دا بەدی نەکرا و ئاکامەکە گەڕانەوەیەک بوو بۆ دواوە، دەبێ پێی بڵێن ڕاپەڕین و قیام و ڕاسان و هەستان و … بەڵام ئەوەی کە هەموو بیرمەندانی بواری زانستی سیاسەت لە سەری کۆکن، هەر گۆڕانە بنەڕەتییەکەیە بەدەر لە هەر ئاکامێکی بەدەست‌هاتوو.

نامەوێ باس لە شۆڕش و شێواز و نموونە مێژوویی‌یەکانی بکەم، ئەوە وەک دەروازەیەک بوو بۆ ئەوەی ڕێ‌نیشاندەری باسەکەمان بێ و بۆمان ڕوون بکاتەوە کێ شۆڕشگێڕە. لەم بابەتەی ئەم جارەی گۆڤاری ژنان‌دا دەمەوێ باس لە ژنانی شۆڕشگێڕ بکەم، ئەو ژنانەی کە لە بزووتنەوە و شۆڕشە جیاوازەکان‌‌دا لە بەرەی پێشەوە‌ بوون، نەک ژنانی نێو شۆڕش! ئەم دوو چەمکە جیاوازییان هەیە و ئەم جیاوازییەش هەر لە ناوەکەی‌ڕا دیارە. ژنانی نێو شۆڕش چەمکێکە بۆ ئەو ژنانە بەکار دەبرێ کە هاوڕێ و هاوخەم بوون لەگەڵ مێردەکانیان، کوڕەکانیان و براکانیان و یا هەر پیاوێکی دیکەی ژیانیان و زۆرتری چالاکییەکانیشیان، پشتی جەبهەیی بووە و ئەرکی وەک چێشت لێنان، تەقەڵ و دروومانی جل‌وبەرگی دڕاوی خەباتکاران و دەرمانی بریندارانیان لە ئەستۆ بووە. بەڵام ژنانی شۆڕشگێڕ هاوتەریب لەگەڵ ئەم ئەرکە پیرۆزانە چالاکیی سیاسی و نیزامییشیان کردووە. ئێمە هەر نەبێ ناوی چەندین پیاوی ئینقلابی و شۆڕشگێڕمان بەرگوێ کەوتووە، کە ناوبانگی جیهانییان هەیە، بەڵام کەمتر کەسێکمان هەیە ژنانی شۆڕشگێڕ بناسێ، ئەو ژنانەی کە تەمەنی خۆیان تەرخانی دژایەتی لەگەڵ دیکتاتۆری و دەسەڵاتە سەرەڕۆ و ئیدئۆلۆگەکان کردووە. من هۆکارە سەرەکییەکانیشی بۆ دوو بابەت دەگەڕێنمەوە، یەکیان: پیاوسالاریی مێژوویی و دووەمیان: ئاستی کەمی بەشداریی ژنان لە شۆڕشەکان‌دا بووە. لە پێوەندی لەگەڵ پیاوسالارییەکەدا دەبێ بڵێین لێرەدا مەبەستمان لە پیاوسالارییەکە کە لە تۆمارکردنی مێژوودا ڕەنگی داوەتەوە و لەوێ‌دا پیاوان کە مێژوونووس بوون، قارەمانەتییەکانیان بە ناوی خۆیانەوە گێڕاوەتەوە. لە سەر ئاست و ڕێژەی بەشدارییان دەتوانین ئاماژە بە باوەڕی باوی “لاوازیی فیزیکی”ـی ژنان بکەین – ئەمە تێڕوانینی پیاوان بووە لە بارەی ژنانەوە – و یەکێکی تریش لە هۆکارەکانی ئەم بەشدارییە کەمە دەگەڕێتەوە بۆ دەقە ئایینییەکان، کە لەوان‌دا جیهاد (خەبات) لەسەر ژنان وەک ئەرک، دیاری نەکراوە.

