د. مەنسوور سۆهرابی سپای پاسداران بە سیاسەتەکانی چەرخەی هیدرۆلۆژیکی لە ئێران تێک داوە و ئەوە کارەساتی بەدواوەیە

دیمانە: ب. نیان

[پرسی ئاو لە هاوکێشەکانی ئێستای جیهاندا یەک لە پرسە هەرە هەستیارەکانە. ئەو پرسە لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و لێکەوتەکانی وەک ویشکەساڵی لە تەنیشت کۆمەڵە فاکتەرێکی دیکەی وەک حەشیمەت و گەشە و پیشەسازیی وڵاتان پتر لە جاران جێی سەرنجی دەوڵەتەکانە. ئەم پرسە ڕەهەندی سیاسی و ئەمنییەتیشی هەیە. “کوردستان” بۆ تاوتوێی ئەم باسە هەستیارە لە ئێران و کوردستان دیمانەیەکی لەگەڵ د. مەنسوور سۆهرابی، دوکتوڕای ئاگرۆئیکۆلۆژی و توێژەری میوان لە زانکۆی شاری کیلی لە ئەڵمان پێک‌هێناوە:]

 

 

ڕوانگەی ئێوە بۆ سیاسەتی ئاو، ئەمنییەت و هەروەها قەیرانی ئاو چییە؟ ئایا ئەوە باس‌وخواسێکی جیهانییە؟

لە پێوەندی لەگەڵ پرسی ئاودا کێشەی سەرەکی ڕادەی بەکارهێنانی ئاوە. ئامارەکان دەڵێن بەکارهێنانی ئاو لە ٣٠٠ ساڵی ڕابردوودا دەورووبەری ٤٠ بەرابەر زیادی کردووە، بەتایبەتی دوای ساڵی ١٩٥٠ ئەو بڕە ٢٠ قات چۆتە سەرێ. یانی ئەگەر لە ٣٠٠ ساڵی ڕابردوودا ٤٠ بەرابەر زیادی کردووە، ٢٠ هیندەی ئەو زێدەبەکارهێنانە لە ٧٠ ساڵی  ڕابردوودا بووە. ئەوەش جیددی بوونی ئەو کێشەیەمان پێ دەڵێ.

کێشەیەکی دی ئەمەیە کە لە جیهاندا نیزیک ٢٦٣ حەوزەی چۆم یان ڕووباڕ و دەریاچەی سنووریی نێوان وڵاتانمان هەیە و بە تەعبیرێکی دیکە ٦٠ لە سەدی جەریانی ڕووبارەکان ئەوپەڕ سنوور و لەنێو وڵاتاندا هەڵکەوتوون و ئەوەش کێشەیەکی دیکەی کۆمەڵگەی جیهانییە کە لە لە ئێستادا دادگای لاهەی بە ٦٠٠ پەروەندەی سکاڵا و قەیرانی ئاوەوە سەرقاڵ کردووە.

بابەتێکی دی جیا لە بەکارهێنانی زیادە لەڕادەی ئاو و هەروەها ناکۆکیی وڵاتان لەسەر خاوەنێتیی سەرچاوە ئاوییەکان پرسی گۆڕانی کەشوهەوا و گەرم‌بوونی زەوییە کە من ناچمە وردەکارییە زانستییەکەی کە هۆکارەکانی چین، بەڵام لێکەوتەکەی توانەوەی یەخچاڵەکانی جەمسەرەکانی گۆی زەوی، ویشکەساڵی، زۆربوونی لافاوەکان و کۆمەڵە دیاردەیەکی سروشتیی زیانباری دیکە بۆ ژینگەیە.

