کۆڕی ڕێزلێنان لە موسا باباخانی کادری ڕێبەری حیزبی دیمۆکراتی کوردستان و تازەترین شەهیدی گەل و نیشتمان لە ستۆکهۆڵم

رۆژی شەممە ڕێکەوتی ۲۱ی ئاگوستی ۲٠۲۱ لە شاری ستۆکهۆلم مەراسمی ڕێزلێنان لە تازەترین شەهیدی حیزب و گەل کاک موسا باباخانی بە بەشداری ئەندامان و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو. سەرەتا لەلایەن بەڕێوەبەرانیڕێوڕەسمەکە خاتوو نیشتمان عەزیزی و شوان جوامێری بە زمانی کوردی و سویدی بەخێرهاتنی بەشداران کرا. کورتەیەک سەبارەت بە مێژووی تیرۆر و ئەشکەنجە و سێدارە و ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لەو بارەوە، بەتایبەت لە کوردستان هاتەبەرباس و پاشان بە زمانی سویدی لەسەر کەسایەتی موسا باباخانی و خەمی لەدەستدانی و پێویستی درێژەی خەبات کورتەیەک خوێندرایەوە.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نیشتمانی ” ئەی ڕەقیب ” و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕوحی شەهیدانی ڕێگای ئازادی، بە فەرمی دەست‌پێکرد. پاشان هونەرمەند قەمبەر خوسرەوی بە تەمبوور پارچە موسیقایەکی ژەنی و لاوانەیەکی یارسانی پێشکەش‌کرد.
لە درێژەی مەراسیمەکەدا هاوڕێ کوێستان بابایی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان لە وڵاتی سوید پەیامی کۆمیتەی سوئێدی پێشکەش کرد و گوتی :ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران ئاوا بە هاسانی دەتوانی لە دەرەوە و ژوورەوەی ئێران درێژە بە تیرۆری ئازادیخوازان بدا، بەشێکی تاوانەکە دەگەڕێتەوە بۆ گوێ‌نەدانی دنیای دەرەوە بۆخاتری هەندێ بەرژەوەندی کاتیی. ئەگەرنا بەپێی بەڵگە ئاشکرا و سەلمێندراوەکان دەرکەوتووە کە بەرپرسانی باڵای دەسەڵاتی ئێران لەو تیرۆر و کردەوانەدا دەستیان هەبووە، کە بەداخەوە بە سات و سەودا لە دەست بەسزاگەیشتن ڕزگارییان هاتووە. تیرۆری ڕێبەرانی شەهید دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی، یا سەدان پێشمەرگە و کادری حیزب لە باشوور خۆیان بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن، دیتمان زۆربەی تیرۆریستەکان ڕزگارییان بووە و نەکەوتوونەتە بەردەستی عەداڵەت. هەڵبەت با ئەوەندەش لەبیر نەکەین ئەگەر بۆ کەیسێکی وەکوو تیرۆری فەرماندەی شەهید قادر قادری دادگا بڕیاری بوێرانەی داوە، ئێمە وەک حیزب لەجێوە ستایشمان کردووە و هیوامان خواستووە بە بڕیاری بوێرانەی لەو چەشنە پێش بە تیرۆرەکانی کۆماری ئیسلامی بگیرێت. هاوڕێ کوێستان لە کۆتایی پەیامەکەیدا سپاسی هێزەکانی ئەمنی باشووری کرد لەمەر کەیسی شەهیدان قادر قادری و موسا باباخانی و هەروەها سەرەخۆشی لە خەڵکی ناوچەی کرماشان بە گشتی و بنەماڵە و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی موسای بەتایبەتی کرد.
دوابەدوای هاوڕێ کوێستان، داوا لە کاک سەعیدی بەیگزادە، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزب لە دەرەوەی وڵات کرا کە وتاری خۆی بە بۆنەی شەهیدبوونی کاک موسا باباخانی پێشکەش بکا. کاک سەعید دوای بەخێرهێنانی بەشداران باسی چۆنیەتی شەهیدکران و دۆزرانەوەی تەرمی شەهیدمووسای کرد و هەر بەو بۆنەشەوە بەشداریی خەڵک و بەتایبەت بنەماڵەی گەورەی دیمۆکراتەکانی لە مەراسیمەکەدا سەرەڕای هەبوونی مەترسی پەتای کۆڕۆنا بەرزنرخاند و سپاسی هەموو لایەکی کرد. هاوڕێ سەعید ئەوجار پڕژایە سەر شیکردنەوەی ئەو خاڵە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆچی شەهید موسای بە مەبەستی لەنێوبردن هەڵبژارد. ئەو لە وڵامی پرسیارەکەیدا گوتی، لەبەر ئەوەی ئەو شەهیدە، واتە موسای کوردان گەنجێکی بوێر و کادرێکی پێگەیشتوو و تێگەیشتوو، ڕێکخەرێکی وشیار و پێشمەرگەیەکی بەوەج و لەدایکبووی دەڤەری بیستوون و داڵاهوو و خاوەن پێگەیەکی گرینگ بوو، کۆماری ئیسلامی گرینگی تایبەتی بە شەهیدکردنی ئەو ئازیزەدا.
