خالید عەزیزی: ڕووخانی نیزامێکی دەسەڵاتدار پڕۆژەیە سیاسییە و ئاڵتێرناتیڤی پێویستە

[“کورد کاناڵ” لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وتووێژێکی لەگەڵ سکرتێری گشتیی حیزب پێک‌هێنا. بەڕێز کاک خالید عەزیزی لەو وتووێژەدا وێرای لێکدانەوەی بارودۆخی سیاسیی کوردستان، ئێران و ناوچە بەوردی خاڵە لاوازەکانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و خەبات دژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دەست‌نیشان کردووە. “کوردستان” پوختەی ئەم وتووێژەی بۆ خوێنەرانی ئامادە کردووە.]

 

کاک خالید دەگوترێ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست‌دا شتی پێشبینی‌نەکراو گەلێک زۆرە. لەم ڕۆژانەشدا گۆڕانکاریی زۆر جیدی لە ئاستی گۆڕانی نیزامی سیاسیی وڵاتان لەو ناوچەیە ڕووی داوە. ئێوەی دۆخی ئەو ناوچەیە چۆن دەبینن؟

ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تایبەتمەندی و ئاڵۆزیی خۆی هەیە. ئەو ناوچەیە لە مێژووی هاوچەرخ، بەتایبەت لە ٥٠ تا ٦٠ ساڵی ڕابردوو چەقی کێشەکانی سیاسەتی کەلانی ئەمنییەتی نێودەوڵەتی بووە. هۆیەکشی ئەوە بووە، کۆمەڵێک کێشەی وەکوو کێشەی ئایینی، نەتەوەیی، خاک و… لەو ناوچەیەدا بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە. سەردەمانێک لە قۆناغی شەڕی ساردددا، ئەو کێشەیە بە کێشەی ئیسراییل و فەلەستینییەکان پێناسە دەکرا. دیارە مودیرییەتی ئەو کێشەیە ئەوکات ئاسان بوو، دوو جەمسەر هەبوو واشینگتۆن و مۆسکۆ. بەڵام ئێستا بەو شێوەیە نەماوە، ئەگەر لە جیهاندا هێندێک جەمسەری دیکەش هەن، لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا چەند دەسەڵاتی بەهێزی ناوچەییش هەن. جیاواز لەوانە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، مەسەلەی ئیسلام و کەڵک‌وەرگرتن لە ئایین لەپێناو سیاسەتدا پرسەکانی ئەو ناوچەیەی هیندەی دی ئاڵۆز کردووە. ئەوەش وای‌کردوە کە ئەو کێشەیە چارەسەرنەکراوانە بکەونە نێو بازنەی سیاسەتی کەلانی ئەمنییەتیی ناوچە و نێودەوڵەتی و، لەوێدا کایەی جۆراوجۆڕی لەسەر بکرێ و لەو چوارچێوەیەشدا کۆماری ئیسلامی بەشێک لە کێشەکانە.

 

کاک خالید باسی نەخش و دەوری کۆماری ئیسلامیت کرد، ئەم وڵاتە بۆخۆی لە ئاستی نێودەوڵەتی لە ئاستی نێوخۆییشدا لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی ئەمنییەتی، ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی دەستەویەخەیە. ئێران لەو بارودۆخەدا بەرەو کوێ دەڕوا؟

بۆ ئەوەی بێمە نێو وەڵامی پرسیارەکەت، دەبێ نەخشەیەک بکێشینەوە. لەو نەخشەیەدا ئێرانی تێدا، ئێرانێک کە دێتیە سەر لێکدانەوە، قسە لەسەر کۆماری ئیسلامییە، ڕێژیمێک بە هەموو جۆراوجۆری و بە هەموو کێشەکانی خۆی و بەپێی هەموو ئەو تایبەتمەندییەکی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا. فاکتۆرێکی دیکە کۆمەڵانی خەڵکن کە لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا جێ دەگرن. فاکتۆرێکی دیکەش ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانییە و هەروەها فاکتۆرێکی دیکە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکانە. هەر چوار فاکتۆرەکەش کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەسەر چەندوچۆنیی ڕەوتی خەبات و تێکۆشانی خەڵک دژی ئەو نیزامە و داهاتووی ئەم نیزامە هەیە.