 

پرسی ئاو لە کۆماری ئیسلامیدا چۆن توانیویەتی شوێن لەسەر سیاسەت و بڕیارەکانی کۆماری ئیسلامی چ لە ئاستی نێوخۆیی و چ لە ئاستی ناوچەییدا دابنێ؟

ئێران وڵاتێکە ویشک و نیوە ویشک. ئاستی نێونجی بارانبارین لەو وڵاتە ٢٤٠ میلی میترە و جوغرافیای ئێران پتر لە سەتا یەک و دوو دەیەمی دەرسەد ویشکایی جیهانی بەرکەوتووە و سەتا یەکی حەشیمەتی دنیای تێدا دەژی، لەحاڵێکدا کە رێژەی باران‌بارین لەو وڵاتە کەمتر لە سی و شەش سەدومی دەرسەدە. ئەوە یانی هەم بە نیسبەت خاکەکەی و هەم بەنیسبەت حەشیمەتەکی ڕێژەیەکی زەۆ کەمی باران‌بارانی هەیە و بەپێی گۆڕانکاری کەشوهەوا کە من ناچمە وردەکارییە زانستییەکەی، پلەی گەرما لەو وڵاتە زۆرتر بێ کە لێکەوتەکانی وشکەساڵیی زیاتر و هەستاوی لافاوی پترە.

لە ئێران ڕێڕەوی ڕووبارەکان، دەستکاری کراون، دارستانەکان لەنێو چوون، لێرەوارەکان تێک‌دراون و ئەوانە هەمووی مەترسیی سێڵاو زیاتر دەکەن. حەشیمەتی ئێران لە ٥٠ ساڵی ڕابردوودا زۆر چۆتە سەرێ و بەو پێیەش بەکارهێنانی ئاو زیادی کردووە. ئێمە لە ئێران لەپێوەندی لەگەڵ پرسی ئاو و کشتوکاڵ، پرسی حەشیمەت و پیشەسازیدا گەشەیەکی ناهاوسەنگی ناسەقامگیر دەبینین و ئەمە وای کردووە ڕادەی بەکارهێنانی ئاو یەکجار زۆر بێ. بۆ نموونە سەرانەی ئاو لە ٢٠٠٠ میتری ‌موکەعەبی لە ساڵ بۆ هەر کەسێک بۆ ١٥٠٠ میتر لەکەمی داوە. لە ئێران مەسرەفی ئاوا زۆر لە سەرێیە کە لە هێندێک شوێن دەگاتە ٤٠٠ لیتر لە شەو و ڕۆژێکدا بۆ هەر یەک کەس، لە حاڵێکدا لە زۆر وڵاتی دنیا ئەمە کەمتر لە ٢٠٠ لیترە.

لە ئێران چ لە سەردەمی پەهلەوێ و دواتر بەربڵاوتر لەسەر کۆماری ئیسلامیدا سیاسەتێکی هەڵە و ناڕێک بۆ پرسی ئاو گیردراوەتە بەر، جا تازە ئەو سیاسەتە هەڵەیەش بە چەوتییەکی زیاتر مودیرییەت کراوە و داهاتووی ژینگەی ئەم وڵاتەی بەرەوڕووی زۆر ئەگەر و مەترسی کردووە.

 

یانی بە بڕوای ئێوە قەیرانی ئاو لە ئێران بەرهەمی سیاسەتە کارناسی‌بۆنەکراوەکانی دەسەڵاتی سیاسییە؟

دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی حەشیمەت زۆر زیادی کردووە و، تا ئێستا کە شەش بەرنامەی گەشە لەو وڵاتە داڕێژراوە و بەرنامەی گەشەی حەوتەمیش لەئارادایە، هەمووی ناهاوسەنگ و ناسەقامگیر بووە. ئەوە وای کردووە کە لە ئاو کەلکی دروست وەر نەگیردرێ. بەتایبەت کە کۆماری ئیسلامی هات بنەمای گەشەی خۆی لە گەشەی کشتوکاڵدا داڕشت. ئەوە وایکرد پانتاییەکی زیادە لە ڕادە بکرێتە زەویی کشتوکاڵ و زۆر کێڵگە و لێرەوار و ئەو جێگایانەی کە نەدەبا ببوایە بە زەویی کشتوکاڵ، هەموو کرانە زەوی‌وزار و داچێندران. دوایەش بۆ ئاودێرییان لە زۆر شوێن بەنداویان بۆ هەڵبەستن و خەڵکیش لەبەر خۆیەوە بە یاسایی و نایاسایی دەستی کرد بە لێدان بیر. ئەگەر تا پێش هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی دەوروبەری ٥٠ تا ٦٠ هەزار چاڵاو لە تەواوی ئێراندا هەبوو، بەڵام ئێستا زیاتر لە یەک میلیۆن، یەک میلیون و سێسەد هەزار چاڵاو هەیە. هەروەها جۆری بەروبوومی کشتوکاڵیش بەشێوەی سەقەت گۆڕانی بەسەردا هات. بۆ نموونە لە لای حەوزەی ئاودێریی گۆلی ورمێ ترێ هەبوو، ترێی زۆر زۆر باشیش هەبوو کە گۆڕدرا بە سێو و پەتاتە کە ئاوی زۆریان دەوێ. یان کشتوکال گۆڕدرا بە چەوەندەر و زۆر گیایی دیکە کە ئاویان زۆر پێویستە. بۆ دابین کردنی ئاوی پێویست بۆ ئەم کارانەش هەم لە چاڵاو و هەم لە سەد کەلک وەرگیرا بەمجۆرە لەلایەک ئاوە ژێر زەوییەکان بەهۆی ئەو هەمووە چاڵاوە هەر کەم دەکەن و بەنداوەکانیش ژمارەیان هەر زیاد دەکا. مودیرییەتی ناکارناسانەی ئاو و ژینگە لە کۆماری ئیسلامی بووەتە هۆی ئەوەی سووڕی هیدرۆلۆژیک کە لە ئاوی ژێرزەوی، هەڵماوەکان و باران پێک دێ، دەسکاری بکرێ و تووشی گۆڕانکاریی ناسروشتی ببێ، ئەویش لە بارودۆخی گشتیی گۆڕانی کەشوهەوا لە دنیادا.

 

ڕۆڵی کەرتی پیشەسازی و مۆدێرنیزاسیۆنی وڵات لەو نێوەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

کەرتی پیشەسازی و مۆدێرنیزاسیۆن لە ئێران تابعێک لە بەرژەوەندیی وڵات نەبووە، بەڵکوو بە ڕوانگەیەکی ئەمنیەتی داڕێژراوە. پیشەسازیی ئێران لە دوای شۆڕشی سپی و لە سەردەمی محەممەدڕەزاشا چووە فازێکی دیکە و ئەو گۆڕانگارییە لە هێڵێکی ڕاستی جوغرافیاییدا کران کە ناوچە فارسن‌نشینەکان بوون. لەوبارەیەوە پاساو و بۆچوون زۆر بوون، یەک ئەوەی کە قازانجەکانی ئەو پڕۆژانە بۆ نەتەوەی فارس بن، یان ئەوەی کە پیشەسازییە بنەڕەتییەکان بۆیە لە ناوچە سنوورییەکان جێیان بۆ نەکراوە بۆ ئەوەی لە ئەگەری گرژی و ئاڵۆزیدا کۆنتڕۆڵی زیاتری حکوومەتی ناوەندییان لەسەر بێ و کۆماری ئیسلامییش وەک میراتگرێکی باشی پەهلەوی هەمان سیاسەتی درێژە پێدا. بۆیە دەبینین قورسایی پیشەسازیی ئێران لە هێڵێک و پتر لە پارێزگاکانی کرمان، ئیسفەهان، یەزد، ئەراک، سیمنان و… ئەوانەدا بەرچاو دەکەون. جا ئینجا ئەو پیشەسازییانە بۆ وێنە کارخانەی تواندنەوەی ئاسن و دروست‌کردنی پۆڵا و کارخانەکانی کاشی و سڕامیک و کەرتەکانی دیکە هەرهەموویان ئاوێکی یەکجار زۆریان پێویستە. ئەو ئاوەش بەو بارستاییە لەوێ دەست ناکەوێ، بۆیە هەر لە سەردەمی پەهلەوییەوە بڕیار درا ئاوی ناوچەکانی دیکەیان بۆ ڕاگوێزن. لەوکاتەوە پلانی ڕاگواستنی ئاو لە سەرچاوەکانی “دز” و “کەرخە” و “کاروون” و سەرچاوە ئاوییەکانی زاگڕۆس بۆ فەلاتی ناوەندی چووە بواری جێبەجێ‌کردنەوە. بەڕێ کردنی ئاو بۆ ئەو ناوچانە پێویستیی بە لێدانی بەنداو لەسەر ڕێڕەوی ڕووبارەکان هەبوو، ئەوەش ئەگەر لەلایەک بووە هۆی گەشەی کشتوکاڵ و پیشەسازی لەو چەند پارێزگایە، بەڵام کۆمەڵە قەیرانێکی لە ناوچەکانی مەبدەئی ئاو دروست کردووە. بەتایبەت کە دوای گۆڕانی کەشوهەوا و کەمیی باران‌بارین ئیدی ئاو خەریکە لە مەبدەئیش دەبڕێ و بەرەبەرە قەیرانەکان قووڵتر دەبنەوە.

