بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان لە ڤانکۆڤێری کانادا دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی

رۆژی یەک‌شەممە رێکەوتی ١٩ی مانگی سێپتامبری ٢٠٢١ی زایینی، کاتژمێر ۱۲ بۆ ۲ی دوانیوەڕۆ، بە مەبەستی مەحکووم‌کردنی سیاسەتە چەوتەکانی کۆماری ئیسلامی و هێرش و هەڕشەکانی ئەم دواییانەی بۆ سەر هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە “ئارت گالەری” ناوەندی شاری ڤانکۆڤێر، خۆپیشاندانێک بەڕێوەچوو.

ڕەوندی کوردی نیشتەجێ لە ڤانکۆڤێری کانادا لەسەر داوای  کۆمیتەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە کانادا، لە ناوەندی شار خۆپیشاندانێکی هێمنانەیان بەڕێوە برد.

لەم خۆپیشاندانە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردستانیانی دانیشتووی کانادا تێیدا بەشدار بوون، هێرش و هەڕەشەکانی ئەم دواییانەی ڕێژێمی تێرۆریستی ئێرانیان بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان و گوندەکانی نێوان سنووری باشوورو ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەحکووم و شەرمەزار کرد.

سەرەتای خۆپیشاندانە لە بەردەم ئارت گالەری، بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دەستیپێکرد و دواتر لەلایەن بەڕێز “کیومەرس بەیگی” بە نوێنەرایەتیی ناوەندی هاوکاری وێڕای بەخێرهێنانی بەشداربووان و باسێکی کورت لەسەر مەبەستی خۆپیشاندانەکە پێشکەش کرا.

دواتر پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەمەڕ پشتیوانیکردن لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و مەحکووم کردنی  هێرش و هەڕەشەکانی ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە زمانی کوردی لەلایەن بەڕێز “حەمید بەهرامی” خوێندرایەوە.

لە درێژەی خۆپیشاندانەکەدا پەیامی ناوەندی هاوکاری بە زمانی ئینگلیسی بە مەبەستی مەحکووم‌کردن و لەقاودانی سیاسەت و پیلانە جینایەتکارەکانی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران، کە ڕوو بە کۆڕوکۆمەڵ و شوێنە پێوەندیدارەکانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کانادا بوو، لەلایەن بەڕێز “ئیسماعیل ئیبراهیمی” خوێندرایەوە.

شایانی باسە ئەم خۆپیشاندانە کە لەلایەن ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ڕێکخرابوو، بە وتنەوەی چەندین دروشم لەلایەن بەشداربووانەوە دژ بە سیاسەت و پیلانە نامرۆییەکانی ڕێژیمی ئێران دژ بە گەلی کورد و هێزە خەباتکارەکانی، دوای نزیک بە دوو کاتژمێر کۆتایی پێهات.

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران- کانادا

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*