لە فاکتۆری یەکەمدا کە خودی دەسەڵاتە، دەسەڵات بێ‌سەرنجدان بە مافەکانی خەڵک، بێ‌سەرنجدان بە کۆمەڵانی خەڵک هەموو ستراتیژییەکەی ئەوەیە کە خۆی ڕابگرێ. ئەو دەسەڵاتە لە سەرەتای شۆڕشدا خەڵکێکی زۆری لەگەڵ بوو، هەڵبەت لە دەرەوەی کوردستان. بەڵام لە ئێستادا هەم بەردەوام لە شەرعییەتی کەم دەبێتەوە، هەم ڕۆژبەڕۆژ ئاڵقەی دەسەڵاتیش داخراوتر دەبێ. بۆیە لەنێو خودی دەسەڵاتیشدا، نەیاران و ڕەخنەگرانی ئەو دەسەڵاتە زۆرتر دەبن. بەمجۆرە ئەو کەسانەش دەورانێک لەگەڵ خۆی بوون. لەپێوەندی لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکیشدا دەبێ لە چەند فاکتەر ورد بینەوە.

 

کاک خالید ببورە دێمە نێو قسەکانت. جارێ با هەر لەسەر حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی بوەستین. فەرمووت دەسەڵات پتر لە جاران داخراوتر بووە. نەهایەتەن ئەم یەک‌دەست‌بوونی دەسەڵات و کەڵەکەبوونی کێشەکان ئەم وڵاتە بەرەو کوێ دەبا. ئەویش سەرکۆماری هەڵبژێردراو کە لە ڕوانگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ ئەوە دەبێ ببردرێتە دادگاە و موحاکەمە بکرێ.

ئەم یەک‌دەست‌بوونە ڕێژیم لەنێو خۆیاندا بۆ بڕیاردان لەسەر پرسەکانە. بەڵام قەیرانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و… هەموویان لە جێگای خۆیاندان و ئیدارەی وڵات تەنیا بە دروشم ناکرێ. لە ئێراندا بێکاری، هەژاری و بێ‌مافیی خەڵک لەوپەڕی خۆیدایە. بۆیە ئەو دەسەڵاتە، ئەگەر پاشەکشە بکا لە بەرامبەر ویست و داخوازەکانی کۆمەڵانی خەڵک لەگەڵ کۆمەڵێک ئاستەنگی دیکەش ڕووبەڕوو دەبێتەوە. ناشتوانێ لە بەرژەوەندیی خەڵکدا پاشەکشە بکا، چونکە شەرعییەتی خۆی لەو خەڵکە وەرناگرێ و ئەم ڕەواییەتە بە بنەما ئایینی و ئیدۆلۆژیکییەکانی خۆیەوە گرێ دەدا. بۆیە یەک‌دەست‌بوونی نیزام بۆ ئەوەیە کە چۆن بە یەک دەنگ و بە یەک ڕوانگەوە بڕیار بۆ کێشەکانی ڕێژیم بدەن و چۆن بە یەکدەنگ بەرەوڕووی دنیای دەرەوە و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە نێوخۆ ببنەوە.

 

ئەم ڕەوتە هەتا کەی دەتوانێ درێژەی هەبێ؟

مانەوە و بەردەوامیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی پێوەندی بەو سێ فاکتۆرە هەیە کە ئاماژەم پێ کردن. هاوکێشەی نێودەوڵەتی، کۆمەڵانی خەڵک و ئۆپۆزیسیۆن.

 

دێینە سەر ئەو فاکتۆرانەی کە فەرمووت و بە خەڵک دەست پێ دەکەین. لە ئێستادا خەڵک دەتوانن چ ڕۆڵێک بگێڕن و چۆن دەتوانن ئاڵوگۆڕ لەو دەسەڵاتەدا پێک بێنن. لە بنەڕەت‌ڕا هەر دەتوانن؟

