سێ پاڵنەری سەرەکی بۆ “سەربەخۆیی‌خوازی”

شاڕوخ حەسەن زادە

سێ پاڵنەری سەرەکی بۆ “سەربەخۆیی‌خوازی”

(بە بیانووی ئاگرتێبەردانی پەیکەری ماموستا هەژار)

 

 

 

سێ پاڵنەری گرنگ بۆ ویستی سەربەخۆیی‌خوازی بریتین لە: یەکەم: دیاریکردنی مافی سروشتیی چارەنووسی خۆت، دووهەم: هەبوونی دەسەڵاتێکی توتالیتەر و سێهەم: ڕەگەزپەرەستی و سووکایەتیی چینی هەڵبژاردەی باڵادەست.

 

مافی دیاری‌کردنی چارەنووس

مافی دیاری‌کردنی چارەنووس (The right to self-determination) لەو دەستە مافانەی، مافەیلی مرۆڤە کە بەو پێیە تاک یان نەتەوەکان بۆخۆیان چارەنووسی خۆیان لە پانتایی جۆراوجۆری وەک سیاسەت، کۆمەڵایەتی، کولتووری و … دیاری دەکەن. ئەو مافە وەک ماف و ئازادییە ئینسانییەکانی دەژمێردرێ کە بەو پێیە سەرجەم تاک و گرووپەکان بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەز، ئایین و… دەتوانن کاروباری خۆیان لە بەستێنە جیاوازەکان بەدەستەوە بگرن. بەگشتی مانای دیاری‌کردنی مافی چارەی خۆنووسین هەروەک ئەوەی کە لە بەڵگە نێودەوڵەتییە جۆربەجۆرەکانی وەک جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پەیماننامەکان، ڕاگەیەندراوی پێوەندیی دۆستانە، بڕیارنامەی ٢٦٢٥، ڕاگەیەندراوی پێدانی سەربەخۆیی بە خەڵکی داگیرکراو و… باسی لێوە کراوە، بە مافی سەرجەم خەڵک و نەتەوەکان بۆ دەست‌نیشان‌کردنی ئازادانەی ڕەوشی سیاسی خۆیان و بەدواداچوونی ئازادانەی دۆخی گەشەی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووریی خۆیان دەگوترێ.

مافی دیاری‌کردنی چارەنووس لە بەڵێن‌نامەی حقووقی سڤیل و سیاسی و پەیمان‌نامەی نێودەوڵەتیی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری لە چوارچێوەی بڕگەی ١ی هاوبەش، بە پەسندی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گەیشتووە و پاراستنی وەک داب‌ودەستورێکی تۆکمە و پتەو لە کەشی حقووقی نێودەوڵەتی وەک بنەمایەکی زۆر پێویست سەیری دەکرێ. هەروەها لە بەستێنی جیلی سێهەمی مافەیلی مرۆڤ کە ڕوانینێکی نوێی بۆ ئەو دەستە لە مافانە هەیە، جێگە و پێگەیەکی بەرچاوی بۆ تەرخان کراوە بەجۆرێک کە وەک مافێکی گشتی و تێکڕایی بۆ مرۆڤایەتی لەبەرچاو گیراوە. ئەو مافە، تایبەت بە خەڵکە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە وڵاتانی دژبەری ئەم بۆچوونە، پێناسە و ماناکەیان بە پاساوی “جیایی و جیایی خوازی و یەکپارچەیی خاک” ئاڵۆز کردووە و بەرژەوەندیی بەشێکی دیکە لە وڵاتانیش بۆتە هۆکار کە ئێستا وەک باسێکی مەترسیداریان لێ کردووە!

