مستەفا مەولوودی: بە هەڕەشە و تێرۆر نە چاوترسێن دەکرێین و نە مەیدان بۆ کۆماری ئیسلامی چۆڵ دەکەین

دیمانە: عەلی بداغی

“کوردستان” وەڵامی ئەمانە و چەند پرسیارێکی دی لە وتووێژ لەگەڵ کاک مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان وەردەگرێ.

***

 تێرۆری شەهید مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و پەلامارەکانی دیکەی سەر حیزبی دێموکرات لە پێنج_شەش ساڵی ڕابردوودا پرسیاری جۆراوجۆری لەسەر حیزبی دێموکرات دروست کردووە. ئێوە وەک حیزبی دێموکرات لە چەند ساڵی ڕابردوودا زۆر کراونەتە ئامانج. بۆ؟

ڕاستییەکەی ئەوەیە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان دەمێکە و زۆر لەمێژە کراوەتە ئامانج. خۆ ئەگەر لە قۆناغی خەبات لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەوییش تێپەڕین و تەنیا باسی دەورانی کۆماری ئیسلامی لە ٤٣ ساڵی ڕابردوودا بکەین، دەبینین هەر لە یەکەم ڕۆژی دوای سەرکەوتنی شۆڕش و بە دەسەڵات‌ گەیشتنی ڕێژیمی ئیسلامی، ئەو ڕێژیمە دەستی بە سەرکوت‌کردنی بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلی کورد کرد. تێرۆرەکانیش بە تێرۆری شەهید سەرگورد عەباسی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی شوڕای نیزامیی حیزب لە ساڵی ١٣٥٩ دەستی پێکرد و دەزگای تێرۆری ڕێژیم هەتا ئێستاش لە پیلان و کردەوەکانی بەردەوامە. هەر بەپێی ئامار زیاتر لە چوارسەد تێکۆشەری کورد کە پشکی زۆری بەر حیزبی دێموکرات دەکەوێ، لە ئەندام و پێشمەرگەیەکی سادەوە بگرە تا ڕێبەرانی ئەو حیزبە وەک دوکتۆر قاسملوو و دوکتۆر شەڕەفکەندی لەنێو لیستی ئەو تێرۆرانە دان کە کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات کردوونی.

ئەوەش کە بۆچی ئەو تێرۆرانە زیاتر لە حیزبی دێموکرات دەکرێن هۆیەکەی ڕوونە، لەبەر ئەوەیە کە ئەو حیزبە زۆرترین کاریگەریی لەسەر بزووتنەوەی هەقخوازانەی گەلی کورد هەیە؛ بۆیەشە ڕێژیم بەرنامە و پیلانی بۆ دادەنێ و لێی دەدا. نەخش و ڕۆڵی حیزبی دێموکرات لەسەر بردنەسەرێی وشیاری سیاسیی خەڵکی کوردستان و ئاشناکردنیان بە مافەکانیان نەک هەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەنانەت لە ئاستی ئێرانیشدا دیار و بەرچاوە و ئەوەش ترس و دڵەڕاوکێی زۆری بۆ ڕێژیم درووست کردووە. هەر دوای ڕووداوی مووشەک‌بارانی قەڵای دێموکرات، سپای پاسداران لە فیلمێکی دێکۆمێنتاری‌دا کە بڵاوی کردەوە، زۆر بەڕوونی و ئاشکرا ڕایگەیاند کە بۆیە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستان‌یان کردووەتە ئامانج، چونکە ئەو حیزبە ئەمنییەتی ڕێژیمی وەمەترسی خستووە. کەواتە کاریگەریی ئەو حیزبە و سیاسەت و جۆری تێکۆشانی کە بەدرەنگی زۆری هەیە ڕێژیمی لەوە نیگەران کردووە، بۆیە هەموو سنوورە دەوڵەتی و نێودەوڵەتی و تەنانەت ئەخلاقی دەبەزێنێ و کردەوەی تێرۆریستیی لەو چەشنە دەکا و ئەمە لە پێنج_ شەش ساڵی ڕابردوودا زۆرتر و بەرچاوتر بووە.