ڕوون و ئاشکرایە کە زۆرینەی کۆمەڵانی خەڵک لە ئێران دژی نیزامی کۆماری ئیسلامین. لە تازەترین هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماریدا ئەوە بەتەواوی دەرکەوت، کێشە نێوخۆییەکانش لەو لاوە ڕاوەستێ. بەڵام لەنێو ئەو سیستەمەدا کۆمەڵێک خەڵکی لایەنگریش هەن کە من پێم‌وایە کەمینەیەکی کەمن چ بەهۆی باوەڕ و، چ بەهۆی ئەوەی کە ژیانی ڕۆژانەیان بە دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە گرێ دراوە. بەڵام کۆمەڵە زۆرەکە یان زۆربەی کۆمەڵانی خەڵک کە ناڕازین و ناڕەزایەتیی دەردەبڕن، لەو چەند ساڵەی دواییدا، بەتەواوی نیشانیان داوە لەسەر شەقامن و باجی خەبات و ناڕەزایەتی‌دەربڕینەکانیان دەدەن. ئەوە ڕاستییەکە کە بەتەواوی دەرکەوتووە. بە نەفسی ناڕەزایەتیی خەڵک، بە نەفسی خۆپیشاندانی خەڵک، ئەوەی کە جارێک لەم شارە جارێک لەو شارە، جارێک لەسەر ئاو، جارێک لەسەر بێنزین، جارێک لەسەر بێ نانی و… بەوانە نیزامێکی سیاسی ناڕووخێ، ڕووخانی نیزامی سیاسی پڕۆژەیەکی سیاسییە. ڕووخانی نیزامێکی سیاسیی وەکوو کۆماری ئیسلامی، تەنیا بە بەدیل و جێگرەوە دەکرێ. کاتێک کە خەڵک بەو دەڵێن “نا”، دەبێ بە شتێکی دیکە بڵێن “بەڵێ”. دەبێ شتێکی دیکە ببینن. یانی لێرە بەنیسبەت خەڵک، خەڵک درێخییان نەکردووە و، سەرەڕای ئەو هەموو زوڵم و زۆرییانەی کۆماری ئیسلامی لەسەر خەت هەن.

 

فەرمووت ئەوکارە بە پڕۆژەی سیاسی دەکرێ کە گرێدراوی پرسی ئۆپۆزیسیۆنە.  لەو نەخشەیەدا کە باست کرد ئۆپۆزیسیۆنی ئێستای کۆماری ئیسلامی لەکوێ جێ دەگرن؟

یەکەم، هەروەک ئاماژەم پێ کرد کۆماری ئیسلامی نەیاری زۆرن و، زۆربەی خەڵک ئێران موخالیفی ئەو نیزامەن کە ئەوە شتێکی باشە لە ڕووی سیاسییەوە. دوویەم، ئەو ڕێژیمە ئۆپۆزیسۆنی هەیە، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن بوون لەدژی کۆماری ئیسلامی  بەتەنیا بەس نییە. کێشەی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لەوەدایە کە نەبووە بە بەدیڵ و، ئەوە دەردی سەرباری هەموو کێشەکانە لە ئێران. بۆیەشە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی خەڵک لەو مەیدانەدا هەر دێ و دەڕوا. لەگەڵ ئەوەدا کاتێک قسە لە ئۆپۆزیسیۆن دەکرێ، ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی تەنیا بە لایەنە سیاسی و بە تاک و گرووپ نابینم کە زۆرتر لە مێدیاکان دیارن و تەحلیلی نیزامی کۆماری ئیسلامی دەکەن. بەشی زۆری ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لەنێوخۆی وڵاتە. کاتێکیش ئێمە دێینە خانەی ئاڵترناتیڤ‌سازی دژی ئەو نیزامە، ئەگەر تەنیا چاومان لە دەرەوە بێ زۆر لە هەڵەداین، بۆیە بە سەرنجدان و گرینگیدان بە نێوخۆی ئێران، بە نێوخۆی کوردستان و بەتایبەت لە تاران دەبێ تێ‌بکۆشین ئەو دەنگە ناڕەزاییانە لەدژی کۆماری ئیسلامی کۆ بکەینەوە. لێرە پێویستە کۆدەنگییەک دروست بێ و هەموو نەیارانی کۆماری ئیسلامی بەجۆرێک دەبێ بکەونە نێو ئەو کۆدەنگییەوە. کێشەی ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوە زیاتر شەڕەدندووکە لەگەڵ یەکترییە و لە شەڕەدندووکەیەدا ناتوانن متمانەی هەراوی کۆمەڵانی خەڵک بەلای خۆیاندا ڕاکێشن یان لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا سەرنجەکان لەسەر خۆیان کۆ بکەنەوە و بڵێن ئێمە ئاڵترناتیڤی نیزامی کۆماری ئیسلامیین.

