بەڕێوەچوونی خۆپێشاندان و کۆبوونەوە لەبەردەم پەڕلەمانی وڵاتی سوئێد بە دژی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران

ڕۆژی چوار شەممە ڕێکەوتی ١٥ سپتامبری ۲٠۲۱زایینی خۆپێشاندان و کۆبوونەوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی و مەحکووم کردنی ڕێژیمی کۆماری ئێسلامی ئێران، لەبەردەم پەڕلەمانی سوئێد لە شاری

 “ستۆکھۆڵم “لەلایەن ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پێک ھات.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نیشتمانی”ئەی ڕەقیب ” و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕوحی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی کورد و کوردستان بە فەرمی دەستی پێکرد.

پاشان لەلایەن بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمەکە “خاتوو ئارێز محەممەدی “بەخێرهاتنی بەشداران کرا.

سەرەتا “چیا عەلیار” بە نوێنەرایەتی ناوەندی هاوکاریی وێڕای بە خێرهێنانی میوانان چەند وتەیەکی پیشکەش کرد و دواتر خاتوو “کوێستان بابایی” بەرپرسی کۆمیتەی سوئێدی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بە نوێنەرایەتی ناوەندی ھاوکاریی پەیامێکی پێشکەش کرد. لە پەیامەکە دا هاتبوو کە: رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە بیانووی بوونی هێزی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەستیکردووە بە تۆپ‌باران و ھێرشی ھەوایی بە فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان (درۆنەکان)، بۆ سەر ژینگە و شوێنە شاخاویی و دارستانەکانی سنووری ناوچەکانی سیدەکان، چۆمان و حاجی ئۆمەران، لە هەرێمی فیدڕاڵی باشووری کوردستان،  و نزیکەی حەوتوویەکە ئەم ھێرشانە بەردەوامن.

ئەم هێرشانە بۆ زەربە لێدان لە بزووتنەوەی ئەحزابی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە بۆ ئازادی و مافەکانی مرۆیی خەبات دەکەن لە لایەک وھاوکات تێکدانی ئارامی و سەقامگیری دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی کورد لە باشووری کوردستانە. ئەوە کارە سەرەڕۆیانە، لە بەرەبەری ٣ھەمین ساڵوەگەڕی شەھیدانی موشەکبارانی قەڵای دێموکرات لە ١٧ی خەرمانان دا و ھەروەھا  ٢٩هەمین ساڵیادی تیرۆری میکۆنۆس و شەھید بوونی دکتور سادق شەرفکەندیی و هاوڕێیانی بەدەستی ڕێژیمی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتی ئاڵمانە.

خاتوو کوێستان گووتی: ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نێوخۆ  تووشی چەندین قەیرانی ناوخۆییە، لە سەرووی هەمووان کێشەی نەتەوەکانی ئێران، ئازادی و مافی مرۆڤ، بارودۆخی خەڵک بەھۆی پەتای کۆڕۆنا، بژێوی ژیانی خەڵک، کەم ئاوی و ژینگە، تەقە کردن لە کۆڵبەرانی کوردستان و بارهەڵگرانی سوتەمەنی لە بەلوچستان و زۆر پێشێلکاری دیکە، ھەر بۆیە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی ژنان، کرێکاران، مامۆستایان، خانە نشینەکان، چالاکانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان بە توندترین شێوەی نامرۆڤانە سەرکوت دەکا.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، وێڕای مەحکووم و شەرمەزرا کردنی ئەو دەست درێژییە ئاشکرایانە رێژیمی ئێران و سپای سەرکوتکەر و تێڕۆڕیستی پاسداران، بە تایبەتی “سپای قودس”، داوا لە خەڵکی کوردستان دەکا، وەک هەمیشە بە هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەرانەی خۆیان، لە گۆڕەپانی کردەوەدا، بەو رێژیمە دژی گەلییە بسەلمێنن کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان نوێنەری ڕاستەقینەی ئیرادەی سیاسیی ئەوانە و نەتەوەی کورد تا گەیشتن بە سەرکەوتن لەو خەباتە دا و بۆ دابینکردنی مافەڕەواکانی درێژە بە خەباتی نەتەوەیی و دێموکڕاتیکی خۆی دەدا.

