بۆ دوكتور قاسملووی شه‌هید

بۆ تێناگه‌ن له‌ هه‌ناسه‌ی كوێره‌وه‌ریی و ده‌رده‌داریم

بۆ تێناگه‌ن له‌ ڕوخسار و سه‌ر و سیمای تۆز لێ‌نیشتووم

بۆ تێناگه‌ن له‌ سه‌ربه‌رزیی دواپه‌یامی گه‌ل و هۆزم

خۆ من ئه‌مڕۆ

كه‌ڤری زل و هه‌وا و به‌فری بێ پسووله‌ی نیشتمانم

خۆ من ئه‌مڕۆ شوناسنامه‌ی گۆلی ورمێ و زرێبارم

خۆ من ئه‌مڕۆ شای سه‌ربه‌رزی

هه‌ورامانێكی شه‌كه‌ت و ماندووم

خۆ من ئه‌مڕۆ مرۆڤێكم

به‌ ده‌ستێ ڕانك و چۆغه‌ی سووری ژاوه‌رۆوه‌

ئاقار.. ئاقار

چوومه‌ته‌ نێو قوڵایی مێژووه‌وه‌ و ئامبازی

خاك و خۆڵی نه‌مری و دووره ‌وڵاتی بووم

خۆ من ئه‌مڕۆ مرۆڤێكم به‌م ده‌سته ‌ته‌زیوانه‌ی خۆ‌م

بزماری تابووتی مه‌رگی خۆم تێك ده‌شكێنم

خۆ من ئه‌مڕۆ مرۆڤێكم به‌ركۆژی خۆم

گرتۆته‌وه‌ بۆ ڕه‌وه‌ز و بۆ هه‌وارێكی بێناونیشان

بۆ موناجاتی لاوانه‌وه‌ و دوادیداری كۆسه‌ی هه‌جیج

خۆ من ئه‌مڕۆ باوه‌شی خۆم گرتۆته‌وه‌

بۆ كانیله‌ ئاوێكی زه‌نوێر و ڕوونی ته‌زیو

بۆ «چوارچرا»ی كوردایه‌تی و هه‌ست و په‌یام

بۆ جێژووانی هه‌ژاران و لانه‌وازیی كوردی ته‌ریو

نیازم وابو چی مرۆڤی زه‌مین هه‌یه‌ هه‌مووی بكه‌م

به ‌ئه‌ولاد و جگه‌رگۆشه‌ی خاك و  وڵاته‌ له‌تله‌ته‌كه‌م

چو‌نكه‌ ئه‌مڕۆ من به‌ په‌یامێكی هه‌ڵوه‌داوه‌

بۆ هه‌توانی برینی كۆن و تازه‌ی ئه‌م گه‌له‌م

ڕێگایه‌كی هه‌زاربه‌هه‌زاری ڕك و سه‌ختم بڕی

به‌ڵام چ بكه‌م هێشتا به‌كره‌ مه‌رگه‌ وه‌ڕه‌كان

له‌ په‌رێزدا كانیله‌ی ئه‌ویندارییان لێڵ و شێڵوكردم

به‌ڵام ئه‌فسووس، قوربان ئه‌فسووس، ئه‌بێ چ بكه‌م

قه‌ده‌ری ئه‌م خاك و خۆڵ و ئاستانه‌ی دیداری من

وه‌كو سمكۆ و وه‌كو قازی و ئه‌وه‌ش هه‌رخۆم

به‌ڵام چ بكه‌م ئه‌فسووس گیانه‌ ئه‌بێ چ بكه‌م؟!

چونكه‌ ئه‌مڕۆ

مرۆڤێكم له‌ پای له‌دایكبوونی وه‌رزی ئازادی و

چراوگی نیشتمانا شای سه‌ربه‌ستیم

شای سه‌رڕاستی و عه‌شقی به‌رزی ئه‌م هه‌واره‌م

چو‌نكه‌ ئه‌مڕۆ مرۆڤێكم

له‌ تاریكی و له‌ شه‌وه‌زه‌نگی نێو گۆڕیشدا

له‌سه‌ر داوا و چاره‌نووسی ئه‌م وڵات و خاك و خۆڵه‌م

وه‌ك ئه‌و خوێنه‌ سووره‌ی ده‌ستی سته‌م و ناخی ناخم

ئه‌ی نیشتمانی پارچه‌پارچه‌ و كڵۆڵی گرده‌نشین

هه‌ر سوورتر و هه‌ر سوورتر و سوورتر ده‌بم؟!

 

به‌غدا 29/8/1989

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*