“مووسا”کان دەبێشکە و لە قوتابخانە و سەر شەقامەکان‌دان

زانیار حوسێنی

بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی سەرهەڵدان و دامەزرانیەوە خەوی لە چاوی دەسەڵاتدارانی تاران زڕاند. بەدرێژایی مێژوو ئەوەی کە نەتەوەی کورد لە ئێران داوای ماف و ویستی ئازادیخوازانە و بەحەقی خۆی دەکا، بۆ دەسەڵات لە تاران بە مەترسییەکی گەورە و هەڕەشەیەکی ئەمنییەتی داندراوە. لەم بارەوە پرسیار زۆرن کە ڕەنگبێ قورساییان لەسەر ئەوانە بێ: ئەگەرچی سەرەڕای ڕەوابوونی ئەو مافە بەڵام هەتا ئیستا هیچ حیزبێکی کوردی داوای سەربەخۆیی نەکردووە و بەهۆی فەرهەنگ و کولتووری بەرزی پێکەوەژیانیان، داوای ماف و ئازادیی بەرانبەر و وەک‌یەکی خۆیان لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە کردووە. بەڵام ئاخۆ دەسەڵات کە هەموو کاتێک وەڵامی هەرچەشنە مافێکی مرۆیی، مەدەنی و بنەڕەتیی ئەو گەلەی بە ئاگر و ئاسن و کوشتار و تواندنەوە داوەتەوە، ئەوان مەترسی بۆ سەر ئەمنییەتی وڵاتن و بۆ جیاکردنەوەی کورد لە ئێران تاوانبارن، یان بزووتنەوە مافخواز و سەرکوت‌کراوەکە؟ یان لەبەرچی نەتەوەیەک کە هیچ شتێکی لە کولتوور و مێژوو و چەمکەکانی دیکەی ئیتنیکی لە کورد و باقی نەتەوە نافارسەکانی دیکە زیاتر نییە، یەکەم بۆچی دەبێ حەقی تواندنەوەی هەموو پێکهاتەکان لەنێو خۆیاندا بە خۆیان بدەن و بەمجۆرە حاشا لە ماف و داخوازییەکانی ئەوانیدی بکەن و دووهەم چۆنە کە مافی بەربەرەکانی لایەنی بەرانبەریان بۆ ئەوان بە ڕوا نابینن؟

بەپێی قانوونە جیهانداگر و هەروەها جاڕنامە و کۆنڤانسیۆنەکانی مافی مرۆڤ کەس نییە نەزانێ مرۆڤ چ بە پێوەری مرۆڤ‌بوونی و چ بە پێوەری نەتەوەبوونی خاوەن کام مافە و بە چ جۆریکیش دەتوانێ بۆ دەستەبەرکردنیان تێ‌بکۆشی. بەڵام ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی تاران چ لە سەردەمانی پێشوو، لە نیزامی پاشایەتیی پەهلەوی و چ ئێستا لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا دەسەڵات هێلی سوور بە سەر ماف و ئازادیی گەلانی غەیرە خۆیان دادەنێ، بۆ بیری شۆڤینی و هەروەها هێژمۆنیی دەسەڵاتی خۆیان دەگەڕێتەوە کە بە زەبری چەک و سەرکوت هەوڵی پاراستنی دەدەن. قازانجەکەشی لە قەبزەکردنی دەسەڵات، دەست‌بەسەرداگرتنی ئابووری، پاوان‌کردنی سەروەت و سامانە سروشتییەکانی نەتەوەکانی دیکەدا دەبینن و بۆ ئەوەش دەبێ حاشا لە هەر مافێکی ئەو نەتەوانە بکەن.

ئەوەی کە تاران قەت حازر نەبووە لەسەر میزی وتووێژ دانیشێ و بیر لە چارەسەری ئاشتییانەی پرس و کێشەکانی دەسەڵات لەگەڵ نەتەوەکانی ئەم وڵاتەدا بکاتەوە، دەرخەری بیری شۆڤینی و توتالیتاریستیی نیزامی سیاسییە کە ناتەبایی لەگەڵ سەرجەم لۆژیک و پڕەنسیپە نێونەتەوەییەکانی ماف و دەسەڵاتدا هەیە. هەربۆیەشە هەوڵ دەدەن ڕوخسارێکی ناشیرین لە بزووتنەوە مافخوازەکان دروست بکەن، مێژووی ڕاستییەکانیان چەواشە بکەن و چەندی بۆیان کرا بە زەبروزەنگ هەوڵی بەچۆکداهێنانیان بدەن. هەموو مێژووی دەسەڵاتدارەتی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی لە مامەڵە لەگەڵ پرسی نەتەوەیی و دیارترینیان پرسی کورد دەربڕی ئەو حەقیقەتەیە کە تاران تاکەڕێگای چارسەری ئەم پرسەی لە تواندنەوە، سەرکوت تێرۆر و حەزفی فیزیکیدا دیوەتەوە.