بەم حاڵەشەوە نموونەی زۆرمان هەیە لەو ژنانەی وا لە ڕیزی پێشەوەی خەبات‌دا یا بە چەک یا بە قەڵەم و کاری ڕێکخستن و … چالاکییان کردووە؛ نابێ لەم ڕاستییەش لا بدەین کە هەمیشە وێڕای هەوڵ‌دان بۆ دەسکەوتە گشتییەکانیان، هەوڵێکی دیکەشیان داوە بۆ ئەوەی لە پێش‌دا خۆیان بە هاوسەنگەرە پیاوەکانیان بسەلمێنن، جا دوایە بە بەرەی دوژمن! لەم بەشەدا بەکورتی چەند نموونە لەو کەسایەتییانە دێنمەوە، کە لەسەر ژنانێکی زۆر کاریگەرییان هەبووە:

زۆر کەس “نادژدا کرۆپسکایا” تەنیا وەک هاوسەری ڤلادمیر لێنین دەناسن، لە کاتێک‌دا کرۆپسکایا شۆڕشگێڕ و کەسایەتییەکی سیاسیی بەتوانا بوو و پێش لە شۆڕشی ئۆکتۆبری ڕووسیەش سەرەڕای ئەوەی یەکێک لە ڕێکخەرە سەرەکییەکانی شۆڕشی بۆلشۆڤیکی بە ئەژمار دەهات، بەرپرسایەتیی سەرنووسەریی بلاڤۆکی “ئیسکرا”ی لە ئەستۆ بوو. کرۆپسکایا پاش سەرکەوتنی شۆڕش، وەزیری پەروەردە بوو و زۆربەی کاتەکانی ژیانی خۆی، تەرخانی پەروەردەی کرێکاران و جووتیاران کرد و کتێبخانەی گشتیی بە مەبەستی دەسڕاگەیشتنی هەموو خەڵک بە کتێب و خوێندنەوەی کتێب دامەزراند.

دووەم کەس دەمەوێ ئاماژە بە ناوی “کۆنسانس مارکیۆڤیچ” بکەم، یەکێک لە ژنانی سیاسی، نیشتمان‌پەروەر، شۆڕشگێڕ و سۆسیالیست بوو. مارکیۆڤیچی ئیرلەندی-ئینگلیسی خوازیاری جیاییی ئیرلەند لە بریتانیا بوو. لە ساڵی ١٩١٦دا ڕاپەڕینێکی وەڕێ خست کە بە “ڕاپەڕینی ئیستێر” ناوبانگی دەرکرد. لەم ڕاپەڕینەدا کە ڕۆڵی ڕێبەرییەکەی دەگێڕا، لە لایەن سەربازانی بریتانیایی‌یەوە تەقەی لێ کرا و بریندار بوو، هەر بەو هۆیە ناچار بە پاشەکشێ و تەسلیم‌بوون بوو. لە ئاکامی ئەم ڕاپەڕینەدا ٧٠ ژن دەسبەسەر کران، بەڵام تەنیا مارکیۆڤیچ حوکمی زیندانی تاکەکەسی و ئێعدامی بەسەردا سەپا، کە دواتر لەبەر ژن‌بوونی ئێعدامەکەیان لەسەر لابرد. دواتر کومیتەیەک بەناوی کومیتەی “تەعقیب”، ڕایگەیاند کە لە کاتی دەسبەسەر کردنی‌دا گوتوویەتی: “من ژنێکم و ئێوە نابێ تەقە لە ژن بکەن!” بەڵام بەڵگەکانی دادگا نیشانیان دا، کۆنسانس بەو پەڕی بوێرییەوە گوتبووی: “تەنیا ئەوەم دەویست سەربازەکانی ئێوە بوێریی تەقە کردنیان بووایە، بەڵام نەیانوێرا.” ئەمە کۆتاییی ژیانی سیاسیی ئەو نەبوو و دواتر لە ساڵەکانی ١٩١٩ بۆ ١٩٢٢ بووە وەزیری کاری ئیرلەند – کە لە یەکەمین وەزیرانی ژن لە جیهان‌دا بە ئەژمار دێ – پاشان وەک یەکەمین ژن بووە نوێنەری مەجلیسی عەوامی بریتانیا، بەڵام ئەم بەرپرسایەتییەی بە هۆکارێکی سیاسی قەبووڵ نەکرد و نەچووە ئەو مەجلیسەوە.