لە کۆتایی پەیامی ناوەند دا داوا لە کۆمەڵگا نێونەتەوەییەکان، بەتایبەتی پەرلەمانی سوئێد و کۆڕو کۆمەڵە مرۆڤ دۆستەکان کرا کە لە ئاست ئەو دەستدرێژییە ئاشکرا و وێرانکارییەی تیڕۆڕیسمی دەوڵەتی ئێران بێ هەڵوێست نەبن.

پێویست بە ئاماژە کردنە کە لە درێژەی بەرنامەکاندا دا چەندین وتار و پەیام پێشکەش کران :

پەیامی نوێنەری حیزبی سۆسیال دێموکراتی سوئێد لەلایەن ئەندامی پاڕڵمان “کادیر کاسیرگا “پێشکەش کرا.

١: پەیامی ناوەندی هاوکاریی بە زمانی سوئێدی لە لایەن “حەمید تەیمووری “خوێندرایەوە

٢: پەیامی حیزبی چەپی سوئێد، لە لایەن ئەندام پەرلەمان “هۆکان سوێنلینگ “خوێندرایەوە

٣: پەیامی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لە لایەن “ناسر بۆلیدی” پێشکەش کرا

٤: پەیامی هاوبەشی کومیتەی هاوکاریی هێزە سیاسیە کوردستانییەکان، ناوەندی ڕەوەندی کورد و فیدڕاسیۆنی کۆمەڵە کوردستانیەکان لەلایەن “کۆڤان ئامیدی “سەرۆکی فێدراسیۆن خوێندرایەوە

٥: پەیامی حیزبی لیبڕاڵەکانی سوئێد لەلایەن ئەندامی پاڕڵمان “یوار فورسێل” پێشکەش کرا

٦: “فردریک ماڵم” دۆستی گەلی کورد و ئەندامی پەڕلەمانی حیزبی لیبڕالی سوئێد چەند وتەیەکی پێشکەش کرد

٧: پەیامی ناوەندی هاوکاریی بە زمانی فارسی لە لایەن “سالار ئاشناگەر”خوێندرایەوە

٨: پارچە هۆنراوەیەک لە لایەن “ناهید حوسێنی” شاعیر و نووسەری کورد پێشکەشی بەشداران کرا

٩: پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لەلایەن بەرپرسی ڕێکخراوەکە خاتوو “لەتیفە جەباری “خوێندرایەوە

١٠: دوا وتە لە لایەن لاوێکی کورد بوو بە نێوی

” قاسم” کە وێڕای مەحکوم کردنی تۆپباران  و دەستدرێژی کردن، ئاماژەی بەو قەیرانانە کرد کە ڕژیم تووشی بوە

جێی ئاماژەیە کە “نوێنەرانی هەر چوار لایەن” وێڕای پەڕلەمانتارانی بەشدار لە خۆپێشاندان چوونە بەر دەرکی پەرلەمان و لەوێ نامەی ناڕەزایەتییان پێشکەش کردن  و داوایان کرد نامەکە بەدەستی “ئان لیندە “وەزیری دەرەوەی سوئێد بگەیەنن.

شایانی باسە کە بە سەدان ئەندامی حیزبە کوردستانی‌یەکان، کەسایەتی سیاسی و کوردانی دانیشتووی تاراوگە بەشداری ئەو خۆپێشاندانە بوون بۆ مەحکووم کردنی هێرش و تۆپبارانی بنکەو بارەگاکانی ئەحزابی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەنگیان خستە پاڵ دەنگی هێزەکانی خەباتکاری کوردستان.

 کۆتا بەشی ئەو خۆپێشاندانە بە چەندین سروودی شۆڕشگێڕی و دروشم بە زمانی سوئێدی و فارسی و کوردی پاش دوو کاتژمێر کۆتایی پێهات.

حیزبی دێموکراتی کوردستان

کۆمیتەی سوئێد

١٥-٠٩-٢٠٢١ی زایینی

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*