 

ئەدی کەمتەرخەمیی حیزب و کادر و پێشمەرگەکان چی؟

ئەمن لەوە تێدەگەم کە ڕەنگبێ ئەمە پرسیاری زۆر کەس بێ کە بەپەرۆشەوە دەڵێن ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و کادر و پێشمەرگەکانی ئەم حیزبە کەمتەرخەمن، بۆیه تا ڕادەیەک بەئاسانی دەکرێنە ئامانج. بەڵام بابەتێک هەیە کە خەڵکی کوردستان پێویستە بیزانن کە ئەگەر پیلانێکی تێرۆریستیی ڕێژیم دژ بە حیزبی دێموکرات سەرکەوتوو بووە، دەیان پیلانی لەو جۆرەش پووچەڵ کراونەتەوە. ئەوە حەقیقەتێکە کە هۆکاری سەرەکیی تێرۆری کادر و ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو حیزبە و گوتاری ڕۆژهەڵات‌تەوەریی ئەو حیزبە کاریگەریی زۆر و دیاری لەسەر جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە. ئەم حیزبە حیزبی خۆشەویستی خەڵکی کوردستان و نەیاری سەرەکیی کۆماری ئیسلامییە و هەڵگڕی دروشم و ویست و ئاواتەکانی خەڵکی کوردستانی ئێرانە، بۆیە هەمیشە دەکرێتە ئامانج.

 

حەوتووی ڕابردوو عەلی شەمخانی، دەبیری شورای بەرزی ئەمنیەتی ڕێژیم لە دیدار لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێڕاقدا وێڕای هەرەشە لە حیزبە کوردییەکان، داوای دەرکردنی ئەو حیزبانەی لە دەوڵەتی عێراق کرد. ئێوە ئەو هەڕەشانە و ئەو داوایە چۆن وەردەگرن؟

جارێ پێش هەموو شتێک دەبێ بڵێم کە لە دوای ڕووخانی حکوومەتی پێشووی عێڕاق و گۆڕینی ڕێژیمی سیاسی لەو وڵاتە، دەستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ دەستێوەردان لەم وڵاتە زۆر ئاوەڵا بووە. ڕێژیم هەوڵی داوە لە گۆڕانکارییەکانی ئەم وڵاتە ئەوپەڕی کەلک بۆ بردنەپێشی سیاسەت و پیلانەکانی خۆی لە بوارەکانی جۆراوجۆر بە تایبەت لە پرسی ئەمنیەتیدا وەرگرێ. ئەوەش لە کاتێکدا کە بەهۆی دۆخی پێوەندییەکانی نێوان ڕێژیمی پێشووی عێڕاق و ئێران سەرکردایەتی و هێزەکانی بەشی هەرە زۆری ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بە کوردەکانیشەوە لەو وڵاتە جێگیر بوون. ئەوە لە دیوی ئێرانیش بۆ ئۆپۆزیسیۆنی عێڕاق هەر وا بوو. ئێستاش کە بەشێک لەو ئۆپۆزیسیۆنەی پێشووی عێڕاق کە هێندێکیان پێوەندییەکی زۆر نیزیکیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەبوو بوونەتە دەسەڵات لەم وڵاتەدا، سروشتییە ڕێژیمی ئێران دەست‌ئاوەڵایی زیاتری لە عێڕاقی ئێستادا بۆ ڕەخسابێ. هەرکاتێکیش لە بۆشایی دەسەڵاتدا یان لە هیندێک هەلومەرجی تایبەتدا بە هەلی زانیبێ، لەم وڵاتەدا زەبری لە نەیارەکانی خۆی وەشاندووە. بۆ نموونە هەموو بە چارەنووسی موجاهیدینی خەڵقی ئێران دەزانین کە ناچار بە چۆلکردنی عێڕاق کران. بۆیە ڕێژیم ئەگەر بۆی بکرێ، سروشتییە کە بیەوێ له هەرێمی کوردستانیش ئەو چارەنووسە بەسەر حیزبە کوردییەکانی کوردستانی ئێرانیشدا بسەپێنێ.