“پێترا هێرێرا” لە شۆڕشی مێکزیک‌دا وەک سەرباز بەشدار بوو. لەو شۆڕشەدا ژن‌سەربازێکی زۆر بەشدارییان کرد کە بەداخەوە زۆربەشیان دەکەوتنە بەر دەسدرێژیی سێکسی؛ هەربۆیە پێترا ڕەگەزی خۆی ئاشکرا نەکردبوو و ناوی “پێدرۆ”ی بۆ خۆی هەڵبژاردبوو و وەک پیاوان هەڵس‌وکەوتی دەکرد. لە یەکەمین ساڵەکانی سەدەی بیستەم‌دا هێرێرا بە نیشان‌دانی تواناییی نیزامیی خۆی و تەقاندنەوەی چەندین پرد و ڕێبەریی دەستەی جۆراوجۆر، کاتەکەی بە گونجاو زانی و ژن‌بوونی خۆی ئاشکرا کرد؛ بەڵام بەداخەوە پاشان لە لایەن پیاوە هاوسەنگەرەکانییەوە پەراوێز خرا.

لەیلا قاسم ژنە شۆڕشگێڕی کورد و ئیلهام‌بەخشی بەشێکی زۆر لە هونەرمەندانی کوردستان و هەروەها ژنانی تامەزرۆی شۆڕشی کورد، لە ساڵی ١٩٧١ دەستی بە چالاکیی سیاسیی خۆی کرد و بووە ئەندامی یەکیەتیی قوتابییانی کوردستان. لەیلا لەو ژنە چالاکانە بووە کە کاریگەریی زۆری لەسەر وشیاریی نەتەوەییی خوێندکارانی کوردی بەغدا داناوە. لەیلا قاسم بە پێویستی زانی شار بەجێ نەهێڵێ و درێژە بە چالاکیی ڕێکخستنەکانی بدا، کە هەر بەم هۆیەوە لە ساڵی ١٩٧٤ دەسبەسەر کرا. ئەو کاتەی کە لە زیندان بوو، لە لایەن چەند کەسی پلەبەرزی ڕێژیمی بەعسەوە داوای لێ کرا بە دەربڕینی پەژیوانی، گیانی خۆی ڕزگار بکات، بەڵام لەیلا قاسمی شۆڕشگێڕ و کۆڵنەدەر مەرگی لە ڕێی نیشتمان هەڵبژارد هەتا مانەوە و خزمەت کردن بە دوژمنانی نیشتمان؛ هەر بۆیە بەپەلە حوکمی لەسێدارەدانەکەیان جێ‌بەجێ کرد و تەنانەت تەرمەکەشیان ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکردەوە.

نموونە زۆرن بۆ ژنانی شۆڕشگێڕ کە لە ڕاستیی‌دا کایەیان بە مەرگ کردووە، هەر لە دەوروبەری خۆمان دەتوانین ئاماژە بە کەسانێکی وەک سەکینە جان‌سز، لەیلا زانا، زێنەب جەلالیان، شیرین عەلەم‌هۆلی و… بکەین، بەڵام با ئەم بابەتە بمێنێتەوە بۆ کاتێکی تر. ئەم ژنە شۆڕشگێڕانە کە پانتای جوغرافیاییی چالاکییەکانیان وڵاتانی ئافریقایی و بەتایبەت وڵاتی ئەلجەزایێر کە دژبە داگیرکاریی دەوڵەتی فەڕانسە خەباتیان کرد، هەتا وڵاتانی ئاسیایی و لەم نێوەدا ئێران دەگرێتەوە. لە ئێرانیش چ پێش لە شۆڕشی خەڵکی ئەم وڵاتە و چ دواتریش، ژنانێکی زۆر چەک یا قەڵەمیان هەڵگرت و بەدژی ڕێژیمەکانی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی شۆڕشیان کرد. ژنانی شۆڕشگێڕی ئێران لە سەردەمی شادا زیاتر ئەندامی ڕێکخراوە چەپەکان و لەم نێوەش‌دا بەتایبەتی سەر بە چریکەکان بوون. ئەوان ژیانی ئاسایی و بنەماڵەییی خۆیان وەلا نابوو و ژیانی نهێنییان لە ماڵە تیمییەکان‌دا هەڵبژاردبوو، کە زۆر یەک لەوان گیانیان فیدا کرد و کەوتنە بەر پەلاماری توندی ساواک و هێزە ئەمنیەتییەکانی تری ڕێژیمی شا. بەڵام دواتر و بە گۆڕانی ڕێژیم و بە دەسەڵات گەیشتنی کەسانی ئایینی، ژنانی شۆڕشگێڕ هەم وەک سەربەخۆ و هەم لە چوارچێوەی ئەندامەتیی لایەنە جۆراوجۆرەکان‌دا دەرکەوتن. لەم بوارەش‌دا ڕۆڵی حیزبە کوردییەکان، بەتایبەت کۆمەڵە لە سازمان دان و ڕێکخستنی ژنانی شۆڕشگێڕدا زۆر بەرچاو بوو و سەرنجی ڕاگەیەنەکانی ئەو کاتی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.

