کۆمەڵگەی بێ‌دەرەتان و دەوڵەتی نابەرپرسیار

دیاکۆ دانا

لە دۆخی قەیراناویی ئێستای ئێراندا بێ‌هیوایی بە ژیان لەنێو خەڵکدا هەتا زیاتر دەبێ. سروشتییە دۆخی قەیران لە زۆر وڵات و لەنێو زۆر دەوڵەتدا و بە هۆکاری جۆراوجۆر سەرهەڵبدا و ماوەیەکیش تا چارەسەرکردنی بخایەنێ. بەڵام ئەوەی لێرەدا ناسروشتییە ئەوەیە کە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا قەیران و سەرچاوەکانی قەیران دەرەکی یان نائیرادی نین، بەڵکوو خودی دەسەڵاتی سیاسیی ئەو وڵاتەن. بۆیەشە هەم خەڵک دەستی هیوایان لە حکوومەت بەرداوەتەوە و هەم حکوومەتیش خۆی لەگەڵ ئەم بابەتە یەکلا کردووەتەوە؛ بەو مانایە ئەوەی لە هەموو شتێک بۆی گرینگترە دۆزینەوەی ڕێگاکانی پتر مانەوەی لە دەسەڵاتە، نەک گەڕان بە دوای ڕێگاکانی چارەسەر و دەربازکردنی کۆمەڵگە لە قەیرانەکان.

بەرگژە سەرەکییەکانی ئێستای ئێران لە چەند بواردا خۆ دەردەخەن کە قەیرانی ئابووری دیارترینیانە. بێکاری، گرانی و ئاوسانی ئابووری لە تەنیشت خەسارە تەواوکەرە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە ئەوکی کۆمەڵگەی گرتووە و بڕستی لێ بڕیوە. ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ هێڵی هەژاری بۆ سەرەوە هەڵدەکشێ و ئەوانەی دەکەونە خوار ئەو هێلەوە زیاتر دەبن. ناڕەزایەتییەکان بە گرانی و بێکاری، بە دواکەوتنی حەقدەستەکان و  تووڕەیی بەو دۆخە تڕاژیدیکە ئەگەرچی لە ئیستادا بەهۆی کۆرۆناوە لەلایەن دەسەڵاتەوە مودیرییەت کراوە، بەڵام ئەمە وەک کێوی سەهۆڵەکە وایە و هەموو توێژەکانی کۆمەڵ، لە کرێکارەوە بگرە تا ئەندازیار، لە بازاڕییەوە بگرە هەتا پزیشک، لە کارمەندەوە بگرە هەتا خانەنشین‌کراوان و هتدی گرتووەتەوە.

لە کەس شاراوە نییە هۆی ئەو قەیران‌گەلە نەک بەهۆی دەستی دەرەکی، نەک لەسۆنگەی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی و نە لەژێر کاریگەریی قەیرانی جیهانیدا پێک‌نەهاتوون، بەڵکوو دەرەنجامی چوار دەیە بەڕێوەبردنی وڵات لەلایەن مافیای حکوومەتەوەیە. ئەو مافیایە نە خەڵک و مافەکانیانی بە لاوە گرینگە، نە بەرژەوەندیی وڵات و دواڕۆژی ئەو خاکەی گەرەکە، ئەوەی بۆ بازنەی تەسکی دەسەڵات لەم وڵاتە بایەخی هەیە، پتر بەتاڵان‌بردنی سەرچاوەکانی وڵات و خەرج‌کردنی لە بنەما ئیدۆلۆژیکییەکانیان لەپێناو زیاتر مانەوەیان لە دەسەڵات‌دایە. چوار دەیە پشتیوانی لە تێرۆریزمی نێودەوڵەتی، قەیرانخوڵقێنی و ناسەقامگیرکردنی ناوچە، سەرکوتی ماف و ئازادییەکانی خەڵک لە نێوخۆ و سەپاندنی دەسەڵاتی نادێموکراتیک بە زبری سەرکوت کە دەرەنجامەکەی سزادانی ئابووری لەلایەن کۆمەڵگەی جیهانییەوە بووە؛ لەو بنەمایەوە سەرچاوە دەگرێ. ئەوەش بووەتە هۆی ئەوە ئێران لە ئێستادا بە مەترسیی هەرە سەرەکی بۆ سەر ئاشتیی جیهانی بناسرێ و لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ئیزۆلە بکرێ. هەروەها بەردەوام سەبارەت بە پشتیوانیی مادی و لۆجستیکی میلیشیا تیڕۆریستییەکانی ناوچە و پشتگوێ‌خستنی وڵات و خەڵکەکەی خۆی ڕەخنەی لێ بگیردرێ.