 

لەو نێوەدا حیزبی دێموکرات لە کوێدا جێ دەگرێ؟

بە بڕوای من حیزبی دێموکرات لەو بارەیەوە بەباشی جووڵاوەتەوە. یەکەم لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوە و لەگەڵ بەشی هەرە زۆری نەیارانی کۆماری ئیسلامی لەسەر خەت بووین. دوویەم، بەهەست بە بەرپرسایەتیی میللی و کوردانە، لەسەر خەت بووین بۆ بەهێزکردنی جووڵانەوەی مافخوازانەی و مەدەنیی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران. سێیەم ئێمە تێ‌کۆشاوین و لەمەوبەدواش تێ‌دەکۆشین کە لە تاران لەنێو دژبەرانی کۆماری ئیسلامیدا دەنگمان دیار بێ. واتە هەمیشە حیزبی دێموکرات گرینگیی بەوە داوە کە لە تاران لەنێو خەڵکی جۆراوجۆری غەیرە کورددا مەسەلەی کورد بێتە پێشبەڕۆژەڤ بکا. ئەوە ڕێکاری عەمەلەییە کە حیزبی دێموکرات کاری بۆ کردووە لەمەوبەدواش لەسەری بەردەوام دەبێ.

 

کاک خالید لەگەڵ هەموو ئەو سەرنج و باسەی جەنابت بەڵام خەڵکانێک هەن کە چاویان لە دنیای دەرەوەیە. دنیایی دەرەوە دەتوانێ چ ڕۆڵێک بگێڕی لە دروست‌کردنی ئاڵوگۆڕ لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا؟

لێرەش لەو هاوکێشەیەدا یان لەو ساتوسەودایەدا لەگەڵ دوو سێناریۆ ڕووبەڕووین. سیناریۆی یەکەم ئێرانە. بەدرێژایی مێژوو بە تەبیعەتی ئەوەی کە مەوقعییەتی سیاسی و جوغرافیایی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا زۆر گرینگە، ئێران هەمیشە مەوزووع بووە، جیاواز لەوی کە لە تاران کێ دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێ. دوویەم فاکتۆری دیکە لەو سێناریۆیەدا دیسان کۆماری ئیسلامییە. تەبیعەتی دەسەڵات لە تاران بەجۆرێک دەتوانێ سیگناڵ بدا بە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا. سیگناڵی کۆماری ئیسلامی بە هاوکێشەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی سیگناڵێکە کە جێگای نیگەرانییە و لە نەتیجەدا دەبینین کە بەرهەڵستی کۆماری ئیسلامی بوونەتەوە. کێشەیەک کە لە ماوەی ٤٢ ساڵی ڕابردوو لەنێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی‌ و، لە ڕاگەیاندنی فارسی و غەیرە فارسیدا بە دژی کۆماری ئیسلامی هەیە ئەوەیە کە لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا بە هەڵە لە هاوکێشەی نێودەوڵەتی گەیشتوون.

 