لە ساڵە یەکەمەکانی دامەزرانی کۆماری ئیسلامی، ژنانی شۆڕشگێڕی ئێران کە خوازیاری گۆڕانی بنەڕەتی بوون، چەندین ڕێکخراوی سەربەخۆ و سەر بە لایەنە سیاسییەکانیان دامەزراند، هەندێک لەو ژنانەش هەر وەک پێشتریش ئاماژەی پێ‌ کرا بەتایبەتی لە کوردستان چوونە ڕیزی پێشمەرگەی حیزبە سیاسییەکانەوە و بە داسەپاندنی شەڕ بەسەر کوردستان‌‌دا لە بەرەکانی شەڕدا بەشدارییان کرد. لەو ڕێکخراوانەی وا لە کوردستان دامەزران، دەتوانین ئاماژە بە سێ ڕێکخراویان بکەین: “یەکیەتیی ژنانی مەریوان” کە لە ڕەشەمەی ساڵی ٥٧دا دامەزرا و هەڵوێست و چالاکییەکانی لە بواری خەبات لەدژی خاوەن‌موڵکەکان، پێکهێنانی کومیتەی فێرکاری و بەخوێندەوار کردن (آموزش و سوادآموزی) و دامەرزاندنی ناوەندی تەندروستی لە دێهاتەکان بۆ چاەسەری نەخۆشە هەژار و کەم‌داهاتەکان، بوو (ئەم ڕێکخراوەیە لە کاتی گەمارۆی شاری مەریوان‌دا بە هاوکاریی شۆڕای قوتابییانی ئەو شارە، خواردەمەنییان لە نێو خەڵک‌دا بڵاو دەکردەوە). دووەم ڕێکخراو، “شۆڕای ژنانی سنە” بوو کە لە ساڵی ٥٨دا دامەزرا، هەڵوێست و چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوەیەش بەم شێوەیە بوو: پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان بۆ بەشداریی چالاکانەتر لە بوارە جیاوازەکانی خەباتی کۆمەڵگە، دەور و ڕۆڵی بەرچاو و چالاکانە بە مەبەستی کۆکردنەوەی خەڵک بۆ مان‌گرتن و بەشداری لە خەباتی شاری سنە دژبە هێرشی نیزامیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئەو شارە. سێهەم ڕێکخراو “کۆمەڵەی ژنانی خەباتکاری سەقز”ە کە لە بانەمەڕی ١٣٥٨دا دامەزرا، ئەم ڕێکخراوەیە بێجگە لە هەڵوێست و چالاکییەکانی خاوەنی ئامانج و بەرنامەش بوو. ئامانجەکە بریتی بوو لە: ١) پێک‌هێنانی شۆڕای کرێکاری و جووتیاری ٢) پێویستیی مافی دیاری‌کردنی چارەنووسی هەموو نەتەوەکان. بەرنامەکانی ئەم ڕێکخراوەیە: دۆزینەوە و چارەسەری کێشەی ژنانی دێهاتی، کرێکار، ماڵ‌دار و کارمەند – بە خوێندەوار کردن و پێکهێنانی پێوەندی لەگەڵ دیکەی کۆمەڵەی ژنان – خەباتی سێنفی لە پێناو دابین‌کردنی پێداویستییە خۆش‌بژیوییەکان (امکانات رفاهی) لە کاتی دووگیانی و منداڵ‌بوون‌دا – دامەزراندنی باخچەی ساوایان بۆ ژنانی کارمەند و کرێکار – دامەزراندنی شۆڕای ناوچەییی ژنان – هەوڵ‌دان بۆ پێکهێنانی کلاسی فێرگەی نیزامی.

