بۆ ڕێز گرتن له‌ ڕۆژی ئاڵا و ڕۆژی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و به‌رز نرخاندنی ئه‌م یاده‌ پیرۆزه‌،

كومیته‌ی حیزبی دێموكراتی كوردستان له‌ ئه‌مریكا، ڕێوڕه‌سمێكی بۆ ئه‌م بۆنه‌یه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری واشنگتون به‌ به‌شداری ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دێموكراتی كوردستان و سه‌رجه‌م حیزبه‌ كوردستانییه‌كان به‌ڕێوه‌برد. له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا برووسكه‌ی پیرۆزبایی پارتی دێموكراتی كوردستان، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، بزوتنەوەی گۆران ، پارتی ئازادی كوردستان پێشكه‌شی كومیته‌ی حیزب له‌ ئه‌مریكا كرا.
سه‌ره‌تا سروودی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌ی ڕه‌قیب ڕازێنه‌ری هۆڵی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ بوو و دواتر له‌ لایه‌ن كاك كه‌ریم به‌ختیاری به‌ڕێوبه‌ری به‌رنامه‌كه‌، بۆ به‌رز ڕاگرتنی یاد و بیره‌وه‌ری شه‌هیدانی هه‌رده‌م زیندووی ڕێگای ڕزگاری گه‌له‌كه‌مان خوله‌كێك بێده‌نگی ڕاگه‌یه‌ندرا و ئاماده‌بووان به‌ وه‌ستان له‌سه‌رپێ ڕێز و حورمه‌تی خۆیان پێشكه‌شی گیانی شه‌هیدان كرد.
له‌ درێژه‌ی به‌رنامه‌كه‌دا كاك جه‌ماڵ مه‌حموودزاده‌ ئه‌ندامی كومیته‌ی حیزبی دێموكراتی كوردستان له‌ ئه‌مریكا، په‌یامی كومیته‌ی پێشكه‌شی ئاماده‌بووان كرد. له‌ به‌شێك له‌ په‌یامی كومیته‌ی حیزب له‌ ئه‌مریكا هاتبوو:
“هێزی پێشمەرگە” و “ئاڵای کوردستان” لە داهێنان و دەسکەوتە هەرە بە نرخەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتی پێشەوا قازی محەممەدن. له‌و کاته‌وه‌ “ئاڵا” و “پێشمه‌رگه‌” بوونه‌ شوناس و پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌ییمان. ئاڵای کوردستان و پێشمه‌رگه‌ بوونە سه‌مبول و هێمای خه‌بات و به‌رگری و تێکۆشان و نه‌سره‌وتن. بوونە هه‌وێنی هاوکاری و یه‌کگرتوویی نه‌ته‌وه‌یی لە نێوان ڕۆڵەکانی گەلی کورد و هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە بەشە جیاوازەکانی نیشتمانەکەمان. ئه‌م هێمایانە‌ وه‌ک ئه‌ستێره‌یه‌کی پڕشه‌نگدار ئاسمانی کوردستانیان ڕوون کردۆته‌وه‌ و برووسکه‌ئاسا دڕیان به‌ شه‌وه‌زه‌نگی زوڵم و تاریکی داوه‌.
پاشان كاك ناسر باباخانی نووسه‌ر و مامۆستای زانكۆ، كه‌ وه‌ك میوان بانگهێشتی كۆڕه‌كه‌ كرابوو وتارێكی پێشكه‌شی كرد. به‌ڕێزیان به‌ ئاماژه‌ پێدان به‌ بنجوبناوانی وشه‌ی پێشمه‌رگه‌ و هه‌روه‌ها چۆنیه‌تی بیرۆكه‌ی ساز بوونی ئاڵا، پێشمه‌رگه‌ی وه‌ك پارێزه‌ری ئاڵا پێناسه‌ كرد و كوتی ئاڵا و پێشمه‌رگه‌ دوو كلیل وشه‌ی سه‌ره‌كی گوتاری نه‌ته‌وه‌یین كه‌ له‌ سه‌رده‌می كۆماری كوردستان به‌ فه‌رمی هاتنه‌ ناو ئه‌ده‌بیاتی سیاسی و گوتاری نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كورده‌وه‌ و دواتر له‌وێڕا ڕه‌گئاژۆ ده‌كه‌ن بۆ ناو پارچه‌كانی تر.