ئەوە هەڕەشە و هەروەها ئەو داوایەش کە شەمخانی لە وەزیری دەرەوەی عێراقی کردووە تازە نییە و زۆر جاری دیکەش ئەو بابەتە هەم لەگەڵ کاربەدەستانی پلەبەرزی عێراق و تەنانەت لە هەرێمی کوردستانیش هاتۆتە بەرباس و ئەو داوایە لەوانیش کراوە. بەڵام ئەوجارە بەڕەسمی و بەئاشکرا هێناویانەتە بەرباس و پێویسته خوێندنەوەی تازەی بۆ بکرێ و ئێمەش لە بیری ڕێکاری گونجاو دابین بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو پیلانە. ئێمە لە حیزبی دێموکرات بە لەبەرچاوگرتنی پێوەندی مەعنەوی نێوان نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان، هەست بە بەرپرسایەتیی نەتەوەیی هێزە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان و ڕەچاوکردنی هەلومەرجی سیاسیی هەرێمیش لەەلایەن هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ئەگەری حاڵەتی لەو چەشنە بە دوور دەزانم. بەڵام بەو حاڵەش حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان پێویستە بە هەماهەنگی و هەڵوێستی شیاو لە بیری پووچەڵ‌کردنەوەی پیلانی لەو چەشنە بن. ئەوەش کە شەمخانی دەڵێ ئەگەر عێراق کەمتەرخەمی بکا ئەوان خۆیان دەست‌پێشخەری دەکەن، ئەوان تا ئێستا ئەوەی لە دەستیان هاتووە کردوویانە و لە هیچ دەستیان نەپاراستووە. بۆیە ئەو جۆرە هەڕەشانەی کۆماری ئیسلامی هێزەکانی ڕۆژهەڵات چاوترسێن ناکەن و خەباتی سیاسی و تێکۆشانی مەیدانی بزووتنەوەی کورد لە ئێران هەروا درێژەی دەبێ.

 

خەڵکانێکیش هەن کە بێگومان دڵسۆزی پرسی کوردن و لایان وایە کە ڕەوشی ئەمنییەتی لە هەرێمی کوردستان بۆ تێکۆشەرانی کوردی ڕۆژهەڵات لەبار نییە؟ ئێوەش ئاوا بیر دەکەنەوە؟

دەبێ بڵێم کە کۆماری ئیسلامی قەت هیچ ڕێزێکی بۆ پڕەنسیپ و سنوورە نێودەوڵەتییەکان نەبووە و بەئاسانی ڕێسا نێودەوڵەتییەکانی بەزاندووە، هەربۆیە قەت ڕەوشی ئەمنییەتی لە هەرێمی کوردستان بۆ تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات بەتەواوی ئەمن نەبووە و ئێستاش نییە و پێم‌وانیە لەو بارودۆخەدا و بەم‌زووانە لەوە باشتر بێ و ئەوەش هۆکاری جۆراوجۆری هەن. لەبەر ئەوەی شوێنی نیشتەجێ‌بوونی ئێمە هیچ‌کات بەتەواوی لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و ئەمنییەتی هەرێمەوە پاڕێزگارییان لێ نەکراوە و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆخۆیان بەرپرسایەتیی پاراستنی خۆیان لەئەستۆ بووە کە ئەوە کەم و زۆر کەلێنی ئەمنییەتیی درووست کردووە. زۆر جاریش لەو حاڵەتەدا زیان و خەساری گیانی و ماڵی بەر حیزبەکان کەوتووە.

