لە وڵاتی نۆڕوێژ یادی شەهیدانی خەرمانان بە شكۆوە بەڕێوە چوو!

ڕۆژ شەممە رێکەوتی ١١،٩،٢٠٢١ کۆمیتەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە وڵاتی نۆڕوێژ، بۆ زیندوو راگرتنی ناو و یادی شەهیدانی ١٧ خەرمانانی قەڵای دێموکڕات و شەهیدانی ٢٦ خەرمانانی میکۆنوسی ئاڵمان، کۆڕیادێکی پڕشكۆی بە بەشداری بەشێك لە ئەندامانی بنەماڵەی شەهیدانی خەرمانان، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و دۆستانی حیزب و نوێنەری کۆمەڵێک لە حیزب و رێکخراوە کوردستانییەکان، لە یەکێک لە ساڵۆنەکانی شاری لیللەسترۆم بەرێوە برد.

کۆڕیادەکە کاتژمێر یەک و نیوی نیوەڕۆیە بە سرودی ئەی شەهیدان،کە لە لایان کۆڕی سرودەوە پێشکەش کرا، دەستی پێ کرد. پاشان بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی رێگەی رزگاری و بە تایبەت شەهیدانی خەرمانان ساتێک بێ دەنگی راگەیەندرا. هەر بە دوای ئەوەدا، مۆمی رێز گرتن لە خەبات و فیداکاری شەهیدان کە لە ژێر وێنەی شەهیدەکان داندرابوون، لە لایان کەس و کاری شەهیدان و ژمارەیەک لە سیما دیارەکانی حیزب (بەرێزان کاک سمایل بازیار، کاک ئەبووبەکر قەدی کورد،  دوکتور کوێستان گادانی و خاتوو گوڵاڵە شەرفکەندی) داگریسێندران.

لە سەرەتای بەرنامەدا هەر دوو خاتوونی پێشکەش کار شنۆ مێهرپەروەر و بەفرین رۆستەمی، دوو قەتعەی ئەدبی تایبەت بەو بۆنەیان پێشکەش کرد.

دواتر هاشم رۆستەمی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکڕات لە وڵاتی نۆروێژ لە لایەن کۆمیتەی حیزب و کۆمیتەی بەرێوەبەریی یەکیەتی ژنانی دێموكراتەوە وتارێکی کورتی هەبوو. ناوبراو لە بەشێکی قسەکانیدا وێرای بە خێر هاتن کردنی بەشداران بە گشتی و کەس و کاری شەهیدان بە تایبەتی، ئاوڕی لەو کارەساتانە دایەوە کە لە مانگی خەرماناندا دەرحەق بە حیزبی دێموکڕات و بزوتنەوەی کوردستان روویان داوە. بە بۆنەی ٢٩ساڵەی یادی شەهیدانی مێکونووس، سێ ساڵەی یادی شەهیدانی قەڵا و سێ ساڵەی ئیعدامی سێ تێکۆشەری سیاسی  لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی و چواردەهەمین ساڵێادی کۆچی دوایی کاک عوسمان رەحیمی ئەندامی رێبەریی حیزب،  پەیامی هاوخەمی و بەردەوامی لە خەبات تا گەیشتن بە ئاواتی شەهیدانی دەر بڕی. هەر لەم وتە کورتەدا ناوبراو ئاوڕی وە دوایین کردەوەی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامی دایەوە کە بوو بە هۆی شەهید بوونی کاک موسا باباخانی ئەندامی رێبەریی حیزب. هەروەها بە بۆنەی کۆچی دوایی قارەمانی نێو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی، رەوانشاد عوسمان مستەفاپور پەیامی هاوخەمی راگەیاند.

 لە کۆتایی قسەکانیدا، بەرپرسی کۆمیتە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمسالێش هەر لە مانگی خەرماناندا، کۆماری ئیسلامی هەڕەشە و پەلامارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و حیزب و رێکخراوەکانی رۆژهەڵاتی کۆردستان دەست پێ کردۆتەوە.

ناو براو بەوە کۆتایی بە قسەکانی خۆی هێنا کە گووتی لە حیزبی ئێمەدا، ئەمە لە مێژە جێی گرتوە، کە  لە رۆژی شەهیدان ولە کاتی رێزگرتن لە خەباتی شەهیداندا، شیوەن ناکەین و ناگرین، بەڵکوو بە لێن دووبارە دەکەینەوە کە تا دوا هەناسەی ژیانمان بۆ گەیشتن بە ئامانجی شەهیدەکانمان لە خەبات کردن بەردەەوام دەبین.

بڕگەیەکی دیکەی ئەم کۆڕیادە تەرخان کرا بوو بۆ وتاری دوکتور کوێستان گادانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی کۆمیتەی بەرێوەبەریی حیزب لە دەرەوەی وڵات.