پرۆفیسۆر “مایکێڵ ئەکهارست” لە کتێبی “سەرجەم حقوقی نێودەوڵەتیی نوێ”، مافی دیاری‌کردنی چارەنووس ئاوا پێناسە دەکا: مافێکە کە بەپێی ئەو، خەڵکی نیشتمانێک کاروباری سیاسی و حقووقیی ئەو خاکە دیاری دەکەن هەتا بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی نوێ یان ئەوەیکە وەک بەشێک لە دەوڵەتێکی دیکەیان لێ بێ”. فەرهەنگی “پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان”، مافی دیاری‌کردنی چارەنووس وەک مافێک دەزانێ کە هی گروپێکی دیاریکراو لەو خەڵکەیە کە خۆیان لە نەتەوەکانی دیکە جیا دەکەنەوە و بەتەواوەتی مافی خۆیانە ئەو نیشتمانەی کە بۆخۆیان دەخوازن و تێیدا دەژین و ئەو حکوومەتەی کە بۆخۆیان دەیانهەوێ دابمەزرێنن”.

هەر بەپێی ئەو بەڵگە نێودەوڵەتییانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد، هەموو نەتەوەیەک دەتوانێ داوای مافی دیاری‌کردنی چارەنووسی خۆی بکا هەتا دۆخی سیاسی و مەدەنی خۆی ئازادانە هەڵبژێرێ، هەروەها گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووریی خۆی داوا و دابین بکا. هەموو نەتەوەیەک دەتوانێ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی لە سامان و سەرچاوەکانی سرووشتی خۆی بەبێ هیچ کێشە و گرفتێکی وەک هاوکاری ئابووری نێودەوڵەتی، لەسەر بناخەی بەرژەوەندیی هاوبەش و حقوقی نێودەوڵەتی ئازادانە پاوان بکا و هیچ کات ناکرێ نەتەوەیەک لە سەرچاوە و یارمەتی و هاوکارییەکانی خۆی بێبەش بکرێ و وڵاتانی تەرەفی بەڵێن‌نامەکانیش ئەرکدارن کە بەپێی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان ڕێز لەو مافانە بگرن.

 

هەبوونی دەسەڵاتێکی توتالیتەر

توتالیتەر جۆرێک لە ڕێژیمێکی سیاسیییە کە لەوێدا، لێنزیک سەرجەم لایەنەکانی ژیانی کەسی و گشتیی خەڵک لەژێر چاودێری‌دایە و بەگشتی تایبەتمەندیی ئەم جۆرە حکوومەتانە بریتین لە، ئایدۆلۆژییەکی گشتی، سیستەمێکی تاک‌حیزبی تایبەت بەو ئایدۆلۆژییە کە لیدەرەکەی تەنیا یەک کەسە، هەبوونی دەزگای سیخوڕی و پۆلیسیی جۆراوجۆر و بەربڵاو، پاوانی کەرەسەی پەیوەندییە گشتییەکان، دەسبەسەرداگرتنی ئابووری، باوەڕنەبوون بەهیچ جۆرە ماف و ئازادییەک بۆ ئەوانی دی، نەبوونی ئازادیی ڕادەربڕین، سەرکوتی توندی حیزب و کەسایەتیی سیاسی، ئۆلی، نەتەوەیی، هەڵاواردنی ڕەگەزی، دژایەتیی توندی ڕەخنەگران و دژبەرانی حکوومەت و… لەم جۆرە سیستەمانەدا شێوازی جۆراوجۆریان هەیە کە دەتوانین ئاماژە بە جۆری وەک، زۆرداری، سەرەڕۆیی، حکومەتی موتڵەقە، ئۆل سالاری و… .