سیاسەتی دەستێوەردانی ڕێژیمی ئێران لە عێراق ڕوون و ئاشکرایە و حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و هێزە سیاسییەکانیش کە بەرپرسایەتییان لەسەر شانە بەو حەقیقەتە دەزانن و بە شێوەیەک لە شێوەکان بەهۆی هەلومەرجی تایبەتیی خۆیان مدارا لەگەڵ بارودۆخەکە دەکەن، یان باشتر وایە بڵێم لە بەرامبەر دەستوەردانە هەمە جۆرەکانی ڕێژیمی ئێران دستەوەستانن و چاوەڕوانی داهاتووی ناڕوونن و لەگەڵ وەزعەکە خۆیان ڕاهێناوە کە ئەو سیاسەتە زۆرترین دەرفەتی بۆ خراپکاری و پیلانگێڕیی ڕێژیمی ئێران لە عێراقدا پێک‌هێناوە.

ئێمە بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو ڕاستییانە دەبێ لە ڕێگەی مومکینەوە خۆمان زیاتر لە خەمی ئەمنییەت و پاراستنی خۆماندا بین کە ئەوەش کار و هاوکاریی پتری هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی پێویستە. هەڵبەت لە هەموو حاڵەتێکیشدا بەرپرسایەتیی قانوونی و ئەخلاقیی پاراستنی هێزە سیاسییە تێکۆشەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەئەستۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.

 

ئەو پرسیارەش هەیە کە ئایا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو پێوەندییەدا گوشارێکی خستووەتە سەر حیزبی دێموکرات؟

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە حاڵەتێکی زۆر تایبەت‌دایە. لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە هەموو ئاست و بوارەکاندا ڕێک نییە تا بە ڕێکاری یاسایی بەرپرسایەتیی پاراستنی کەسانی سیاسی بەتەواوی لەگەڵ حکوومەتی عێراق ڕەچاو بکەن. لە هەرێمی کوردستانیش نالێکی نێو هێزە سیاسییەکان بواری زیاتری بۆ دەستوەردان و بردنە پێشی پیلان و سیاسەتە نایاساییەکانی ڕێژیمی ئێران خۆش کردووە. هەلومەرجی ژئۆپۆلتیکیی هەرێم لە ناوچە و پێوستیی پێوەندیی سیاسی و ئابووری و بازرگانی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت مێژوویی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی باشوور، هەلومەرجێکی زۆر تایبەتیی پێک‌هێناوە. بۆیە لەگەڵ ئەوەشدا کە هێزە سەرەکییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان بەرپرسانە هەڵسوکەوتیان کردووە و هەلومەرجی هەرێمی کوردستانیان لە زۆر بارەوە ڕەچاو کردووە؛ تەنانەت زۆربەیان  یەک لەوان حیزبی دێموکراتی کوردستان وا جووڵاونەتەوە کە پێویست بەوە نەکا هەرێمی کوردستان تووشی چاڵنج و کێشە ببێ؛ بەڵام بەو حاڵەش بەڵێ زۆر جاران بەرپرسانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان ئەو بابەتانەیان، بە تایبەت چاوەڕوانیی ڕێژیمی ئێرانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باس کردووە. ئێمە بە دەرکی تەواوی هەلومەرجەکە هەڵسوکەوتمان لەگەڵ ئەو دۆخە کردووە و لەگەڵ ئەوەشدا لە خەبات و تێکۆشانی هەمەچەشنی خۆمان چاوپۆشیمان نەکردووە و مەیدانمان بۆ کۆماری ئیسلامی چۆڵ نەکردووە. هاوکات دەشزانین کە ڕێژیمی ئێران بەردەوام لە بیانوو دەگەڕێ و بیانووشی لێ نابڕێ، بۆیە چاوەڕوانی جیددیمان لە حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە کە بە پاراستنی سەروەریی یاسایی وڵاتەکەیان، ئەمنیەتی گیانیی تێکۆشەرە سیاسییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکەن و ئیزنی دەستوەردانی دەرەکی بە ڕێژیمی دژی‌گەلیی ئێران نەدەن. پاراستنی گیان و ئەمنیەتی تێکۆشەرانی سیاسیی کورد بۆ ئەوان هەم مەسئوولییەتی قانوونی هەیە، هەمیش بەرپرسایەتی ئەخلاقییە و نابێ ڕێگە بدەن کە مێژوو بە خراپ لەسەریان بنووسێ.