 

ئەدی چۆن باسی بارودۆخی سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان دەکەی؟

بەشی هەرەزۆری ئاوی کوردستان بۆ بەشەکانی دیکەی وڵات دەچێ، یان باشتر وایە بڵێم بەتاڵان دەچێ. زیاتر لە ٤٠ لە سەد و بەپێی هێندێک سەرچاوە سەتا ٥٠ی ئاوی شیرینی ئێران لە زاگڕۆسەوە دابین دەکرێ کە بەشی هەرە زۆری کوردستان دەگرێتەوە. لە ئێستادا بەشی هەرە زۆری ئاوی کوردستان بۆ پارێزگاکانی هەمەدان، زەنجان، تەورێز و… دەچێ، هێندێک سەرەچاوە باس لەوە دەکەن ئاو لە کرماشانیشەوە بەڕێی ئیسفەهان دەکرێ. ئەمە یانی کێشەی ئاو کە لە ئێستاوە بەربینگی بە خەڵکی کوردستان گرتووە لە داهاتوودا زیان و خەسارەکانی زیاتر دەبن. جیا لەوە ناهاوسەنگیی کەرتی کشتوکاڵ لە کوردستانیشدا زۆرە، بەو مانایە کە گەشەیەکی زۆر خراپی کشتوکاڵیمان لە کوردستان هەیە کە ئاوێکی زۆر مەسەرەف دەکا و لەولاشەوە ئاوێکی زۆر لە کوردستان دەچێتە دەرێ بەوەش دواجار پیدەشتەکانی کوردستان تووشی قەیران دەبن. با ئەوەش بڵێم کە هەر ئێستا لە ئێران نیزیک بە ٥٠٠ دشت لەو ٦١٠ دەشتەی هەیەتی تووشی ویشکەساڵی بوون و ئاوی ژێرزەوی لە ئێران‌ زیاتر لە ٤٠ میلیارد میتری موکەعەب کەمی هەیە. بەواتایەکی دی بیلانەکە نەرێنییە و ساڵانە لە هێندێک شوێن ١٠ میلیارد میتری موکەعەب کورتی دێنێ. ئەوەش وا دەکا هەم ڕۆچوونی زەوی و هەم “فرووچالە” زیاتر بببن کە هەردووکیان دەتوانن کێشەیەکی گەورە بۆ داهاتووی ژینگە بن.

