ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە پێوەندی بە ڕووداوی نەغەدە

هاوڵاتییانی خۆشەویست!
خەڵکی مافخوازی کوردستان!
بە پێی هەواڵێک کە لە نەغەدەوە بە دەستمان گەیشتووە، بە هۆی دەمەقاڵەی چەند کەسێکی تورک و کورد لە شاری نەغەدە شەڕ و هەڵپژانێک لە نێوانیاندا ڕووی داوە و بە داخەوە گەیشتووەتە چەک کێشان و تەقەکردن و دوو کەسی کورد بە ناوەکانی “فەردین ئیبراهیمی” و “محەممەد عەلیزادە” کوژراون و کەشی شاری بە تەواوەتی ئاڵۆز و بووە و بشێوی و نیگەرانیی بۆ دانیشتووانی شار و دەوروبەری پێک هێناوە و بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەو بەینەدا هیچ دەورێکی ئەوتۆیان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە لە خۆیان نیشان نەداوە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە دوو نەتەوەی کورد و تورک بە درێژایی مێژوو لەو دەڤەرە پێکەوە ژیاون، لە هەموو بارودۆخێکیشدا دەبێ هەستی پێکەوەژیان و هەڵکردنیان لە سەرەوەی هەموو شتێک بێ و ئیزن نەدەن لە سەر چەند شتی بێ مایە و بەرژەوەندیی چەند کەسی نابەرپرسیار کێشە بکەوێتە نێوان دانیشتووانی ئەم شارە و ئەزموونی پێکەوە ژیانی ئەم دوو نەتەوەیە ئەوەمان پێ دەڵێت تەنیا ڕێگای چارەسەرکردنی کێشەکان دیالۆگ، پێکەوە هەڵکردن و لە یەک تێگەیشتنە.
بە خۆشییەوە زانیارییەکان ئەوەمان پێ دەڵێن لە هەر دوو نەتەوەی تورک و کورد کەسانێکی دڵسۆز بەپەرۆش بۆ ئاسایش و پاراستنی هێمنیی شار و هێورکردنەوەی ئەو دۆخە نەخوازراوە لە هەوڵێکی جیدی دان و ئەوە مایەی دڵخۆشییە بۆ هەموو لایەک، وێڕای دەستخۆشی و ڕێز و پێزانینمان بۆ ئەو هەوڵە بەرپرسیارانەیان هیوادارین کۆمەڵانی خەڵکی شاری نەغەدە پێشوازی لەو هەوڵە مرۆڤدۆستانەیە بکەن و ئیزن نەدەن کەسانی ئاژاوەگێڕ ژینگەیان نائارام بکەن.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای بە داخ بوون لەو ڕووداوە ناخۆش و نابەرپرسیارانەی چەند کەسی ئاژاوەگێڕ، هاودەردی و سەرەخۆشیی خۆی پێشکەش بە بنەماڵەی قوربانیانی ئەو ڕووداوە دەکا و هیوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازێ و هیوادارە هەرچی زووتر ئارامی و ئۆقرەیی باڵ بە سەر شاری نەغەدە و دەوروبەریدا بکێشێتەوە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی
٨ی ئاگۆستی ٢٠٢١ی زایینی

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*