چۆناوچۆن؟

هاوکێشەی نێودەوڵەتی لەسەر ماف دروست نەبووە، لەسەر وەلانانی حکوومەتەکان دروست نەبووە، لەسەر جێگیرکردنی دێموکراسی دروست نەبووە، هاوکێشەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەمنییەتی سیاسەتی کەلانی نێودەوڵەتی دروست بووە. پێوەندیی نێوان دەوڵەتان هەزار یاسا و ڕێسای هەیە و مەسەلەی دێموکراسی و باسەکانی دیکە دەبێتە لایەنی نەرم‌ئامێر لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا. ئەگەر ئێران لە پێوەندی لەگەڵ ئەمنییەت و سەقامگیریی ناوچە و جیهان مەنتیقی و  ئارام بجووڵێتەوە، دنیای دەرەوە هیچ هۆکارێک نابینێ بۆ ئەوەی لەگژی ئێران ڕۆ بچێ. بۆیە بە باوەڕی من ئەو چاوەڕوانییە کە لەنێو خەڵکی ئێراندا بە هەڵە دروست بووە، کە ئەگەر ڕۆژێک ئەمریکا، ئیسراییل و عەڕەبستان قسەیەک بە ئێران بڵێن یان هەڕەشەیەک لە ئێران بکا، پێیان وایە ئەوە ئیدی کێشەی ئێران تەواو بووە. ئەو خوێندنەوەیە هەڵەیە. هاوکێشەی نێودەوڵەتی بەدوای ئەوەدا ناڕوا لە ئێران کۆماری ئیسلامی بڕووخێ و دێموکراسی دروست بێ. ئەو بەرنامەی خۆی هەیە و بەدووی شتی خۆیدا دەڕوا. بۆیە لەو سیناریۆیەدا دیسانەکە کۆمەڵانی خەڵک لەنێوخۆی وڵات و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانن کە دەبێ چارەنووسی کۆماری ئیسلامی یەکلا بکەنەوە و تێ‌بکۆشن لە هاوکێشەی نێودەوڵەتیدا یارگیری بکەن و کاتێک دەڵێن کۆماری ئیسلامی دەبێ بڕوا و پێیان دەڵێن ئەدی کێ جێگای بگرێتەوە، بۆ ئەوە بەڕونی وەڵام و ئاڵترناتیڤ هەبێ. لە ڕوانگەی کۆمەڵگەی جیهانییەوە نابێ بەتاڵایی و بۆشایی دەسەڵات دروست ببێ، چونکی لە دنیای سیاسەتدا بۆشایی دەسەڵات نیگەرانی دروست دەکا. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک من و تۆ سەیری ئێران ناکەن و مەسەلەی مافی پێکهاتەکانی ئێران لەو هاوکێشانەدا زۆر دەور نابینێ و وڵاتان بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەبەرچاوە. حیزبی دێموکرات لەو پێوەندییەدا لەسەر ئەوە ڕۆیشتووە کە بە کۆمەڵگەی جیهانی بڵێ کێشە ئێران کێشەی ئەتۆمی و بەرجام نییە و هەتا کۆماری ئیسلامی هەبێ ڕێژیم ئەو بابەتە بە بارمتە دەگرێ بۆوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی پێوە سەرقاڵ بکا و بۆ ئەوەی کە پرسی مافەکانی و دێموکراسیی پێ بخاتە پەراوێزەوە. کێشەی ئێران، کێشەی نێوخۆییە و هەمیشەش حیزبی کوردستان گوتوویەتی هەر ئاڵوگۆڕێک لە ئێراندا دروست بێ، بە شەڕ یان ئاشتی -کەهیوادارم هیچ کاتێک شەڕ نەبێ و شەڕ بە ڕێگا چارەی کێشەی میللەتەکان نابینین- ئەگەر مەسەلەی کورد و خەبات و تێکۆشانی کورد لە ئێراندا نەبیندرێ، ئەم وڵاتە ئەمنییەت و ئارامی بەخۆیەوە نابینێ. هەروەک چۆن لە پارچەکانی دیکە‌دا مەسەلەی کورد بۆتە دەرفەت، لە داهاتووی ئێرانیشدا دەتوانێ دەرفەت بێ نەک هەڕەشە.

 

کاک خالید هەموومان دەزانین لەم ساڵانەی دواییدا خەڵک گۆڕاون و بەرەوپێشتر چوون، ئۆپۆزیسۆن گۆڕاون و قسەی نوێ دەکەن، هەروەها هاوپێوەندییەکی نیسبییش لەگەڵ شەقام هەیە. دیارە جیهان و هاوکێشە ناوچەیی و دەوڵەتییەکانیش گۆڕاون. بە کورتی خەڵک چۆن دەتوانن بەسەر کۆماری ئیسلامیدا سەر بکەن؟