 

سیاسەتی ئاو لە ئێران لەدەست کێ دایە؟ دەگوترێ کە سپای پاسداران مودیرییەتی سەرچاوەکانی ئاو دەکا و ئەو مودیرییەتەش پێوەندیی بە ژینگە و سیاسەتی خۆراکەوە نییە و مەرامی سیاسیی تایبەتی لەپشتە. ئێوە ئەم بابەتە چۆن دەبینن؟

بەهۆی ئەوەی مەسەلەی ئاو هێندێک کەرتی تێدایە، وەکوو ئەوەی کە بەنداو لێ بدرێ و ئاو بگوازرێتەوە، ئەوانە پلان‌گەلێکن کە هەم لە باری ژیئۆپۆلتیکەوە، هەم لە باری هایدرۆپۆلۆتیکەوە و هەم لە باری وەبەرهێنان و هەروەها تێچووەکانی  زۆر گرینگن. بۆیەشە کە سپای پاسداران دەستی بەسەردا گرتووە. ئاو لە ئێران‌ بەپێی یاسا بەدەست وەزارتی وەزەیە، بەڵام بەکردەوە لە دەست سپای پاسداران‌دایە و لە ڕیگای کۆمپانیاکانی هۆڵدینگی خاتەمولئەلنیبا و بنیاتە ئابوورییەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەیتی ڕێبەری وەک دەفتەری فەرمانی ئیجرایی ئیمام، ستادی موستەزعەفان و … هتد. هەر پڕۆژە و پلانێک لەبارەی ئاو و ژینگە پێویستی بەوە هەیە هەڵسەنگاندنی کارناسانەی بۆ بکرێ، بەڵام سەیر ئەوەیە لە ئێران هەڵسەنگاندن و کار کارناسییانەکان دەدرێن بەو کۆمپانیایانە کە لە کێبرکێیەکاندا براوە دەبن. واتە کۆمپانیای جێبەجێ‌کار خۆی کاری کارناسییەکەی بۆ دەکا و دەی دیارە کە ئەو شێوە بەڕێوەبەرییە مافیاییەی سپای پاسداران چ کارەساتێکی لێ دەکەوێتەوە.

جەنابت لە بەشێکی پرسیارەکەتدا باسی ئەمنییەتی خۆراکت کرد. ئەمنییەتی خۆراک خۆ ئەوە نییە هەموو شتێک بۆخۆت دابینی بکەی، ئەمنییەتی خۆراک یانی ئەوەی کە دەسەڵاتدار دەبێ هەلومەرجێک بۆ خەڵک بخوڵقێنێ کە ئەو خەڵکە بتوانن دەستیان بە بژیو و خواردنی سالم ڕابگا، نەک ئەوەی هەموو شتێک هەر خۆت بەرهەمی بێنی. هیندێک برهەم پێویستە لە هیندێک جوغرافیا ڕەعەمەل نەهێندرێ، یان هیندێک بەرهەم قازانجەکەی لەوەدا بێ کە لە وڵاتێکی دیکەوە هاوردەی بکەی. بۆ نموونە بۆ ڕەعەمەل‌هێنانی یەک پەتاتە ٣٥ لیتر ئاو پێویستە و تۆ ئەگەر ئەو پەتاتەیە لە وڵاتێکی دیکە بێنی، وەک ئەوە وایە بە قەرا هەر دەنکێکی ٣٥ لیترت ئاو هێنابێ کە دیارە ئەوەش گرێدراوی سیاسەتی دەرەکیی وڵاتە. ڕاستە ناکرێ هەموو شتێک هاوردە بکەی، بەڵام ناشکرێ هەموو شتێکیش بۆخۆت بەرهەمی بێنی. بەڵکوو دەبێ توانای ئێکۆلۆژیکی وڵاتت لەبەرچاو بێ کە لەودا ڕێژەی ئاو، پلەی گەرما، با، باران کەشوهەوا، خۆڵبارین و زۆر شتی دیکە دەور دەبینن. بەمجۆرە دەسەڵات یان دەوڵەتێکی سەرکەوتوو بە هەڵسەنگاندن و کاری کارناسی‌بۆکراو بڕیار دەدا چی هاوردە بکا و چی ڕەعەمەل بێنێ کە بەرهەم‌هێنانەکەی بە قازانجیەتی و زیادەکەشی هەناردە بکا. بەڵام لە ئێران سیاسەتی بەرهەم‌هێنان جۆرێکی دیکەیە.

