قانوون و ئیرادەی خەڵک، کامیان پیرۆز و لەپێشترن؟

عومەر باڵەکی

قانوونی بنەڕەتیی هەر وڵاتێک لەگەڵ ئەوەدا سەرچاوەی هەموو قانوونە بەرکارەکانی دیکەی ئەو وڵاتەیە، لە هەمان کاتدا دەرخەری جۆری سیستمی سیاسیی ئەو وڵاتەشە. بە واتایەکی دی بە خوێندنەوە و کارکردی قانوونی بنەڕەتیی هەر وڵاتێک دەردەکەوێ کە سیستمی سیاسی و بەڕێوەبەریی ئەو وڵاتە لە سەردەمی ئیستادا چەندە بنەماکانی دێموکراسی وپاراستنی مافی شارۆمەندیی تێدا ڕەچاو کراوە.

لە سەردەمی ئیستادا کە سەردەمی پێشکەوتنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا پێویستە هەر سیستمێکی سیاسی لەهەر وڵاتێک کە دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێ، قانوونێکی نووسراو هەبێ کە هەموو لایەک لەسەری کۆک بن، واتە بە پەسندی کۆمەڵانی خەڵکی ئەو وڵاتە گەیشتبێ. ئەو قانوونە بە قانوونی بنەڕەتیی ئەو وڵاتە دادەنرێ کە لەژێر ڕووناکیی ئەودا وڵات بەڕێوە دەچێ. قانوونی بنەڕەتی مادام دەسەڵاتی خۆی لە ئیرادەی خەڵکەوە وەردەگرێ، ناتوانێ هەڵگری بڕگە و ئەسڵی و نێوئاخنێکی وابێ کە دەسەڵاتی خەڵک بەرتەسک بکاتەوە، چونکە ئەوە بە پێچەوانەی ئەو ئەسڵەیە کە ئیرادەی زۆربەی خەڵک لە هەر سیستەمێکی سیاسیدا و لە هەر سەردەمێکدا بێ دەتوانی نەزمی بنەڕەتیی ئەو سیستەمە سیاسییە لە بەریەک هەڵوەشێنی و نیزامێکی دیکەی سیاسی بێێتە سەر کار و لە جێگای نیزامی پێشووی دابنێ. بەڵام قانووندانەران لە قانوونی بنەڕەتیی نیزامی کۆماری ئیسلامیدا ڕاست بە پێچەوانەی ئەو ئەسڵە جووڵاونەتەوە و چەند ئەسڵێکیان بۆ نموونە ئەسڵەکانی ٥ و ١٢ نێوئاخنی قانوونی بنەڕەتیی ئێران کردووە، بەو جەوهەرە کە ئەو ئەسڵانە هەتاهەتایە نەگۆڕن و کەس بۆی نییە بە نیەتی لابردن یا گۆڕانکاری و هەموارکردنەوە دەستیان بۆ بەرێ. ئەمە لە ئەسڵی ١٧٧یش‌دا کە باس لە پێداچوونەوە بەو قانوونەدا دەکا بەتەواوی ڕەنگی داوەتەوە. لەو ئەسڵەدا کە باس لە پێداچوونەوە بە قانوونی بنەڕەتیدا دەکا و دوای دەست‌نیشان کردنی ڕێکارەکان بۆ پێداچوونەوە باس لەوە دەکا کە هەموو گۆڕانکارییەک بخرێتە بەر دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵک و بە زۆرینەی دەنگی خەڵک پەسند بکرێن؛ بەڵام لە کۆتاییدا زۆر بەڕوونی دەست‌نیشانی دەکا کە ئەو ئەسڵانەی لە نێوەرۆکدا باس لە بنەما ئیسلامییەکان دەکەن بەتایبەتی ئەو ئەسڵانەی کە دین و مەزهەبی ڕەسمی (ئەسڵی ١٢)، ویلایەتی ڕەهای فەقی (ئەسڵەکانی ٥ و ٥٧)یان تێدا باس کراوە بەهیچ جۆر قابیلی ئاڵوگۆڕ و دەستکاری نین و لە پێداچوونەوەی قانوونی بنەڕەتییشدا پارێزراو و لەجێی خۆیانن و گۆڕانکارییان تێدا پێک‌نایە.