دەگوترێ لێنین لە سەرەمەرگدا بە ستالین دەڵێ دەترسم لە دوای مردنم خەڵک وەدوای تۆ و ئامانجەکانمان نەکەون. ستالین لە وڵامدا دەڵێ نیگەران مەبە، وەدوام دەکەون. دەڵێ ئەی ئەگەر وا نەبوو؟ ستالین لە دەڵێ ئەوکات دێنە لای تۆ! ئەوە بۆتە وانە و بەردەوام لە گوێی دەسەڵاتدارانی تاراندا دەزرینگێتەوە کە بە پشتبەستن بە ئایەت و شەرعیش بووبێ، دەنگی هەر ئازادیخوازێک کپ و کۆمەڵگە کڕومات بکەن. ئەو بیرکردنەوەیەی ستالین ئایدۆلۆژیی کۆماری ئیسلامییە کە یان لەگەڵ منی و بەهەر شێوەیەک ملکەچی، یان لەگەڵ من نیت و گیان و ماڵ و ژیان و هەموو شتێکت حەڵالی خۆمە. بۆیە تێرۆر، کۆمەڵکوژی، کوشتوبڕ و قەڵاچۆ کردن وەک مانیفێستی ئەو ڕێژیمە تۆتالیتێرە لە هەموو قۆناغی دەسەڵاتیدا پەیڕەو کراوە.

خومەینی و مەرجەعییەتەکەی بە هەموو لق و پۆپی کە مۆدێلێک لە جۆرەکانی حکوومەتی ئیسلامییە، لە سەرەتای گرتنی دەسەڵات، تێرۆر و کوشتنی مافخوازان و ڕێبەران و ئازادیخوازانی کوردی خستە بەرنامە و پلان و ئەو شێوە جینایەتەی وەک سووننەت و ئەرکێکی دینی و واجب بۆ باوەڕمەندان و موریدەکانی بەجێ هێشت. خومەینی و تێئۆریی ویلایەتی فەقی بە داڕشتنی شێوەکانی سەرکوت، هەڕەشە و دڵەڕاوەکێی گشتگیر بە شێوازێکی بەڕواڵەت ڕازاوە لە چوارچێوەی خاڵ و ماددەکانی ئایینی سیاسی-کۆمەڵایەتی خۆیدا، ئەو ئینتیما و باوەڕەی بۆ پاوانخوازان و جینایەتکارەکانی پاش خۆی بەمیرات دروست کرد. بۆ نموونە خومەینی لە فتوایەکدا لەبارەی تێرۆر لێی دەپرسن، دەڵێ ئێمە دژی تێرۆرین، چونکە “ئیرتداد و مەهدورەلدەم- ارتداد و مهدورالدم” مان هەیە. خۆ ئەگەر تێرۆر و چەمکی تێرۆر لەگەڵ ئەو دوو بنەما فکرییەی خومەینی هەڵسەنگێنین، ئاشکرایە کە تێرۆر لقێکە لە مەسەلەی ” ئیرتداد و مەهدورەلدەم” بوون‌. ئاسانترین پێناسە بۆ ئەو دوو چەمکە ئەوەیە کە ئەو دەسەڵاتە یان ئەو بیر و باوەڕە بە هەر شێوەیەک لە شێوەکان، بەدەست هەرکەسێک کە ڕاسپاردراو بێ یان سەربەخۆ بە ئەرکی خۆی بزانە و لەهەر کوێ بێ بۆی هەیە و دەتوانێ دژبەران و نەیارانی (لەسەر بابەتە ئایینیەکان) بکوژێ یان (لەسەر بابەتە سیاسییەکان) تێرۆریان بکا. لە ڕاستیدا ئەوان بە بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەراوکێ لەنێو خەڵک و کڕومات‌کردنی کۆمەڵگە دەیانەوێ پێش بە جووڵانەوەی مافخوازی بگرن و سەنگەری خەبات و تێکۆشان بە خەڵک چۆڵ بکەن. بەڵام ئەوەی نایانەوێ بیزانن ئەوەیە کە سەرکوتی گەلێک و چاندنی تۆوی ترس و بێهیوایی لە دڵی میللەتێکدا کە هەم خۆی و تواناکانی و هەم ماف و ویستەکانی خۆی دەناسێ و لەسەر وەدیهێنان و دەستەبەرکردنیان سوورە، ئاسنی ساردکوتانە.