 

درێژە و بەردەوامیی ئەو سیاسەتە لەسەر ژینگە و جوغرافیای ئێراندا چۆن لێک دەدەنەوە؟

بەردەوامیی ئەو سیاسەتە دەتوانێ کێشەی زۆر گەورەی لێ بکەوێتەوە. بۆ نموونە هەر لە ئێستادا بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی ئێران تووشی قەیرانی بێ‌ئاوی بوون، تەنانەت لە هیندێک شوێن ئاوی خواردنەوەش نییە دەی گۆڕینی کەشوهەواش لەئارادایە، ئەوە وا دەکا کە خەڵک کۆچ بکەن و شوێنی ژیانی خۆیان بەجێ بێڵن. سروشتییە بەبێ ئاو ژیان نابێ و ئەوەش کۆچی نێوجوغرافیایی لێ دەکەوێتەوە کە لەسەر ناوچەکانی زاگڕۆس و ئەلبورز قورسایی دەکەن؛ یان تەنانەت لەوانەیە ناچار بن ئێران و وڵاتیش بەجێ بێڵن.

 

بەڵام  لە کوردستانیش لەگەڵ ئەوەی بە ناوچەی خاوەن‌ئاو لە ئێران دەناسرێ، بەڵام قەیرانی بێ‌ئاوی و کەم‌ئاوی لە زۆر شوێن و ناوچە سەری هەڵداوە. ئەوە چەندە بەرهەمی قەیرانی مودیرییەتییە و چەندەش پێوەندیی بە ڕوانگەی ئەمنیەتی بۆسەر کوردستان هەیە؟

باسمان کرد کە لە کوردستان بەداخەوە ئاو بەشێوەیەکی زۆر نادروست و ناڕەوا مودیرییەت دەکرێ. ئەوە کێشانەی کە لە ئێران‌ بۆ بەڕێوەبەریی ئاو هەیە لە کوردستان‌ زیاتریشە، بەڵام لە کوردستان بەهۆی ئەوەی کە ڕێژەی بارینی بارانەکەی باشترە لە شوێنەکانی دیکە، کوردستان هێشتا تووشی ئەو قەیرانە نەبووە کە لە ناوچەکانی وەکوو سیستان، بەلووچستان، خوراسان، هوورموزگان، خوزستان و … هەیە. بەڵام بەردەوامی ئەو سیاسەتانە دەتوانێ لە داهاتوویەکی زۆر نیزیکدا، کێشەی زۆر گەورە بۆ کوردستانیش بەدی بێنێ. هەر ئەو ساڵ دیتمان لە کرماشان کێشە هەیە.