مرۆڤ وکۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هەرچەندە بتوانێ گەشە بکا و پێش بکەوێ، دیسان ناتوانێ بۆ داڕشتنی قانوون پێش سەردەمی خۆی بکەوێ و بڕیاری بۆ بدا، چوونکە نیازو پێداویستی هەر نەسڵێک لە مرۆڤەکان لەگەڵ نەسڵی پێش خۆی جیاوازیی هەیە و ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە بەپێی زەمەن و سەردەمەکان لە کۆمەڵگە مرۆییەکاندا ڕوو دەدەن کە زۆربەیان قابیلی پێشبینیش نین. بە واتایەکی دیکە بە ڕوودانی هەر ڕووداوێک کە کاریگەریی هەبێ لەسەر کۆمەڵگە، دەروازەیەکی نوێ بەڕووی کۆمەڵێک بابەتی نوێی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیدا دەکاتەوە و هەر ئەو کرانەوەیە، لە دەسەڵات دەخوازێ کە قانوونەکان بەتایبەتی قانوونی بنەڕەتیی وڵات پێویستییان بە پێداچوونەوە و لابردنی یەکجاری ون ووسینەوەی دووبارە هەیە. ئەوەی هەتا ئێستا سەڵمێندراوە هیچ قانوونێک، تەنانەت قانوونی بنەڕەتیی وڵاتیش نەیتوانیوە لە بەرانبەر ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا کە خەڵک تێیاندا ڕۆڵگێڕی سەرەکی بوون، خۆڕاگری بکا. بەکورتی قانوونی بنەڕەتیی زیندوو و کارا ئەو قانوونەیە کە بتوانێ ئەو نەرمییەی تێدابێ کە بەردەوام خۆی لەگەڵ ئیرادەی سیاسیی خەڵک و ویستی نەسڵە جیاوازەکانی پێکهێنەری کۆمەڵگە ڕێک بخا، چونکە حاکمییەتی ڕاستەقینە لەسەر ئەو بنەمایە دادەمەزرێ کە ناتوانرێ ئیرادەی نەسلێک بەسەر نەسڵەکانی دیکەدا بسەپێندرێ. ئەوەی لە ئەسڵی ١٧٧ی قانوونی بنەڕەتیدا هاتووە جۆرێک پیرۆزی بەخشێنە بە چەند ئەسڵێک لە قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی، کە خۆی لە بنەڕەتەوە پێچەوانەی حاکمییەتی خەڵکە. مافی حاکمییەتی خەڵک بەسەر چارەنووسی خۆیدا مافێکی سروشتییە، هەربۆیە هیچ قانوونێک تەنانەت قانوونی بنەڕەتیی وڵاتیش ناتوانێ ئیرادەی سیاسیی خەڵک کە خۆی خوڵقێنەری وڵات و قانوونە لێی زەوت یان سنوورداری بکا.

ئەگەر بەباشی سەرنج بدەینە کێشە و ململانێی خەڵک و دەسەڵات لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێ کە سەرچاوەی زۆربەی کیشەکان ئەوەیە کە دامەزرینەرانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای بڕگە و ئەسڵەکانی قانوونی بنەڕەتیی ئەو نیزامەوە دەسەڵاتەکانیان بۆ خۆیان و هاوبیرەکانیان لە بازنەیەکی تەسکدا قۆرغ کردووە. بۆ نموونە ڕێبەری نیزامی کۆماری ئیسلامی کە لە لوتکەی دەسەڵات‌دایە بەپێی قانوونی بنەڕەتی دەبێ باوەڕدار بە دینی ئیسلام و مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامی و ویلایەتی ڕەهای فەقی بێ. ئەو ئەسڵە یا ئەو بڕگەیە کە لەو قانوونەدا هاتووە خۆی ڕێگری دەکا لە هەموو ئەو کەسانەی کە باوەڕدار بە ئاینێکی دیکە، جیا لە ئاینی ئیسلامن و لە هەمانکاتدا ڕێگری دەکا لە باوەڕداران بە ئاینی ئیسلام ئەگەر شیعەی ١٢ ئیمامی نەبن و باوەڕیان بە ویلایەتی ڕەهای ڕێبەریش نەبێ و، هەروەها ژنانیش بە هیچ جۆر ناتوانن بۆ ئەو پۆستە خۆیان بەربژێر بکەن. هەر لەو قانوونەدا ئەسلەکانی ١١٥ و ١٥٧ کە باس لە دیاریکردنی سەرۆک‌کۆمار و سەرۆکی دەزگای دادی نیزامی کۆماری ئیسلامی دەکەن، ئەو ڕێکار و مەرجانەی کە بۆ ڕێبەریی باس کران هەمان ڕێکار بۆ ئەوانیش دەستنیشان کراوە و هەروەک باس کرا ئەوە ئەو مانایە دەبەخشێ کە دامەزرێنەرانی نیزامی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات‌گەیشتنیان هەموو هەوڵیان ئەوە بووە کە چەندی دەتوانن جێگە و پێگەی خۆیان لە ڕێگای بڕگەکانی قانوونەوە قاییم بکەن. هەربۆیە لە ئەسلەکانی ١٢ و ١٧٧ی قانوونی بنەڕەتیدا زۆر بە پێداگرییەوە باس لەوە دەکەن کە دین و مەزهەب و ویلاتی ڕەهای فەقی بۆ هەتا هەتایە قابیلی ئاڵوگۆر و پێداچوونەوە نین. لە حاڵێکدا قانوونی بنەڕەتیی نیزامی کۆماری ئیسلامی بۆ شەرعییەتدان بە نێوەرۆکی خودی قانوونەکە لە ئەسلی یەکەمدا پشت بە دەنگی زۆرینەی خەڵکی ئێران دەبەستێ کە دەنگیان پێی داوە و لە ئەسڵی ١٧٧ی هەمان قانووندا قانوون‌دانەر دەڵێ هەر پێدا چوونەوەیەک بە قانوونی بنەڕەتی بیجگە لەوانەی باسمان کردن بۆ پەسندی کۆتایی دەبێ لە ڕێگای ڕیفراندۆمێکەوە بخرێتە بەر دەنگی خەڵکی ئێران، واتا کاتێک ئەو پێداچوونەوە بە قانوونی بنەڕەتی شەرعییەت پەیدا دەکا کە خەڵک لە دەنگدانێکدا دەنگی پێ بدەن. ئەگەر وایە بەو ئاکامە دەگەین کە قانوون‌دانەر و دەسەڵاتدارانی نیزامی کۆماری ئیسلامییش ئەو ڕاستییە دەزانن کە سەرچاوەی دەسەڵات و قانوون خەڵکە و هیچ بڕگە و ئەسلێکی قانوونی ناتوانێ ئەو پیرۆزییە پەیدا بکا کە خەڵک نەتوانن دەستکاری بکەن یا تەنانەت لای‌بەرن.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*