بەرێوەچوونی خۆپیشاندانێکی هێمنانە لە فینلاند

رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی 16.9.2021زایینی بەمەبەستی مەحکووم کردنی کۆماری ئیسلامی و هێرشەکانی ئەم دواییانەی بۆ سەر هێزە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەبەردەم وەزاڕەتی دەرەوەی وڵاتی فینلاند لە شاری “هێلسینکی” خۆپیشاندان بەرێوەچوو.

کوردستانیانی نیشتەجێ لە وڵاتی فینلاند لەسەر داوای کۆمیتەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە فینلاند لەبەردەم وەزاڕەتی دەرەوەی فینلاند کۆبوونەوە.

ئەم خۆپێشاندانە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردستانیانی دانیشتووی فینلاند تێیدا بەشدار بوون، هێرشەکانی ئەم دواییانەی رژێمی ئێرانیان بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان و گوندەکانی سنووری باشووری کوردستان مەحکووم و شەرمەزار کرد

سەرەتای کاری بەرێوەچوونی ئەم خۆپێشاندانە لە بەردەم وەزاڕەتی دەرەوەی فینلاند دەستی پێکرد و بەرێپێوانێکی هێمنانە بە ناو شاری “هێلسینکی” دا بەرەو نوێنەرایەتی کۆمیسیۆنی ئەوروپا درێژەی کێشا.

لە دەستپێکی ئەم خۆپێشاندانەدا هەیئەتێکی سێ کەسی بە نوێنەرایەتی خۆپێشاندەران سەردانی وەزاڕەتی دەرەوەی فینلاندیان کرد و لە گەڵ خاتوو (ریکا ئێلا ) بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزاڕەتی دەرەوەی فینلاند دیداریان کرد . ئەم هەیئەتە ڕاپۆرتێکی کورتیان لە مەڕ هێرشەکانی رژێمی ئێران بۆ سەر کوردستان و ڕەوشی پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرد.

لە درێژەی کارەکانیان نوێنەرایەتی خۆپێشاندەران بڕیارنامەی خۆپێشاندەرانیان دایە نوێنەری وەزاڕەتی دەرەوە فینلاند. لەو پێوەندییەدا نوێنەری وەزاڕەتی دەرەوەی فینلاند بەڵێنی دا داخوازی خۆپێشاندەران بە وەزیری دەرەوەی وڵاتی فینلاند بگەیەنێت و پشتیوانی وڵاتی خۆی لە داخوازەکانی مافخوازانەی خۆپێشاندەران دەربڕی. هەروەها هەیئەتێکی دیکە لە نوێنەرایەتی خۆپێشاندەران سەردانی نووسینگەی کۆمیسیۆنی ئەروپایان لە وڵاتی فینلاند کرد و لەلایەن خاتوو ( ماریا کۆکۆنێن ) سەرۆکی نووسینگە پێشوازیان لێکرا. لەو دیدارەدا وێرای باسێک  لەسەر ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بڕیارنامەی خۆپێشاندەران بۆ یەکیەتی ئەوروپا بە نوێنەری کۆمیسیۆنی ئەوروپا درا و داواکرا وڵاتانی ئەوروپایی بە کەڵک وەرگرتن لە کاناڵەکانی دیپڵۆماتیکی خۆیان فشار بخەنە سەر ئێران بۆ ڕەچاوکردنی پەیمانەکانی مافی مرۆڤ.

لەو خۆپێشاندانەدا کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان و نوێنەرانی نزیک بە تەواوی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەشدار بوون. شایانی باسە لەم نێوەدا بریارنامەی ناوندی ھێزە سیاسیەکان کە بەکوردی ئامادە کرابو لە لایان کاک سەید” ئەحمەد حوسێنی” خوێندرایەوە.

شایانی باسە کە ئەم خۆپێشاندانە لەلایەن ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران رێک خرابوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستان – کۆمیتەی فینلاند

١٦.٩.٢٠٢١

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*