دیارە هەر لەبنەڕەت‌ڕا تەمەنی دیکتاتۆری و ئیستبدادەکان زۆر نییە و کەمتر کردنەوەی ئەو تەمەنەش گرێدراوی چەند فاکتەرێکە. ئەمن گەشبینم کە نیزامی کۆماری ئیسلامی نامێنی، بەڵام پێشبینی ئەوە ناکەم ئەم ڕووداوە چەند مانگ یان چەند ساڵی دیکە دەخایەنێ، چونکی فاکتەری سەرەکی خودی کۆمەڵانی خەڵکن. بۆ نموونە لە ئەفغانستان تاڵیبان دێتە سەر کار. تاڵیبان بەرهەمی هاوکێشەیەکی نێودەوڵەتی نییە، بەشێک لە هۆکارەکانی دروست‌بوونی تاڵیبان دەگەڕێتەوە سەر کولتوور و فەرهەنگ و ئایین لە ئەفغانستان. هەتا کەی لە ئێران ئایین و کولتوور و فەرهەنگ لەپێناو بەرژەوەندی تاقمێک لە دەسەڵاتدا کەڵکی لێ وەربگیردرێ، هەموو شتێک گرێدراوی ئەوەیە. ڕووخانی کۆماری ئیسلامی عەمەلییە. حکوومەتی ئیدئۆلۆژی و ئیستبدادیی جۆراوجۆر هەبوون کە ڕووخاون و تێکچوون. لە ئیدئۆلۆژی کۆمۆنیستییەوە بگرە هەتا دیکتاتۆریی نیزامی، لە هێندێک وڵات ئایینیش. سەردەمانێک مەسیحییەت دەسەڵاتی ڕەهای هەبوو لە هەموو ئورووپادا، بەڵام ڕێنێسانس گەیشتێ و ئاداری بەسەر پاداری نەهێشت و هەموو شتێکی گۆڕی. مەبەستم ئەوەیە ئەو ئاڵوگۆڕانە ڕوو دەدەن، بەڵام ڕەنگە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئێران کاتی بوێ.

 

چ شتێک خێڕایی دەدا بەو ئاڵوگۆڕانە؟

پێش هەموو شتێک ئەوە کە گوفتومانێکی مەعقووڵ و مونعەتیف دروست بێ و هەموو پێکهاتە و فرەییەکانی ئێران بە کورد، فارس و ئازەری و… لایەنە جۆراوجۆرەکانی دیکەی کۆمەڵگەی ئێران بە شیعە و سوننیە و یارسان و، بە هەموو بۆچوونە سیاسییەکان، بە ئەحزابی کوردی و غەیرە کوردی، بەهەر بۆچوونێک کە هەیانە چ ئەوانەی میللی مەزهەبی و چ ئەوانەی سێکۆلار یان نەتەوەیی بیر دەکەنەوە بە چەپ و ڕاست خۆیانی تێدا ببیننەوە و ئەو کۆدەنگییە دروست بێ. ئەوەش شتێکی غەیرە عەمەلی نییە، گۆڕانکارییەکان لە ئێران لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا زۆر شتی بەخۆیەوە دیوە. جا من گەشبینم، بەڵام ئەو گەشبینییە بۆ حیزبێکی سیاسی نابێ لە حاڵەتی قسەدا بێ. دەبێ بە کردەوەش کاری بۆ بکا و ئێمە وەکوو حیزبی دێموکرات کاری باشمان بۆ ئەو مەبەستە کردووە.

 

خوێندنەوە و لێکدانەوەتان بۆ بارودۆخی سیاسیی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان چییە؟

بەڕاشکاوییەوە دەتوانم بڵێم ڕۆژهەڵاتی کوردستان جیاوازە لەگەڵ شوێنەکانی دیکەی ئێران وجیاوازییەکەشی دەگەڕێتەوە سەر چەندین هۆکار. یەکەم، ئێمە پرسێکی کوردایەتی و مافخوازانەمان هەیە. لە دوای شۆڕشی ئێرانیش ئارەزوومان دەکرد ئەو پرسە بە دانوستان چارەسەر کرابا کە چارەسەر نەکرا. بۆیە ئێمە خەبات و تێکۆشانی خۆمان بەردەوام بردۆتە پێشێ. کۆماری ئیسلامی لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا هەموو دژبەرانی خۆی تەقریبەن بەشێوەی مەیدانی لەنێو بردووە، کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا کێشە بۆ دوڵەتانی دراوسێ دروست دەکا و لەهەر جێگایەک کێشەیەک هەبێ دەتوانی شوێن‌پێی کۆماری ئیسلامیی تێدا ببینییەوە؛  بەڵام لە کوردستانی ئێران تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو جووڵانەوەیە بەچۆکدا بێنێ. پرسی کورد لە شکڵی جەماوەری و مەدەنی، لە ئیلام و کرماشانەوە بگرە هەتا  سنە و ورمی و کوردەکانی تاران و خوراسان ، ئیدی پرسی ئەو نەتەوەیە بۆتە ئەمری واقیع و حاشای لێ ناکرێ. ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی دژی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت حیزبی دێموکرات دەجووڵێتەوە، مووشک‌بارانمان دەکا، بە تەقینەوە کۆمەڵێک لە کادرەکانمان لەنێو دەبا، هەوڵی تێرۆریستیی دەدا، لێرە لە دەرەوە لە ئورووپا لە هەموو جێگایک ڕێک هۆکارەکەی ئەوەیە کە حیزبی دێموکرات توانای مودیرییەت‌کردنی ئەم جووڵانەوەیەی بە هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ خەڵکانی دیکە هەیە. ئێمەی کورد دەبێ یەکەم ئەو تایبەتمەندییەی کوردستان و پرسی کورد بپارێزین، دوویەم بۆ ئەوەی بەردەنگی زیاترمان هەبێ دەبێ پێوەندییەکی مەنتیقیی باش لەگەڵ خەڵکی غەیرەکورد لەم وڵاتەدا دروست بکەین.

