بەڕێوەچوونی وێبینارێک بۆ یادی ٣٢ ساڵەی تێرۆری ناجوانمێرانەی شەهید دوکتور قاسملوو و کاک عەبدوڵا قادری ئازەر

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ی مانگی ٧ی ٢٠٢١ی زایینی بە بەشداریی ئەندامانی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵێکی بەرچاو میوان و نوێنەرایەتی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، وێبینارێک بۆ هاورێ مادێح ئەحمەدی ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک هات.
ئەم وێبینارە کە بۆ یادی ٣٢ساڵەی تێرۆری رێبەری شەهید دوکتور قاسملوو و کاک عەبدوڵا قادری ئازەر رێکخرابوو، سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد. دواتر هاورێ کاک قادر مەکلاوەیی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی فینلاند، پەیامی کۆمیتە و وتەی بەخێرهاتنی پێشکەشی میوانانی بەرنامەکە کرد.


کاک مادێح ئەحمەدی وەک کۆرگێری وێبینارەکە لەسەر ڕۆڵ و پێگەی شەهیدی نەمر دوکتور قاسملوو و هەروەها کاریگەرییەکانی لەسەر قۆناخە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێری خەڵکی کوردستان قسەی کرد.
هاوڕێ مادێح ئەحمەدی باسیان لەوە کرد کە بە لەبەرچاو گرتنی ئەو بارودۆخەی کە شەهیدی نەمر دوکتور قاسملووی هەیبوو، قۆناغەکانی خوێندنی لە دەرەوەی وڵات تەواو کردبوو، توانیبووی بە کەڵکوەرگرتن لە تواناییەکانی خۆی و ئەو ناسیاوییەی لە کۆمەڵگا رۆژئاواییەکان و رەوتە سیاسیەکان لە رۆژئاوا هەیبوو ، لە کاری دیپلۆماسی و پشتیوان پەیداکردن بۆ چارەسەریی مەسەلەی کورد کەڵک وەربگرێ و توانی سەرنجی زۆر دەوڵەت و کەسایەتیی سیاسی بۆ لای مەسەلەی کورد رابکێشێ.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مادێح ئەحمەدی ئەندامی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە ئاماژەدان بە دەور و نەخشی کاریگەریی دوکتور قاسملوو لە پاش کۆنگرەی ٣ی حیزب و ساغ کردنەوەی تەشکیلاتی ئەم حیزبە و سازمان دان و داڕشتنەوەی سەردەمیانەی بەرنامە حیزب، باسیان لەوە کرد کە شەهیدی نەمر دوکتور قاسملوو لە مەیدانە سیاسی و دیپلۆماسی و تەشکیلاتییەکاندا دەوری سەرەکی دەگێرا و توانی ئەم بزووتنەوەیە بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێمۆکرات و پاش کۆمار بخاتە سەر ڕێچکەیەک کە تا ئێستاش هەروا بەردەوامە.
لە بەشێکی دیکەی وێبینارەکەدا باسیان لەوە کرد کە راستە دوکتور قاسملوو بە جەستە لە نێوماندا نەماوە، بەڵام بیر و باوەڕەکانی دوکتور قاسملوو، رێگا و ئامانجەکانی وانە و ئامۆژگارییەکانی ئێستاش ئەوڕویین و زیندوون.
مادێح ئەحمەدی لە بەشێكی دیکەی باسەکەیاندا کەسایەتی دوکتور قاسملووی لە ڕوانگەی چەند کەسایەتییەکی کورد و ئورووپاییەوە هەڵسەنگاند کە هەمووان لەسەر ئەوە هاودەنگ و یەک ڕا بوون کە دوکتور قاسملوو، یەکێک لە بزوێنەرە سەرکییەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد بووە کە لە ئاستی کوردستان و ئێران و جیهان توانیویەتی خوێندنەوەیەکی واقعیانەی بۆ ڕووداوەکان هەبێ و هەوڵ بدا ئەم بزووتنەوەیە بە رێگاچارەی ئاشتیخوازانە بە ئەنجام بگەێنێت.
حیزبی دێموکراتی کوردستان/کۆمیتەی فینلاند

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*