لە کوردستان بەهۆی سیاسەتی مودیرییەتی ئاو کە لەسەر بنەمای ڕاگواستنی ئاوەکانی سەرزەوی و بەنداوەکان بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێرانە، وەرزێرەکان زیاتر لە ئاوی ژێرزەوی کەلک وەردەگرن و بەوەش رێژەی کەڵک‌وەرگرتن لە ئاوی ژێرزەوی یەکجار زیادی کردووە. بۆ نموونە ئاوی قوروە بەڕێی هەمەدان دەکرێ و  ئاو لە بۆکانەوە دەڕوا بۆ ٤٥ شەهرەکی پیشەسازی و کەرتی کشتوکاڵ لە تەورێز، تەنانەت بۆ نیروگا و دابین‌کردنی وزەی کارەبا کەڵکی لێ وەردەگرێ. نیزیک بە ٤٠٠ میلیون میتری موکەعەب لە “جغەتوو” و “تەتەهوو”ی کوردستانەوە کە نەهایەتەن دەبوایە ڕژابایە گۆلی ورمێ بەڕێی تەورێز دەکرێ. ئاوێک کە لە زێی بچووکەوە دەهاتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ بەنداوی دووکان و لە وێشەوە دەچووە خوارتر و نەهایەتەن دەچووە دیجلە و لەوێەوە دەچووە کەنداوی فارس، ئەو ئاوە پێشی گیراوە و بەنداوێکی زۆری لەسەر ساز کراوە و هەم بەشێکی زۆریشی ئینحڕافی تێدا دروست بووە. ئەوان دەڵێن بۆ بووژانەوەی گۆلی ورمێ دەگوازنەوە کە بەو ئاوانە نابووژێتەوە، چونکی گۆلی ورمێ بۆ بووژاندنەوەی پێویستی بە ١٨ میلیارد میتری موکەعەب ئاو هەیە. بەڵام وەک باسم کرد سپای پاسداران بەدوای ئامانجی دیکەدا دەگەڕێ، ئەگەرچی تێکدانی ئەو چەرخە هیدرۆلۆژیکییە وەک گوترا دەتوانێ کێشەی گەورە دروست بکا لە بواری ئێکۆسیستم و لە باری جۆراوجۆریی بوونەوەر. بە سەرنج‌دان بەوەی کە باس کرا و گۆڕانکاری کەشوهەوای نێوخۆییش خەریکە ڕوو دەدا لەو ناوچەکەدا، ئەوە وا دەکا مەترسی گەورە لەسەر جوغرافیی ئێمە هەبێ.

 

کارناسان باس لە سیستمی بۆڕی و ئاوگەیاندنیش دەکەن کە لە ئێران کێشەی زۆرە، ئێوە ڕاتان چییە؟

بەڵی وایە. ژێرخانی ئاوگەیاندن و بۆڕییەکان لە ئێران دەڵاندنی هەتا سەتا ٣٠ی هەیە، واتە ئەوەندە ئاوە کە دەکرا پاڵاوترابا و بەکار هاتبا، هەمووی بەفیڕۆ دەڕوا. هۆکاری ئەمەش بۆ نەبوونی سیاسەت و پلانی بەڕێوەبەری لە کەرتی ئاو دەگەڕێتەوە.

 

ڕوانگەی ئێوە بۆ مەسەلەی خاوەنداری (مالکیت)ی ئاو و سەرچاوە سروشتییەکان بۆ نەتەوە و دانیشتووانی هەر ناوچەیەک چییە؟

مەسەلەی ئاو مەسەلەیەکی زۆر زۆر گرینگە و پێوەندیی بەوەوە هەیە کە دەسەڵاتی سیاسی وڵات چۆن بەڕێوە دەبا. ئەو بابەتە ستراتیژی و مودیرییەتی جیهانیی دەوێ. بە باوەڕی من لە بواری زانستییەوە دەبێ بەپێی بازنەی ئاودێرەکان ئەوانەی، لە یەک بازنەدا هەن دەبێ یەک مودیرییەتی هەبێ و ئەوەش گریدراوی جۆری نیزامی سیاسیی ئەو وڵاتانەیە. هەڵبەت چ لە ئاستی نێوخۆ و چ لە ئاستی ناوچەییدا پرسی ئاو بۆ داهاتوو کوردستان و ئەو جوغرافیایە دەبێ بە هاوبەشی هەموو پێکهاتە و جۆراوجۆرییەکانی ئێران مودیرییەت بکرێ، بۆ ئەوەی کەلکی هەرە باشی لێ وەربگیردرێ.