لە تەوەری دواییدا کاک سەعید هاتە سەر باسی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئەهواز و پێیوابوو هەمووی ئەو گرفتانە کۆمەڵە پۆلوویەکی ناڕەزایەتین و بە نەرمە شنەیەک دەگەشێنەوە. فیتنەنانەوەی شاری نەغەدەش بە مەبەستی شەڕسازکردن و پاکتاوی کورد لەو شارە و هەروەها وشیاریی خەمخۆرانی کورد و ئازەری بۆ چارەسەری کێشەکە، ئەویش بەشێکی‌ دیکە لە قسەکانی ئەو هاوڕێیە بوو. وەکوو هەواڵێکی خۆش و دەستکەوتێک، ڕەوتی دادگایی کردنی حەمید نووری، کاربەدەستی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە ستۆکهۆڵم هێنا بەرباس و هەروەها کێشەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی و نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی کارا تەوەریتری وتارەکە بوون. ناوبراو ئەو یەکگرتووییەی ئەمڕۆی هێزە کوردی‌یەکانی بە تەواو نەزانی و گوتی حیزبی دیمۆکرات بۆیە هەوڵی خێرا دەدا هەردوو بەشی دیمۆکرات یەک‌بگرنەوە و لە ئاییندەدا هەندێ بەرنامە و پلاتفۆرمی ئامادە لەلایەن هێزە کوردی‌یەکانەوە بخرێنە بەردەم هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی. کاک سەعید پێیوابوو بە بەرنامە و یەکگرتوویی دەتوانین مافەکانمان لە داهاتووی ئێراندا دەستەبەر‌بکەین.دوا باسی ئەو هاوڕێیە بابەتێک بوو سەبارەت بە دوو بۆنەی خۆش و ناخۆش لەو چەند ڕۆژەدا، خۆش حەفتاوشەشەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزب و ناخۆش، ٢٨ی گەلاوێژ، واتە ڕۆژی هێرشی سەرتاسەری بۆ سەر کوردستان. بەڕێز قادر کاسیرگە نوێنەری حیزبی سۆسیال دیمۆکرات لە سوید کرد وتارێکی سەبارەت بە تیرۆری شەهید موسا بە زمانی سویدی پێشکەش کرد و گوتی کە ئەگەر نەیاران هەموو رۆزەکان بکوژن ، ناتوانن پێش بە هاتنی بەهار بگرن. ئەو هەروەها گوتی کە ئێمە شانازی بە شۆڕشگێڕەکان دەکەین و هەموو ڕۆژێ سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی گوێمان لێدەبێ کە چۆن دژی خەڵک و بەتایبەت کوردستان پیلان دەگێڕێ و دیتمان لەو دواییانەدا چۆن موسایان شەهید کرد. ئەو بەڕێزە لە درێژەی وتارەکەیدا هەروەها گوتی ئێمە وەک حیزبی سۆسیال دیمۆکرات لە سوید تەنانەت ئەوەش دەزانین کە کۆماری ئیسلامی لە عێراق و لوبنان و زۆر شوێنی دیکە بەدوای چیدا دەگەڕێ و بۆیە دەڵێین سەرکەوتنی ئێوە لە یەکدەنگی هێزەکانتان‌دایە و دڵنیاشتان‌دەکەینەوە کە ئێمە ڕێز لە خەبات و تێکۆشانتان دەگرین. ڕێزدار کاسیرگە ئەوجار بە زمانی کوردی سەرەخۆشی لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستان و بنەماڵەی شەهید موسا و هەموو شۆڕشگێڕان کرد.