 

کۆماری ئیسلامیی ئێران چۆن دەتوانێ لە هەرێمی کوردستاندا ئەوەندە دەست‌ئاوەڵا بێ بۆ کردەوەی تێرۆریستی لە دژی ئۆپۆزیسیۆن و دژبەرانی خۆی؟

کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە نەیشاردۆتەوە کە سیاسەتی بنگەیی ڕێژیم ناردنە دەرەوەی شۆڕشی ئیسلامییە بەتایبەت بۆ وڵاتانی دەورووبەر کە ئیسلامین و کەم و زۆر شیعەشیان هەیە. ئەمە لە ڕوانگەی خۆیانەوە ڕەواییەتی بۆ دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆیی ئەم وڵاتانەدا بۆ دروست کردوون. وەک لە وەڵامی پرسیارێکی پێشووتریشدا باسم کرد، شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێڕاق و ئێران و داڵدەدانی ئۆپۆزیسیۆنی شیعەی عێڕاق و هەروەها کۆمەڵێک هاوپەیمانیی سیاسی و نیزامی لەگەڵ هێزە دژبەرەکانی ڕێژیمی پێشووی عێڕاق وای کرد کە کۆماری ئیسلامی لە وڵاتی عێراقدا پێگەیەکی تا ڕادەیەک قایم بۆخۆی دروست بکا. بە تایبەت گوتمان کە بەشی زۆری دانیشتووانی وڵاتی عێراق موسڵمانی شیعە مەزهەب و کورد بوون کە کاتی خۆی ڕێبەرانی حیزبەکانیان لە وڵاتی ئێران حاوابوونەوە. ئەوەش بە جۆریک لە جۆرەکان پێوەندیی نێوان حکوومەتی ئێران و ئەو هێز و لایەنانەی لەگەڵ یەکتر بەهێز کرد و دوای دوو دەیە دەبینین کە دەسەڵاتداری سەرەکیی عێڕاقی نوێش هەر هەمان ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەن کە باسمان کردن. سنووری دوورودرێژی جوغرافیی ئێران لەگەڵ عێڕاق و هەرێمی کوردستان و هەروەها پێویستی زۆری دوو لایەنە بە پێوەندیی ئابووری و بازرگانیی نێوانیان بوونی کۆماری ئیسلامیی لە هەموو گۆڕەپانەکانی عێڕاق و هەرێمی کوردستانیش پڕڕەنگ کردووە. تەنانەت باڵادەستیی کۆماری ئیسلامی بەشێک لەو هێزانەی بێ‌ئیرادە و تووشی دەستەوەستانییش کردووە و سەربەخۆیی سیاسیی لێ زەوت کردوون. بۆیەشە کۆماری ئیسلامی بە کەیفی خۆی لەو وڵاتەدا و بە هەرێمی کوردستانیشەوە تەڕاتێن دەکا و بە دانانی ڕایەڵەی سیخوڕی، کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر دژبەرانی، مۆرە دروست‌کردن و دواجار دەست‌وەشاندن لە نەیارانی بەرنامەکانی دەباتە پێشێ.

 

هاتنەسەرکاری کەسێکی وەک ڕەئیسی بەپێی پێشینەی کارەکانی لە کۆماری ئیسلامیدا، ئایا دەکرێ بە نیشانەی بەربڵاوتربوونی کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم لێک بدرێتەوە؟ یان پێچەوانە پێتان‌وایە ئێران جێگەوپێگەی لە هاوکێشە ناوچەییەکاندا لە جاران لاوازترە؟