کێشەیەکی دیکە کە هاوتەریب لەگەڵ قەیرانی ئابووری بینەقاقای خەڵکی گرتووە و حکوومەت لێی بێ‌خەمە، نەخۆشیی کۆڕۆنایە. لە حاڵێکدا زۆربەی وڵاتانی جیهان بەلەبەرچاوگرتنی پۆرۆتۆکۆلی بێهداشتی و بردنەپێشێی ڕەوتی واکسێناسیۆن توانیویانە بە سەریدا زاڵ ببن، بەڵام لە ئێران‌ ئەم پەتایە وەک ئاشی ئاوی خەڵک دەهاڕێ و گیان لە خەڵک دەستێنێ. لە حاڵێکدا ئاماری گیان‌لەدەستدان بەهۆی کۆرۆنا لە ئێران دە هیندەی نێونجی مردن لە ئاستی دنیایە، ئاماری ڕاستەقینەی زیانە گیانییەکانی کۆرۆنا چوار هیندەی ئەو ئامارەشە کە بەڕەسمی لەلایەن وەزارەتی تەندروستیەوە بڵاو دەکرێتەوە.

لایەنی کارەساتباری ئەم قەیرانە لەوەدایە کە هۆکاری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە لە ئێران لەلایەک بۆ جۆری سیاسەت و مودیرییەتی وڵات دەگەڕێتەوە کە ڕێگەی دا ئەم پەتایە لە ئاستێکی بەربڵاودا تەشەنە بستێنێ. هەروەها لە کاتێکدا هەموو وڵاتان لە خەمی واکسینەکردنی خەڵکی خۆیاندا بوون، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بە ڕەسمی هاوردەی واکسەن لە وڵاتانی بیانیی قەدەغە دەکرد، بۆیەشە زۆر لە مافناسان لە ئێستادا خامنەیی بە تاوان دژی مرۆڤایەتی و کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی وڵات تاوانبار دەکەن.

قەیرانە کەڵەکەبووەکانی دیکەی ئێرانیش کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ی لێ کەوتەوە، هەر لەجێگای خۆیان‌دان و بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە. بۆیەشە لە هەرکوێ سووکە دەرفەتێک بۆ خەڵک بڕەخسێ ئەم گڕکانە شەپۆل دەدا و خەڵک لەسەر شەقامدا  خۆیان دەبیننەوە. خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە لە پارێزگای خووزستان بۆ ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە قەیرانی بێ‌ئاوی کە ئەویش هەر لەسۆنگەی سیاسەتە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە دروست بووە، نموونەیەکی زیندووی ئەم دۆخەیە.

لە ئێران هاوکێشەکە ڕوونە: کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتێکی گەلی نییە و خەڵک و بەرژەوەندییەکانیان لە هیچ کوێی پلان و بەرنامە و سیاسەتەکانی ئەم ڕێژیمەدا جێیان نابێتەوە، هەربۆیەشە خەڵک هیچ متمانەیەکی بە دەسەڵات نییە و ڕەواییەتی لەو ڕێژیمە ئەستاندووە. ئاستی هەرە نزمی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماریی ئەمجارە “نا”یەکی گەورە بە ڕێژیم و شەرعییەتە سیاسییەکەی بوو. دەسەڵاتیش لەبری قەرەبووکردنەوەی متمانەی نەبووی هەموو هەوڵی بۆ یەک‌دەست‌کردنی پتری جومگەکانی دەسەڵاتە، بۆوەی لە هەموو ڕەهەند و بوارەکاندا بە تۆکمەیی و یەک‌گوتارییەوە بەرەوڕووی بەرگژەکانی بەردەم دەسەڵات لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بێتەوە. ئەمەش وا دەکا مەیدانی چارەسەری کێشەی نێوان خەڵک و دەسەڵات لە مەیدانی ململانێی ئەو دوولایەنەدا یەکلا بێتەوە، مەیدانێک کە ئەگەرچی ئێستا لێکەوتەکانی کۆرۆنا لە هەندێک بواردا بەرتەسکی کردووە، بەڵام ئەو دۆخە تا سەر نییە. کۆمەڵگەی ئێران ژانی هەڵچوونێک گرتوویەتی کە دەرەنجامەکەی کۆتایی‌هێنان بە دەسەڵاتی خۆسەپێنی کۆماری ئیسلامییە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*