بەڕێوەچوونی گردبوونەوە دژ بە ڕێژیمی ئێران لە شاری بێرلینی ئاڵمان

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٨ی سێپتامبری ٢٠٢١ی زایینی، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و هەروەها کوردانی تاراوگە و دۆستانی گەلی کورد بەبۆنەی ٢٩هەمین ساڵوەگەڕی شەهیدانی دەستی ماشینی تێرۆری کۆماری ئیسلامی دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی و هەروەها لە یادی شەهیدانی ١٧ی خەرمانانی قەڵای دێموکڕات و شەهیدی نوێی کاروانی خەبات، کاک مووسا باباخانی، گردبوونەوەیەکی جەماوەرییان بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدان و ڕیسواکردنی کاربەدەستانی تێرۆریستی ئێران پێکهێنا.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد. دواتر وێڕای بەخێرهێنانی بەشداران و میوانانی ئاکسیۆنەکە بە زمانەکانی کوردی،ئاڵمانی و فارسی، هاوڕێ خالید حەسەن‌پوور ئەندامی ڕێبەریی حیزب بەم بۆنەوە وتەیەکی پێشکەش کرد.
ناوبراو وێڕای ڕێز و ئەمەگناسی بۆ شەهیدانی میکۆنووس و ئاوڕدانەوە لە خەبات و تێکۆشانیان ، باسی لە دۆخی ئێستای ڕێژیم و ناوچە کرد و هەروەها هۆکارەکانی بەئامانج گرتنی حیزبی دێموکڕات بەگشتی و لەکاتی ئێستادا بەتایبەتی، هێنایە بەر باس.
بە دوای وتەکانی کاک خالید، هاوڕێ بێهروز کلینیک بە زمانی ئاڵمانی بە کورتی لەسەر ئامانجی گردبوونەکە قسەی کرد و ئەوجار پەیامی حیزب بە زمانی ئالمانی لەلایەن هاوڕێ ژیلوان حەسەن پێشکەش کرا.
هەروەها هەر یەک لە بەڕێزان “دێتلێف واگنەر” لە حیزبی سۆسیال مەسیحی و بەرپرسی بەشی کۆمەڵایەتی و تەندروستیی ناوچەی بێرلین و “هاکان تاش” ئەندامی پارلەمانی بێرلین لە حیزبی چەپ و “لێنارد نیکۆلایزن” بۆ بەشداران دوان و پشتیوانی خۆیان بۆ ئامانجی گردبوونەوەکە و بەگشتی خەباتی ڕەوای گەلی کورد دەربڕی. هاوکات بەڕێز خاتوو “ئێڤرین زۆممەر” ئەندام پارلەمانی ئاڵمان لە حیزبی چەپ پەیامێکی تایبەت بۆ ئەم بۆنەوە ناردبوو کە لەلایەن “بێهروز کلینیک” خوێندرایەوە.
دواتر بەڕێزان “مێهدی ئیبراهیم‌زادە” و “حەمید نەوزەری” کەسایەتیی ئێرانی و بەشدار لە کۆبوونەوەی میکۆنووس و ڕەوتی دادگایی‌کردنی ڕێژیم بۆ بەشداران دوان و پشتیوانی خۆیان بۆ خەباتی گەلی کورد دەربڕی و بەڕێزەوە ئاوڕیان لە شەهیدانی میکۆنووس دایەوە.
لە بەشێکی دیکەی گردبوونەوەکەدا پەیامی چەندین پارت و لایەن و ڕێکخراوە خوێندرانەوە.هەروەها لەلایەن خاتوو سۆمەیە خزری بەرپرسی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە ئالمان  پەیامی یەکیەتی ژنانی پێشکەش کرد و کاك یەعقووب ڕەوا پەیامی سکرتێری گشتی حیزبی بە ئینگلیسی پێشکەشی بەشدار بووان کرد.
لە کۆتاییدا هاوڕێ “سولتان گوڵاوی” بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی ئاڵمان، سپاسی بەشداربووانی گردبوونەوەکەی کرد و تێکرای بەشداربووان بۆ دانانی تاجەگوڵینە لەسەر مۆنۆێنتی شەهیدان بۆ شوێنی مۆنۆمێنتەکە بەڕێ کەوتن و دوای دانانی تاجەگولینە و پەیمانی وەفادارییان بە ڕێبازی شەهیدان نوێ کردەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستان- کۆمیتەی ئالمان

 

 

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*