 

بەپێی ئەوەی دەفەرمووی کوردستان جیاوازە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، ئەدی ئەرکەکانی خەڵک چین و چییان لەسەرشانە؟

پێش هەموو شتێک با بڵێم کە فەلسەفەی حیزبی دێموکرات فەلسەفەیەکی مەدەنی و جەماوەرییە. ئەم حیزبە چەند مانگ بوو دامەزرابوو کە حکوومەتی دروست کرد، بە چیی دروست کرد، بە جەماوەر و ڕێکخستنی خەڵک، ئەوە نیزیک ٧٦ ساڵ پێش ئێستا کە بە بەراورد لەگەڵ ئێستا یەکجار جیاوازە. ڕادەی خوێندەواری، لە مەیداندا بوون، شعووری سیاسی و هەستی نەتەوایەتیی ئێستای کورد دەیان قات لەو سەردەم لەسەرترە و مەسەلەی کورد بۆتە بابەتێکی نێودەوڵەتی. بەڵام چ شتێک ئەوانەی وا لێ کردووە، هەر ئەو خەباتە جەماورەییە بەربەریینە کە لەن ێوخۆی وڵاتدا هەیە. بەڵام چۆن دەکرێ ئەوە باشتر درێژە بدرێ؟ نیزامی کۆماری ئیسلامی پسپۆڕییەکی زۆری لە دروست‌کردنی کێشە و ناکۆکی و بەئەمنییەتی کردنی هەموو شتێک و گرژی‌نانەوەدا هەیە. لە نێوخۆی وڵات چالاکانی مەدەنی لە هەموو بوارەکاندا لەسەر خەتن و ئینسافەن چاکیش کار دەکەن، باجیشیان داوە و ئێمە وەک حیزبی دێموکرات هەمیشە شانازییان پێوە دەکەین. یانی توانیوایانە لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامدای بە شێوازی جۆراوجۆر خەباتی خۆیان بەرنە پێشێ. بابەتەکە ئەوەیە کە ئەوان تێ‌بکۆشن لە ڕەوتی کار و چالاکیی خۆیاندا، بیانوو نەدەن بە کۆماری ئیسلامی کە ئەو خەبات و جموجۆڵە جەماوەرییەیان لێ بەئەمنییەتی بکا و لەو ڕێگەیەوە زیاتریان سەرکوت بکا. زۆر هونەرە لە کاری سیاسی و جەماوەریدا، زۆرتر بمێنیەوە لە مەیداندا.

پێشنیاری دیکەی ئێمە ئەوەیە کە کوردستانی ئێران فەریی زۆری هەیە، جۆراوجۆریی ئایینی و جۆراوجۆریی زاراوەیی لە شار و پارێزگاکانی کوردستان هەیە، بەڵام لە هەموو کاتێک و شوێنێکدا دەبێ ئەومان لەبەرچاو بێ کە ئێمە یەک باس و یەک مەسەلەمان هەیە ئەویش مەسەلەی کورد و کوردایەتی لە کوردستانی ئێرانە لەپێناو مافەکانی خۆماندا. ئێمە نەتەوەین و خەریکی داڕشتنی قەوارەی نەتەوەیی خۆمانین و نابێ هیچ شتێک ڕێگە لەوە بگرێ و نابێ بهێڵین کۆماری ئیسلامی کەلێنمان تێ‌بخا. سێیەم شت، بە حوکمی ئەوەی کە ئێران لەژێر چاوەدێری و، لەژێر فۆکووسی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌دایە، چالاکانی مەدەنی و جەماوەری تێ‌بکۆشن هەموو ئەو چالاکییانە لە جیهاندا دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەیان هەبێ. بۆ نموونە، لە مەسەلەی مووشەک‌بارانی قەڵای دێموکراتدا مانگرتنە پڕشکۆیەکەیان لە زەینی خەڵکی جیهاندا تۆمار کرا و وەک ناڕەزایەتی و  بەڵگەیەک بەدژی کۆماری ئیسلامی خۆی دەرخست.