كاك ناسر ئاماژه‌ی به‌مه‌ كرد ڕه‌وتی رۆیشتنی ئاڵا له‌ باكووره‌وه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵات و دواتر بۆ باشوور، ده‌كرێ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی هێماناسانه‌ گوزاره‌ له‌ پارچه‌پارچه‌ بوونی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بكا كه‌ ئاڵا وه‌ك ڕه‌مز و نمادی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی سه‌یر ده‌كا.
ناوبراو باسی له‌وه‌ كرد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورد ئه‌كته‌رێكی ناده‌وڵه‌تییه‌، له‌سه‌رجه‌م هاوكێشه‌ سیاسییه‌كانی ناوچه‌ چ له‌ لایه‌ن زلهێزه‌ جیهانییه‌كانه‌وه‌ و چ له‌ لایه‌ن هێزه‌ ناوچه‌ییه‌كانه‌وه‌ ده‌خرێته‌ په‌راوێز و كاره‌ساتی وه‌ك داگیركردنی كه‌ركووك و عه‌فرین یان هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ده‌سكه‌وته‌كانی ڕۆژئاوای لێدكه‌وێته‌وه‌ و بۆیه‌ پێویسته‌ كورد به‌گشتی له‌ عه‌قڵییه‌تی خێڵه‌كی و عه‌شیره‌یی به‌ره‌و عه‌قڵییه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی بڕوا، پێویسته‌ به‌رژه‌وه‌ندی تاك و حیزب بخرێته‌ لاوه‌ و به‌ زه‌ق كردنه‌وه‌ی كلیل وشه‌كانی گوتاری نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك ئاڵا و پێشمه‌رگه‌ به‌ره‌و گوتاری هاوبه‌ش هه‌نگاو بنێ.
له‌ بڕگه‌یه‌كی تر به‌رنامه‌كه‌دا كاك فایق عه‌بدوڵڵاهی به‌ ده‌نگی به‌سۆزی خۆی پارچه‌ سروودی: مه‌ڕێژن بۆم فرمێسكی غه‌م \ كه‌ سوور بووه‌ له‌ خوێن جه‌سته‌م \ شه‌هیدی ده‌ستی زۆردارم \ به‌ڵام ئۆخه‌ی كه‌ پێشمه‌رگه‌م…ی پێشكه‌شی ئاماده‌بووان كرد كه‌ به‌ گه‌رمی كه‌وته‌ به‌ر سرنجی حازربووانی كۆڕه‌كه‌.
دواتر كاك په‌یمان ڕه‌حیمی وتارێكی سه‌باره‌ت به‌ دیاری كردنی مافی چاره‌نووس پێشكه‌شی ئاماده‌بووان كرد و تێیدا باسی ده‌ور و ڕۆڵی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی كرد كه‌ وه‌ك پارێزه‌ری به‌ها نه‌ته‌وه‌ییه‌كان دایمه‌ گیانی خۆی له‌سه‌ر به‌ری ده‌ستی داناوه‌.
شایانی باسه‌ ئاماده‌كاری و گه‌ڵاڵه‌داڕێژی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕێزان كاك خه‌بات ئیبراهیمپوور به‌رپرسی كومیته‌ی حیزب له‌ ئه‌مریكا و كاك سوله‌یمان عه‌زیزی و نه‌سرین خانم كه‌ریمی ئه‌ندامانی كومیته‌ ئه‌نجام درابوو.