وەک خۆم لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا لە نەخش و دەوری هێزە ئەمنییەتییەکان و سوپای پاسداران و پیلانی تێرۆریستی ڕێژیم جیاوازییەک لە نێوان دەوڵەتی حەسەن ڕووحانی و دەوڵەتی برایم رەئیسی‌دا نابینم. هەموو یەک ئامانج و مەبەستیان هەیە، بۆیە لام وایە لەو بارەوە مۆرەکانی ڕێژیم لە سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەتییەکان هەروەک چۆن لە زەمانی سەرکۆماریی حەسەن ڕووحانی‌دا دەست‌کراوە بوون و بە ئیمکاناتی ڕێژیم درێژەیان بە سەرکوتی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانیان داوە، لەو ناوچەدا دەستوەردانیان کردووە، پیلان و بەرنامەی تێرۆریان لە ئورووپا و وڵاتانی ناوچە بەڕێوە بردووە، بە هاتنە سەر کاری ڕەئیسیش ئەو سیاسەتە درێژەی دەبێ و ڕەنگە لە جاران زیاتر هێز و ئیمکانات و کاتی بۆ تەرخان بکرێ؛ هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ڕەئیسی تا ڕادەیەک لە ڕووحانی گوێ‌لەمستترە بۆ ڕێبەری کۆماری ئیسلامی. لە تەواوەتیی خۆیدا پێم‌وایە کۆی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە تەواوی قۆناغەکانی تەمەنی ژیانی ڕێژیمدا، ماهییەتی ئەو ڕێژیمەی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاشکرا کردووە و درێژەی ئەو سیاسەتە لە بەردەوامیی خۆیدا بە قازانجی ڕێژیم ناشکێتەوە؛ بەڵکوو هەم لە ئاستی نێوخۆیی و هەم لە ئاستی دەرەوەدا تووشی قەیران و کێشەی زیاتری دەکا.

 

ڕێگاکانی بەرپەرچدانەوەی مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر حیزبی دێموکرات لە چیدا دەبینن؟

پێشتریش ئاماژەیەکم پێدا کە مادام تێکۆشەرانی سیاسیی حیزبی دێموکرات و هێزەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات لە وڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، مەسئوولییەتی پاراستنی گیانیان و سەر و ماڵیان لە ئەستۆی حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، ئەوە ئەسڵە و نابێ لەبیری بکەین. بەتایبەت کە هەموو لایەک بەڕوونی ئەوە دەزانن کە ڕێژیمی ئێران لە بۆشایی ئەمنییەتی و خەمساردیی ئەوان کەڵک وەردەگرێ. ئەوان دەبێ هەوڵ بدەن لە ڕێگەی دیپلۆماسی و یاسایی و پاراستنی ڕێوشوێنی تۆکمەی ئەمنییەتی ئەو کەلێن و بۆشاییانە پڕ بکەنەوە. بەڵام بە ئەزموونێک کە ئێمە هەمانە و ئەو دەورانە سەختەی کە تێپەڕمان کردووە ناکرێ جارێ هومێد بەو ڕێکارە ببەستین. کەوایە دەبێ بۆخۆمان پتر لەبیری پاراستنی خۆماندا بین و بەوردی پلانی ئەمنییەتی و خۆپاراستن بۆخۆمان دابنێین و لەسەر خەت بین. بۆ دەست‌خستنی زانیاریی ورد و شیکارییان و، چاوەدێریی وردمان هەبێ. دەبێ بەباشی کۆنترۆڵی دەوروبەر و ڕێگاکانی هاتوچۆی خۆمان بکەین و حەول بدەین لە هەموو بارێکەوە چاوکراوە بین. پیلانەکانی دژمن لەقاو بدەین و لایەنە پێوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان بە وردی لە پیلانەکانیان ئاگادار بکەینەوە. مەسئوولییەت و بەرپرسایەتییەکان بیهاوێینە سەرشانیان و وەبیریان بخەینەوە کە چ ئەرکێکیان لەسەر شانە و خۆشمان ئامادەتر بکەین. بەگشتی پاراستنی باشتر و پەرچەکرداری پێویست لە کات و شوێنی خۆیدا بەکار بێنین.