میناکی هەرەبەرچاوی ئەم جۆرە حکوومەتانە مائۆ لە چین، ستالین لە سۆڤییەت، موسولینی لە ئیتالیا، هیتلەر لە ئەلمان، سۆنگ لە کۆرەی باکوور، بەشار ئەسەد لە سووریە، چاوێز لە وێنزوئێلا، کاسترۆ لە کوبا و ڕێژیمی کۆماریی ئیسلامیی ئێران. لەم جۆرە دەسەڵاتانەدا هیچ جۆرە ئازادییەکی سیاسی، تاک و ڕێکخراوەیی بوونی نییە و خواستی خەڵک بۆ هیچ چەشنە باسێک لەبەرچاو ناگیرێ هیچ، بەڵکوو بەتوندی بەرپەرچ دەدرێتەوە و ڕێز بۆ مرۆڤەکان و بایەخە مافە مرۆڤییەکانیش دیزەبەدەرخونە دەکرێ! لە کەشێکی وەهادا کە مافی نەتەوەکان و ئازادیی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتووری لەبەرچاو ناگیرێ و هیچ ڕۆچنەیەک بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی بەدی ناکرێ، باوەڕمەند بوون بە زمانی دیالۆگ و لەیەک تێگەیشتن هەر بوونی نییە و مەنتقی گوتوبێژ دەست نادا و بێ‌مانایە، ویستی سەربەخۆیی تاکە ڕێگای ئەو گەلانەیە کە لەناو سیستەمێکی توتالیتەردا دەژین.

 

ڕەگەزپەرەستی و سووکایەتیی چینی هەڵبژاردەی باڵادەست

ئاپارتاید، هەڵاواردن، سووکایەتی و بێ‌ڕێزی جۆرێکی تایبەت لە ڕەگەزپەرەستییە کە بەپێی لۆژیکی هەڵە و گشتیی مرۆڤەکان بەجۆرێکی نەشیاو و بێ نەرمی نواندن شەقل دەگرێ. لەم ڕوانینەدا بە لەبەرچاو گرتنی ڕەگەز، مێژوو، زمان، کولتوور، ئایین و زایەندی لایەنەک، لەلایەن لایەنێکی دیکە (باڵادەست) دەچەوسێتەوە و بێڕیزی پێ دەکرێ. بەتایبەت ئەگە ئەو سووکایەتی و بێڕێزییانە لەلایەن چینی هەڵبژاردەی کۆمەڵگە ئاگاهانە بکرێ و بە نییەتی شکاندنی نەتەوەیەک بێ، لە نەستی لایەنی بەرامبەر سەربەخۆیی خوازی وەک تاقە ڕێگای دوور کەوتنەوە لەم کێشانە دەبێتە پرسێکی تایبەت و کار بۆ جودا بوونەوە لەم نەریتە نەشیاوە دەکرێتەوە بۆ بەرگری کردن لە شوناسی خۆی.

هێرش بردنە سەر ئێلێمان و هێما نەتەوەییەکان، بێڕێزی بە کەسایەتییە سیاسی، ئەدەبی، مێژوویی، زمانی و…. بە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە جۆرێک نەخۆشیی کۆمەڵایەتییە کە حکوومەتەکان بەستێنیان بۆ خۆش دەکەن و پەرەیان پێ دەدەن. وەک چۆن لە سەردەمی دەسەڵاتداریی پەهلەوی بە قەڵەمی کەسانی وەک ڕەشید یاسەمی و لەسەردەمی ڕێژیمی ئیسلامییش شەفیعی کەدکەنی زمانی کوردی وەک دەستەخوشک و زاراوەی “گەڕەک” (محلی) ناو دێنن و هەوێتیی کورد بە مێژووی پڕ لە قۆپی و تەزویری و چەواشەکراوی خۆیان دەبەستنەوە. یان کاتێک کەسانێک فێر دەکەن کە گۆڕی ماملێ لە مهاباد بشێوێنن، وێنەی تابڵۆی مەولەوی لە سەقز ئاگر تێبەردەن، کۆتەڵی ماموستا هەژار بسووتێنن، یان بێڕێزی بە زمان، کولتوور و جلوبەرگی کوردی بکەن؛ ئەمانە بێڕێزی و سووکایەتی شەبەنگێکی باڵادەستە کە بە زانیارییەوە هەوڵی ئەو شکاندنە دەدا.