پاشان فرێدریک مالم، نوێنەری حیزبی لیبێرال لە پارلەمانی سوید دوای سپاسی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی کرد لەمەر پێکهێنانی ئەو مەراسیم و ڕیزگرتنە لە شۆڕشگێڕەکانی. ئەو گوتی، گرینگ نییە لە کۆماری ئیسلامیدا کام کەس دێتە سەرکار، سیاسەتی تیرۆر هەر لە جێی‌خۆیەتی. ئەوان بۆیە موسایان شەهید کرد چونکە توانای ڕێکخستنی کۆمەڵانی خەڵکی هەبوو. لە کۆتایی قسەکانیدا، فرێدریک مالم گوتی، بریا دوای سەردەمی کۆڕۆنا، یەکەم کۆبوونەوەمان ماتەمین نەبوایە و هیوادارم ئەوە دوایین پرسە بێ.
لە درێژەی بەرنامەکاندا پەیامی ئەو حیزب و کەسایەتیانە پەیامیان پێشکەش کرد:
۱. حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، کۆمیتەی سوید ـ لە لایەن بەڕێز چیا عەلیار
۲. پەیامی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لەلاین کاک نەبەز عەلیدوست خوێندرایەوە.
۳.پەیامی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لێژنە ناوچەی سوید لە لایەن خاتوو پڕشەنگ توانا
٤.سازمانی دیمۆکراتیکی یارسانی ـ‎کاک عەلی ئەسغەر خوسرەوی
٥. کاک ئیقباڵ سەفەری ـ بابەتێکی پێشکەش بە بەشدارانی مەراسیم کرد و سەرەڕای سەرەخۆشی، بە کورتی چەند تەوەرێکی هێنابەرباس. بەهێزبوونی پێگەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی شی‌کردەوە و گوتی کە خەڵک بە لێکدانەوە حیزبی دیمۆکراتیان لەوێ هەڵبژاردووە و بوونی کەسایەتی‌یەکانی وەکوو شەهیدان خەلیل خەلەبان و کەماڵ دەبباغی و زۆرانی‌تر نەخشی گرینگیان هەبووە. ناوبراو هەروەها بەکورتی باسی دیمۆگرافی ناوچەکەی کرد کە چەندە لەباری فرە زاراوەیی و ئایینی گرینگە و لەڕاستیدا شوێنی پێکەوە ژیانی هەموو لایەکیانە. سەبارەت بە تیرۆر، وێرای مەحکوومکردنی ئەو دیاردەیە گلەییەکانی خۆیشی نەشاردەوە و گوتی کە کۆماری ئیسلامی لەسەر بناخەی تیرۆر دامەزراوە و پێویستە خۆمان ژیربین، نەک مەزلوم‌نومایی بکەین. لە کاتێکدا ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێمەی بە دیمۆکراسیشەوە قبوڵ نییە، جۆن دەبێ چاوەڕوانی کاری چاکم لە کۆماری ئیسلامی هەبێ. ناوبراو هەروەها داوای یەکگرتنەوەی هێزە کوردی‌یەکانی هێناگۆڕێ بە مەبەستی ڕزگاری کوردستان.
٦. ناسر بولیدە سکرتێری حیزبی خەڵکی بلووچ
۷. فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانی‌یەکان لە وڵاتی سوید ـ‎کۆڤان ئامێدی
٨.  پەیامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لەلایەن کاک حامید خانی
۹. پەیامی هاوبەشی همبستگی برای ئازادی و برابری در ئیران ، شورای دمکراسی خواهان و کنگرە ملیتهای ایران فدرال ـ سۆران عەلیپوور
۱٠. پەیامی نێوەندی سیاسی “شورای مودیریەتی گوزار” لەلایەن خاتوو گوڵاڵە شەرەفکەندی‌
.١١ پەیامی یەکیەتی ژنانی دیمۆکراتی کوردستان لەلایەن خاتوو لەتیفە جەبباری
لە درێژەی بەرنامەکەدا لەبەر نەبوونی کات تەنها ناوی ئەو حیزبانە خوێندرانەوە کە پەیامیان ناردبوو :
‎کۆمیتەی سویدی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستان
‎ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان
‎یەکیەتی لاوانی دیمۆکراتی کوردستان
‎پارتی ژیانەوەی کوردستان – پژاک
‎پلاتفۆرمی یارسان
‎یەکیەتی نیشتمانی کوردستان
شایانی باسە کە بەشێک لە مەراسمەکە بە چەندین پاچە موزیک و گۆرانی لە لایان هونەرمەندانی بەتوانا کاروان حەکیمزادە و
ئەسعەد ڕەزازی ڕازاندرانەوە.
کۆمیتەی سوئێدی حیزبی دێموکراتی کوردستان

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*