کۆچی دوایی ئەندامێکی خەباتگێر و لەمێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ

دایە “زێڕین محەممەد پوور”، ئەندام و خەباتگێری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەهۆی نەخۆشییەوە لە وڵاتی نۆروێژ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٦ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، دایکە “زێڕین مەحەممەد پوور ” (مەرەسەنە) ناسراو بە “پوورێ زێڕین” کچی “مام رۆستەم مەرەسەنە” زیندانیی سیاسیی پێشوو و خباتگێری سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتی و خێزانی کەسایەتی ناسیاوی ناوچەی پژدەری باشووری کوردستان “خدری حەسەنی خانمێ” و دایکی بەڕێزان “بێری و بەهرە و باران مەرەسەنە” بەهۆی نەخۆشییەکی دڕێژخایەن لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ئۆسڵۆ بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
پوورێ زێڕین کە لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێر و کوردپەروەری ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بووە، لە تەمەنێکی کەمەوە، بەھۆی گیرانی باوک و براکانی لە لایەن ڕژیمی شاوە، ئەرکی سەرپەرەستیی بنەماڵەکەی کەوتە ئەستۆ، ئەرکێک کە بە درێژایی تەمەنی بە بەرپرسیارەتییەوە بەجێی گەیاند.
ناوبراو دوای ئازادبوونی باوک و براکەی لە زیندان، ڕوو لە باشووری کوردستان دەکا و لەو بەشەی کوردستان، ھەم وەک ئەندامی حیزب و ھەمیش وەک بەڕێوەبەری بنەماڵە، ئەرکی ڕۆژانەی خۆی بەوپەڕی بەرپرسیارەتییەوە بەجێ گەیاندووە.
دایە زێڕین مەرەسەنە، وێڕای بنەماڵەکەی ساڵی ١٩٩٣ی زایینی و دوای دەستپێکردنی شەپۆلی تێرۆری چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ڕۆژھەڵات لە باشووری کوردستان، ڕووی لە وڵاتی نۆڕوێژ کرد و تا کاتی کۆچی دواییشی، هەردەم وەک ئەندامێکی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستان درێژەی بە خەبات و تێکۆشان دا.
کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ، وێڕای دەڕبرینی خەم و پەژارەی، پرسە و سەرەخۆشی گەرمی خۆی پێشکەش بە هاوڕێیانی خۆشەویستمان “مامۆستا جەعفەر مەنگوڕی و عومەر سنجوویی و بێری و بەهرە و باران مەرەسەنە” و هەروەها سەرجەم بنەماڵە شۆڕشگێر و نیشتمانپەروەرەکانی “مەنگوڕی و محەممەد پوور و مەرەسەنە” دەکات و لەو کۆستە گەورەدا خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*