ئەمن پێم‌وایە لە پرسی ئاوی نێوان وڵاتاندا نابێ لە سیاسەتی مالکییەتی موتڵەق کەڵک وەربگیردرێ، بەڵام دەکرێ مودیرییەت و ڕێککەوتنی باشی بەپێی بەرژەوەندیی وڵاتان و گەلان لەسەر بکرێ. بەتایبەتی ئەوەی کە ئێمە سەرچاوەی ئاومان لە کوردستان زۆرە، دەتوانین ئەمە وەک سەرمایە و سامان سەیر بکەین و بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەوانیدی زۆر باشی مودیرییەت بکەین. بەڵام وەک دەبینین کورد بۆخۆی دەوڵەت نییە کە بتوانێ خۆی ئەو سیاسەت  و مودیرییەتەی هەبێ و دەشبینین کە کۆماری ئیسلامی چۆن هەم لەئاستی نێوخۆدا لەدژی بەرژەوەندییەکانی کوردستان مودیرییەتی دەکا و لە ئاستی ناوچەشدا وەکوو کارتێکی گوشاری سیاسی بۆ نموونە لەدژی کوردستان بەکاری دێنێ. هەڵبەت تورکیەش هەر ئەو سیاسەتەی بەنیسبەت هەرێمی کوردستان و مەسەلەی عێراق و سووریەوە گرتووەتە بەر و ئاو وەکوو کارتێکی سیاسی لە هاوکێشەکاندا بەکار دێنێ.

 

ڕێگاکانی دەربازبوون لەو قەیرانگەلە و کەمکردنەوەی زیانەکانی لەچیدا دەبینن؟

بە باوەڕی من دەربازبوون لەو قەیرانە و کەمکردنی زیانەکان، لە دەرجەی یەکەمدا، ئەوەیە دەسەڵات ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێ. ئەمە ڕوو دەدا و دەسەڵاتێکی دێموکراتیک لە ئێران دێتە سەر کار یان نا، ئەوەیان با بوەستێ. شابەیتی ئەوە گوتمان کە مودیرییەتە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی وڵات و جوغرافیا و گەشەی هاوسەنگ و سەقامگیر. لە هیندێک شوێن زۆر شت قەرەبوو نابنەوە و دەبێ خۆمانی لەگەڵ بگونجێنین، بەڵام دەکرێ پێش بە هیندێک کارەساتی دیکە بگیردرێ و کێشەکان کەم بکرێنەوە.

بەڵام لەهەرحاڵدا زەرفییەتمان نییە بۆ ئەوەی حەشیمەت زیاد بکەین چ لە کوردستان و چ لە جێگاکانی دیکە. دەبێ دەست پێوە بگرین. ڕوانگەمان و سیاسەت و مودیرییەتی ژینگە و ئاو دەبێ گۆڕانی بەسەردا بێ، دەنا هەر بیابانەکانن زیاد دەبن، خۆڵبارین و ویشکەساڵییە زۆر دەبن، سەرچاوە ئاوییەکانن کە نامێنن. کوردستان و ژینگەی کوردستان بەبێ ئاو و دارستان و ئەو سروشتەی کە هەیەتی مانایەکی نییە و ئەوەش جیا لە دەوڵەت ئەرکی هەموو لایەکە. ئەمن لام‌وایە هێزە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش دەبێ بەشێکی تایبەت دابنێن بۆ مەسەلەی ئاو و ژینگە. ئەگەر لە ئێستاوە ئەو کارە نەکردرێ، ڕەنگە لە داهاتوودا زۆر دەرنگ بێت و ئێمە نەتوانین پێشی قەیرانەکان بگرین. دەبێ پیشتوانی ئەو N.G.O و ڕێکخراوانە بین کە لەسەر ژینگە کار دەکەن و دەبێ بەهێز بکرێن. لە غەیری ئەودا ئێمە وڵاتەکەمان لە دەست دەدین و شوێنێک نامێنێ کە بمانەوێ ڕزگاری کەین.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*