کاتێک باس لە “ئێمە” و “کۆمەڵگە” دەکرێ پرسی “هەوێتی”(شوناس، پێناسە) دێتە گۆڕ. سنووری نێوان “ئێمە” و “دیتران” بە هێڵی هەوێتی خۆیا دەبێ. توێژینەوەی شوناسی نەتەوەیی یەکێک لەو مژارانەیە کە گرینگی دیرۆکی و کۆمەڵناسانەی هەیە. گرینگیی دیرۆکی بەو ئاقارەدایە کە، ئەم دیاردەیە لە ئاکام تێپەڕینی زەمەن لەنێو کۆمەڵگەدا شەقڵی گرتووە و لە یاریی نێوان ڕووداوەکان و ئاڵۆگۆڕە مێژووییەکان گووراوە. هەر شوناسێک کە ئەمڕۆ لەکۆمەڵگە و لەنێوان گروپە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنا دەبێ لە ڕەوتە مێژووییەکانی سەردەمە جۆراوجۆرەکان وەرگیراوە. لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە شوناسی نەتەوەیی بۆیە بایەخ و گرنگایەتی هەیە کە یەکێک لە هۆکارە هەرە بەرچاوەکانی بایەخدان بە سامانە نەتەوایەتییەکان، یەکێتی کۆمەڵگە و یەکگرتوویی نەتەوەیی لە هەر کۆمەڵگەیەک پێناسە دەکرێ. هەر نەتەوەیەک بەو ڕادەیە لە شوناسێکی پتەو و ڕاوەستاوتر گەیشتبن بەو ڕادەیە یەکیەتیی و کۆڵەکەکانی یەکگرتوویی و هاوپەیمانی کۆمەڵایەتیان سەرکەوتووتر دەبێ.

ئەوە لە حاڵێک‌دایە، کوردستانی ڕۆژهەڵات دەگەڵ ئەوەیکە زیندووترین و مێژووییترین ڕێکخراوە سیاسییەکانی تێدا هەڵکەتووە بەڵام هیچ‌کات ئیزنی بە ناسیۆنالیزمێکی دەمارگرژانەی وێرانکەر نەداوە ببێتە وێژمان، یان بێڕێزیی بە کەسایەتی و زمان و مێژوو و کولتووری هیچ نەتەوەیەکی نەکردووەتە دەستووری کار. کورد لە ڕۆژهەڵات بەجۆرێک ناسیۆنالیزمێکی دێموکراتیک و مرۆڤ‌تەوەری ڕەچاو کردووە.

ئەوەش شایانی گوتنە کە “سەربەخۆیی‌خوازیی” و “جیاییخوازی” دوو چەمکی لێک جیاوازن. سەربەخۆییخوازیی بە ڕوانینی سیاسی تێکۆشانێکە بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی نەتەوەیی کە لەژێر دەستی داگیرکەردایە و گەلەکەی دەچەوسێتەوە. بەڵام جیاییخوازی بە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسی بریتییە لە وازهێنانی گرووپێک لە دامەزراوەیەکی مەزنتر یان حیزبێک یان حکوومەتێک بە قەولی “ئالێن بوچانان” جۆرێک تەڵاقی سیاسی وەرگرتنە لە حکوومەتێکی دیکە کە ئەمە هەوڵدانە بۆ جیاکردنەوە و دابەش‌کردنی وڵاتێک کە داگیر نەکراوە و خەڵکەکەشی ناچەوسێندرێتەوە. سەربەخۆیی خوازی لە ئاستی نێودەوڵەتی و بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان دەچێتە قەوارەی مافی دیاری‌کردنی چارەنووس و ڕەوایی پێ بەخشراوە، بەڵام جیایی‌خوازی نەک هەر ڕەوایی پێ نەدراوە بەڵکوو بە دەست‌تێوەردان لە خاکی وڵاتێک دادەنرێ و سەرکوتیش دەکرێ.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*