  خاتوو کوێستان لە وتارەکەی خۆیدا وێرای باسێکی تایبەت بە موشەک بارانی قەڵای دێموکرات و شەهید بوونی ژمارەیەک لە تێکۆشەرانی حیزبکەمان، باسی لەو وێکچوونانە کرد کە لە بەینی تیرۆری دوکتور سادق شەرەفکەنەی و هاوڕێیانی لە ئاڵمان و موشەک بارانی ١٧ی خەرمانان لە قەڵای دێموکڕات هەن. دوکتور کوێستان باسی ئەوەی کرد کە هەردووی ئەو جینایەتە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و لە نێو خاکی وڵاتی دیکەدا دژ بە حیزبی ئێمە ئەنجام دراون. لە هەر دوو حاڵەتدا ئەوانەی کراونەتە ئامانجی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، نەک هەر لە هێزی چەکداری حیزب نەبوون بەڵکوو رێبەرانی سیاسی حیزب بوون کە لە کاتی قسە و باس و مەشوەرتی سیاسیدا پەلامار دراون. لەهەردوو حاڵەتدا جگە لە جینایەتەکە، بە ئاشکرا سەروەریی وڵاتی دیکەش پێشێل کراوە.

 بەرپرسی کۆمیتەی بەرێوەبەریی حیزب لە دەرەوەی وڵات باسی ئەوەی کرد کە ئەو رێژیمە هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاریەوە تیرۆر و کوشت و کوشتاری کردە سیاسەتی رەسمی خۆی. لە سەرەتادا تەوای ئەو تیرۆر و جینایەتانە بە ئیمزای خودی خومەینی بڕێوە دەچوون، دوای مەرگی خومەینیش کۆمیتەیەکی تایبەت بە تیرۆر لە ژێرە چاوەدێری و مەسئولیەتی شەخسی خامنەییدا پێک هات کە ئەندامەکانی لە کەسانی ڕەدەباڵای ئەو نیزامەن. بەڵگەکانی دادگای مێکونووسیش شاهیدی ئەم ئیددعایەن.

خاتوو کوێستان لە قسەکانی ئاماژەی بەوە کرد، کە حیزبی دێموكڕاتی کوردستان هەر لە سەرەتای دروست بوونیەوە وەک حیزبێکی سیاسی و تەشکیلاتی هاتە گۆڕەپانی خەباتی کوردایەتی و لە هەموو دەرفەتەکاندا هەوڵی ئەوەی داوە کە کێشەی کورد بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت، بەڵام مخابن تا ئێستاش دوژمنان هەر زمانی چەک و هەڕەشە بە کار دەبەن. بەڵام ئەو پەلامار و هێرشانەی رێژیم هەرگیز نەیتوانیوە ورەی هێزی پێشمەرگەی حیزب و گەل لاواز بکات. هەرگیز نەیتوانیوە کەلێن بخاتە نێوان کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و حیزب و رێکخراوەکانی. هەر ئەوەش بوو کە دوای موشەک بارانی قەڵای دێموکڕات لە ژێر رێنوێنی و ڕاسپاردەی ناوەندی هاوکاریدا، لە رۆژی ٢١ی خەرماناندا کۆمەڵانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە مانەوە لە ماڵەکانیان، هەم کردەوەی جینایەتکارانەی کۆماری ئیسلامییان مەحکوم کرد و هەم پاڵپشتیی خۆیان بۆ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و هێزەکانی نێو بزوتنەوەی رەوای گەلەکەمان دوپات کردەوە.

لە کۆتایی قسەکانیدا خاتوو کوێستان وێڕای دەڕبڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، دڵنیاشی کردن کە خەباتی حیزبی دێموکڕات و گەلی کورد تا گەیشتن بە ئاواتی شەهیدەکانمان هەر بەردەوام دەبێت.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆڕیادەکەدا خاتوو گوڵاڵە شەرەفکەندی تێکۆشەری ناسراوی حیزب، وتارێکی تایبەت بە کارەساتی مێکونووس کە دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی تێیدا شەهید بوون، پێشکەش کرد. گوڵالە خانم وێرای ئاوڕدانەوە لە سیاسەتی تیرۆریستیانەی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بە شێوەی گشتی، سەرنجی تایبەتی خستە سەر ئەو بەڵگە و دیکۆمێنتانەی دادگای ئاڵمان کە سەلمێنەری ئەو راستیە بوون، تیرۆری مێکونووس راستەوخۆ لە لایان رێبەری کۆماری ئیسلامیەوە بڕیارەکەی دەرچووە.