بەداخەوە هەموو ئەو هەوڵانەی لەو ساڵانەدا چ لە ئاستی سەراسەری و چ لە ئاستی کوردستان‌دا درا، بە ئاکامێکی بەرهەست نەگەیشت و ئەوەش ڕاستە کە کۆماری ئیسلامی ئەم هەوڵانەی تووشی شکست کرد، بەڵام هەر نەبێ کاریگەریی سیاسیی خۆیان لەسەر وەچەکانی دوای خۆیان دانا و ڕۆشن‌گەرییەکیان بە بەرەکانی داهاتوو بەخشی.

لە کۆتایی‌دا پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە دۆخی سیاسیی ناوچەکەمان ئێستاش هەر لە کەف‌وکوڵی گۆڕانە بنەڕەتییەکان‌دایە و وێ‌ناچێ بەم قۆناغەی ئێستا ڕاوەستێ، هەتا دیکتاتۆرێک بمێنێ کۆمەڵێک شۆڕشگێڕیش هەر دەمێنن؛ بۆیە ناڕەزایەتی‌دەربڕینە یەک‌ لەدوای یەکەکانی ژنانی ئەفغانستانی، هاندەر بوو بۆ ئەوەی لەم ژمارەیەدا بمەوێ ئاوڕێک لەم بابەتە بدەمەوە. لە ڕاستیی‌دا من پێم وایە شۆڕش پێش لە هەر شتێک، چەمکێکی ژنانەیە و ژنان هەر لە بنەڕەت‌ڕا شۆڕشگێڕ و سەربزێون، یەکەم شۆڕشیان دژبە دەسەڵات و کۆت و زنجیرەکانی دەوروبەریانە و جا دوایە هەنگاو دەنێنە ڕێگای دژایەتیی دیکتاتۆرە گەورەکان. ژنان هەتا گەیشتنیان بە مافەکانیان هەر وا درێژە بەو شۆڕشە سەدان و بگرە هەزاران ساڵەی خۆیان دەدەن. بە چاوخشاندنێک دەبینین ئەوەی جێی خۆشحاڵییە ئەوەیە کە لەم ساڵانەی دوایی‌دا، ژنان چ لە ئاستی جیهانی و چ لە ئاستی ناوچەیی‌دا ڕۆڵی بەرچاویان لە شۆڕش و ناڕەزایەتی‌دەربڕینەکان‌دا گێڕاوە و ئەگەر لە هەموو شۆڕشەکان‌دا نەبووبێتنە پێشەنگ، ئەوە بەدڵنیایی‌یەوە بوونەتە بەشێکی جیانەکراوەی ئەو خەباتانە. لە شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبییەوە بگرە کە زۆر وڵاتی لە خۆ گرت هەتا دەگاتە بەرخۆدانەکانی کۆبانێ و عەفرین و شنگال و ژنانی دژی فاندێمێنتالیزمی ئیسلامی لە ئەفغانستان و شەقامی شارەکانی ئێران و دایکانی ماف‌ویستی وەک دایە شەریفە و دایکی شەهیدانی دیکەی ناڕەزایەتی‌دەربڕینەکان و دەنگی ئەو ژنە عەرەبەی ناڕەزایەتییەکانی ئەحواز کە وتی: “بۆ تەقە دەکەن، تەزاهورات سەلمییە؟!” و خەباتی تەنانەت نێو زیندانی سپێدە قولیان و … دەرخەری ئەوەن کە پەیکەرەی بەردینی پیاوسالاریی مێژووییی دیکتاتۆرەکان، بوونەتە بووکەبەفرینەیەک کە توانەوەیانی نزیک و نزیکتر کردووەتەوە. دەبێ توندوتیژییە هەوسارپچڕاوەکانی ئەم دوایی‌یانەی کۆمەڵگەی کوردستان و هەر شوێنێکی دیکەش هەر لە چوارچێوەی دوایین پەلەقاژە پیاوانەکان‌دا، خوێندنەوەی بۆ بکرێ.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*