لە تەنیشت هەموو ئەوانەدا و لە سەرووی هەموو ئەوانەوە یەکگرتوویی و یەکڕیزیی نێوان چالاکانی مەدەنی و سیاسی دەبێ زۆرتر گرینگیی بدرێتێ.

 

باسی یەکڕیزیی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە نێوخۆی وڵات دەکەی، ئەدی یەکگرتوویی حیزبەکان چی؟ ئەرکی حیزبەکان چی؟

ئەرکی حیزبی دێموکرات، درێژەی ئەرکێکە کە لە یەکەم ڕۆژی دامەزراندنی ئەو حیزبە پێی سپێردراوە. ئەویش ئەوەیە تێ‌دەکۆشی یارمەتیدەری جێکەوتنی عەقڵییەتی سیاسی و مەدەنی و نەتەوەسازی لەپێناو مافە نەتەوایەتییەکان بێ. دوویەم تێ‌دەکۆشی بۆ ئەوەی ئەو خەبات و تێکۆشانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەنگی هەبێ و لەگەڵ غەیرە کوردەکان پێوەندییەکی باش دروست ببێ. ئەرکی حیزبی دێموکراتە لەو شوێنانەی کە پێویستە دیار بێ و ببێ بە دەنگ و ڕەنگ و باڵوێزێکی باشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە هەموو ئەو بوارانەشدا درێغیمان نەکردووە. ئەرکی دیکەی ئەوەیە ئەو پەیامە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگەیەنێ کە لە سەردەمێکدا ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست‌ نوقمی ڕادیکالیزم و بونیادگەراییە، لە ئێران حیزبێک هەیە وەکوو حیزبی دێموکرات کە ڕێز بۆ پڕەنسیپ و یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان دادەنێ.

حیزبی دێموکرات هەروەها پڕەنسیپ و سیاسەتێکی ژیرانەی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کورستان هەیە و قەت نەیویستووە و نایهەوێ دەست لە کاروباری نێوخۆیی ئەوان وەربدا. بەڵام لە هەمان کاتدا لە ڕۆژە ناخۆشەکاندا ئەوانی لەبیر نەکردووە و یارمەتیی داوە ڕۆژە خۆش و دەسکەوتەکان لەم بەشانەدا زیاتر ببن.

ئەرکێکی دیکە حیزبی دێموکرات هەوڵدان بۆ سەرخستنی پڕۆژەی وەسەریەک‌کەوتنەوەی هەر دوو لای حیزبی دێموکراتە و سروشتییە کاتێک ئێمە دوای یەکڕیزی کۆمەڵانی خەڵک لە نێوخۆی وڵات دەکەین دەبێ، ئەو حیزبە بۆخۆیشی لەو بوارەدا پێش‌قەدەم بێ. ئەرکێکی دیکەی حیزبی دێموکرات ئەوەیە ئێمە شەهیدێکی زۆرمان داوە، قوربانیەکی زۆرمان داوە، دەیان کادری ڕێبەریمان تێرۆرکراون، ئەویش ئەوەیە درێژەدەری ڕێگای خەباتی نەتەوایەتییان بین. بەڵام بۆ ئەوەی کە ئەو ڕێگایە بەباشی بچێتە پێش، دەبێ ڕێبواری زۆرتر بێ و ئەو ڕێبوارانە لە نێوخۆی وڵاتن و هەر ئەوان بوون لە ڕۆژە خۆش و ناخۆشەکان لەگەڵمان بوون.

 

کاک خالید سپاس بۆ ئەم درفەتەی پێت‌داین.

ڕێزتان هەیە و ماندوو نەبن.

 

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*