گوڵاڵە خانم بە وردی باسی لە رەوتی بەرەو پێش چوونی داگای مێکونووس کرد. ناوبراو باسی ئەوەی کرد کە بۆ بە ئاکام گەیاندنی رەوتی کارەکانی دادگا و دەرچوونی ئەو حوکمە و مەحکوم کردنی سەرانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی، نابێ نەخش و رۆڵی دوو کەس لە بەر چاو نەگرین. ئەو دوو کەسەش بریتین لە بنی سەدر و پەرویز دەستماڵچی. چوونکە ئەوان لە ماوەی سێ ساڵ بەردەوام بوونی رەوتی داداگادا، بە بەردەوامی لە جەلەسەکانی دادگادا بە شدار دەبوون و هەموو هەوڵی خۆیان دا تا سەرئەنجام دادگا توانی بڕیاری دروستی خۆی بدات. لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا سەدان جەلەسەی داگا بەڕێوە چوو، ژمارەیەکی یەکجار زۆر شاهید لێدوانیان لێ وەر گیراوە. تەواوی ئەو لێدوان و بە ڵگانەش بە دیکۆمێنت کراون.

خاتوو گوڵاڵە باسی ئەوەشی کرد کە بە پشت بەستن بە ئەو حوکمەی دادگای ئاڵمان کە وەک سەنەدی تیرۆریزمی نێو نەتەوەیی کۆماری ئیسلامی بە حیساب دێن، دەتوانین هەم کەیسی قەڵای دێموکرات و هەم کەیسەکانی دیکەش لە دژی ئەو رێژیمە وەگەڕ بخەین.

لە کۆتایی باسەکەیدا خاتوو گوڵالە پێی لە سەر ئەوە داگرت کە ئەزموونەکانی ساڵانی رابردوو و بە تایبەت ئەو رەوتە سیاسیەی کە لەم دوایانەدا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست هەیە، ئەوەمان پێ دەڵێ کە خەڵکی کوردستان و حیزب و رێکخراوەکانی پێویستی زیاتریان بە یەک بوون و یەکیەتی نێو خۆیان هەیە. چوونکە تا بۆ خۆمان نەبین، نابێ چاوەرێ بین هێزی دەرەکی بێت و رزگارمان بکات. تەجرووبە دەری خستووە کە ئەوانەی هەر بە تەمای هێزی دەرەکین، لە کاتی تەنگانە و نەمانی ئەو پشتیوانیەدا زوو دادەڕمێن.

شایانی باسە کە هەیئەتێکی حیزبی سوسیالیستی چەپی نۆروێژ بەشدارییان لەم مەرسیمەدا کرد و بەو بۆنەوە وتارێکیان پێشکەشی بەشداربووان کرد. لەو وتارەدا جگە لە هاوخەمی لەگەڵ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و گەلی کورد سەبارەت بە موشەک بارانی قەڵای دێموكڕات، ئاماژە بە سیاسەتی دۆستانەی حیزبی سوسیالیستی چەپی نۆروێژ و گەلی کورد بە شیوەی گشتی کرا.

لە بڕگەکانی دیکەی ئەو کۆڕیادەدا بەڕیزان کاک هەمزە ئاگوشی و خاتوو کوێستان عومەرزادە بە پێشکەش کردنی پارچە هۆنراوە، هەروەها هاوڕێیانی دەنگ خۆش و هونەرمەند پیران قادر زادە، سەید لوقمان حوسەینی، کەریم سروش و هوشیار ئیبراهیمی بە سرود و مەقام و موزیکی تایبەت بەو یادە، بەشداریی کۆڕیادەکەیان کرد.

شایانی باسە کە لە نێو بەرنامەکاندا، پێشکێشکارەکان بە خوێندنەوەی کۆپلە پەخشان و شێعری تایبەت بە یادەکانی خەرمانان، هەست و سۆزێکی تایبەتیان دابوو بە ئەم یادەوەرییە.

شایانی ئاماژەیە کە کۆمیتەی هاوکاری حیزب و رێکخراوە کوردستانیەکان کە نزیک دە حیزبی کوردستانی لە خۆی دەگرێ، بۆ ئەم یادە پەیامیان ناردبوو. هەروەها نوێنەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، پارت دێموکڕاتی کوردستان، یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی سەربەخۆیی کوردستان وێڕای بەشدارییان لەم کۆڕیادەدا، بە هێنانی چەپکە گووڵی رێز و وەفا، هەم رێزیان لە فیداکاری شەهیدانی سەربەرزمان گرت و هەم کردەوە جینایەتکارانەکانی کۆماری ئیسلامییان مەحکوم کرد.

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان – نۆروێژ

١١،٩.٢٠٢١

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*