لە فینلاند یادی شەهیدانی میکۆنۆس و قەڵای دێمۆکرات بەرز ڕاگیرا

بەرێوەچوونی وێبینارێکی تایبەت بە یادی شەهیدانی میکۆنۆس و ١٧ی خەرمانانی قەڵای دێمۆکرات لە وڵاتی فینلاند. رۆژی شەممە ١٨ی سپتامبری٢٠٢١ی زایینی بە بەشداری ژەمارەیەکی بەرچاو لە تێکۆشەران وچالاکانی سیاسیی نیشەجێی وڵاتی فینلاند و هەر وەها کۆمەڵێک لە نوێنەرایەتی هێزو لایەنە سیاسیەکانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان وێبنارێک تایبەت بە یادی شەهیدانی میکۆنۆس و شەهیدانی ١٧ی خەرمانانی قەڵای دێمۆکرات بۆ بەرێز مستەفا شەڵماشی پێکهات. سەرەتای ئەم وێبینارە بە چەند ساتێک بێ دەنگی بۆ ڕێز گرتن لە شەهیدانی کوردو کوردستان دەستیپێکرد، پاشان کاک قادر مەکلاوەیی بەخێرهاتنی بەشداربوانی کۆرەکەی کرد.دواتر رێزدار کاک مستەفا شەڵماشی باسێکی چەند لایەنە و پرنێوەرۆکی پێشكێش کرد.

بەرێز کاک مستەفا شەڵماشی لە سەرتای باسەکەیاندا ئاماژەیان بەوە کرد کە لە هەموو رۆژ و مانگەکانی ساڵدا کورد بە گشتی و حیزبی دێمۆکرات بە تایبەتی قوربانی و شەهیدی زۆریان داوە. شەڵماشی ئاماژەی بەوە دا کە کۆماری ئیسلامی و رێژیمی پاشایەتی بەتایبەت هەر لە مانگی خەرماناندا نزیک بە ١٠ شەهیدی لە رادەی سەرکردایەتی دا وەک شەهیدانی میکۆنۆس و قەلای دێمۆکرات و مەلائاوارەیان لە بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێمۆکرات ئەستاندوە.

لە بەشێکی دیکەی باسەکەیاندا کاک مستەفا شەڵماشی بە ئاوەردانەوە لە ڕووداوە هەنووکەییەکانی جیهان و کاریگەریان لەسەر خەباتی کورد بەگشتی، باسیان لە ڕووداوەکانی ناوچە بە گشتی کرد کە ئەم گۆرانکاریانە و تێگەیشتووی و پێگەیشتووی خەڵک ئەوەمان لێ دەخوازێ کە پێداچوونەوە بە شێوازی سیاسەتکردن و خەبانماندا بکەین و کەڵک لە ئەزموون و شێوازەکانی نوێی سیاسەتکردن وەر بگرین و دەرفەتە تازەکان بەکار بێنین. رێزدار شەلماشی بە روانگەیەکی رەخنە گرانەوە باسیان لەوە کرد کە پرش وبڵاوی و لێکترازانەکان باویان نەماوەو دەبێ بە یەکگرتوویی و یەکریزی هەنگاوەکانی داهاتوی خەبات هەڵبێنینەوە، بەرێزیان کوتیان گەر خۆمان خاوەن یەکگرتویی و هێزبین دەتوانین کاریگەر بین و متمانەی جیهانیش بۆلای ویست و داخوازییەکانمان رابکێشین.

کاک مستەفا باسیان لەوە کرد کە ئێستاش لە ئێراندا عەقڵیەتی چارەسەری ئاشتیخوازانە لە رێگەی دیالۆگەوە لە ئارادا نیە، بۆیە کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدا کێشە نەتەوەییەکان بەتایبەتی لە کوردستان بکێشێتەوە ئاقاری شەری چەکداری و سیاسەتی زیاتر نائەمنکردنی کوردستان پەرە پێ بدات. لە درێژەی قسەکانیاندا کاک مستەفا باسیان لەوە کرد کە بەداخەوە بەشێکی زۆریش لە ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی ولات ئەوانیش باوەریان بەوە نیە کە تۆ وەک نەتەوەی کورد خاوەن مافی خۆتی و دەبێ لە داهاتووی سیاسی ئێراندا خاوەن ماف و ئەرک بی. بەرێز شەڵماشی پێی وابوو دەبێ هێزی پێشمەرگە وەک سیمبۆلی خەبات جێگاو پێگەی خۆی هەبێ، چوونکە داهاتووی هاوکێشەکان هێز دیاری دەک، هەرکەس هێزی جەماوەری یا چەکداری نەبێ ناتوانێ زەمینەی ئاشتیانەی چارەسەر کردنی کێشەکان برەخسێنێ. لە بەشێکی دیکەی باسەکەیاندا بە ئاماژەدان بە زێدەرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا کوتیان کە: ئێستا دەستی ئەم رێژیمە زیار لە هەر کاتێکی دیکە بۆ کۆمەڵگای جیهانی و بەتایبەتی بۆ خەڵکی ناوخۆی خۆی روون بۆتەوە کە لە عێراق و یەمەن و سووریەو زۆر شوێنی دیکە لە چ دۆخێکدایە و هەر رۆژەو لەگەل کێشە و گرفتی زیاتر بەرەو روو دەبێتەوە. لە کۆتایی وێبینارەکەدا چەند کەس لە بەشداربوان پرسیار و سەرنجەکانیان هێنایە بەر باس کە دواتر رێزدار کاک مستەفا وڵامی پێویستی دانەوە

 

حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆمیتەی فینلاند

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*