میراتگرانی خومەینی بەسەرهاتێک لە ناوبراو دەگێڕنەوە کە کاتێک لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ساواکەوە دەگیرێ، لێی دەپرسن ئەدی سەربازەکانت نایەن ڕزگارت بکەن؟ ئەویش دەڵێ سەربازەکانی من لە بێشکەدان و گەورە دەبن. ئەم رێژیمە دوای پاوانکردنی دەسکەوتەکانی شۆڕش و دامەزرانی نیزامی سیاسیی نوێ پێوشوێنی ئەوە کەوتن کە بە پەروەردەی ئیدۆلۆژیک و مەکتەبی لە ڕێگەی قوتابخانە و مزگەوت و دامەزراوە فێرکارییەکانەوە منداڵانی نێو لانکەش بۆ لایەنگری و پاراستنی ڕێژیمەکەیان بار بێنن، بەڵام لە کوردستان پتر لەهەر جێیەک ئاکامی پێچەوانەکەیان لێ هەڵگرتەوە. لە کوردستان منداڵانی نێو بێشکەی ئەوکات نەوەیەکی شۆڕشگێڕی ئازادیخوازی دژی ئەم ڕێژیمەیان لێ بەرهەم هات، نەوەیەک کە حەماسەی چوار دەیە خۆڕاگری سەرەڕای سەرکوت و کۆمەڵکوژی، زیندان و ئێعدام، تواندنەوە و مووشەک‌باران شایەتیی بۆ دەدەن. ئەوەی خومەینی نەیدەزانی ئەوەیە کە ئەوە پێشمەرگە مافخوازەکانی کوردستانن کە دەبێشکە و قوتابخانە و سەرشەقامن. دوو دەیە پاش مەرگی خومەینی مانگرتنەکەی ٢١ی خەرمانان زۆر بەباشی ئەم ڕاستییەی سەلماند.

دوای تێپەڕینی زیاتر لە ٤٣ ساڵ بەسەر تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا، ئەوەی کە ئێستا لەنێو نەتەوکانی ئێراندا هەرکام بە شێوازێک بەڵام تێکڕا لە سەنگەری خەبات و تێکۆشانی بۆ ڕووخاندنی ئەم ڕێژیمەن نیشانەی کۆتایی بیرۆکەی خومەینیزم و هەر لەجێدا ماپەپووچ‌بوونی ئەو ئیدۆلۆژییە بوو کە نە بە کات، نە بە ئیمکانات و دراو و زەبر و زۆریش بووبێ نەیانتوانی جێی بخەن؛ بۆیەشە شار و شەقام لەدژیان ڕاساوە. “مووسا”کان و ئەوانەی ئێستا لە سەنگەری خەبات بۆ تێکەوەپێچانی تۆماری ئەم ڕێژیمەن، هەموو منداڵانی نێو بێشکەی ئەوکات و سەردەمن. کەوابوو سەرکوتی خوێناوی و چەرخی تێرۆر و کوشتبوڕی کۆماری ئیسلامی چەندی لەگەڕدا بێ، لەبەرامبەر ئیرادەی مافخوازیی ئەم گەلەدا زەبوون و دەستەوەستانە و هەر ئێستا بە هەزاران هەزار منداڵ لە لانکەی کوردایەتیدا بە لایە لایەی دایکان و گێڕانەوەی بەسەرهاتی شۆڕشگێڕانی باووباپیرانیان گۆش دەکرێن. ئەوان گەورە دەبن، لەسەر ئەم ڕێبازە پەروەردە دەکرێن و خۆیان لە سەنگەری خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادیدا دەبیننەوە، کە مووسا باباخانی یەک لەوانی پێشوو و، ئولگوو بۆ ئەوانی داهاتووە.

لە ئێستادا مەشخەڵی خەباتی “مووسا” بە دەستی هەزاران هەزار ڕێبواری ئەو شەهیدەوە بەڕێوەیە و هەمدیسان هەزاران هەزار منداڵی دی دەبێشکەدا “ئەی ڕەقیب”یان بەگوێدا دەچرپێندرێ.

 

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*