 

یەکەم ڕەوتی ڕووداوەکان بەرە ئەوەن گۆڕانکاریی قووڵ لە ناوچەکەدا ڕوو بدا، دووهەم لەگەڵ هەموو ئەو مەترسییانەی کە لەسەر حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران هەیە، بەڵام دیسانەکەش حیزبەکان لە ئاستی چاوەڕوانیی گشتیدا لەگەڵ یەکدی تەبا نین و بارتەقای هەڕەشەکان نەیانتوانیوە یەکڕیز و یەکگرتوو بن. ئەم بارودۆخە تا کەی ئاوا دەبێ؟

وایە. ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوڕاست ئاڵۆز و ناجێگیرە و هەردەم چاوەڕوانی ڕووداوی گەورە و گۆڕانکاریی جۆربەجۆری لێ دەکرێ، کە دەتوانێ بۆ بزووتنەوەی کورد بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرفەتی گونجاو و باش بێنێتە ئاراوە و هاوکاتیش دەبێ چاوەڕوان بین بەرەوڕووی سیناریۆی سەخت و ناخۆشتریش ببینەوە کە بەداخەوە بەشێکی زۆریان لە ئێستادا لە ئیرادەی ئێمە بەدەرن. لە ناوچەدا کەلێن و ئاستەنگی زۆر هەیە، گەلانی نیشتەجێ لەو ناوچەیە هەموویان وەک پێویستە بە مافی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و دێموکراسیی خۆیان نەگەیشتوون. حکوومەتە نادێموکراتیک و دێکتاتۆرەکان لە چاخی بیست و یەکیش لە ناوچەکەدا هەر دەسەڵاتدارن. زۆر بەرژەوەندیی جۆراجۆری میللی، خەڵکی و دەوڵەتی و نێودەوڵەتیی هەن کە لە ناوچەکەدا یەکانگیر یان دژی یەکن. زلهێزەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و هاوبەرژەوەندییەکانیان بە چڕی لە ناوچەکەدا بوونیان هەیە. هەمووی ئەوانە بە ئێمە دەڵێن کە بەڵێ گۆڕانکاریی قووڵ لە ارا دایە. بەڵام چەندەیان لە دژ یان لە بەرژەوەندی ئێمەدا دەبێ بەتەواوی ڕوون نییە و پێشبینی کردنیشی ئەستەمە.

لە پێوەندی لەگەڵ هێزەکان و ئەوەی کە نالێکن و لە ئاستی چاوەڕوانیی خەڵک و هەلومەرجەکەدا نین تا ڕادەیەک ڕەخنەکە لەجێی خۆی‌دایە. بەڵام ئەوەی جێگای ئومیدە ئەوەیە کە هێزەکان بەگشتی هەستیان بە گرینگیی دۆخەکە و مەترسی و پێشهاتەکان کردووە.  دەشزانن بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی گونجاو و بۆ ئەوەی لە کاتی ڕووداوە چاوەڕوان‌نەکراوەکاندا سەریان بێ کڵاو نەمێنێتەوە و بە ئەرک و بەرپرسایەتیی سیاسیی خۆیان هەستن، دەبێ بەیەکەوە لەسەر خەت بن، بەتایبەت ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەو پێوەندییەدا لە کۆبوونەوەی بەردەوام دایە.

ئەزموونی بزووتنەوەی کورستان بە ئێمە دەڵێ لەگەڵ ئەوەی شتی ناڕێک و نەگونجاو لە مێژووماندا هەبووە، بەڵام ئەو ئامادەییەش هەیە کە ئەگەر دەرفەتی لەبار هاتە پێش بە دروستی کەڵکی لێ وەربگرین و بتوانین مەترسییەکانیش لە خۆمان دوور خەینەوە. هیوادارین ئەوجارەیان بە بەرپرسایەتیی زۆرترەوە و بە کەڵک‌وەرگرتن لە هەموو ئەزموونەکان ئەو ناڕێکییەی کە هەیە و زۆر و کەم لێی نیگەرانین بە ئاستێکی زۆر کەم بگەیەنین و لە هەموو زەرفییەتەکان بەباشی کەڵک وەربگرین.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*